20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خولە چەخماخە، هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
یاسین محەمەد

شانۆیی خولە چەخماخە بەرهەمی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی لە ساڵی 1974دا، لە نووسینی سمکۆ ناکام و دەرهێنانی حەسەن تەنیا و داڕشتنی مۆسیقای مامۆستا خالید سەرکارە. یەکێکە لە شانۆییە دێرینەکانی باشووری کوردستان، کە تۆمار کراوە و تا ئێستایش ماوەتەوە. ئەوەی ئەم شانۆییە لەوانی دیکە – لە پێش خۆی و هەندێک لەوانەی دوای خۆیشی – جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر بە کەرەستەیەکی ناوخۆیی بەرهەم هاتووە؛ نووسین، دەرهێنان، ئەکتەر و ستافی بەرهەمەکە زۆرینەیان کوردن. وەک دەزانرێت زۆرێک لە کارە شانۆییەکانی دیکەی ئەو سەردەمە و هەندێک لەوانەی ئێستاش تێکستەکانیان بیانین و لە شاکارە مەزنەکانی شانۆی جیهانییەوە وەرگیراون. دواتر و لە سەرەتاکانی نەوەدەکاندا شانۆیی ئەحەی کوڕنوو بە کەرەستە و ستافێکی تەواو خۆماڵییەوە بەرهەم هات. لێرەدا دەمەوێت لە سۆنگەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسییانەوە هەڵوەستەیەک لەسەر شانۆیی خولە چەخماخە بکەم.

شوێنی ڕووداوەکان سلێمانییە، ئاماژە بۆ هەندێک لە گەڕەک و شوێنەکانی ئەو شارە کراوە: قەرەجاوا، عەقاری، باخی شێخ لەتیف، مەزادخانەکە، بەردەرکی سەرا، چایخانەی ئەوقاف. مۆرکی سلێمانی بە ڕادەیەک بە چەخماخەوە دیارە، کە ئەگەر خەڵکی سلێمانی نەبیت باز دەدەیت بەسەر هەندێک لە بڕگە و حیوارەکانیدا و بایەخی هەندێک لە کاراکتەرەکان – بۆ وێنە حاجی ئەبوبەکر – بە تەواوەتی نازانیت. ڕەنگە تا ئێستاش زۆرترین هەوادارانی هەر لەو شارەدا مابێتەوە. وەرزی زستانە، بەڵام زەمەن دەستنیشان نەکراوە، هەرچەندە لە ئەنجامی وردبوونەوە دەردەکەوێت باسی هەمان ئەو ساڵانە دەکات، واتە ساڵانی حەفتاکان. بە داخەوە سەرباری دانسقەیی ئەم کارە شانۆییە و باشیی سیناریۆ و دەرهێنان و ڕۆڵبینینی ئەکتەرەکانیش، بەڵام وێنەگرتنەکەی لە ئاستێکی باشدا نییە. ئەوەش گرفتێکی تەکنیکییە و ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پەیام و ناوەڕۆکەکەیەتی.

دەکرێت بڵێین ئەم کارە شانۆییە دژەپاڵەوان (antihero) یان پاڵەوانی پێچەوانەیە، بەو پێیەی کاراکتەرەکانی ناوی ڕۆڵێکی پێچەوانەی پاڵەوان دەگێڕن – هەموو هەڵگری سیفەتی خراپ و پێچەوانەن. پاڵەوانەکان لەبەر چاکەخوازی و مەردی و ڕاستگۆیی نەبوونەتە جێگەی سەرسامیی هیچ کەس؛ ئەوان کەسانێکن شایستەی لاساییکردنەوە نین.

