20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خولە چەخماخە، هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگای کوردی، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
یاسین محەمەد

خولە چەخماخە شانۆییەکی کۆمیدییە، بەڵام کۆتاییەکی تەواو تراژیدیی هەیە. ئەوەشی بەر ئەو تراژیدیایە دەکەوێت، هەمان ئەو کەسەیە کە بووەتە هۆی خولقاندنی ئەو کەشە کۆمیدییە، واتە چایچییەکە. هەندێک جار هەمان ئەو کەسە هەقخواز و بەشمەینەتانەی کۆمەڵن دەبنە هۆی سەرهەڵدانی مەهزەلەیەکی لەو جۆرە، بۆیە ڕەنگە قەدەر غەدری لێ نەکردبن. لەبەر خاتری پاروویەک نان ناچارن سەر کز بگرن و بێدەنگ ببن یان هەندێک جار ڕیایی بکەن و خۆیان ببەنە پێشەوە هاوشێوەی دەوروبەرەکەیان، کەچی دواجار هەر خۆیانن دەبنەوە بە قوربانی. ئەوان ڕاستییەکان دەبینن و بە پێچەوانەی ئەوانی دیکەوە بۆیشی پەرۆشن، بەڵام نایانەوێت قوربانی بە خۆیان بدەن و شوێنی بکەون. بە خوێندنەوەیەکی دیکە، ئەوانەی خولقێنەری ئەو جڤاتە پڕ مەهزەلەیەن، چارەڕەشی نایانبوورێت و دەبێتە چارەنووسیان. قسەی ڕەعیەتیش لە کۆتایی ئەو مەهزەلەیەدا هیچ ئەرزشێکی نییە، چونکە نە هەڵقوڵاوی ناخی خۆیانە، نە خۆیشیان هۆکاری ئەو گۆڕانکارییەن. کەمال و مارفیش باڵی سەربازیی نێو ئەو جڤاتەن و چەخماخساز لە سایەی ئەواندا زیاتر ملهووڕ بووە. ڕەوشی ئەوانیش لە ڕەوشی ئەو دوانەی دیکە باشتر نییە، بەڵام لە کەشێکی دۆگمای وەهادان دەبێت هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی ئەو تەوتەمەی سەرەوەیان بێت، لەو پێناوەشدا بە گژ هاوڕێ کۆنەکانیشیاندا دەچنەوە. ڕۆشنبیرانیش کە لە کاراکتەری یونسە فەنی و تەها فەنیدا بەرجەستە بوون، کاریان ماستاوساردکردنەوە و مامەحەمەییکردنە لە حزووری دەسەڵاتداراندا، لە پاشملەش سنگ دەردەپەڕێنن و خۆیان وا پیشان دەدەن ئەوان ڕۆشنبیرن و بێزیان نایەت مەرحەبای ئەو جۆرە کەسانە بکەن!

 خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە سەرەتادا فۆکەسی سەرەکی خراوەتە سەر چایچییەکە، لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە فۆکەسی سەرەکی هەر لەسەر ئەوە. لە سەرەتادا بە بێدەنگی سەرقاڵی ئیشکردنە، لە کۆتاییدا بە برینداری هاواری لێ بەرز دەبێتەوە. ئەو ورووژێنەری گەلێک لە شتەکانە: لە سەرەتاوە تۆقین لە تفەنگەکەی چەخماخە، دواتر هێنانە بەرباسی نەزیرەی حاجی ئەبوبەکر، لەو کاتەشی چەخماخە پرسیاری چەخماخسازی لێ دەکات، سەرەداوێکی بۆ دەردەخات. لە ورووژاندنی هەر کام لەوانەشدا ستەمکارییەکی تازە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو خانەخوێیە و دەتوانێت سنوور بۆ هەموویان دابنێت، ڕێکیان بخات و ڕێگە لە چەتەگەری بگرێت، ئەگەر لە ڕێگەی یاساشەوە نەبێت، لەبەر نەبوونی سەروەریی یاسا، خۆ دەتوانێت بە هێزی قسە و بەرمەبنای ئەوەی ”چایخانەی خۆمە و ناهێڵم”، کەچی لەجیاتیی ئەوە لە ماڵی خۆیدا دەبێتە تێهەڵدراو و گاڵتەپێکراوی هەموویان. هەمیشە هەژاران یان بەشە گەورەکەی میللەت، کە خۆیان خاوەنماڵی ڕاستەقینە بوون، لە لایەن کەسانی دیکەوە نیشتمانەکەیان لێ زەوت کراوە. دواجاریش لە ڕۆیشتنی ئەو کەسانەدا هەر ئەوان بوونەتە قوربانی.

