20/04/2024
DidiMn Logo
Top

یەكەمین عەشق

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ساموێل بیکێت
وەرگێڕانی: هونەر شاهۆ

 

من، بە هەر جۆرێك كە بووە، هاوسەرگیرییەكەم لە ڕووی زەمەن و كاتەوە دەبستمەوە بە مەرگی باوكمەوە. بۆی هەیە ئەم دوو هەقیقەتە لە چەند ڕوویەكی تریشدا پەیوەندییان بەیەكەوە هەبووبێت. بەهەرحاڵ، زۆر بە سەختی و دژواری دەتوانم بڵێم لەم بارودۆخەدا شتێك دەزانم.

تاوەكو ئەم ڕادەیە دەزانم كە چەند جارێك ڕۆیشتوومەتە سەر گۆڕی باوكم و ساڵی مردنی ئەوم لەبەر كردووە، تەنیا ساڵی مردنی ئەو، چونکە لەو ڕۆژەدا ساڵی لەدایكبوونی ئەو هیچ گرنگییەكی بۆم نەبوو. بەیانی ڕۆیشتم و ئێوارە گەڕامەوە، هەر لەو گۆڕستانەدا شتێكم خوارد، بەڵام ڕۆژی دواتر بۆ ئەوەی بزانم كە تەمەنی چەند بووە كاتێك مردووە، ناچار جارێكی تر ڕۆیشتمەوە سەر گۆڕەکەی، تاوەكو ساڵی لەدایكبوونەكەی بزانم. ئەم دوو ساڵە، واتە ساڵی لەدایكبوون و مردنی ئەوم لەسەر كاغەزێك نووسی تا لەبەر دەستمدا بێت. ئەمە بۆ ئەوە بوو كە ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لە كاتی هاوسەرگیریکردنمدا تا ڕادەیەك تەمەنم بیستوپێنج ساڵ بووە، چونکە ساڵی لەدایكبوونی خۆم دووبارە دەكەمەوە، لەدایكبوونی خۆمم هەرگیز لەبیر نەكردووە و هەرگیزیش ناچار نەبووم لە شوێنێكدا بینووسم، ساڵی لەدایكبوونی خۆم، لانی كەم هەزاران جار لە زەینمدا بە ژمارە نووسیوە، كە تێپەڕینی تەمەن زۆر بە سەختی و دەگمەن دەتوانێت ئەو ژمارانە بشواتەوە. ڕۆژی لەدایكبوونم هەر كاتێك كە بمەوێت دەیهێنمەوە بیرم و زۆر جار بە شێوازی خۆم ڕێزی لێ دەگرم و جەژن دەگێڕم، هەڵبەتە ئەوەندەش حەز بەوە ناكەم كە هەرجارێك ڕۆژی لەدایكبوونم دەگات، جەژن بگێڕم، نا، چونکە زۆر زوو دێت، بەڵام زۆر كات ئەم كارە ئەنجام دەدەم.

من خۆم هیچ كاتێك ڕقم لە گۆڕستانەكان نەبووە، هەر كاتێك ناچار بم بڕۆم بۆ گەشت و گوزار بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە، بە گۆڕستانەكاندا پیاسە دەكەم و پێم وایە زیاتر حەز دەكەم بگەڕێم بە گۆڕستانەكاندا تاوەكو شوێنێكی تر. بۆنی تەرمەكان كە لە ژێر گیا و خاك و گەڵاكانەوە دەهات، بە باشی هەستم پێ دەكرد و هیچ نیگەرانیان نەدەكردم. لەوانەیە تا ڕادەیەكی زۆر باش و تا ڕادەیەكیش خراپ بێت، بەڵام ڕاستییەكەی زۆر باشترە لە بۆنی زیندووەكان، بۆنی ژێر باڵ، بۆنی پێ، بۆنی ژێرەوە، بۆنی پێستی سیسی چووك و بۆنی هێلكۆكەی پێنەگەیو و دروستنەبوو. هەر كاتێك پاشماوەكانی باوكم زۆر بكرێن لەسەر ئەوە، هەرچەندەش كەم بێت، زۆر بە كەمی ئەوە دێتە پێشەوە كە فرمێسك بە چاوەكانمدا نەیەت. “زیندووەكان هەرچەندە خۆیان بشۆن، هەرچەندە عەتر بدەن لە خۆیان، هێشتا هەر بۆنێكی پیسیان لێوە دێت بەڵێ، هەر كاتێك ناچار بوویت دەبێت بڕۆیت بۆ گەشتوگوزار، گۆڕستانەكان بدەن بە من و ئێوە خۆتان بڕۆن بۆ باخ و دەوەنەكان. كاتێك كە لەسەر گۆڕێك دانیشتووم مۆز و خواردەمەنییەكانم دەخۆم و ئەگەر میزیشم بێت (كە زۆر كات میزم دێت)، لە هەر شوێنێك كە بمەوێت دەیكەم؛ یان دەستەكانم دەخەمە ژێر سەرم و لە نێوان بەردی گۆڕە ستوون و ئاسۆیی و لارەكاندا پرسە دەگێڕم و نووسینی سەر گۆڕەكان دەخوێنمەوە. هیچ كاتێك ئەم نووسینانە بێهۆ نەبوون بۆ من، هەمیشە سێ لەسەر چواری نێوان ئەوانە ئەوەندە پێكەنیناوییە كە ناچار هەردوو دەستم توند بە سەلیب یان بەردی گۆڕەكانەوە، یان فریشتەی سەروی ئەوانەوە دەگرم تاوەكو نەكەوم. ماوەیەكی زۆرە نووسینی سەر گۆڕەكەی خۆمم ئامادە كردووە و هێشتاش زۆر زۆر لێی ڕازیم. نووسینەكانی ترم هێشتا مەرەكەبەكەیان وشك نەبووەتەوە كە لێیان بێزار دەبم، بەڵام نووسینی سەر گۆڕەكەی خۆمم هێشتا خۆش دەوێت. ئەم نووسینە هەڵگری خاڵی دەستوورێكە. بەدبەختانە ئەوەندەش گومان ناكرێت كە ئەم نووسینە لەسەر كەللەیەك كە سەرپەرشتیی ئەوی كردووە دەستنیشان بكرێت، مەگەر ئەوەی دەوڵەت لەم بارەیەوە كارێك بكات؛ بەڵام بۆ ئەوەی یادی من بكەنەوە، یەكەم جار دەبێت خودی من بدۆزنەوە، من ترسم لەوە هەیە كە دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی مردنی من تەواو بكەونە زەحمەتەوە، هەر بەو جۆرەی كە دەكەونە زەحمەتەوە لە كاتێكدا زیندووم و دەگەڕێن بۆم. بە هۆی ئەمەوەیە كە پەلە دەكەم پێش ئەوەی كە درەنگ بكات ئەمە لێرەدا تۆمار بكەم:

“نووستووە، لێرە ئەو كە بەس هەڵدەهات لەم شوێنە

كە تا ئێستا بەرەو دواوە هەڵدەهات لەم شوێنە”

دووەمین هۆنراوەی ئەو كە دواهەمین هۆنراوەی ئەویشە، بڕگەیەكی زیادەی هەیە، بەڵام ئەمە هیچ گرنگییەكی نییە. كاتێك ئیتر لەم دنیایەدا نەبم، دەبەخشرێم لە تەواوی هەڵەكانم. دواتر ئەگەر شانسێكی كەم بێتە ئاراوە ئینسان ڕووبەڕووی مەراسیمێكی تەواوی كفنودفنكردن دەبێتەوە لەگەڵ ئینسانە زیندووەكاندا كە جلوبەرگی سەرەخۆشییان پۆشیوە و هەندێك جار بێوەژنێك كە دەیەوێت خۆی بخاتە ناو گۆڕەكەوە و زۆركات ڕووداوی شیرین و خەماوی و تۆزاوی دێنە پێشەوە، هەرچەند من لەم دنیایەدا بینیومە هیچ شتێك نییە لەم چاڵانە تۆزاویتر بن، چونکە هەمیشە زەوییەكەیان وشكە. هیچ تۆزێك نانیشێتە سەر مردووەكە مەگەر ئەوەی كە تەرمەكەی سوتێنرابێت و بووبێتە خۆڵەمێش. لەگەڵ هەموو ئەمەدا، ئەم چیرۆكە پێكەنیناوی و شیریناوییە، بەڵام من ئەوەندەش پابەند نەبووم بەوەوە كە بچمە سەر گۆڕستانی باوكم. ئەم گۆڕستانە زۆر دوور بوو، ڕێك لە نێوان لادێیەك و داوێنی تەپۆڵكەیەكدا بوو، زۆر بچووكیش بوو، زیاد لە ڕادە بچووك بوو، جیا لەمەش، بە زاراوە و دەستەواژە تەنانەت شوێنی دەرزییەكیشی تێدا نەدەبوویەوە، ئەگەر چەند ژنێكی تر بوونایە، بێوەژن گۆڕستانەكە پڕ دەبوویەوە. من زیاتر حەزم لە گۆڕستانی ئۆهسدۆرفە، بەتایبەتی لە تەنیشت لیننییەوە كە لە خاكی پرۆستۆیكا بوو، کە چوارسەد هیكتاری[1] تەرم گووشابوو بەیەكەوە. ئەگەرچی لە نێو ئەوانەدا كەسێكی ناسراو جگە لە هاگن بك بەخێوكەری گیاندارەكان هیچ كەسێکی دیکەم نەدەناسی. پێم وایە لەسەر سەریەوە وێنەی شێرێك كراوە. هەڵبەتە مەرگ لە ڕوانگەی هاگن بكەوە بە شێوە و شكڵی شێرێك بووە. پاسەكان، لێوانلێو لە پیاوی ژنە مردووەكان و بێوەژنان و هەتیوەكان كە لە هاتوچۆدا بوون. دەوەنەكان و قازەكان و دەریاچە دەستكردەكان لەگەڵ ئەو باڵندانەی دەستە دەستە دەهاتن، هەموویان دڵنەوایی ئەو كەسانەیان دەدایەوە كە غەمبار بوون. مانگی دیسێمبەر بوو، هەرگیز بە درێژایی تەمەنم تاوەكو ئەو كاتە ئەوەندە سەرمام نەبووبوو، شۆربای مارماسیم دەخوارد، بەڵام نەدەڕۆیشتە خوارەوە، دەترسام بمرم، وەستام تاوەكو بڕشێمەوە، ئاواتم دەخواست بۆ ئەو كەسانەی كە غەمبار بوون.