لە نێو شانۆییەکەدا هەست ناکەیت هیچ کاراکتەرێک و بەڵکو بێ زیادەڕۆیی هیچ دیالۆگێکیش زیادە بن و شوێنی خۆیان نەگرتبێت. بە لابردنی کاراکتەرێک هەرچەندە لاوەکییش بێت، نەنگییەک لە شانۆییەکەدا دروست دەبێت. سەرباری ئەوەی پێویست بە بوونی کاراکتەر و دیالۆگی زیاتریش ناکات، ئەوەش خاڵی هەرە بەهێزی شانۆییەکەیە. لەم شانۆییەدا چایخانەیەک ئامڕازی پێکەوەبەستنەوەی کۆمەڵێک کاراکتەرە کە نوێنەرایەتیی جڤاتی کوردی و مرۆڤەکانی ناوی دەکات، وێنەیەکی ڕاستەقینەی بیرکردنەوەکانی ئەوانمان پیشان دەدات. سیفەتەکانی دووڕوویی، چاپلووسی، بەدبەختی، ترسنۆکی، خۆبردنەپێشەوە، ساختەچێتی و تا دوایی بە ڕوونی لە نێو تاکەکاندا بە دیار دەخات. ئەوەی جێگەی سەرنجە، کاراکتەرەکانی ناوی دوو دوو سیفەتی هاوبەشیان هەیە یاخود لە یەکترەوە نزیکن، بێ ئەوەی دانەیەکیان زیادە بێت. ئا بەو جۆرە کاراکتەرەکانی نێو خولە چەخماخە لەم کەسایەتییانەدا خۆی دەبینێتەوە: خولە چەخماخە (عومەری کەریم ئاغا) و خولەی چەخماخساز (مستەفا ئەحمەد) – زیاتر بە زەبروزەنگ و زاڵخواز و خۆسەپێنن، تەها فەنی (ئەحمەد سالار) و یونسە فەنی (عەبدولڵا) – بوودەڵە و خۆهەڵکێش و هیچلەبارانەبوون، کەمال (قادر جەلال) و مارف (ئازاد جەلال) – خەریکی پاشکۆیەتی و کلکەلەقێکردنن، حاجی ئەبوبەکر (کەمال سابیر) و تۆفیقی چایچی (تەها باراوی؟) – بەدبەخت و مافخوراون. لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمانە لە یەک شوێندا پێکەوە کۆ بوونەتەوە و جۆرە ئاشنایەتییەکیش لە نێوانیاندا دروست بووە، کەچی بێمتمانەییەکی زۆر لە نێوان هەموویاندا هەست پێ دەکرێت، هیچیان دۆستایەتیی ڕاستەقینە بەرانبەر بەوی دیکە پیشان نادات. تەنانەت حاجی ئەبوبەکر کە لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی برینداربوونی تۆفیقی چایچییە، کەچی یەکسەر ئەویش بەجێی دەهێڵێت. وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت لەم سەرزەمینەدا بەدبەخت و مافخوراوەکان ناتوانن یان نایانەوێت تا سەر پێکەوە بن و پشتی یەکتری بگرن. لە چەند شوێنێکدا تۆفیقیش سووکایەتی و لاقرتێ بە حاجی دەکات، بۆ نموونە لە شوێنێکدا بەم وشانە زیاتر سەرودڵی دەگرێت: ”پێنجسەد سەرەسۆدە، پێنجسەد بزماری کەوش… کامیانت دەست کەوت لە پای شیربایی نەزیرەدا…”

