29/03/2024
DidiMn Logo
Top

یادەوەرییەكانی كۆڵانێكی خاپووركراو

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

سیامەند هادی

 

ڕووخانی پردە بچكۆلەكە و پڕكردنەوەی ئەو شیوە دوورودرێژەی، ماڵەكانی گەڕەكی دەكرد بە دوو بەشەوە، هەموو گەڕانەوەیەكی بۆ شوێنەكانی ڕابردوو لە لا ئاڵۆز كردبوو. هاتنی كۆمەڵێك ماڵی دەوڵەمەند بۆ ئەو گەڕەكە و بونیادنانی چەندین خانووی نوێ‌ لە شوێنی خانووە كۆنەكان لە لایەكەوە و جێدەستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە لایەكی دیكەوە، بە تەواوی سیمای شوێنەكانی لە یادەوەریی ئەودا كاڵ كردبووەوە.

ئەو هەرگیز نەدەگەیشتە ئەو بڕوایەی شەقامە قیرتاوكراوەكەی ئێستای گەڕەكی، لە كۆڵانە چاڵوچۆڵەكەی شوێنی یاریكردنی مناڵیی پێ باشتر بێت! هەرگیز تەماشاكردنی چۆلەكەیەكی سەر ستارەی نەتركراوی ئێستای لا جوانتر نەبوو، لەو چۆلەكەیەی كە جاران بەسەر گوێسەبانەی خانووە قوڕەكانەوە دەیبینی!

لە چاوگێڕانێكی خێرادا بە تەواوی هەستی كرد، یادەوەرییەكانی بوون بە ژێر شەقامی قیرتاوكراو و خانووە بەرز و خۆشەكانەوە. ئەم گەڕانەوەیەی بە هەمان شێوەی كەسێك دەهاتە بەرچاو، كاتێك دەگەڕێتەوە سەر گەڕەكێكی خاپووركراو. هیچ جیاوازییەكی لە نێوان بونیادنان و خاپووركردندا نەدەبینییەوە. ئەگەر خاپووركردن لەگەڵ خۆیدا ڕوانین و یادەوەرییەكان زیندەبەچاڵ بكات، ئەوا بە هەمان شێوە زۆر جار بونیادنانیش هەمان كار بە ئاكام دەگەیەنێت! ناكرێت بە هیچ شێوەیەك ڕاكردن بەسەر پردێكی بچووك و لەرزۆكدا، هەمان هەستی ڕاكردنمان بەسەر شەقامێكی قیرتاوكراودا بداتێ، مەحاڵە هاژەی ڕۆیشتنی ئاوی شیوەكە، لە وڕەوڕ و دەنگەدەنگی ئۆتۆمبێلی سەر شەقامە قیرتاوكراوەكە خۆشتر نەبێت!

دوای ئەوەی لە تەماشاكردنێكی بەپەلەدا چەند ڕوانینێكی بە بیری خۆیدا هێنا، بە نیازی شكاندنی ئەو سەرسامبوونەی ئارەزووی پرسیاركردن لە مێشكیدا دنەی دەدا، بەڵام پرسیار لە كێ بكات؟ زۆربەی ئەو كەسانەی ئێستا لەم گەڕەكەدا نیشتەجێن، ڕەنگە ئەم نەیانناسێت و ئەوانەشی ماونەتەوە لە ئێستادا ئەم هیچ پەیوەندییەكی پێیانەوە نەماوە. هەر بۆیە بە خێرایی گەیشتە ئەو بڕوایەی بیرۆكەی پرسیاركردن لە مێشكی خۆی دەربكات و پرسیار لە هیچ كەسێك نەكات.

دەربارەی چی پرسیار بكات؟ هەموو شتێك بە ڕوونی لە بەرچاوە و ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی بە سیمای شوێنەكانەوە دیارە، بە تەواوی وەڵامی پرسیارەكانیان لە نێو خۆیاندا هەڵگرتووە.

