25/02/2018
DidiMn Logo
Top

خولە چەخماخە، هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگای کوردی، بەشی سێیەم و کۆتایی

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

خولە چەخماخە، هاووڵاتیی کەینی کوردی

خولە چەخماخە، هاووڵاتیی کەینی کوردی

دیدی من
یاسین محەمەد

نامەوێت بەو گوزارشتە بەراوردی خولە چەخماخە بە فیلمی هاووڵاتیی کەینی ئۆرسن وێڵز، کە بەرهەمی ساڵی 1941ە و یەکێکە لە شاکارە هەرە ناوازەکانی مێژووی سینەما، بکەم، سەرباری ئەوەی بەراوردیش ناکرێن. ئەوەی دەمەوێت بە کورتی ئاماژەیەکی پێ بکەم، هەردوو کاراکتەری کەین و چەخماخەیە. کەین ئیمپڕاتۆریەتی ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەگەرییە، زادەی هاتنی سەرمایەدارییە، سەردەمەکەی زلی دەکات تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی دەست دەگرێت بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکی و کایەی سیاسیدا و ئاڕاستەشیان دەکات. خۆی وتەنی: ”من وا لە خەڵک دەکەم چۆن بیر بکەنەوە.“ بەڵام خولە چەخماخە زادە و هەڵقوڵاوی گەوجیی دەوروبەرەکەیەتی، خەڵکی فووی تێدەکەن و گەورەی دەکەن. کەین داهێنەرە، لە ڕێگەی کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە چەواشەکارییەکی ئەوتۆ دەخولقێنێت، دەبێتە سەرمایەدارێکی گەورە و نیمچە خواوەندێک، هەرچی چەخماخسازە پڕوپووچە و تەنانەت لە تەقەکردنیشدا پڕۆفیشناڵ نییە و ئامانجەکەی ناپێکێت، ئەو تەنها دەوروبەرەکەی زلیان کردووە. ئەویان بەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و گەشەی تەکنەلۆجییە، ئەمیان زادەی سیستمی دەرەبەگایەتی و عەقڵییەتی خێڵەکییە. دواجار هەردووکیشیان خاوەنی ناخێکی ڕەش و بەدن هاوشێوەی کورتز لە ڕۆمانی دڵی تاریکیی جۆزیف کۆنراددا.

کاراکتەری چەخماخە تا ڕادەیەک پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتووە و لە قۆناغی دواتردا عێراق و باشووری کوردستانیش پڕ دەبن لەو جۆرە کاراکتەرانە، بە تایبەتی لە کایەی سیاسیدا، ئەوەش لە کەسایەتیی سەدام حسێندا دەگاتە چڵەپۆپە و لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستانیشدا بە زەقی دەبینرێتەوە. دەکرێت ئەوانە بە شەقاوەی سیاسی ناوزەند بکەین.

دیالۆگەکانی نێو خولە چەخماخە بوونەتە بەشێک لە گفتوگۆی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەردەوام دووبارە دەکرێنەوە. هەندێک جار بە فۆڕم و ئاڕاستەی دیکەوە دەگوترێنەوە. دەکرێت ئەم شانۆییە – بە ڕەچاوکردنی سەردەمەکەی – گرێ بدەینەوە بە جەنگی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمەریکاوە: خولەی چەخماخساز بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی سۆڤێت و خولە چەخماخە بە نوێنەرایەتیی ئەمەریکا. ئەوەشی لە نێوان ئەوانەدا دەبنە قوربانی، گەلانی هەژار و بندەستن. دەکرێت لە سۆنگەی چینایەتییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ململانێی نێوان جووتیار و دەرەبەگ یان میر و ڕەعیەت کە هەمیشە دانەیەکیان بێدەنگ و بێوەی سەری کز گرتووە، ئەوی دیکەشیان تا بۆی کرابێت دەسەڵاتی چەسپاندووە بە ئارەزووی خۆی قاچی لێ ڕاکێشاوە.

وەک گوتمان کۆمەڵگەی کوردی تژییە لەو جۆرە کاراکتەرانە هەر لەمێژەوە تا هەنووکە. لە هەموو شوێنێک دەیانبینەوە: خولە چەخماخەکان، کەمال و مارفەکان، تۆفیقی چایچی و حاجی ئەبوبەکرەکان، یونسە فەنی و تەها فەنییەکان، کاراکتەرە زاڵەکانی نێو ئەم کۆمەڵگەیەن. کاتێک خولە چەخماخە دەسەڵاتی هەیە، هەموان خۆیانی لێ نزیک دەکەنەوە و ڕیایی بۆ دەکەن، کەچی هەر ئەوەندەی چەخماخەی ئەسڵی دەردەکەوێت، ئیدی گڵۆڵەی ئەو دەکەوێتە لێژی و هەموو بەر دەبنە سەر وێزەی. تومەز مەڕەکان کەڵبە و ڕنووکیان نییە، بۆیە داماو دەسەوسانن! لەوەشدا پەیامێکی قووڵ هەیە: پێمان دەڵێت هەتا ئێوە بەسەر ئەم کاراکتەرانەدا دابەش ببن، چارەنووستان هەر ژێردەستەیی و هەڵاتن و کوشتنە.