بەڵام ئێستا با بڕۆینە سەر بابەتێكی تر كە كەمتر خەماوی بێت: بابەتی مەرگی باوكم. ئەو بوو كە حەزی دەكرد من لەو ماڵەدا بمێنمەوە. كەسێكی سەیروسەمەرە بوو. ڕۆژێك گوتی دەست هەڵبگرن لە سەرم، كارم بەسەر هیچ كەسێكەوە نییە. نەیدەزانی من گوێی بۆ دەگرم. هەڵبەتە ئەم قسەیەی چەند جارێك دووبارە كردبوویەوە، بەڵام ئەو كاتانەی کە ئەمەی گوتبوو من لەوێ نەبووبووم. هیچ كاتێك ئامادە نەبوون و نەیانویست وەسێتنامەكەی پیشانی من بدەن، تەنیا ئەوەیان پێ گوتم كە هەندێك پارەی بۆ بەجێ هێشتووم. ئەو كاتە بیرم دەكردەوە و ئێستاش هەمان بیركردنەوەم هەیە، كە لە وەسێتنامەكەیدا داوای لەوان كردووە ئەو ژوورەی كە تەواوی تەمەنم تێیدا ژیاوم، بیدەن بە من و هاشێوەی پێشووتر خواردنەكەم بۆ بهێننە ئەوێ. لەوانەیە تەنانەت كۆتایی وەسێتنامەكەشی هەر ئەمەی ویستبێت، چونکە حەزی كردووە من لەو ماڵەدا ئاسوودە بم و ئێستا هیچ كێشەیەكی نییە لەمەی كە من دەكەنە دەرەوە. لەوانەیە تەنیا بەزەیی بە مندا هاتبێتەوە، بەڵام پێم وا نییە بەم جۆرە بێت. ئەگەر بەم جۆرە بوایە ئەوا وەسێتی دەكرد هەموو ماڵەكە بۆ من بێت و لەم دۆخەدا هەم من ئاسوودە دەبووم و هەم ئەوانی تر، چونکە بەوانم دەگوت ئێوەش هەم دەتوانن لێرە بمێننەوە، ماڵی خۆتانە! ماڵێكی تەواو گەورە بوو. بەڵێ، ئەگەر باوكە بێچارەكەی من مەبەستی ئەوە بووبێت كە لە گۆڕیشدا هەر ئاگای لە من بێت، ئەوا هەڵخەڵەتاوە، بەڵام لەبارەی پارەكەوە، دەبێت بەڕاستی ئەوە بڵێم بەیانییەكەی هەمان ڕۆژی دفنكردنی باوكم، بەبێ هیچ دواخستنێك پارەكەیان بە من دا. لەوانەیە ئەسڵەن هیچ كارێكی تریان لە دەست نەهاتبایە جگە لە ئەنجامدانی ئەم كارە. من بەوانم گوت: ئەم پارەیە بۆ خۆتان، بەڵام بهێڵن من وەك ئەو كاتەی كە باوكم زیندوو بوو، هەر لێرە لە ناو ژوورەكەمدا بمێنمەوە. تەنانەت بە ناوی باوكمەوە قسەشم كرد تاوەكو دڵیان بە دەست بهێنم، بەڵام ئامادە نەبوون ئەم كارە بكەن. پێشنیارم كرد بۆیان ئەگەر نایانەوێت تەواوی شتی ماڵەكە ببەن، هەر ڕۆژێك چەند كاتژمێرێك خزمەتیان بكەم و ئەو كارە بچووكانە ئەنجام بدەم كە پێویستن بۆ هەر ماڵێك و لە هەر ماڵێكدا ئەنجام دەدرێن. ئەم جۆرە كارە بچووكانە دەكرێت هێشتا هەر بكرێن، هۆكارەكەی نازانم. بەتایبەتی پێشنیارم كرد بۆ ئەوان كە خزمەتی گەرمخانەكە[2] بكەم و لێی بپرسمەوە، ئامادە بووم هەر ڕۆژێك سێ-چوار كاتژمێر لە ناو گەرمادا لە گەرمخانەكەدا بمێنمەوە و ئاگام لە تەماتە و دارمێخەك و سوێنكەكان[3] و تۆوەكان بێت. لەم ماڵەدا جگە لە من و باوكم هیچ كەسێكی تر سەر لە تەماتە دەرناكات و لێی تێناگات، بەڵام ئەمەشیان قبووڵ نەكرد. ڕۆژێك كە لە تەوالێت هاتمە دەرەوە، بینیم دەرگای ژوورەكەمیان داخستووە و كەلوپەلەكەمیان لە بەردەم دەرگاكەدا داناوە. هەر ئەم شتە ئەوە پیشانی ئێوە دەدات لەو كاتەدا تووشی چ قەبزییەك بووم. پێم وایە بە هۆی دڵەڕاوكێوە تووشی قەبزی دەبم، بەڵام ئایا لەڕاستیدا تووشی قەبزی هاتبووم؟ پێم وا نییە، ئارام بە… ئارام. لەگەڵ هەموو ئەمەدا هەڵبەتە تووشی قەبزی هاتبووم، چونكە ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە و تووشی قەبزی نەهاتبامایە، بە هۆی چییەوە بوو ئەو هەموو ماوەیە لەگەڵ ئەو پیسی و بۆگەنییەدا لە تەوالێتدا و لە تەنیشت ئاوەكەدا مابوومەوە؟ هیچ كاتێك هیچ شتێكم نەدەخوێندەوە. نە لەوێ و نە لە هیچ شوێنێكی تر، هیچ خەیاڵێكیشم نەدەكردەوە، بیریشم نەدەكردەوە گێژ و كاس تێڕامابووم لە ڕۆژژمێرێك كە لە بەرانبەرمەوە بە بزمارێكەوە شۆڕ بووبووەوە،  لەسەر ئەو وێنە ڕەنگ جوانە پیاوێكی ڕیشن دەبینرا لە نێوان مەڕەكاندا، هاوشێوەی سەوڵلێدەرەكان خۆم دەجووڵاندەوە، هیچ پەلەم نەدەكرد تەنیا مەگەر لەبەر ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ژوورەكەم و لەوێ درێژ ڕابكشێم. كەواتە هەر ئەو قەبزییە بوو، وا نییە؟ یان لێم تێك دەچێت لەگەڵ سكچووندا؟ هەموو شتێك لە كەللەمدا تێكەڵوپێكەڵ دەبێت، گۆڕستان و زەواج و هەزار جۆر شتی تر. كەلوپەلەكانم ئەوەندە نەبوون، ئەوانیان لەسەر مێزێك، لە پشت دەرگاكەوە دانابوو. هێشتاش كەلوپەلەكەم لەبەر چاومە كە لە شوێنێكی تاریك تاریك، ئەو شوێنە كە داڵانەكەی لە ژوورەكەی من جیا دەكردەوە كۆ كرابوونەوە و دانرابوون. من ناچار بووم جلەكانم لە هەمان ئەو شوێنە تاریكەدا (كە لە سێ لاوە گیرابوو) بگۆڕم، واتە جلی ماڵەوە و كراسی خەوەكەم بگۆڕم بە جلوبەرگی سەفەر، واتە گۆرەوییەكان، پێڵاو، كراس، چاكەت، پانتۆڵ، كڵاو، ئومێدەوارم هیچ شتێك لەبیر نەكەم.

پێش ئەوەی لە ماڵەوە بڕۆمە دەرەوە، دەرگاكانی تریشم تاقی كردەوە بە سوڕاندنی دەسكەكانیان و پاڵ پێوەنانیان، بەڵام هیچ كامیان نەكرانەوە. پێم وا بوو ئەگەر دەرگای یەكێك لە ژوورەكان كرابایەوە هەر لەو ژوورەدا دەمامەوە، ئەو كاتە تەنیا بە گازگرتن دەیانتوانی من لەوێ بكەنە دەرەوە. هەستم بەوە دەكرد ژوورە گەورەكە، ئەو ژوورەی بۆ بەڕێوەچوون دروست كرابوو، پڕیەتی لە خەڵك، بەڵام هیچ كەسێكم نەدەبینی. پێم وا بوو هەر یەكێكیان خۆی لە ژوورێكدا زیندانی كردووە و گوێی گرتووە. دواتر هەموویان بە بیستنی دەنگی داخستنی دەرگای ماڵەكەی پشت سەری من هاتنە بەردەم پەنجەرەكە. كەمێك دواتر، لە پشت پەردەكانەوە ون بوون، دەبوایە دەرگای ماڵەكەم بە كراوەیی بهێشتایەتەوە، ئەو كاتە دەرگاكانیان دەكردەوە و هەموویان لە پیاو ژن و مناڵ لە ژوورەكانی خۆیاندا دەهاتنە دەرەوە و دەنگەكان و ئاهەكان و زەردەخەنەكان و دەستەكان و كلیلەكان لە ناو دەستەكاندا و ئاسوودەبوونیان و دواتر لەم قسە هەڵیتوپەڵیتانە: ئەگەر بەم جۆرە، كەواتە بەو جۆرە؛ بەڵام ئەگەر بەو جۆرە، كەواتە بەم جۆرە)، ڕەنگ و بۆی عەشق و شادی كە باسی مەكە… هەموان ئیتر تێگەیشتن، فەرموون بۆ سەر سفرەكە، فەرموون بۆسەر سەر سفرە، دەبینران، ژوورەكە بمێنێتەوە تاوەكو دواتر… تەواوی ئەمانەم لە دنیایی خەیاڵەكاندا بینی، چونکە ئیتر خۆم لەوێ نەبووم. لەوانەشە تەواوی ئەم دەستوورانە بە جۆرێكی تر داتاشرابووبن، بەڵام دواجار كە وا بڕیارە دەستوور شێوە و داتاشراوییەكی هەبێت، چ گرنگییەكی هەیە بە چ جۆرێك داتاشرێت؟ ئەوەش لە تەواوی ئەو لێوانەی كە منیان ماچ كردبوو، ئەو دڵانەی كە خۆشەویستییان بە من بەخشیبوو (ئینسان بە هۆی دڵیەوە كەسێكی خۆش دەوێت، مەگەر وا نییە؟ یان لەوانەشە ئەمەشم تێكەڵ كردبێت لەگەڵ شتێكی تردا؟) و ئەو دەستانەی لەگەڵ دەستەكانی مندا گەمەیان كردبوو، ئەو ڕۆحانەی كە ئەوەندەی نەمابوو داگیرم بكەن! ڕاستییەكەی ئینسانەكان زۆر سەیروسەمەرەن. بێچارە باوكم، ئەگەر ئەو ڕۆژە منی بینیبایە، بە دڵنیاییەوە نیگەران دەبوو و تووشی ئازار دەهات، واتە لەبەر من ئازاری دەكێشا. مەگەر ئەمەی لەو جیهانە ئازادبووەدا كە هیچ تۆزێكی جەستەی تێدا نییە، دووتر لە سەری كوڕەكەی هیچی تری نەبینیوە، چونکە تەرمی ئەو هێشتا نەگەیشتبوو بە ئەوپەڕی خۆی.