لە چاوگێڕانێكی خێرادا هەستی بە دابڕانێكی گەورە دەكرد، لە نێوان خۆی و ئەو گەڕەكەی چەندین ساڵی تەمەنی تێدا بردبووە سەر. گۆڕانكارییەكان ماوەی ئەوەیان نەدەدا بە دەزوولەیەكیش خۆی بە شوێنێكی بچووكی ئەو گەڕەكەوە گرێ بدات!

هەر لە سەرەتاوە و ئەو كاتەی بۆ یەكەمین جار دوای چەندین ساڵ دابڕان، تەماشای سەرسووچی كۆڵانەكەی كرد، هەستی دەكرد ناتەواوییەك لە دیمەنی كۆڵانەكەدا دێتە بەرچاوی. سەرەتا پەی بەو ناتەواوییە نەبرد، بەڵام دواتر بیری كەوتەوە كە عەمودە خوارەكەی سەرسووچی كۆڵانەكە لابراوە و لە جێگەی ئەو عەمودێكی نوێی لێ دانراوە. ئەو دیمەنەش چەندین یادەوەریی لە نێو خۆیدا دەسڕییەوە. ئێستاش بە باشی لە بیریەتی، لە شەوێكی باراناویدا كوڕە سەرخۆشەكەی ماڵی مام سمایلی دراوسێیان بە سەیارەیەكەوە بە خێرایی خۆی بەو عەمودەدا كێشابوو. بۆ بەیانی ئەم كاتێك چووبوو بۆ قوتابخانە، ئەو كاتە بە ڕووداوەكەی زانیبوو، چونكە ئەو لە كاتی ڕووداوەكەدا نوستبوو. هەر كەسێك تەماشای سەیارەكەی بكردایە پێی سەیر دەبوو ئەو كەسەی لە نێو سەیارەكەدا بووە، لە كاتی ئەو ڕووداوەدا هیچی لێ نەهاتبێت!

ئەم سەرسووڕمانی خۆی دەربارەی ئەو ڕووداوە و بە زیندوویی مانەوەی كوڕەكەی مام سمایلی بە ڕستەیەكی دایكی دەڕەواندەوە كە دەیگوت ”دیارە ئەو كوڕە ئەجەلی نەهاتووە!“ هەر كاتێك عەمودە خوارەكەی ببینیایە، وێنەی كوڕەكەی مام سمایلی دەهاتەوە بەرچاو و هەر كاتێكیش كوڕەكەی دەبینی، عەمودە خوارەكەی بیر دەكەوتەوە. لابردنی ئەو عەمودە بە تەواوی ڕووداوەكە لە بەرچاو ون دەكات و ڕەنگە ئێستا خەڵكی گەڕەك ئەو ڕووداوەیان لە یاد نەمابێت.

ماڵی مام سمایل تووشی ڕووداوی سەیر دەبوون و خەڵكی گەڕەكیش زۆربەی كات باسی بەسەرهات و ڕووداوەكانی ماڵی مام سمایلیان دەكرد. ئەم هەندێك لەو بەسەرهاتانەی دەهاتەوە یاد، بەڵام سەرلەبەری بەسەرهاتەكانی بە تەواوی لە یاد نەمابوو. نەیدەتوانی تانوپۆی سەرجەمی كارەسات و ڕووداوە سەیرەكانی ئەو خێزانە پێكەوە گرێ بدات.