خولە چەخماخەکانی سیاسەت لەم نیشتمانەدا لەپڕ پەیدا بوون، گەلیش بە چەپڵەڕێزان کەوتوونەتە شوێنیان. ئەوانیش ئەوەی ویستبێتیان بە کەمال و مارفەکان ئەنجامیان داوە. ئەوان چەخماخەی ناوخۆ و چەخماخسازی دەرەوە بوون، لە ئاست گەورەکانیاندا کەوتوونەتە لەرزەلەرز و مامەحەمەییکردن. لە ئاست گەلیشدا خۆسەپاندن و هەڕەشەوگوڕەشە. ئەوان هەمیشە لەسەر حیسابی گەل سەرقاڵی خواردنەوە و قومار و ڕاووڕووت بوون، بە هەر کەسێکیشیان وێرابیت، دایانپڵۆسیوە یان لە ناویان بردووە. لە سەرسەرێتی و دەستبڕین و لەبلەبانیدا تەنانەت ناوبانگیان لە دەرەوەش بیستراوە: ”تەنانەت ناوبانگت لە بەغداش بیستراوە…” تا چرکەساتی نووسینی ئەم دێڕانەش دەسەڵاتی کوردی ئەو ڕستەیەی تێنەپەڕاندووە.

پێش هاتن و دوای هاتنی دەسەڵاتداران، گەل هێزی کاریگەریی هەیە، بەڵام جیاوازیی ئەوان و دەسەڵاتداران ئەوەیە کە ئەوان بێئاگان لەو چەکە کاریگەرە و لە شێوازی بەکارهێنانی. پێش هاتنی خولەی چەخماخساز، حاجی چەکێکی جۆری ستاری هەیە (چەک وەک ڕەمزێک بۆ بوونی دەسەڵات و بەرگری لەخۆکردن) کەچی لە بەرانبەر هیچدا پێشکەشی کاک مەحموودی دەکات. ئەی دەبێت ئەو ئەو چەکەی بۆچی بێت کە نەتوانێت بەرگریی پێ بکات لە خۆی؟! ئەگەر هەر بڕیارە بە زۆر مافی خۆی بسەنێت، بۆ کەسێکی دیکە دەهێنێتە ناوەوە کە بێبەرانبەر هیچی بۆ ناکات و کێشەکەی ئاڵۆزتر دەکات؟ دواجار چەخماخسازیش نایکات بە نامەردی، چەکەکەی لێ وەردەگرێت و کچەکەی [برازا]شی بە تۆپزی لێ دەسەنێت لە پای هەڕەشەیەک لە حەمە نەجمی سوورەبانی، دیاریش نییە ئاخۆ حاجی پارە یان شمەکەکانی دەست دەکەوێتەوە یان نا. لە دیمەنی دواتردا پێکداهەڵپرژانی نێوان حاجی و تەها فەنی، پێمان دەڵێت دەسەڵاتداران هەمیشە ئیش لەسەر ئەو جیاوازییانەی نێوان گەل دەکەن، دەیانەوێت بەردەوام لە ترازان و پێکداهەڵپرژاندا بن لەگەڵ یەکتریدا، تا ڕێگە بۆ خۆیان خۆش ببێت، بەڵکو هەندێک جار خۆیان دەکەن بە پیاوچاک و ناوبژیی نێوان چینەکانی کۆمەڵیش دەکەن، ئەگەر لە بەرژەوەندییاندا بێت.