بەڵام ئێستا با قسەكە بگۆڕین و بچینە سەر بابەتێكی شادیهێنەر و خۆش. ناوی ژنێك كە ماوەیەك دوای ئەو لەگەڵیدا پەیوەندیم دروست كرد، واتە ناوە بچووكەكەی ئەو ژرژی بوو. لانیكەم خۆی ئەمەی بە من گوت و منیش پێم وا نەبوو درۆكردن لەم بابەتەدا هیچ سوودێكی بۆ ئەو هەبێت. هەڵبەتە ئینسان هیچ كاتێك دڵنیایی نادۆزێتەوە، چونکە فەڕەنسی نەبوو، ناوەكەی بە گرگی دەگوت. منیش فەڕەنسی نەبووم و هاوشێوەی ئەو بە گرگی ناوم دەهێنا. هەردووكمان دەمان گوت گرگی. ناوی بنەماڵەكەی خۆیشی پێ گوتم، بەڵام من بیرم چووەوە. من دەبوایە ئەوم لەسەر پارچە كاغەزێك بنووسیبایە، حەزم نەدەكرد كە ناوی ئینسانەكانم بیر بچێتەوە. لەسەر نیمەكەتێك[4] لە تەنیشت جۆگەیەگدا ئاشنابووم بەو، لە تەنیشت یەكێك لە جۆگەكان، چونکە شارەكەی ئێمە دوو جۆگەی هەیە، بەڵام من هەرگیز نەمتوانیوە ئەو دوانە لەیەكتری جیا بكەمەوە. شوێنی نیمەكەتەكە زۆر باش بوو، پشتەكەی لكێنرابوو بە كۆگایەكی خاك و زبڵێكی وشكەوە بە جۆرێك كە پشتم لە سەرەوە تاوەكو خوارە دادەپۆشرا. بە هۆی فراوانی دوو درەختی پیرۆزەوە و لەم كاتەدا وشك بوو كە هەردووكیان تەنیشتی نیمەكەتەكەیان گرتبوو، تەنیشتی منیشیان دەشاردەوە. لەوانەیە هەر ئەم درەختانە، ڕۆژێك لە ڕۆژان كە تەواوی چڵ و پۆپەكانیان بە شادمانی و هەژانەوە دەرهاتبن، كەسێكیان خستبێتە بیری ئەوەوە كە لێرەدا نیمەكەتێك دروست بكات. چەند مەترێك بەرانبەرم، جۆگەیەك دەڕۆیشت، هەڵبەتە ئەگەر جۆگەكان بڕۆن، من لەم بابەتەدا هیچ شتێك نازانم، خودی ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی لەم لایەشەوە هیچ ترسێكم  لەوە نەبێت كە غافڵگیر ببم. لەگەڵ تەواوی ئەم شتانەدا ئەو منی غافڵگیر كرد. درێژ ڕاكشابووم، هەوا خۆش بوو، سەیری نێوان چڵ و پۆپە بێ گەڵاكان، كە دوو درەخت لە نێوان ئەوانەدا لە سەرووی سەری منەوە پاڵیان دابوویەوە بەیەكەوە، هەروەها هەورە پارچە پارچەكان و هاتوچۆكردنی بەشێكی ئاسمانی پڕ ئەستێرەم دەكرد. ئەو گوتی بچنە ئەولاوە تاوەكو من ڕابكشێم. سەرەتا جووڵەیەكم بە خۆم كرد تا لەوێ بڕۆم، بەڵام ماندوو بوون و ئەوەی كە نەمدەزانی بۆ كوێ بڕۆم، بووە هۆكاری ئەوەی كە نەڕۆم. ئەوە بوو كە پێیەكانمم كەمێك لە ژێر لاشەمەوە كۆ كردەوە و ئەو دانیشت. ئەو ڕۆژە ئێوارە هیچ شتێك لە نێوان ئێمەدا ڕووی نەدا و ئەو بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەگەڵ مندا بكات، خێرا ڕۆیشت. ئەو تەنیا، وەك ئەوەی لەبەر دڵی خۆی بێت، چەند گۆرانییەكی لادێیانەی گوت كە بە شێوەیەكی غەریبانە پارچە پارچە بوون و لە یەكێكەوە دەڕۆیشتە سەر یەكێكی تر، لە پێش تەواوكردنی ئەو گۆرانییەی كە زۆرتر لە یەكەمین گۆرانی حەزی لێ بوو، دەڕۆیشتە سەر ئەو گۆرانییەی كە بە ناتەواوی جێی هێشتبوو. دەنگی تەواو نەبوو بەڵام دڵگیر بوو. هەستم بە بۆنی ڕۆحێك دەكرد كە زۆر زوو بێتاقەت دەبوو، هیچ كاتێك هیچ شتێكی تەواو نەدەكرد، كە لەوانەیە كەمتر لە هەر ڕۆحێكی تر دروستكردنی مرۆڤی بچووكتر دەكردەوە. تەنانەت زۆر درێژەشی نەكێشا كە بێزار بوو لە نیمەكەتەكە، بەڵام لە لایەن منەوە نیگایەك بەس بوو بۆی. لەڕاستیدا ژنێكی تەواو ئینكار بوو. بەیانی و دوو بەیانیی تری ئەو ڕۆژەیش هات و هەموو شتێك كەم تا زۆر بە هەمان ئەو شێوەیە تێپەڕیی. لەوانەشە چەند وشەیەك گۆڕابێتەوە. ڕۆژی دواتر باران باریی و من لەگەڵ خۆمدا بیرم دەكردەوە كە ئاسوودە دەبم، بەڵام هەڵەم دەكرد. لەوم پرسی:

  • ئایا نەخشەكەی ئەمەیە كە هەر ڕۆژێك نزیكی ئێوارە دێت و من بێزار دەكات.
  • بێزارتان دەكەم؟

بە ناچاری سەیری منی دەكرد. هەڵبەتە چەند شتێكی نەدەبینی. لەوانەیە دوو پێڵووی چاو و كەمێك لە لووت و نێوچاو، ئەویش بە شاراوەیی، چونكە هیچ ڕووناكییەك نەمابوو. گوتی:

  • من پێم وا بوو هەردووكمان لێرە زۆر ئاسوودەین.
  • ئێوە من بێزار دەكەن، من ناتوانم كاتێك كە ئێوە لێرەن درێژ ڕابكشێم.

من لێو و دەمم كردبووە ناو یەخەی چاكەتەكەوە و قسەم دەكرد و بە هۆی ئەمەوە ئەو قسەكانی منی دەبیست. گوتی: “ئەوەندە حەزتان لێیە درێژ ڕابكشێن؟”

“چ هەڵەیەكە مرۆڤ ئەوی تر ناچار دەكات بە قسەكردن.”

گوتی: “باشە، ئەمە هیچ كێشەیەك نییە، پێیەكانتان بخەنە سەر ئەژنۆكانی من.”