ئێوارەیەكیان كوڕێكی مام سمایل – لەو كوڕەی گەورەتر بوو كە خۆی كێشابوو بە عەمودەكەدا – بیری نەماوە لە چ شوێنێك بووە، لەگەڵ كوڕێكدا بووە بە شەڕی و دەیانگوت حەوت گوللەی ناوە بە كوڕەكەوە! كتوپڕ پۆلیس دەستگیریان كردووە و پاش ماوەیەك بە نێو گەڕەكدا بڵاو بووەوە كە بیست ساڵیان حوكم داوە. وایان دەگێڕایەوە شەش گوللەیان بەر شوێنی ئەوتۆ نەكەوتوون و ئەگەر حەوتەمین گوللەیان نەبوایە، ڕەنگە ئەو كوڕە نەمردایە. دەیانگوت گوللەی حەوتەم بەر دڵی كەوتبوو.
كاتێك بەسەر شەقامەكەدا دەڕۆیشت و بە ئاسانی دەچووە ئەمبەر و ئەوبەری كۆڵانەكە، بە تەواوی هەستی بە نامۆبوونێكی لە ڕادەبەدەر دەكرد، چونكە جاران جگە لە دوو سێ مەتری بەردەم ماڵەكان، ئیدی ناوەڕاستی كۆڵانەكە شیوێكی پێدا دەڕۆیشت و دەبوو بۆ پەڕینەوە بگەڕایتایەتەوە سەرسووچی كۆڵانەكە و بەسەر پردە بچووكەكەدا بڕۆیشتیتایەتە ئەوبەر. قیرتاوكردنی ئەو كۆڵانە تەپوتۆزی هاوین و قوڕوچڵپاوی زستانی لە بیرەوەریی ئەودا كاڵ دەكردەوە. لە ڕۆیشتن بەسەر قیرتاوی كۆڵانەكەدا، وەك یادەوەرییەك بۆ خۆڵە وردەكەی جاران، دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی شەوێكی – بەهار بوو یان هاوین بە باشی لە بیری نەمابوو- بیر كەوتەوە.

ئەم لەگەڵ چەند مناڵێكی هاوڕێیدا لە كۆڵانی پشتەوەی كۆڵانەكەی خۆیان یارییان دەكرد، لەناكاو قاووقیژ لە كۆڵانی خۆیانەوە بەرز بووەوە، بە ڕاكردن خۆیان گەیاندە كۆڵانەكەی خۆیان و تەماشایان كرد ئاگر لە ماڵی مام سمایلەوە بەرز دەبێتەوە. خەڵكی گەڕەك بە خێرایی خۆڵی كۆڵانەكەیان دەكردە سەتڵ و تەشت و قاپەوە و دەیانبرد و دەیانكرد بەسەر ئاگرەكەدا. ئەگەرچی ئاگرێكی گەورە لە حەوشەی ماڵی مام سمایل كەوتبووەوە، بەڵام لە ماوەیەكی كورتدا خەڵكەكە توانییان ئاگرەكە بكوژێننەوە.

دەیانگوت دوو دەبە بەنزین بووە سووتاوە. ماڵی مام سمایل وایان دەگێڕایەوە، دەبەیەكیان كون بووە و بەنزینی لێ ڕۆیشتووە و ئەوان پێیان نەزانیوە. كوڕێكیان – ئەو كوڕەی خۆی كێشابوو بە عەمودەكەدا – ئەو شەوە لە حەوشە جگەرەی داگیرساندووە، كاتێك دەنكە شقارتەكەی بە ئاگرەوە فڕێ داوە، بەنزینە ڕژاوەكەی سەر كۆنكرێتی حەوشەكە سووتاوە و دواتر هەردوو دەبەكە گڕیان گرتووە. ئەو ڕووداوە لەوەدا دەبووە جێگەی سەرسووڕمان كە لەگەڵ ئەو ئاگرە گەورەیەدا، تەنها دە مەتر سۆندەی لوولكراوی تەنیشت دەبەكان نەبێت، هیچ شتێكی دیكە نەسووتابوو!

ئەو دوای چەند ساڵێك تێپەڕ بوون بەسەر ڕووداوەكانی گەڕەكدا، بیری لەو ڕۆژانە دەكردەوە و حیكایەتەكانی ماڵی مام سمایلی پێكەوە كۆ دەكردەوە. دەنا لە سەردەمی مناڵیدا بە پەرشوبڵاوی ڕووداوەكانی دەبیست و ئەو كاتەش زۆر گرنگی بە بەسەرهات و ڕووداوەكان نەدەدا.