چەخماخساز سەرەڕای ئەوەی بە چاوی نزمەوە سەیری هەموویان دەکات و بە گاڵتەجاڕییەوە قسەیان لەگەڵدا دەکات، سووکایەتی بە هەرە بەتەمەنترینی ناویشیان دەکات کە حاجی ئەبوبەکرە، لە شوێنێکدا دەڵێت: ”دوێنی جەماعەتێکی هیچوپووچ و بێقیمەت، ها حاجی…“ لەبری ئەوەی لانیکەم خاتری حاجی بگرێت و لەبەر تەمەنەکەی بڵێت ”دوور لە ڕووی حاجی“، کە ئەوە نەریتێکی کوردەوارییشە، کەچی سووکایەتییەکە ناڕاستەوخۆ لە ڕێی ئەوەوە ئاڕاستەی ئەوانی دیکە دەکات. لە شوێنێکی دیکەشدا زۆر خراپ بە ڕوویدا دەچێتەوە. ئەوەش پیشەی هەندێک لە دەسەڵاتدارانە، کە تەنانەت خاتری ئەوانەش ناگرن کە بە هۆی تەمەن یان پێگەکەیانەوە ڕێزی تایبەتیان هەیە لە نێو کۆمەڵگەدا. لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانێکمان بینیوە کە تەنانەت ڕەچاوی پێگە و تایبەتمەندیی ژن و منداڵ و بەتەمەن یان پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانیشیان نەکردووە، کە بە هۆیەوە بوونەتە خاوەنی حەسانەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا، لە ڕێی کوشتن و چاوترساندنی ئەوانەوە کۆمەڵگەیان بێدەنگ کردووە تا لە کۆنەستی کۆمەڵگە و تاکەکانیشدا ئەوە بچەسپێت کە دەسەڵات ئەو جۆرە شتانە نازانێت. چەندینمان لەو چین و توێژانە بینیوە کە بوونەتە قوربانیی دەستی خولە چەخماخەکانی سیاسەت.

هەندێک جار کەسانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بە هۆی زمانلووسی و ماستاوکردنەوە خۆیان لە دەسەڵاتداران نزیک دەخەنەوە و هەوڵ دەدەن لە هەموو قسەیەکیاندا حیکمەت بدۆزنەوە، لە ئەنجامدانی هەر هەڵە و کەموکورتییەکیشدا بە زمانی لووس خۆیان دەپەڕێننەوە، لە بەرانبەردا کەسانی ڕەشۆکی و بەدبەخت تووش دەکەن. هەر ئەوانە خۆیان لە پاسەوان و بەردەستەکانی دەسەڵاتیش نزیک دەکەنەوە کە کەسانێکی چەورە و شەللاتین، دەکەونە ڕیایی و کلکەلەقێکردن بۆیان.

نەوەی کۆن هەمیشە بە عەقڵییەتێکی بەرتەسکی پوولەکییەوە بیریان کردووەتەوە و حیسابی کەلوپەل و دۆڵابە شکاویشیان بۆ نەوەکانی خۆیان (بە تایبەت ڕەگەزی مێیینە) نەکردووە، بەوەش خراپترین چارەنووسیان ڕووبەڕوو کردوونەتەوە، سەرەنجامیش دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەرچووە و هاوشێوەی حاجی لەپای مارەیی نەزیر نەک ”500 دینار“، بەڵکو ”500 سەرەسۆدە یان بزماری کەوشیش“یان دەست نەکەوتووە، تا لەپڕ ئاغا یان زۆردارێک هاتووە و پڕی پێدا کردووە و بردوویەتی.

یاسا لە خزمەتی گەلدا نەبووە و پارێزەرانیشی گوێیان لە گەل نەگرتووە. ئەوان ویستوویانە ڕووداوەکانیان بەو شێوەیە گوێ لێ بێت کە بە دڵی خۆیان بێت، نەک وەک ئەوەی کە لە ڕاستیدا چۆنە. لەگەڵ ئەوەی چایچییەکە لە کۆتاییدا ڕووداوەکە وەک خۆی دەگەیەنێت بە پۆلیسەکان، کەچی ئەو هەر خۆی لە ڕاستییەکە دەدزێتەوە و دەڵێت: ”حادیسە چی؟ تەڵقە چی قیێە بکە دەی…“