چاوەڕێم نەكرد كە قسەكەی دووبارە بكاتەوە. هەستم بە پێیە قەڵەو و گۆشتینەكانی كرد لە ژێر نەرمینە تەنكەڵەكانی پووزی قاچەكانمدا. دەستی كرد بە شێلان و ماڵینی قولەپێیەكانم. لە دڵەوە گوتم شتێكی باشە لێدان بە هۆی پێوە. ئینسان لەگەڵ خەڵكدا لەبارەی درێژڕاكشانەوە قسە دەكات و لەپڕێكدا دەبینێت لاشەیەكی تەواو درێژ كەوتووە. ئەوەش بۆ من، منێك كە پادشایەكی بێنۆكەر بووم كە ئەمەش گرنگییەكی زۆری هەبوو بۆم، ئەوەی شێوەی جێگیربوونی لاشەم لە بەرانبەر سەرنجدانی ئەودا لە هەر شتێكی تر كەمڕەنگتر و بێهوودەتر بوو، شێواویی مێشك، تێگەیشتن لە نەبوونی ڕووناكیی خودی من و تێگەیشتنی ئەو پیسییە ژەهراوییە بوو كە بە هۆی تەنبەڵییەوە ئەوەیان بە جگە لە خودی من، یان تەنانەت بە شتێكی ڕواڵەتی ناو دەبرد، بەڵام ئینسانی ئەمڕۆ لە بیستوپێنجساڵییشدا هەم هەندێك جار دەورووژێت، تەنانەت لە لایەنی جەستەییشەوە، چارەنووسی هەموان هەر ئەمەیە، منیش هەم بەدەر نیم لەمە، هەڵبەتە ئەگەر بتوانرێت ئەوە بە ورووژاندن ناو ببرێت. لەڕاستیدا ئەویش هەم تێگەیشت ژنەكان هەست بە بۆنی پیاوەكان لە دووریی دە كیلۆمەترەوە دەكەن و لە خۆیان دەپرسن: چۆنچۆنی توانیویانە من ببینن؟ لەم حاڵەتانەدا ئیتر ئینسان خۆی نییە و ئەمەش كە ئینسان خۆی نەبێت شتێكی ترسناكە و لەو ترسناكتریش ئەمەیە كە ئینسان خۆی بێت، ئێستا هەر ناوێك كە دەتانەوێت لێی بنێن، بینێن، چونکە كاتێك ئینسان خۆی بێت، دەزانێت دەبێت چی بكات تاوەكو كەمتر خۆی بێت، لە كاتێكدا ئینسان خۆی نەبێت، دەكرێت هەر كەس و ناكەسێك بێت، ئەگەری ونبوونی زیاتر دەبێت. ئەوەی بە عەشق ناو دەبرێت جۆرێكە لە دوورخستنەوە كە لەوەدا هەندێك جار كارتی پۆستكراویش لە وڵاتەوە دەگات، من ئەم ڕێگەیەم ئەو ئێوارەیە هەست پێ كرد. كاتێك كە كارەكەی تەواو كرد و هەناسەی من، فەرمانبەرانە، بە هاوكارییەكی كەمی ناهۆشیاری گەڕایەوە سەر جێگەی خۆی و دواتر بینینم بە تەنیا ماومەتەوە. لە خۆم دەپرسم ئایا تەواوی ئەم شتانە دەرنەهێنرابوون لە مندا، ئایا لە دنیای هەقیقیدا تەواوی شتەكان بە شێوەیەكی تر نەبوون؟ بە شێوەیەك كە دەبوایە لەبیریان بكەم. لەگەڵ هەموو ئەمەدا، لە ڕوانگەی منەوە شێوەی خودی ئەو پەیوەستە بە شێوەی نیمەكەتەكەوە، نیمەكەتەكە لە كاتی شەودا نا، بەڵكو نیمەكەتەكە لە كاتی ئاوابووندا، بەو جۆرەی لە ڕوانگەی منەوە قسەكردن لە بارەی نیمەكەتەوە، بە شێوەیەك كە ئەو ڕۆژە لە كاتی ئاوابووندا هاتە بەرچاوم، قسەكردنە لەسەر ئەو. ئەمە هیچ شتێك ناسەلمێنێت، بەڵام منیش هیچ شتێك بسەلمێنم، بەڵام قسەكردن لەسەر ئەمەی كە نیمەكەت لە كاتی شەودا چۆنە، هیچ سوودێكی نییە. من لەو كاتەدا لەوێ نەبووم، زوو دەڕۆیشتم و تاوەكو كەمبوونەوەی ئاوابوونی ڕۆژی دواتر نەدەگەڕامەوە. لەبەر ئەوەی دەبوایە ئەو ڕۆژە بگەڕامایە بۆ بەدەستهێنانی خواردن و دۆزینەوەی پەناگەیەك. ئەگەر دەپرسن لە من (كە هەڵبەتە حەز دەكەن بپرسن) چیم لەو پارەیە كرد كە باوكم بۆی بەجێ هێشتبووم، دەڵێم كە هیچ شتێكم بەو پارەیە نەكرد، هێشتم لە ناو گیرفانمدا بمێنێتەوە، چونكە دەمزانی هەمیشە بە گەنجی نامێنمەوە و هاوین تاوەكو ئەبەد درێژە ناكێشێت، پایزیش بەم شێوەیەیە، ڕۆحم ئەمەی پێ دەگوتم ڕۆحێك كە نە هەژار بوو نە دەوڵەمەند. كۆتاییەكەی بەوم گوت كە ئیتر وەڕز بووم. زۆر زۆر بێزاری دەكردم، تەنانەت كاتێكیش كە نەدەهات و ئامادە نەدەبوو. هێشتاش بێزارم دەكات، بەڵام بە ڕادەی ئەوانی تر كە بێزاركەرن. لە ڕووی ئێستاوە، ئیتر بێزاركردنم لە لایەن ئەوانی ترەوە هیچ جێگەیەك لە مندا دانانێت، یان زۆر بە كەمی جێگەیەك دادەنێت، ئەسڵەن گیرۆدەبوون بە بێزاركردن و ئازاردانی ئەوانی ترەوە چ مانایەكی هەیە؟ تەنانەت باشترە گیرۆدە بم، من شێوازی كارەكەی خۆمم گۆڕیوە، هێمای خۆشبەختیی خۆمم دۆزیوەتەوە، كە ئەمە نۆهەمین یان دەیەمین جارە، دواتریش زۆر بە خێرایی تەواو دەبێت، بێزاركردنەكان… بێزاركردنەكان… ئیتر بەم زوانە هیچ كەسێك لەبارەی ئەوانەوە هیچ قسەیەك ناكات، نە لە بێزاركردنی ئەو، نە لە بێزاركردنی ئەوانی تر، نە لە هەستكردن بە دۆزەخ، نە لە بەهەشتی بەرین. گوتی: كەواتە حەز ناكەن كە من بێم.

بڕواپێكراو نییە كە كەسێك شتێكی چەند ساتێك پێشتر گوتووە بە كەسێكی تر دیسانەوە دووبارەی بكاتەوە، ئەگەر ئەوە قبووڵ بكەن كە گوێیەكانیان بە باشی ئەو شتەیان بیستبێت، وەك ئەوە وایە لەوە دەترسن چوارپەل هەڵیان دەواسن.

گوتم: جار جار وەرن.

ئەو كاتانە ژنەكانم زۆر بە باشی نەدەناسی. ئێستاش هێشتا باش نایانناسم. پیاوەكانیش هەر بەم جۆرە. ئاژەڵەکانیش هەر بەم جۆرە. شتێك كە كەمێك باش دەیناسم، ئازارەكانمە. هەموو ڕۆژێك ئازارەكانم پەروەردە دەكەم لەناو خەیاڵەكانمدا، زۆر بە خێرایی گەورە دەبن، خەیاڵ خێراكارە، بەڵام هەموو ئازارەكانم پەروەردەكەری خەیاڵ نین. بەڵێ، هەندێك كات هەیە، بەتایبەتی دوانیوەڕۆكان، هەست بەوە دەكەم كە گەورە بووم و بەرز بوومەتەوە، وەك ڕینهۆڵد[5].