لە تەماشاكردنی سیمای ئێستای كۆڵانەكەدا، هەستی دەكرد هەموو یادەوەرییەكان لەگەڵ نوێكردنەوەی گەڕەكدا كاڵ بوونەوە و بە تەواوی بوونەتە پاشماوەیەكی خاپووركراو. ئەگەرچی بە وردی سەرنجی ئەو كەسانەی دەدا كە بەوێدا تێدەپەڕین، یان لە دەرگای ماڵەكانەوە دەهاتنە دەرەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی ڕوخساری ئەو كەسانە، بە نزیكییش بباتەوە سەر سیمای ئەو كەسانەی لە سەردەمی مناڵیی ئەودا لەو گەڕەكەدا نیشتەجێ بوون.

لە ڕوانینێكی خێرادا وای بە خەیاڵدا هات ئەگەر یەكێكیش بدۆزێتەوە و بیناسێت، لەو بڕوایەدا نەبوو بتوانێت پێكەوەگرێدانێك لە نێوان ئێستا و مناڵیدا دروست بكات. لە بیركردنەوەیدا گەیشتە ئەوەی هەموو دیمەن و حاڵەتە هەنووكەییەكان، لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا زەمینەی تایبەتی خۆیان لە دەست دەدەن و دابڕانەكان بەهەڵزنان بە كاتدا هەلومەرجی جارێكی دی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان هەڵدەوەشێننەوە. یەكدی بینینەوەی دوای دابڕانێكی زۆر، بە هیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، وەك ئەوەی لە ڕابردوودا هەبووە، چونكە كۆمەڵێك بەسەرهات و بابەتی باسلێنەكراو لەو دابڕانەدا بۆشاییەكی ئەوتۆ دروست دەكەن، كە پڕكردنەوەیان ماوەیەكی زۆری دەوێت.

ڕەنگە زۆر كەس بە نوێبوونەوە و گۆڕانكارییەكانی ئەو كۆڵانە ئاسوودە بن، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە زۆربەی یادەوەرییەكانی ڕابردووی كۆڵانەكەی لەگەڵ خۆی هەڵلووشیوە. چیدی كەس پرسیار لە هۆكاری خواربوونەوەی عەمودەكە ناكات. كێ دەزانێ لەو كۆڵانەدا پردێك هەبووە بۆ پەڕینەوە؟ كەس پرسیاری ئەو هێڵە قوڕاوییەی سەر دیواری ماڵەكانی كۆڵانەكە ناكات، كە لافاو دروستی كردبوو. ئەو نوێكردنەوەیە پرسیارەكان دەكوژێت و سەرەداوی چەندین حیكایەت لە نێو خۆیدا ون دەكات!

سەرسووچی كۆڵانەكە هەرگیز سیمای ئەو كاتەی پێوە دیار نییە، كە بەیانییەكی زوو خەڵكی گەڕەك بە هۆی كەوتنی تەرمێكەوە لەوێدا كۆ بوونەوە. دوای چەندین ساڵیش كاتێك ئەو دەیڕوانییە سەرسووچی كۆڵانەكە، بە كتوپڕی وێنەی تەرمەكەی ئەو بەیانییەی دەهاتەوە بەرچاو.