ڕسوابوونی ڕەعیەت لە ئاستی دەسەڵاتدا دەگاتە ڕادەیەک کە هەندێک جار بۆ دەربڕینی سادەترین شت لە بەرانبەر کاک مەحمووددا، دەبێت بەوپەڕی لەخۆبردوویی و نەوازشەوە دەری ببڕن. ئەگەر بۆنی ڕەخنە یان تانەی لێ بێت، دەکەونە بەر پەلاماری جەنابیان. ئەویش کەشێکی لە ترسوبیم دروست کردووە، بە جۆرێک هەموو لە خۆیەوە ئیلهام وەردەگرن، ئا بەو شێوەیە کاک مەحموود هەر تەنها ئازا نییە، بەڵکو کەسێکی باشە و فەرماییشتەکانیشی پڕن لە حیکمەت. شایستەی هەموو پیاهەڵدانێکە، کارە قێزەونەکانیشی کردەوەی جوانن. کاتێک خەڵک دەداتە بەر تەقە و ڕاویان دەنێت، ئەوە دەبێتە جێگەی سەرسامبوون و ستایشکردنی ئەوانی دیکە. تەنانەت ماستاوەکەی حاجی خەستترە: ”ئەم کوردە پیاوی گەلێک بەجەرگی ها تیا، بەڵام هێژی چی خۆخۆرین…”

دەسەڵات چەکێکیش ڕەوا نابینێت بە چەکدارەکانی خۆی تا پاسەوانیی بکەن – لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کەمال لەبری دەمانچە، پارچە بەردێکی لە پەڕۆیەکەوە ئاڵاندووە و کردوویەتی بە لاقەدیدا. بەڵام لای خەڵکی وا پیشان دەدات گوایە کاک مەحموود هەر ڕۆژەو دەمانچەیەکیان دەداتێ و خۆیشی هەر ڕۆژەو دەمانچەیەکی پێیە!

دواجار کاتێک کە پۆلیسیش دێن، دوو کەسن کە بە کوردییەکی باش قسە ناکەن، پێدەچێت عەرەب یان لە نەتەوەی دیکە بن. ئەوەیش قسە هەڵدەگرێت، وەک بیەوێت پێمان بڵێت دەسەڵات و گەل لە زمانی یەک ناگەن، یان بە خوێندنەوەیەکی دیکە ئەوەی خاوەنی ڕاستەقینەی ئێمەیە و کاروبارەکانمان ڕێک دەخات، سەر بە گەل و نەتەوەیەکی دیکەیە، خۆمان هەر دەزانین ئەو فەوزایەی نێو چایخانەکە بخولقێنین! یان لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بە هۆی ناکۆکی و نائیداریی خۆمانەوە، دواجار ئەوان دێنەوە سەر خاکەکەمان –هەر لە سەرەتاوە سڵەمینەوەیەکی زۆر بەرانبەر بە پۆلیس لە لایەن کاراکتەرەکانەوە هەست پێ دەکرێت، ئەوان وەک هێزێکی نامۆ وێنا کراون. ئەوان باش ئاگاداری ڕووداوەکەن، تەنانەت چایچییەکەش سەرباری ئەوەی خوێنی لە بەر دەڕوات، هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە بۆیان ڕوون بکاتەوە چی ڕووی داوە. کەچی ئەوان تاوانباری دەکەن بەوەی گوایە ئەو جنێویان پێ دەدات. هەر بۆیە قۆڵبەستی دەکەن و دەیبەن. ئەوە نموونەی حوکمڕانیی ئەم ناوچەیە بووە کە هەمیشە تاوانبار وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت و تاوانلێکراو ڕاپێچی زیندان دەکرێت.