چ هاوسەنگییەك! ئاخر ئەوانیش باش ناناسم، ئازارەكانم دەڵێم. لانی كەم هۆكارەكەی ئەوەیە من هیچ شتێك نیم جگە لە ئازار، بابەتەكەی هەر لێرەدایە، خۆم لەو دوور دەخەمەوە تاوەكو قۆناغی سەرسامبوون، تاوەكو قۆناغی ستایشكردن لە قاڕەیەكی تردا. بە كەمی، بەڵام هەر ئەمە بەسە. ژیان ئەوەنەش سادە نییە. ئەمەی كە بڵێم شتێك جگە لە ئازار بوونی نییە، تەنیا بە سادەگرتنی هەموو شتێكە. ئازاری ڕەها! بەڵام ئەمە دەبێتە ململانێكردن، ململانێیەكی ناشەرعی. لەگەڵ هەموو ئەمەدا، ئەگەر بیری لێ بكەمەوە و ئەگەر بتوانم، ڕۆژێك بە تێروتەسەلی باسی ئازارە سەیرەكانم دەكەم بۆتان، بۆ ئەوەی ڕوونتر و دیارتریش بن، هەروەها جۆرەكانیان جیا دەكەمەوە لە یەكتری. باسی ئازارەكانی زەین و ئازارەكانی دڵ، یان ئازارەكانی سۆزداریتان بۆ دەكەم، هەروەها ئازارەكانی ڕۆح و (ئەم ئازاری ڕۆحانە زۆر جوانن) دواتر ئازارەكانی جەستە، سەرەتا لە ئازارەكانی دەروونەوە یان شاراوەكانەوە، دواتر لە ئازارەكانی دەرەوە، لە مووییەكانەوە دەست پێ دەكەم و لەگەڵ ڕێكخستنێكی تەواودا بەبێ ئەوەی كە پەلە بكەم، دێمە خوارەوە تاوەكو دەگەمە پێیەكان كە شوێنەواری بزمارۆك، ژانی ماسوولكە، هاوسانی كیسەیەكی زوڵاڵ، تێڕۆبوونی نینۆك لە گۆشتدا، نەخۆشیی هەڵامەت و چەندەها شتی سەیروسەمەرەی تر دەبینرێن. هەر بەم جۆرە بۆ ئەو كەسانەی كە  ئەوەندە حەز دەكەن گوێ لە من بگرن، لەسەر بنەمای ڕەوشتێك كە سەرەتاكەیم لەبیر چووەتەوە، لە چەند ساتێكدا قسە دەكەم كە ئینسان بەبێ ئەوەی مەست یان لە دۆخی نێوان خەو و بێداریدا بێت، هەست بە هیچ شتێك نەكات. دواتر هەڵبەتە دەیەوێت بزانێت مەبەستم لە جار جارە چییە، كاتێك ئینسان دەمی دەكاتەوە ڕووبەڕووی چەند شتێكی لەم جۆرانە دەبێتەوە. هەفتەی یەك جار؟ دە ڕۆژ یەك جار؟ دوو هەفتە یەك جار؟ بەوم گوت كەمتر بێن، زۆر بە كەمی بێن، ئەسڵەن ئەگەر دەكرێت هیچ كاتێك مەیەن و ئەگەر ناكرێت هەر چەندە مومكینە كەمتر بێن. لە لایەكەوە، ڕۆژی دواتر ئیتر نەدەچووم بۆ لای نیمەكەتەكە، هۆكارەكەی زیاتر خودی نیمەكەتەكە بوو نەوەک بوونی ئەو، چونکە بارودۆخی نیمەكەتەكە بە جۆرێك بوو كە ئیتر ئارەزووەكانی منی (هەرچەندە كەمیش بوون) نەدەهێنایە دی. لەبەر ئەوەی دەستی كردبوو بە ساردبوون، هەڵبەتە چەند هۆكارێكی تریشی هەبوو كە قسەكردن لەبارەی ئەوانەوە بۆ چەند كەسێكی وەك ئێوە هیچ سوودێكی نییە، لە تەویلەیەكی چۆڵوهۆڵدا كە بە هۆی پیاسەكردنەوە لەگەڵ ژنێكدا دۆزیبوومەوە، خۆم دەشاردەوە. ئەم تەویلەیە لە سوچێكی كێڵگەیەكدا بوو كە سەری ئەو زیاتر بە خەلەنگ داپۆشرابوو تا بە گیا زیاتر پڕ بوو، لە گوڵ تا خەلەنگ، بەڵام لەوانەیە لە ژێر ئەو تایبەتمەندییانەوە شایەنی سەرنجدان بووبێت. ئەم تەویلە پڕ بوو لەو تەپاڵانەی كە وشك بوون و ناوەكەیان خاڵی بوو. هەر كاتێك پەنجەم دەكرد بەناویاندا، بە دەنگێكی فشەوە دەنیشتنەوە و دەتەپین، لە تەمەنمدا بۆ یەكەمین جار، ئەگەر كەمێك مۆرفینم[6] لا بوایە، بە ڕەزامەندییەوە دەم گوت بۆ یەكەمین جار، ناچار دەبووم لە بەرانبەر هەستێك بەرگری لە خۆم بكەم كە كەم كەم لە زەینی بەستووی مندا ناوی ترسناكی عەشقی بە خۆیەوە دەگرت. ئەوەی دەبێتە هۆكاری دڵڕفێنی كیشوەری ئێمە، هەڵبەتە تێپەڕیوە لە كەمێكی دانیشتوانی وڵات، ئەوەش بە پێچەوانەی پێنەگەیشتنی دابینكردنی كەمترین كەرەستەی بەرگری بۆ دووگیانبوون، ئەمەیە كە هەموو شتێك لەودا ئازاد كراوە بە حاڵی خۆیەوە، مەگەر تەنیا دەستتێوەردانی مێژوو نەبێت. ئەم دەستتێوەردانە دەبەستنەوە بە پێداگریكردن و سووربوونەوە، ئەوانە قەڵاچۆ دەكەن بەسەر یەكەوە و هاوشێوەی ڕیزێك ڕێكوپێك دەكرێن و دەیانبەن. لە هەر شوێنێك كە ڕۆژگار كەوتە حاڵەتی ڕشانەوە و پیسییەكی چڕ و پڕیفڕێدا، ئەوا هاونیشتمانییەكانی من دەبینیت كە چینچكیان داوە و بۆن دەكەن و دەموچاویان داگیرساوە و سوور بوونەتەوە. ئێرە بەهەشتی بێ خاتوونەكانە. هەر لێرەدا دەردەكەوێت كە من بۆچی خۆشبەختم. هەموو شتێك ئینسان ناچار دەكات بە كڕنووشبردن. من لە نێوان ئەم قسانەدا هیچ پەیوەندییەك نابینم، بەڵام لەمەشدا هیچ گومانێكم نییە كە ڕستەیەك یان تەنانەت چەند ڕستەیەكی پەیوەندیدار لە نێوان ئەوانەدا بوونیان هەیە، بەڵام چ پەیوەندییەك؟ بەڵێ، من عەشقم دەدا بەو، ئەمە ناوێكە كە لەو زەمەنەدا دەمخستە سەر كارەكەی خۆم، بە داخەوە كە ئێستاش دەیخمە سەر، چونکە پێش ئەو هەرگیز هیچ كاتێك عاشق نەبووبووم، هیچ بنەمایەكم لەم بارەیەوە لەبەر دەستدا نەبوو، بەڵام هەڵبەتە لە ماڵەوە و مەكتەب و فاحیشە خانەكان و كڵێسادا بیستبووم كە لەم بارەیەوە قسە دەكەن. بە هۆی ئامۆژگاریی مامۆستاكەمەوە ئەو چیرۆكانەم خوێندبووەوە كە بە ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیتالی و ئەڵمانی بڵاو كرابوونەوە، کە لێوانلێو بوون لەم بابەتانە. لەگەڵ تەواوی هەموو ئەم شتانەدا كاتێك كە لەپڕێكدا بینیم خەریكی نووسینی وشەی ژرژی بووم لەسەر تەپاڵەیەكی كۆنی گوێرەكەیەك، یان كاتێك كە لەژێر ڕووناكیی مانگدا لە نێوان گوڵەكاندا درێژ ڕاكشاوم و دەمەوێت خەلەنگەكان بەبێ شكانی ساقەكانیان لێ بكەمەوە، بەنیاز بووم ناوێك بخەمە سەر كارەكەی خۆم. ئەم خەلەنگانە زۆر گەورە بوون، مەترێك بەرز بوون، من ئەوانم هەڵدەكەند و ئەم كارەش منی دڵخۆش دەكرد، بەڵام هەڵكەندنی گیای هەرێز[7] لە سروشتی مندا بوونی نییە، بەڵكە بە پێچەوانەوە، ئەگەر كووتم هەبوایە ئەوەندە كووتم پێ دەدان تاوەكو قڵیشیان ببردایە. گوڵ شتێكی ترە. عەشق ئینسان دەكات بە كەسێكی هیچوپووچ، ئەمە شتێكە كە ئەملا و ئەولایشی ناوێت؛ بەڵام ڕاستییەكەی چ جۆرە عەشقێك بوو؟ ئایا عەشقێكی خەیاڵاوی بوو؟ پێم وا نییە، چونکە عەشقی خەیاڵی هەمان ئەو عەشقەیە كە لەبەر جنس و سێكس بوونی هەیە، وا نییە؟ یان ئەوم لێ گۆڕاوە بە عەشقێكی تر؟ عەشق چەندەها جۆری فراوانی هەیە، وا نییە؟ یەك لە یەك جوانتر، وا نییە؟ وەك عەشقی ئەفڵاتوونی كە یەكێكە لە جۆرەكانی عەشق، کە ئێستا هەستی پێ دەكەم، عەشقێكە خاڵی لە ڕق. لەوانەیە من ئەوم وەك عەشقی ئەفڵاتوونی خۆش بوویستایە؛ بەڵام پێم وا نییە. ئەگەر ئەوم بە عەشقێكی پاك و بێ ڕقەوە بویستایە، دووبارە ناوی ئەوم لەسەر تەپاڵە كۆنەكان دەنووسی؟ ئەمەیش بە پەنجەم كە دواتر دەملێسایەوە؟ دەبێت ببینرێت، دەبێت ببینرێت.