ئەو بەیانییە كۆتایی مانگی نیسان بوو، لە بیری نەماوە سەعات چەند بوو، لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و دەیویست بچێت بۆ قوتابخانە. كۆبوونەوەی كۆمەڵێك خەڵك بە شێوەیەكی بازنەیی، ئەوی پەلكێش كرد بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە. ئەگەرچی تەنها بۆ ماوەی پێنج خولەك لە تەرمەكەی ڕوانی، بەڵام بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەو دیمەنە لە مێشكیدا چەسپی. هەموو جارێك دەیگێڕایەوە و دەیگوت: ”تەرمەكە كوڕێكی گەنج بوو، كراسێكی سپی و شەرواڵێكی ڕەشی لە بەردا بوو. پێڵاوەكانی ڕەش و گۆرەوییەكانی سپی بوون. تاكی چەپی پێڵاوەكەی لە نزیك خۆیەوە كەوتبوو. سەری بە لای ڕاستدا ئاوڕی دابووەوە و دەستی ڕاستی خستبووە سەر دڵی. بەشێكی كراسەكەی دەتگوت لە خوێن هەڵكێشراوە. دەیانگوت بە چەقۆ كوژراوە. دواتر سەیارەیەكی پۆلیس هات و تەرمەكەیان لەگەڵ خۆیان برد.“ بەپێی باسكردنی خەڵكی گەڕەك و بەدواداچوونی پۆلیس، زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ئەو كوڕە لە شوێنێكی دیكە كوژراوە و تەرمەكەیان هێناوە و لەوێدا فڕێیان داوە. ئیدی دوای ئەوە چەندین حیكایەت و بۆچوون دەربارەی هۆكار و چۆنێتیی كوشتنی ئەو كوڕە لە نێو خەڵكی گەڕەكدا سەری هەڵدا. تا چەندین مانگیش ڕوانینی نوێ‌ دەربارەی ئەو ڕووداوە دەبیسترا. جگە لە چەند بۆچوونێكی لەخۆوە نەبێت، كەس بە تەواوی نەیزانی ئەو كوڕە لەسەر چی كوژراوە. هەندێ‌ كەس دەیانگوت ئەوانەی ئەو كوڕەیان كوشتووە، ویستوویانە بیهێننە ئێرە و تەرمەكەی فڕێ بدەنە شیوەكەوە، بەڵام بە هۆی پەلەكردنی ئەوەی نەبادا كەسێك بیانبینێت، لە سەرسووچی كۆڵانەكە فڕێیان داوە. یەكێك دەیگوت سەروچاوی لە سەرخۆش دەچوو. هەندێكی دیكە دەیانگوت لەسەر مەسەلەی ئافرەت كوشتوویانە. ئیستاش بە تەواوی لە بیری ماوە كە لە سەروبەندی ڕووداوەكەدا، دایكی دەیگوت: ”ئەگەر دوژمنی نەبووبێت، بۆچی كوڕێكی وا گەنج دەكوژرێت!“ هەر ئەو ڕووداوەش بوو وای كرد باوكی پاش ماوەیەك بڕیاری دا ئەو گەڕەكە بەجێ بهێڵێت!

ماوەی نیو سەعات دەبوو بە كۆڵانەكەدا هاتوچۆی دەكرد و دەچووە ئەوسەری كۆڵانەكە و دەگەڕایەوە. بە هۆی كتوپڕیی هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی بە سەرتاپای شوێنەكەوە دیار بوون، تا ئەو كاتەش بیری خانووەكەی جارانی خۆیانی نەبوو. خانووەكەی ئەمان كەوتبووە سەرسووچی ڕاستی كۆڵانەكەوە و كۆڵانێكی تەسك بە تەنیشتیانەوە بوو، هاتوچۆیەكی زۆری بەسەرەوە بوو، هەر بۆیە پردێكی بچووك لەسەر شیوەكە دروست كرابوو. كاتێك لە گەڕانەوەیدا لەوسەری كۆڵانەكەوە تەماشای سەرسووچەكەی كرد، بینیی هەردوو خانووەكەی سەرسووچی ڕاست و چەپی كۆڵانەكە لابراون و شەقامێكی فراوان لە شوێنی كۆڵانە تەسكەكە درێژ بووەتەوە. ئەمەش بە شێوەیەكی دیكە تووشی دڵتەنگیی كرد.