خولە چەخماخە ستەمکارێکە لەژێر سایە و ناو و ناوبانگی ستەمکارێکی دیکەدا دەردەکەوێت، کە هەڵگری هەمان ناوە یاخود نازناوی هاوشێوەیە. ستەمکردن لە سایەی کەسانی دیکەدا مێژوویەکی درێژی هەیە لە نێو گەلی کورددا، لە نێو خێڵ و حیزبەکاندا. هەندێک جاریش لە سایەی کەسانێکی ناودار – دەرەکی یان ناوەکی، باش یان خراپ – ئەو کارە دەکرێت و کراوە.

 خولەی چەخماخساز (چەخماخەی عادی) بە چاوی سووک سەیری کەسانی نێو چایخانەکە دەکات و ئەوانیش ماستاو و مامەحەمەیی بۆ دەکەن، هەر وەک چۆن خولە چەخماخە (چەخماخەی ئەسڵی) بە چاوی سووک سەیری خولەی چەخماخساز و هەموو ئەوانی دیکەش دەکات و ئەوانیش هەموو تێکڕا ماستاوی بۆ دەکەن. ئەو چەخماخسازانەی لێمان بوونەتە چەخماخە و بەسەرماندا دەگرمێنن، لە ئاست سەروو خۆیاندا ڕیوەڵەن و دەلەرزن.

وەک لە سیفەتەکانیەوە دەردەکەوێت، کەسایەتیی خولە چەخماخە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و سیفەتەکانی چەسپاون، هەرچەند کەسایەتییەکەی هاوشێوەیە لە ستەمکاری و خراپەکاریدا لەگەڵ خولەی چەخماخساز، بەڵام گەلێک سیفەتی جیاوازیشی هەن کە دەکرێت خاڵی ناسینەوەی ئەو بن: دەمانچەی ئەڵقەداری قیسمی کۆن هەڵدەگرێت، چونکە ئەو لە کۆنەوە خەریکی ئەو کارەیە و کەسێکی پڕۆفیشناڵە، ئەو شێوە دەمانچەیەی پێ باش بووە و نەیگۆڕیوە، کارەکانی خۆیشی پێ ڕایی دەکات، بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین کەسێکی قاڵبووەوە و بەئەزموون و مێژینەیە، بەڵام خولەی چەخماخساز تازەپیاکەوتووە و تەقلیدە، وا پیشان دەدات کە هەر ڕۆژە و دەمانچەیەکی پێیە – ئەڵبەت هەموو دەمانچە و تفەنگەکانیشی هیی کەسانی دیکەن، چونکە کاری ئەو تەنها چاککردنەوەیانە – دەیەوێت بەو پڕوپاگەندەیەش کەسایەتی بۆ خۆی دروست بکات. چەخماخە بە لای چەپدا دەشەلێت، هێندەی کەتن ناوەتەوە قاچێکی لەو پێناوەدا داناوە، هەرچی چەخماخسازە، بەشی هەر کەتنکردن و ڕاکردن بووە – لە چایخانەکەی سمەگێڕ تەقە دەکات و ڕادەکات، لە چایخانەکەی تۆفیق تەقە دەکات و ڕادەکات، ئیدی ئەو هەقی بەوەوە نییە کێ پێوە دەبێت – بۆیە ئەو ڕێک و ڕەوان دەڕوات. ئەمەش ئەو سیاسییانەمان بیر دەهێنێتەوە کە تەنها لە نانەوەی گرژی و ئاڵۆزیدا ئازا بوون، هەر گەیشتبێتە تینیان قووچاندوویانە. چەخماخە هێندە پرۆفیشناڵە کاتژمێری بێمیل لە دەست ناکات، بە وردی کارەکانی ڕایی دەکات، حیساب بۆ چرکە و خولەکژمێریش دەکات، شێوە قات و جلوبەرگی تایبەت بە خۆیشی هەیە… هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە چەخماخسازەکانی وڵاتی ئێمە سەرباری ئەوەی ساختەن، لە درۆکردن و کەتنکردنیشدا ناپڕۆفیشناڵ و ناسازن.

هاوبەشی بکە

Theater, Xula Chaxmaxa, Yaseen Muhamad,