من لە بیری ژرژیدا بووم، لەوانەیە ئەم ڕستەیە زۆر شت ئاشكرا نەكات، بەڵام من پێم وایە ئەوەندە بەسە كە ئاشكرای دەكات. لە لایەن منەوە ناوی ژرژی بێتاقەتم دەكات و دەمەوێت ناوێكی تر لەو بنێم كە تەنیا یەك بڕگە بێت، بۆ نموونە ئەو[8] كە هەڵبەتە یەك بڕگە نییە، بەڵام گرنگ نییە. لەم ڕووەوە لە بیری ئەودا بووم، منێك كە فێر كرابووم لە بیری هیچ شتێكدا نەبم مەگەر تەنیا لە بیری ئازارەكانمدا ئەویش بە خێراییەكی زۆرەوە و دواتر لە بیری ئەو كارانەی كە دەبوایە بمكردنایە تاوەكو لە برسێتیدا، سەرما، یان شوورەییدا نەمردمایە، بەڵام هەرگیز بە هیچ ناونیشانێك لە بیری زیندووەكاندا لەو ڕووەوە كە بوونیان هەیە (لە خۆم دەپرسم ئەمە ئیتر چ مانایەكی هەیە؟) نەبووم، دەمتوانی هیچ بیروبۆچوونێك دەرنەخەم لەبارەی ئەم بابەتەوە كە قسەی لەسەر دەكەم، یان هەر شتێك كە ئێستا دەتوانم بیڵێم لەسەر چارەنووس، چونکە من هەمیشە لەبارەی ئەو شتانەوە كە هەرگیز بوونیان نەبووە، یان بوونیان هەبووە قسەم كردووە، بەڵام نەك لەبارەی بوونێكەوە كە ڕێژەیی پێ دەدەم. بۆ نموونە كڵاوی شكۆدار بەڕاستی بوونی هەیە و ئەوەندەش دڵخۆشكەر نییە كە بۆ هەمیشە لەناو بچێت، بەڵام من هیچ كاتێك كڵاوی شكۆدارم نەكردووەتە سەرم، نا، هەڵەم كرد لە شوێنێكدا نووسیومە ئەوان كڵاوێكی شەپكەیان[9] بە من داوە؛ بەڵام ئەوانە هیچ كاتێك كڵاوی شەپكەیان نەداوە بە من، من هەمیشە كڵاوی شەپكەیی خۆمم پاراستووە، هەمان ئەو كڵاوەی كە باوكم دای بە من كە جگە لەو هیچ كڵاوێكی ترم نەبووە. لە هەر حاڵێكدا ئەم كڵاوە تاوەكو گۆڕیش هاتووە بە شوێنمدا. هەرچۆنێك بێت، زۆر زۆر بیری ئەوم دەكرد، لە هەر ڕۆژێكدا بیست خولەک، بیستوپێنج خولەک تاوەكو بگات بە نیو کاتژمێر، ئەم ژمارانەم لەگەڵ كۆكردنەوەی ژمارە بچووكەكانی تردا بەدەست هێناوە. هەڵبەتە شێوەی عاشقبوونی من هەر ئەمەیە. ئایا دەبێت ئەوە بەدەست بهێنرێت كە من ئەوم بەو عەشقە ئەندێشەیەوە خۆش دەویست كە لە شوێنێكی تردا ئەو هەموو فڵتەفڵتەی لە ژێر زمانمدا هێناوەتە دەرەوە؟ پێم وا نییە، چونکە ئەگەر ئەوم بەم شێوەیە خۆش بویستایە، ئایا نووسینی وشەی ئەو لەسەر پیساییەكی زۆر كۆنی مانگا، دەبووە هۆی ئەوەی كە من ئەوەندە بڕشێمەوە؟ ئایا هەرگیز خەلەنگەكانم بە دەست دەگرت و كۆم دەكردنەوە؟ ئایا لە ژێر كاسەی سەرەمدا هەستم بەوە دەكرد كە پێیەكانی وەك دوو سەرینی شیوەنكەر كەوتوونەتە لەرزە؟ بۆ كۆتاییهێنان بەم بابەتە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەم كۆتایی بەم بابەتە بهێنم، ڕۆژێك سەر لە ئێوارە پێش ئەو كاتژمێرەی كە ئەو دەهاتە تەنیشت من، ڕۆیشتمە ئەو شوێنەی كە نیمەكەتەی لێ بوو، لەوێ نەبوو و من بێهوودە چاوەڕێم كرد. ئێستا ئیتر مانگی دیسێمبەر بوو، لەوانەشە بەفرانبار… هەوای سارد كاتی دیاریكراوی هەبوو، واتە وەك هەر شتێكی دیاریكراوی زۆر باشی تر، زۆر باش و لە شوێنی خۆیدا بوو؛ بەڵام كاتێك كە گەڕامەوە بۆ تەویلەكە، زۆر بە خێرایی چەند نەخشەیەكم كە شەوێكی زۆر خۆشی بۆ من دەستەبەر كرد، لەسەر ئەم بنەمایە هەر كاتژمێرێكی تەواو بە چەند شێوەیەكەوە كە ژمارەیان بەرانبەر بە ڕۆژەكانی ساڵ بوو، لە هەوا و لە ئاسمان هەر بەم جۆرە لە دڵدا دەدرەوشانەوە. ئەمە بوو كە ڕۆژی دواتر خۆم زوو گەیاندە نیمەكتەكە، زۆر زوو، ڕێك هەمان ئەو كاتەی كە پێی دەڵێن كاتی شەو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆر درەنگ بوو، چونکە ئەو پێش من لەوێ، لەسەر نیمەكەتەكە، لەژێر لقە بەستووەكاندا كە دەنگی شیریخ و هۆڕیان بەرز بوو، بەرانبەر ئاوێكی بێجووڵە، دانیشتبوو. بە ئێوەم گوت ئەو ژنە زۆر كەللەڕەق و پێداگر بوو. تەپۆڵكەی خاك بە هۆی بەفرەوە سپی بووبوو. من هیچ هەستێكم نەبوو. چ سوودێكی هەبوو بۆ ئەو كە بەم جۆرە بە شوێن مندا دەگەڕا؟ بەبێ ئەوەی دانیشم، پرسیارم لە ڕۆیشتن و هاتن و ماڵینی پێم لێ كرد. سەرما زەوی دەرهێنابوو. وەڵامی دایەوە كە نازانێت. لە مندا چ شتێكی بینیبوو؟ تكام لێ كرد ئەگەر دەتوانێت با وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. وەڵامی دایەوە كە ناتوانێت. وا دەردەكەوت جلێكی گەرمی لەبەر كردووە. دەستەكانی كردبووە ناو دەستكێشەوە. بیرم دێتەوە كاتێك چاوم كەوت بە دەستكێشەكان، دەستم كرد بە گریان. بە هۆی ئەمەوە ڕەنگی ئەوم لەبیر كرد. حاڵێكی تەواو خراپم هەبوو. تاوەكو ئەم كۆتاییانەش، هەمیشە زۆر زوو دەكەوتمە گریان، ئەم كارە هیچ سوودێكیشی نەبوو بۆم. ئەگەر قەرار بوایە لەم كاتژمێرەدا بگریم، لە ناخی دڵەوە ئەرخەیان دەبووم، چونکە توانای ئەوەم نەبوو تەنانەت یەك دڵۆپە فرمێسكیش بڕێژم. حاڵم زۆر خراپە. كەلوپەلەكان منیان دەخستە گریانەوە، بە هۆی ئەمەشەوە هیچ خەفەتێكم نەبوو، هەر كاتێكیش بەبێ هیچ هۆكارێكی ئاشكرا لەپڕێكدا دەكەوتمە گریانەوە، لەبەر ئەوە بوو بێئاگا چاوم بە شتێك كەوتبوو. بە شێوەیەك كە لە خۆم دەپرسم ئایا بەڕاستی، بەڕاستی دەستكێش بوو كە ئێوارەی ئەو ڕۆژە منی خستە گریانەوە؟ یان ئەو كوێرەڕێگە خاكییە بوو كە سەختی و دەرپەڕیوییەكانی منی خستە بیری ئەو ڕێگەیانەوە كە بە بەرد دروست كرابوون، یان شتێكی تر، هەر شتێك كە بێت و بێئاگا چاوم بەو كەوتبێت. دەكرێت بگوترێت یەكەمین جارم بوو ئەوم دەبینی. بە شێوەیەكی تەواو كزی كردبوو و جلێكی گەرمی لەبەر كردبوو، سەری خوار كردبووەوە، دەستەكانی بە دەستكێشەوە خستبووە سەر داوێنی، پێیەكانی چەسپێنرابوون بە یەكەوە، پاژنەكانی ڕوویان لە سەرەوە بوو. نە شێوە و شكڵی دیار بوو، نە تەمەنی، تا ڕادەیەك بێگیان بوو، دەكرێت پیرەژنێك بێت، دەكرێت كچێك بێت. ئەوەش لە شێوەی وەڵامدانەوەی: نازانم، ناتوانم. تەنیا من بووم كە نەمدەزانی، كە نەمدەتوانی.

  • تۆ لەبەر من هاتوویت؟
  • بەڵێ.
  • زۆر باشە، ئەمەش من.