لە سەرەتای سەردانەكەیدا وای بە خەیاڵدا دەهات بینینەوەی هاوڕێیەكی مناڵیی ڕەنگە زۆر دڵخۆشی بكات و بتوانێت پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان ئێستا و ڕابردوویدا گرێ بداتەوە، بەڵام دوای ئەو ماوە كورتەی لە كۆڵانەكەدا بەسەری برد، گەیشتە ئەو بڕوایەی بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێستا و ڕابردوویدا دروست بكاتەوە. ڕەنگە بتوانێت لەگەڵ هاوڕێیەكیدا چەند بیرەوەرییەكی مناڵیی زیندوو بكەنەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت درێژە بەو پێكەوەبوونە بدات. ئەو شوێن نەیتوانی یادەوەرییەكانی زیندوو بكاتەوە، ئیدی چۆن خەڵك دەتوانێت ئەو كارە بە ئاكام بگەیەنێت؟ ڕاستە بە بینینی ئەو شوێنانە هەندێك یادەوەریی مناڵیی بە خەیاڵیدا تێدەپەڕن و گۆڕانكارییەكان ناتوانن بە تەواوی وێنە تەڵخەكانی بیرەوەریی ئەو بسڕنەوە، بەڵام وێنەكان تەنها بە یادەوەریدا تێدەپەڕن و بە هیچ شێوەیەك نابنە پردێك بۆ بەستنەوەیەكی ڕۆحی ئەو بە شوێنەكانەوە.

لەو خەیاڵانەدا بە كتوپڕی هەموو ئەو قسانەی بیر دەكەتەوە كە باوكی دەربارەی گوندەكەیان بۆی دەگێڕانەوە. ئەو هێشتا لە دایك نەبووبوو، باوكی گوندەكەی خۆیانی بەجێ هێشتبوو. لەو كاتەشەوە ئیدی هیچ ئیشێكی وای نەكەوتبووە گوندەكەیان تا سەردانی بكات. ئەو جگە لە وەسف و باسكردنەكانی باوكی، بە هیچ شێوەیەك گوندەكەی خۆیانی نەدیبوو. باوكی زۆربەی كات باسی دڵگیری و خۆشیی گوندەكەیانی دەكرد و پێی وابوو خۆشترین كاتی تەمەنی ئەو چەند ساڵە بووە كە لە گوندەكەی خۆیان بەسەری بردووە. كاتێك ئەو لە باوكی دەپرسی بۆچی لەو كاتەوەی بەجێی هێشتووە تەنها بۆ جارێكیش سەردانی گوندەكەیانی نەكردووەتەوە، باوكی هەموو جارێك لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەیگوت: ”ئەو گوندە لە سەردەمی ئێمەدا زۆر خۆش بوو، بەڵام ئێستا گۆڕانكارییەكی گەورە بەسەر سروشت و خەڵكەكەیدا هاتووە!“ تا ئەو كاتەی تەماشاكردنی گەڕەكەكەی خۆیان، هەرگیز پێشتر لەو قسەیەی باوكی تێنەدەگەیشت دەربارەی نەگەڕانەوەی بۆ گوندەكەیان. ئەگەر ئێستا هەمان پرسیار ئاڕاستەی ئەویش بكەن دەربارەی گەڕانەوەی بۆ گەڕەكەكەیان، ئەوا جگە لە هەمان وەڵامی باوكی، ناتوانێت هیچ شتێكی تر بڵێت!

خۆیشی بە تەواوی نەیدەزانی هۆی چییە لە كاتی چاوگێڕان بە كۆڵان و گەڕەكەكەی خۆیاندا، بە كتوپڕی هەموو ئەو بەسەرهاتانەی بیر دەكەوێتەوە كە باوكی لە كاتی خۆیدا دەربارەی گوندەكەیان دەیگێڕانەوە. باوكی زۆربەی كات وەك دروستكردنی ساتێك بۆ پێكەنین باسی خێزانێكی گوندەكەیانی دەكرد، كە پێیان دەگوتن ماڵی مام حەسەن، خۆیشی بەدەم گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانەوە زۆر پێدەكەنی. ماڵی مام حەسەن جگە لەوەی بەسەرهاتی ژیانیان پڕ بوو لە پێكەنین و گاڵتەجاڕی، بەڵام لە سەردەمی خۆیدا ئەو شێوە تەماشاكردنەی دروست نەكردبوو.