لە سەرەتادا خولەی چەخماخساز بە ترس و شەرمەوە خۆی دەکات بە چایخانەکەی تۆفیقدا – لە لایەک لە ترسی پۆلیس، بە هۆی ئەو بەزمەی لە چایخانەکەی سمە گێڕ گێڕاویەتی، لە لایەکی دیکەیشەوە لە ترسی ئەوەی نەبادا نازناوە ساختەکەی گەیشتبێتەوە بە خاوەنە ئەسڵییەکەی، واتە خولە چەخماخە و بە کەتنەکانی ئەمی زانیبێت. کەچی دواتر کەسانی نێو چایخانەکە کاتێک دەبینن خولەی چەخماخساز چەکی پێیە – کە لە ڕاستیدا هیی خۆی نییە و خولە چەخماخە پێی داوە تا دەرزییەکەی بۆ چاک بکاتەوە – ئیدی دەست دەکەن بە ماستاوکردن و خۆبچوککردنەوە لە بەرانبەریدا، ئەویش هەر زوو خەڵکەکەی بۆ تاقی دەبێتەوە و دەزانێت بایی چەندن. لێیان دەگەڕێت تا گەورەی بکەن و فووی تێبکەن، هەر درۆیەکیش بچێتە خزمەتی ئەو پڕۆسەیەوە بۆیان دەکات. تا وای لێ دێت خانووی بۆ پەیدا دەکەن و ژنیشی بۆ دەهێنن، دەکەونە دەعوەت و دەعوتکارییش. دوانیشیان دەبنە پاسەوانی، ئەوانی دیکەیش لە ڕوودا هەموو ڕیاییەکی بۆ دەکەن، کەچی لە پاشملە دەکەونە سەرزەنشتکردنی. لێرەدا دەبینین کە درۆ بووەتە خاڵی پێکەوەبەستنەوەی هەموو کاراکتەرەکان و ڕایەڵی سەرەکیی پەیوەندیی نێوانیانە. هەست دەکەین هەموو کەسایەتییەکان نغرۆی نەزانی و بوودەڵەیین – تەها و یونس وەک دوو کەسایەتیی بە ناو ڕۆشنبیر و خوێندەوار، کەمال و مارف وەک دوو شەقاوە و بێکار، حاجی و تۆفیق وەک دوو کەسی سادە و ڕەشۆکی –  هەموو دەچنەوە سەر یەک، جیاوازیی سەرەکیی نێوانیشیان شێوازی بیرکردنەوەیان نییە، بەڵکو تەنها جلوبەرگەکەیانە.

وەک لە سەرەتاوە دەردەکەوێت، چەخماخساز هەڵاتووە و دەیەوێت خۆی بشارێتەوە، کەچی هێندە نابات دەکەوێت بەسەر خێری خۆیدا. لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا کەم نین ئەوانەی لە شوێنێک کەتنێکیان ناوەتەوە و هەڵاتوون بۆ شوێنێکی دیکە، لەوێ ئامێزیان بۆ گیراوەتەوە و بوونەتە کەسانێکی دەستڕۆیشتوو. لە بەدبەختیی گەلیش زۆربەی جار دەسەڵاتێکی نێگەتیڤیان پەیڕەو کردووە و بوونەتە بەڵا بەسەر دەوروبەریانەوە.

ئەو دەمەی کەمال و مارف لەسەر شتێکی سادە تێک بەر دەبن و مارف دەکەوێت بەسەر چەخماخسازدا و پاڵتۆکە لەسەر شانی لا دەبات و تفەنگەکە بەدیار دەکەوێت، ئیدی دەبێت بە خاڵی وەرچەخان و دەرکەوتنی ستەمکاری. مێژووی ئەم میللەتە و گەلێک میللەتی بەدبەختی دیکە پڕن لەو چرکەساتانەی دەرکەوتنی کەسانێک کە لە ئەنجامی بەدحاڵیبوونەوە لە لایەن خەڵکەوە سامێکی درۆینەیان بۆ دروست دەبێت و بەو جۆرەش دەبنە کۆڵی شێر و بارێکی گران بەسەر شانی خەڵکەوە، بە ڕیشەیاندا دەچنە خوارەوە. تا ئەوەی سەرەنجام دەردەکەوێت ئەوانە چ بوودەڵەیەکن.

چایچییەکە تەنها کەسایەتییەکە دەکرێت بڵێین لەوانی دیکە باشترە، ئەو تا ڕادەیەک حەقخوازە و موجامەلەی کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە. بۆیە دەکەوێتە بەر پەلاماری هەموویان، لە کۆتاییشدا تەنها زەرەمەندی سەرەکییە. حاجی هەرچەندە نزیک و هاوشێوەی ئەوە، بەڵام بە هەر کەسێکی وێرابێت خراپ پەلاماری داوە – پەلاماردانی وەستا شەوکەت و دواتریش داواکردن بۆ کوشتنی حەمە نەجمی سوورەبانی. هەر ئەو دوو کەسەش دەبنە قوربانیی سەرەکی، حاجی – بەپێی عەقڵییەت و نەریتی کوردەواری – شەرەفی دەکەوێتە بەردەستی چەخماخساز و چایچییەکەش جەستەی دەکەوێتە بەر گوللەی گەرمی ئەو.

هاوبەشی بکە

Theater, Xula Chaxmaxa, Yaseen Muhamad,