ئەی مەگەر من لەبەر ئەو نەهاتبووم؟ بە خۆمم گوت ئەمەش من، ئەمەش من. بەڵام بە خێرایی لە شوێنەكەی خۆم هەستامەوە، وەك ئەوەی لەسەر ئاسنێكی گەرم دانیشتبم. حەزم دەكرد بڕۆم تاوەكو تێبگەم مەسەلەكە تەواو بووە یان نا؟ بەڵام بۆ ئەوەی ئاسوودە بم، پێش ئەوەی بڕۆم داوام لەو كرد كە گۆرانییەكم بۆ بڵێت. سەرەتا پێم وا بوو كە دەیەوێت داواكارییەكەم ڕەت بكاتەوە، مەبەستم تەنیا ئەمەیە كە پێم وا بوو نەیڵێت، بەڵام نا، ساتێك دواتر دەستی كرد بە گوتن و ماوەیەك بەردەوام بوو، پێم وایە دووبارە هەمان ئەو گۆرانییە بوو و هەمان ئەو بارودۆخە. ئەم گۆرانییەم نەدەناسی، هیچ كاتێك نەمبیستبوو، ئیتر هەرگیز ناشیبیستمەوە. هەر ئەمەندە بیرم دێتەوە كە بابەتی ئەو درەختە، یان درەختی لیمۆ بوو، یان نارنج… ئێستا ئیتر لە بیرم چووەتەوە كامەیان بوو، هەر ئەمەی بیرم مابێتەوە بابەتی ئەو درەختە یان درەختی لیمۆ بوو یان نارنج، ئەمەش شتێكی زیادەیە لە مندا، چونکە من گوێم بۆ چەند گۆرانییەكی تر گرتووە لە ژیانمدا، چەندەها گۆرانیی زۆریشم بیستووە چونکە بە یاسای گوتەی ژیان، تەنانەت بە شێوازی من، بەبێ بیستنی گۆرانیی ژیان مەحاڵێكی ڕەهایە مەگەر ئەمەی كە مرۆڤ كەڕ بێت؛ بەڵام لە گۆرانییەكانی تردا هیچ، تەنانەت یەك وشەش، تەنانەت یەك نۆتیشم لە بیر نەماوەتەوە، یان ئەگەر لە بیریشم بێت چەند وشەیەكی كەم، چەند نۆتێكی كەم كە… كە چی؟ كە هیچ شتێك. ئەم ڕستەیە زۆر درێژ بووەتەوە. دوای ئەوە كەوتمە ڕێ و هەر بەو جۆرەی كە دوور دەكەوتمەوە دەنگی ئەوم دەبیستی كە گۆرانییەكی تری دەگوت، یان لەوانەیە دوا كۆپلەی ئەوی تر بووبێت، بە دەنگێكی زۆر نزمەوە دەیگوت: هەر چەندە من دوورتر دەكەوتمەوە، نزمتر دەبوویەوە و كۆتاییەكەی، نەما. لەوانەیە خودی ئەو گۆرانییەكەی بڕیبێت، یان لەوانەیە من ئەوەندە دوور كەوتبێتمەوە كە ئیتر نەمتوانیبێت دەنگی گۆرانییەكە بیبیستم. ئەو كاتانە حەزم نەدەكرد بەم جۆرە دووچاری گومان و دوودڵی ببم، هەڵبەتە ژیانم لە دوودڵیدا دەبردە سەر، لە دوودڵی و گوماندا، بەڵام لەبارەی ئەم جۆرە گومان و دوودڵییە بچووك و جۆراوجۆرانەوە كە بە دەستەواژە، دیاردە و لایەنێكی جەستەییان هەیە، حەزم دەكرد هەرچی زووترە ڕزگارم ببێت لە دەستیان، كە بۆی هەبوو تەواوی هەفتەكان هاوشێوەی كەرەنگێزەكان[10] ئازارم بدات. لەم ڕووەوە چەند هەنگاوێك هاتمە دواوە و لەسەر جێگەكەی خۆم وەستام. سەرەتا هیچ شتێكم نەبیست، دواتر دەنگم بیست، بەڵام زۆر بە سەختی، زۆر بە كزی دەگەیشتە گوێم. دەنگەكەم نەدەبیست، دواتر بیستم، وەك بڵێیت لە ساتێكی دیاریكراودا دەستم كردبێت بە بیستنی ئەو، بەڵام نا، دەنگەكە ئەوەندە بە نەرمی لە دڵی بێدەنگییەوە هاتبووە دەرەوە و ئەوەندە هاوشێوەی بێدەنگی بوو، كە ئەسڵەن دەستپێكردنێك لە ئارادا نەبوو. دواجار كە كۆتایی بە ئاوازەكە هات، دووبارە چەند هەنگاوێكم بەرەو لای ئەو نا تاوەكو دڵنیا بم ئایا ئیتر گۆرانی ناڵێت؟ یان نەكا دەنگی نزم كردبێتەوە. دواتر نائومێد بووم لەو و بە خۆمم گوت: چۆنچۆنی دەتوانم بەبێ ئەوەی لەگەڵیدا بم و سەرم بەرەو لای ئەو بچەمێنمەوە و تێبگەم؟ ئەو كاتە پاشگەز بوومەوە و گەڕامەوە، لە كاتێدا كە لێوانلێو بووم لە فرمێسك و ڕاڕایی، بۆ هەمیشە ڕۆیشتم. بەڵام چەند هەفتەیەك دواتر دووبارە ڕۆیشتمەوە بۆ لای نیمەكەتەكە، چوار یان سێ جار وازم لە نیمەكەتەكە هێنابوو و جێیم هێشتبوو، تا ڕادەیەك لە هەمان كاتژمێردا، مەبەستم ئەمەیە تا ڕادەیەك لە ژێر هەمان ئەو ئاسمانەدا، نا، ئەمەش مەبەستەكەم ناگەیەنێت، چونکە ئاسمان هەمیشە هەمان ئاسمانە و هەرگیز هەمان ئاسمان نییە، ئەمە چۆن بەیان بكەم؟ بە هیچ شێوەیەك ناتوانم باسی ئەمە بكەم، تەواو. ئەو لەوێ نەبوو، بەڵام نازانم چۆن بوو لەپڕێكدا سەر و كەللەی پەیدا بوو، نە هاتنەكەی ئەوم بینیبوو، نە دەنگی پێەكانیم بیستبوو، لەگەڵ ئەمەدا گوێقوڵاغ بووم. ئێستا دەبێت ئەوەش بڵێم كە باران دەباری، ئەمەش بۆ ئەوەی تاوەكو جۆراوجۆرییەكی كەم لە ئارادا بێت. خۆنەویستانە چەترەكەی هەڵدابوو و لەسەر سەریەوەی گرتبوو، پێدەچوو هۆدەیەكی پڕاوپڕی هەبووبێت. لەوم پرسی: ئایا هەموو ڕۆژێك نزیكی ئێواران دێت؟ بە نەخێر وەڵامی دایەوە، هەندێك جار نیمەكەتەكە ئەوەندە تەڕ بوو كە هیچ كەسێك بوێریی ئەوەی نەبوو لەسەری دابنیشێت. ئەمە بوو كە دەستمان كرد بە پیاسەكردن بەملا و بەولادا، من قۆڵیم گرت تا بزانم ئایا ئەمە شتێكە حەزی پێ  دەكەم یان نا؟ بەڵام هیچ حەزم پێی نەكرد. ئەمە بوو كە دەستم لێ هەڵگرت و بەرم دا، بەڵام ئێستا بۆچی بەم هەموو وردەكارییەوە؟ بۆ دواخستنی ڕۆژی تاوانەكان، كەمێك دەموچاویم باشتر دەبینی. تێگەیشتم كە دەموچاوی ئاساییە، وەك دەموچاوی ملیۆنەها كەسی تر، خێل بوو، بەڵام ئەمەم تاوەكو ماوەیك دواتر نەزانی. دەموچاوی نە گەنج دەینواند نە پیر، وەك ئەوەی لە نێوان گەشی و پەژارەییدا هەڵواسرابووبێت. ئەو كاتانە تەحەمولی ئەم جۆرە لێڵی و نادیارییانەم نەبوو. لەبارەی ئەمەوە كە ئایا ئەو كاتە دەموچاوی جوان بوو یان پێشتر جوانتر بوو؟ یان دڵ خۆش بوو بەوەی كە جوان ببێت؟ دانی پێدا دەنێم لەوبارەوە هیچ زانیارییەكم نەبوو. لەناو وێنەكاندا چەند دەموچاوێكم بینیون كە لەوانەیە بتوانم بڵێم جوان بوون، هەڵبەتە ئەگەر زانیاریم هەبووبێت لەسەر جوانی. دەموچاوی باوكم لە كاتی مەرگدا كەمێك ئەگەری جۆری جوانی لە ئینساندا پیشان دەدا بە من. بەڵام ئایا دەموچاوی زیندووەكانیش كە هەمیشە لە كاتی لالووتبوون و لۆچبووندایە، جگە لە شتێكی بێگیان بە شتێكی تر هەژمار دەكرێن؟ لەگەڵ ئەمەدا كە هەوا تاریك بوو، لەگەڵ ئەمەدا كە پەشۆكا بووم، حەزم لەوە كرد بەرەو ئاوێكی وەستاو، یان ئاوێك كە بە ئارامی دەڕۆیشت، وەك ئەوەی تینووی بێت، یان ئاوێك دەباری و هەڵدەستایەوە، بڕۆم. لێمی پرسی كە ئایا حەز دەكەم گۆرانییەكم بۆ بڵێت، وەڵامم دایەوە كە نا، دەمەوێت قسەم لەگەڵدا بكەیت. پێم وا بوو دەڵێت هیچ قسەیەكم لەگەڵ تۆدا نییە، ئەمە زیاتر لەو دەهات. لەم ڕووەوە كاتێك بە منی گوت ژوورێكم هەیە دڵم خۆش بوو، زۆر زۆر دڵ خۆش بووم. لە ڕوویەكیشەوە كەوتمە گومانەوە. مەگەر كەسێك هەیە ژووری نەبێت؟! ئم، هەراوهووریایەك دەبیستم. گوتی: “من دوو ژوورم هەیە”. گوتم “ڕاست بڵێن چەند ژوورتان هەیە؟” وەڵامی دایەوە دوو ژوور و چێشتخانەیەكی هەیە. بەرە بەرە لە جاری پێشووتر زیاتر دەبوون. كۆتاییەكەی بیری هاتەوە كە حەمامێكیشی هەیە.

  • بیستم گوتت دوو ژوورم هەیە؟
  • بەڵێ.
  • لە تەنیشت یەكدان؟

كۆتاییەكەی بابەتێك دۆزرایەوە كە گونجاو بێت بۆ قسەكردن.

گوتی: “چێشتخانەیەك لە نێوان ژوورەكاندایە.”

لەوم پرسی: بۆچی زووتر ئەم بابەتەی بۆ باس نەكردووم؟ هەڵبەت لەو كاتەدا تەواو شێواو بووم. لە گەڵ ئەودا هەستم بە ئاسوودەیی نەدەكرد، جگە لەوەی كە هەستم بەوە دەكرد ئازادم بیر لە شێك بكەمەوە جگە لەو، ئەمە شتێكی زۆر بوو، لە بارەی شتە تاقیكراوە كۆنەكانەوە، یەك لە دوای یەك و وردە وردە لەبارەی هیچەوە، وەك ئەو قادرمانەی كە بەرەو چاڵە ئاوێكی قووڵ دەڕۆنە خوارەوە. دەمزانی بە وازهێنان لەو، ئەم ئازادییەشم لە دەست دەچێت.

ڕاستییەكەی دوو ژوور بوو كە چێشتخانەكە لە یەكتری جیایی دەكردنەوە. ئەو درۆی لەگەڵ مندا نەكردبوو. پێی گوتم: “دەبێت بڕۆیت كەلوپەلەكەت كۆ بكەیتەوە و بێیت”. بۆم ڕوون كردەوە هیچ كەلوپەلێكم نییە. ئێمە لە نهۆمی سەرەوەی ماڵێكی كۆندا بووین، هەر كەسێك بیویستایە و حەزی بكردبایە دەیتوانی لە پەنجەرەكانیەوە ئەو كوێرەڕێگەیە ببینێت. ئەو چرایەكی نەوتیی داگیرساند.

  • كارەبات نییە؟
  • نا، بەڵام ئاوی لوولەكێشی[11] و گازی شاریم[12] هەیە.
  • سەیرە كە گازت هەیە.

دەستی پێ كرد… لێرەدا بوو كە بینیم خێلە. خۆشبەختانە یەكەمین جارم نەبوو كە ژنێكم دەبینی، لەم ڕووەوە دەمتوانی ئارام بگرم، دەمزانی تووڕە نابێت. بەوم گوت حەز دەكەم ژوورەكەی تریش ببینم، چونکە تا ئەو كاتە نەمبینیبوو. ئەگەر پێشتریش بینیبێتم. دەمەوێت دووبارە بیبینمەوە”.

ئەو گوتی: “ئێوە جلەكانتان داناكەنن؟”

گوتی: “ئاه، سەیر كەن، من زۆر كات جلەكانم داناكەنم”

ڕاستییەكەم گوت، من لەو مرۆڤانە نەبووم كە لە هەموو كاتێكدا جلەكانیان دادەكەنن. زۆر كات كە دەخەوتم، واتە كاتێك خۆم كۆ دەكردەوە بۆ خەوتن (كۆكردنەوە) پێڵاوەكانم دادەكەند، هەڵبەتە جلەكانی سەرەوەیشم بە هاوڕێژی پلەی گەرمای هەوا دامدەكەندن. بەم بۆنەیەوە لە ترسی ئەوەی نەوەك ڕووبەڕووی من ببێتەوە، ناچار بوو بە جلی ماڵەوە خۆی دابپۆشێت و چرایەك بگرێت بە دەستیەوە. لە ڕێگەی چێشتخانەكەوە ڕۆیشتین. بۆی هەبوو ئەم ڕێگەیە كەمێك ڕێكتر بێت. بە بێزارییەوە سەیری ژوورەكەم دەكرد. هاوشێوەی  كەڵەكەبوونی ئەو كەلوپەلانە بوو كە بە هیچ شێوەیەك لە دنیای خەیاڵدا ناگونجێت. ئەمە بوو كە بە بێدوودڵی دەزانم، ئەم ژوورەم لە شوێنێكی تردا بینیوە.

هاوارم كرد: “ئەمە چ ژوورێكە؟”

گوتی: “ژووری میواندارییە. ژووری میوانداری.”