باوكی بەسەرهاتی زۆری دەربارەی ماڵی مام حەسەن دەگێڕایەوە، بەڵام ئەو چەند ڕووداوێكی لەو بەسەرهاتانە لە یاد مابوو. باوكی زۆر جار ئەوەی دەگێڕایەوە كە جارێك كوڕێكی مام حەسەن بە تراكتۆرێكەوە خۆی كێشاوە بە دیواری پشتەوەی ئاشی گوندەكەیاندا و ڕووخاندوویەتی. ئەگەرچی بە چەند ڕۆژێك دوای ڕووداوەكە دیوارەكەیان چاك كردبووەوە، بەڵام خەڵكی گوندەكە دوای ئەو ڕووداوە ئاشەكەیان ناو نابوو ئاشە ڕووخاوەكە. ئەگەر یەكێك دەربارەی ناوی ئەو ئاشە پرسیاری بكردایە، دەبوایە ڕووداوەكەیان بۆ بگێڕایەتەوە! هەندێ جار ڕووداوە تراژیدییەكانیش لە گێڕانەوەدا شێوەیەكی كۆمیدی وەردەگرن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماوەیەی كە تێدەپەڕێت بەسەر ڕووداوەكەدا، چونكە تێپەڕبوونی كات و كۆكردنەوەی بەسەرهاتەكانیان لە یەك ساتدا، وای دەكرد ئەو شێوە سەیركردنە دروست بكات. لەبەر ئەوە زۆربەی بەسەرهاتە تراژیدییەكانیش دوای چەند ساڵێك، لە كاتی گێڕانەوەیاندا دەبنە بەسەرهاتی كۆمیدی. هەر بۆیە باوكی بە پێكەنینەوە ئەوەی دەیگێڕایەوە و دەیگوت: ”ڕۆژێكیان كوڕە گەورەكەی مام حەسەن – لەو كوڕەی گەورەتر بوو كە بە تراكتۆرەكەوە خۆی كێشابوو بە دیواری ئاشەكەدا – لەسەر نۆرەئاوی زەوییە كشتوكاڵییەكەیان لەگەڵ كوڕێكی گوندەكەیان دەبێت بە شەڕیان و بێڵێك دەكێشێت بە سەریدا و دەیكوژێت. ئیدی هەڵدێت و نە خەڵكی گوندەكە و نە ماڵی مام حەسەنیش نازانن بۆ كوێ‌ دەچێت!“

باوكی لەگەڵ ئەوەی زۆربەی كات باسی كارەسات و نەهامەتی و برسێتیی سەردەمی مناڵیی خۆی دەكرد، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ئەو سەردەمەی ڕابردووی لە لا خۆشتر بوو. لە كۆتایی هەموو باسكردنێكی ڕابردووشدا دەیگوت: ”جاران چۆن بوو، ئێستاش چۆنە!“ باوكی جیاوازییەكی گەورەی هەست پێ دەكرد لە نێوان ژیانی خەڵكی سەردەمی مناڵی و سەردەمی پیرێتیی خۆیدا. هەموو جارێك بۆ ڕۆحی هاوكاریی خەڵكی ئەو سەردەمە ڕووداوێكی ماڵی مام حەسەنی دەگێڕایەوە و دەیگوت: ”شەوێكیان كوڕێكی مام حەسەن – ئەو كوڕەی بە تراكتۆرەكەوە خۆی كێشابوو بە دیواری ئاشەكەدا- بە چرایەكەوە نازانم چ ئیشێكی هەبووە چووەتە گەوڕی ئاژەڵەكانەوە، كاتێك هاتووەتە دەرەوە، چراكەی لە بیر چووە و پاش ماوەیەك ئاگر لە گەوڕەكەوە بەرز بووەتەوە. لە ماوەیەكی كورتدا خەڵكی گوندەكە كۆ بوونەتەوە و ئاگرەكەیان كوژاندووەتەوە. دەیانگوت ڕەنگە یەكێك لە ئاژەڵەكان خۆی كێشابێت بە چراكەدا و چراكەش كەوتووەتە سەر ئەو كۆمەڵە كایەی لە سووچێكی گەوڕەكەدا كۆ كرابووەوە. دیارە ئاژەڵەكان لەگەڵ گڕتێبەربوونی كاكەدا بە پەلە خۆیان قوتار كردووە و هاتوونەتە دەرەوەی گەوڕەكە. جگە لە گوریسێك هیچ شتێك لە گەوڕەكەدا نەسوتابوو!“

لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەدا ئەوەی بەلای باوكیەوە گرنگ بوو، كۆبوونەوەی بەپەلەی خەڵكی گوندەكە بوو لە ماوەیەكی كورتدا. باوكی هەموو جارێك لە باسكردنی ژیانە سیحراوییەكەی گوندەكەیاندا، وەك ئەوەی بەر لە پرسیارێك بگرێت، دەیگوت: ”ئەگەر كوشتنی ئەو ژنە نەبوایە كە تەرمەكەیان لە نزیك ماڵی ئێمەوە فڕێ دابوو، هەرگیز نەدەهاتینە شار!“ وای دەگێڕایەوە كە ئێوارەیەكی كۆتایی مانگی ئەیلوول بووە، كاتێك خەڵكی گوندەكە لە ئیشوكار گەڕاونەتەوە بۆ نێو گوندەكە، لەسەر ئەو ڕێگەیەی ماڵەكانی گوندەكەی دەكرد بە دوو بەشەوە، تەرمی ژنێكیان بەرچاو كەوتووە. باوكی ئەگەرچی زاتی ئەوەی نەكردبوو بۆ ماوەیەكی زۆر تەماشای تەرمەكە بكات، بەڵام دەیگوت: ”ئێستاش دیمەنی ئەو ژنە بە تەواوی لە خەیاڵمدایە!“ هیچ كەسێك لە خەڵكی گوندەكە ئەو ژنەی نەدەناسی، هەر بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر تەرمەكەیان ناشت. تاكو ماوەیەكی زۆریش كەسوكاری نەدۆزرایەوە. بەبێ ئەوەی كەسێك پێشتر ئەو ژنەی ناسیبێت، یان هیچ زانیارییەكی دەربارەی هەبووبێت، پاش ماوەیەك چەندین حیكایەت لەسەر ئەو ژنە دروست كرابوون. باوكی دەیگوت: ”ئەو ڕووداوە بووە هۆی خەمێكی گەورە بۆ باوكم و ئیدی نەمانتوانی لەو گوندەدا بمێنینەوە، چونكە بە بەردەوامی تەرمەكەمان دەهاتەوە بەرچاو!“

لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەدا بە تەواوی هەست بەوە دەكرا دیمەنی تەرمی ئەو ژنە كاریگەرییەكی گەورەی لە لای باوكی بەجێ هێشتبێت، هەر بۆیە هەموو جارێك دوای گێڕانەوەی ڕووداوەكە، دیمەنی تەرمەكەی بە وردی باس دەكرد و دەیگوت: ”تەرمەكە ژنێكی تا ڕادەیەك بەتەمەن بوو، وەك ئەوەی خۆی بۆ ئیشوكار ئامادە كردبێت، كراسێكی ڕەش و شەرواڵێكی سپی لە بەردا بوو. پێڵاوەكانی سپی و گۆرەوییەكانی ڕەش بوون. تاكی ڕاستی پێڵاوەكەی لەولای خۆیەوە كەوتبوو. تەرمەكە لەسەر پشت فڕێ درابوو، سەری بە لای چەپدا ئاوڕی دابووەوە و دەستی چەپی خستبووە سەر دڵی. بە هیچ شێوەیەك خوێن بە لاشەیەوە نەدەبینرا، تەنها ملی سوور بووبووەوە، لەوە دەچوو خنكێنرابێت!“

 

هاوینی 2003

هاوبەشی بکە

Chirok, DidiMnStory, Syamand Hadi,