هەر لە سەرەتاوە دەسەڵات بەوە گرەو دەباتەوە کە قسەیەکی جیاوازتر لە ڕەعیەت دەکات. ئەگەرچی قسەکەی ئەو درۆ و چەواشەکارییش بێت، بەڵام بە زۆر دەیسەپێنێت و دەیکاتە ئەمری واقیع. چەخماخساز بە پێچەوانەی هەموویانەوە قسە دەکات، ئەوان چی بڵێن ئەم شتێکی دیکە دەڵێت، هەرچەندە قسەی ئەوانی دیکەیش ڕاستییەکە بێت، وەک ئەوەی قاز دەکات بە عەرەبانە یان هەندێک جار هاوشێوەی سیاسییەکان قسەی ئەوانی دیکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بە فۆڕمێکی دیکە و وەک حیکمەت و قسەی دانسقەش دەیفرۆشێتەوە.

کاراکتەری حاجی کە نوێنەرایەتیی نەوەی کۆن و لادێیی دەکات، کەسێکی ساویلکە و خۆشباوەڕە، لە چەند دیمەنێکدا وەک کەسێکی خەواڵوو دەردەکەوێت. تا ئەوەی ئەو ساویلکەیی و خەواڵووییە دەیبات بەرەو ئەوەی چەخماخساز لە ناو هەموو ئەوانەدا وەک مارێک بەوەوە دەدات.

هانابردن بۆ کەسانی شەقاوە، ئەگەرچی لە دەرەوەی سیستمی کارگێڕییش بن، بۆ مەبەستێکی کارگێڕیی وەک ئەوەی تەها فەنی داوەتی چەخماخساز دەکات بۆ مەبەستی تەرفیعەکەی، دیاردەیەکی پڕ سەمەرەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی کوردی بووە لە ماوەی ڕابردوودا.

ناوی کاراکتەرەکە – چەخماخە – هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ترس لە دڵی دەوروبەرەکەیدا. زۆر جار کاراکتەرە سیاسی و سەربازییەکان ئەو جۆرە نازناوانە لە خۆیان دەنێن یان خەڵکێک بۆیان دادەنێت تا دەوروبەر لێیان بسڵەمێتەوە. ئەوەش لە ژینگەیەکی پڕ لە کەسانی سادە و ساویلکەدا ئامانجی خۆی دەپێکێت.

ڕەعیەت لە ناو خۆیاندا بۆ یەکتری ئازان، بەڵام هەموو ملکەچی تابووی دەسەڵاتن. سەرەنجامیش هەموو ئەوەی ڕوو دەدات ڕەعیەت لێی بەرپرسە. چەخماخسازیش بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەمەیان پێ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ئێوە خۆتان منتان گەورە کرد. چەندن ئەو مرۆڤە بوودەڵانەی بە هۆی هەڵەی خۆمانەوە هەنووکە لێمان بوونەتە کۆڵی شێر؟! بەدبەختیی ڕەعیەت لەوەدایە کە خولە چەخماخەی دواتر (ئەسڵییەکە) نابێتە فریادڕەس، بەڵکو بەدبەختییەکی دیکەیە و ڕوویان تێدەکات، ئەوەش هەڵقوڵاوی هەڵەکانی سەرەتایە.

چەخماخساز لە ڕێی هێزی قسەوە پارە و چەک و دەسەڵاتیشی چنگ لێ گیر دەبێت. ئیدی بە درێژایی ئەو ماوەیە کار بۆ پاراستنی ئەو ئیمتیازانە دەکات. تاکە ئامڕاز کەسەکان لە ڕێگەیەوە بتوانن ئەو دەسەڵاتانە لە چنگی چەخماخساز دەربهێنن، جارێکی تر هێزی قسەکردنە، بەڵام ئەوان ئەو جورئەتەیان نییە.

بەربۆشلکردنی کەسانی نێو ئەو چایخانەیە کارێکی کردووە چەخماخساز شووڵی لێ هەڵبکێشێت، سەر دەکات بە هەر باڕێکدا پارە نادات و هەر کاتیش گیرفانی بە بەتاڵی ببینێت چاوبزکردنەوەیەک بەسە بۆ پڕکردنەوەی. ئیدی تەنها دەرفەت کە مابێت ئەوەیە کە هێزێکی دەرەکی بێت و لە دەست ئەو بتۆکە ناوخۆییە دەربازیان بکات. ئەوەش لە کاراکتەری چەخماخەدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام ئەو وەک فریادڕەسێک نایەت، بەڵکو هەڕەشە و سەرکۆنەی هەمووشیان دەکات، خۆی وتەنی: ”دەبێت هەموو بخۆن بە دەستم مادام بڕواتان بەم چەکلە کرد.“

تۆبڵێیت چەخماخسازەکانی ئەم نیشتمانە لەپای ئەو درۆیانەی چەندین ساڵە لەگەڵ ئەم میللەتەدا دەیکەن، چۆک دابدەن و بکەونە لەرزین؟ لە ئاست ڕسواکردنی میللەت ڕابکەن و سەرلووتی خۆیان ڕەش بکەن؟ یان ئەوەی تەنها تەقەمان لێ دەکەن و نیشتمان لە ڕۆڵەکانی چۆڵ دەکەن. بڵێیت شەهامەتی چەخماخسازییشیان نەبێت دەنا بۆ لەپای تەقەکردن لە بەستەزمانترین کەسانی کۆمەڵگە، لەبری ڕاکردن خۆیان بە قارەمان و جوامێر پیشان دەدەن؟!

دیالۆگەکانی خولە چەخماخە زیاتر لە لێکدانەوەیەک هەڵدەگرن، دەکرێت بینەر لە ئاست هەر کامیان ڕابمێنێت و لە پەیامەکانی پشتەوەی قاڵ ببێتەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکانیش تێکهەڵکێشی یەکترین، دەکرێت دیالۆگێکی سەرەتا گرێ بدرێتەوە بەوەی کۆتاییەوە.

جێگەی خۆیەتی بڵێم لە تەمەنی حەوت ساڵیمەوە تا ئێستا بە دەیان جار ئەم کارە شانۆییەم بینیوە، هەمیشەش شتی تازەم تێدا دۆزیوەتەوە! ڕۆژانە لەگەڵ دیالۆگ و کاراکتەرەکانیدا ڕووبەڕوو بووم. زیادەڕەوی نییە گەر بڵێم شێوە پەیڕەوێک بووە لام بۆ خوێندنەوەی تاک و کۆمەڵگەی دەوروبەرم. نە هەڵنانی کەس ڕووخاندوومی و نە هێرشی کەس؛ لە چەخماخەوە فێر بووم ئەوانە هەموو بەرمەبنای هۆکارێکی دەرەکین و هەڵقوڵاوی ناخی ئەو کەسانە نییە، زانیومە کەسایەتییەکانی ئێمە دووفاقین! تۆبڵێیت من زیادەڕەویم کردبێت یان هەر بە ڕاست ئەم کارە هێندە مەزنە؟! دەبێت ڕێکەوت بووبێت یان سەلیقەی نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی کە وای کردووە پاش چلوچوار ساڵ خەڵکێک بە تامەزرۆییەوە بە دیارییەوە دابنیشن، بە تایبەتی نەوەی نوێ کە ڕەنگە شانۆییەکە سێ هێند یان چوار هێندی تەمەنی هەندێکیان بێت. شانۆنامەی چەخماخە ئەرزشی ئەوەی هەیە وەک دەقێکی نووسراو بە زمانی دیکە وەربگێڕرێت، تا لە ڕێگەیەوە گەلانی دیکە بە شانۆی کوردی ئاشنا بن. ڕەنگە گونجاویش بێت بۆ ئەوەی سیناریۆی لەسەر دابڕێژرێت و بکرێتە فیلمی سینەمایی.

لە کۆتاییدا ئێرە ئەو کۆمەڵگەیەیە کە زۆرینەی مرۆڤەکانی ناوی لە کاراکتەرەکانی چەخماخەوە نزیکن، دەبێت گەل و دەسەڵاتیش چاوەڕوانی هەمان چارەنووس بن. ئەو هێزەشی دەبێتە فریادڕەس – هەر چەخماخەیەک بێت – نابێتە ڕووناکی و بەرپێمان ڕۆشن بکاتەوە، بەڵکو گڕمان تێبەردەدات و هەر هەمان واقیع دووبارە دەکاتەوە، مادام کەرەستە و کاراکتەر و بونیادە کۆمەڵایەتییەکە نەگۆڕێت.

تێبینی:

  • هێندەی بزانم تا ئێستا شتێکی ئەوتۆ دەربارەی چەخماخە نەنووسراوە، هیچ دۆکیومێنتێکی واش بەردەست نییە. ڕەنگە ئەمە تەنها هەوڵێکی جیدی بێت… بوونی هەر زانیارییەکی هەڵە سەبارەت بە ساڵی بەرهەمهێنان، ناوی ئەکتەرەکان یان هەر بابەتێکی دیکە یان ئەگەر لە شوێنێکدا بە باشی نەمپێکابێت، داوای لێبوردن دەکەم.
  • لە سەرچاوەیەکدا ئاماژە بەوە کراوە بەرهەمی ساڵی 1970یە، گەر وابێت تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە چلوهەشت ساڵ.
  • چەخماخەم وەک دەقێکی نووسراو بەرچاو نەکەوتووە و نەمخوێندووەتەوە.

Xula Chaxmaxa, Yaseen Muhamad,