دەستم كرد بە بردنەدەرەوەی كەلوپەلەكان لە ڕێگەی دەرگایەكەوە كە بەرەو ڕاڕەوەكە دەكرایەوە. ئەویش سەیری ئەم كارەی منی كرد، غەمگین بوو، لانی كەم من بەم جۆرەی دەزانم، چونکە هیچ شارەزاییەكم نەبوو لە ڕۆیشتنە ناو كارەكانەوە. لێی پرسیم: چ كارێك ئەنجام دەدەم. بەڵام پێم وایە چاوەڕێی ئەوە نەبوو هیچ وەڵامێكی بدەمەوە. كەلەوپەلەكانم یەك بە یەك و تەنانەت دوو دوویش هێنایە دەرەوە و پاڵمدان بە دیواری ڕاڕەوەكەوە. سەد پارچەی بچووك و گەورە بوون. لە كۆتاییدا تاوەكو بەردەم دەرگاكە هاتن، بە جۆرێك هیچ كەسێك نەیدەتوانی لە ژوورەكەوە بێتە دەرەوە و بە ڕێگەی یەكەمدا بڕواتە ناو ژوورەكەوە. دەكرێت دەرگاكە بكەنەوە و بیانبینن، چونکە دەرگاكە بەرەو ناوەوەی ژوورەكە دەكرێتەوە، بەڵام شتێكی دژوار بوو. ئاه چەند وشەیەكی دەرپەڕیوە ئەم دژوراییە.

گوتی: “هیچ نەبێت كڵاوەكەتان لابەن.”

لەوانەیە جارێكی تر لەبارەی كڵاوەكەمەوە قسە لەگەڵ ئێوەدا بكەم. سەرئەنجام جگە لە نیمەكەتێك و چەند چوارچێوەیەكی كوتراو بە دیوارەكەوە، شتێكی تر لە ژوورەكەدا نەمایەوە. نیمەكەتەكەم بە ڕاكێشانەوە بردە ئەوپەڕی ژوورەكەوە نزیك دەرگاكە. چوارچێوەكانم ڕۆژی دواتر لێ كردەوە و بردمنە دەرەوە بۆ ڕاڕەوەكە و خستمنە تەنیشت شتەكانی تر. یادگارییەكی سەیر كە هەمە ئەمەیە: كاتێك دەمویست ئەو شتانە هەڵبگرم وشەی فیبرون یان فیبرومم بیست، نازانم كام لەم یەك وشانە بوو، هیچ كاتێك نەمدەزانی چ واتایەكی هەیە و هیچ كاتێك نەچووم بە شوێنیدا تا ماناكەی بزانم. ئینسان زۆر شت دێتەوە بیری و باسیان دەكات! کاتێک هەموو شت ڕێكوپێك كرا و تەواو بوو ڕۆیشتمە سەر نیمەكەتەكە. ئەو تەنانەت بچووكترین پەنجەشی بۆ یارمەتیدانی من بەرز نەكردبووەوە.

  • بەتانی و پێخەفتان بۆ دەهێنم.

هیچ حەزم لە پێخەف نەبوو. گوتی:

  • ناتانەوێت پەردەكان دابدەنەوە؟

شیشەی پەنجەرەكە بە بەفر داپۆشرابوو، چونکە شەو بوو، سپێتیی پەنجەرەكە دیار نەبوو، بەڵام بەم حاڵەوە كەمێك ڕووناكی دەدرەوشایەوە. لەبەر ئەمەی كە پێیەكانم ڕوویان لە دەرەوە بوو، هەرچییەكم كرد كە بخەوم دووبارە ئەم ڕووناكییە كەمە بێڕۆحە ئازاری دەدام. لەپڕێكدا لە شوێنەكەم هەستامەوە و شوێنی نیمەكەتەكەم گۆڕی، واتە پشتی درێژی نیمەكەتەكە كە سەرەتا پاڵم بە دیوارەكەوە دابووەوە بەرەو دەرەوە سوڕاندم. ئەو كاتە ئیتر ڕووی نیمەكەتەكە بەرەو دیوارەكە بوو. دوای ئەوە هاوشێوەی سەگێك كە دەچێتە كولانەكەی خۆیەوە، بە شێوەی چوارپەل ڕۆیشتمە سەر نیمەكەتەكە.

گوتی: “چراكە دەخەمە ئێرە بۆ ئێوە.”

بەڵام من داوام لێ كرد چراكە ببات.

گوتی: “ئەی ئەگەر نیوەی شەو پێویستیتان بە شتێك بوو چی دەكەن؟”

هەستم دەكرد دەیەوێت كێشە و هەراییەك دروست بكات.

گوتی: “دەزانیت تەوالێت لە كوێدایە؟”

هەق بە ئەو بوو، بیرم لەمە نەكردبووەوە. ئینسان ئەگەر بیەوێت لە ناو جێگەی خەودا سەری خۆی سووك بكات، ئەوا سەرەتا شتێكی شادیهێنەرە و دواتر زۆر دەردەسەرییە.

گوتم: “دەفرێكی شیشەیی میز بدەن بە من”.

زەمەنێك بوو من حەزم لە وشەی دەفری شیشەی میزدان دەكرد، منی دەخستە بیری ڕاسین یان بۆدلێرەوە، ڕێك نازانم بیری كامیان… لەوانەیە هەردووكیان، بەڵێ، حەسرەتی ئەو كاتانە دەخۆم كە كتێبم دەخوێندەوە و لەم ڕێگەیەشەوە گەیشتم بە جێگەیەك كە ئیدی قسە كۆتایی پێ هات، وەك دانتە. بەڵام ئەو دەفری شیشەی میزی نەبوو.

گوتی: “من چوارپایەیەكم هەیە كە ناوەڕاستەكەی كونێكی تێدایە.”

لە دنیای خەیاڵدا دایەگەورەم بینی كە عاسایەكی قووت داوە و لووتبەرزانە لەسەر ئەو چوارپایە دانیشتووە، تازە ئەوەی كڕیوە، ببوورە، ئەوی لە هەڕاجی خێرمەندەكاندا، لەوانەشە لە خۆشبەختیدا دۆزیوێتییەوە. ئەم چوارپایە ئەو كاتانە بایەخێكی زۆری هەبوو، بۆ یەكەمین جار كاری بەو كرد، بە شێوەیەكی باشتر ئەوی تاقی دەكردەوە، تێبگەیت یان نا دەیویست خەڵك بیبینێت. دەبێت چاوەڕێ بكەیت، دەبێت چاوەڕێ بكەیت.

گوتم: “تەنیا دەفرێك بدەن بە من.”

من كە خوێنبەربوونم لەگەڵدا نییە. ڕۆیشت و دەفرێكی هێنا وەك تاوە وا بوو، تاوەیەكی ڕێكوپێك نەبوو، چونکە دەسكی پێوە نەبوو، هێلكەیی بوو، دەرپۆشێكی هەبوو. گوتی:

  • ئەمە قابلەمەی منە.
  • دەرپۆشەكەیم ناوێت.
  • دەرپۆشەكەییت ناوێت؟

ئەگەر بمگوتایە دەرپۆشەكەیم دەوێت، ئەو كاتە دەیگوت دەرپۆشەكەیت دەوێت؟ دەفرەكەم خستە ژێر پەتووەكەوە، حەزم لەوە دەكرد كاتێك كە دەخەوم شتێك بگرم بە دەستمەوە، بەم جۆرە كەمتر دەترسم، كڵاوەكەم هێشتا تەڕ تەڕ بوو. سوڕامەوە بەرەو لای دیوارەكە. ئەو چراكەی هەڵگرت كە لەسەر ڕووی بوخارەكە بوو، باشتر، باشتر بڵێم، سێبەرەكەی ئەو لەسەر من جووڵا، پێم وا بوو دەیەوێت ئیتر بڕوات، بەڵام نا، لە پشت نیمەكەتەكەوە بەسەر مندا چەمێنرابووەوە.

گوتی: “ئەمە دار و نەداری تەواوی بنەماڵەیەكە.

ئەگەر من لە شوێنی ئەودا بوومایە لەسەر پەنجەی پێ بەڕێ دەكەوتم و دەڕۆیشتم، بەڵام ئەو لە شوێنەكەی خۆی نەجووڵا. ئەوە گرنگ بوو چەند ساتێك پێشتر كەم كەم هەستم بەوە كرد ئیتر خۆشم ناوێت. بەڵێ، حاڵم ئیتر باشتر بووبوو و كەم تا زۆر ئامادەی ئەوە بووبووم ئارام ئارام تێڕۆ ببم لە گێژبوونە درێژەكاندا كە ماوەیەكی زۆر بوو دابڕابووم لێیان و ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بوو. ئەوەش كاتێك كە تازە ڕۆیشتبووم بۆ ماڵەكەی ئەو، بەڵام سەرەتا دەبێت بخەوم.

گوتم: “ئێستا ئیتر وەرن من بكەنە دەرەوە”.

پێم وا بوو هیچ تێنەگەیشتم لە مانای ئەم وشانە و تەنانەت ئەو دەنگە كورتانەش كە لەوانەوە دەرهات، مەگەر ئەو كاتەی ئەوانم بەیان كرد. ئەوەندە خووم گرتبوو بە كەم قسەكردنەوە، هەندێك جار چەند ڕستەیەك لە دەممەوە دەهاتنە دەرەوە كە لە ڕوانگەی دەستوورەوە هیچ كەموكورتییەكیان نەبوو، بەڵام ناڵێم یەكسەر بێمانا بوون، چونکە ئەگەر لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكردایە، مانایەك یان چەند مانایەكی تەواویان هەبوو، بەڵكە دەڵێم بێبنەما بوون. بەڵام دەنگی وشەكان كەم كەم دەمهێنانە سەر زمانم، دەمبیستن. یەكەمین جارم بوو كە دەنگم بە هێواشییەكی زۆرەوە دەگەیشتە گوێم. سوڕامەوە و كەوتمە سەر پشت تا بزانم بارودۆخ چییە؟ ئەو زەردەخەنەیەكی كرد. كەمێك دواتر لەوێ نەما و ڕۆیشت، چراكەشی برد. دەنگی پێیەكانیم بیست كە لە چێشتخانەكەوە ڕۆیشت و دەرگای ژوورەكەی لەسەر خۆی داخست. كۆتاییەكەی تەنیا مامەوە، دواجار لە تاریكیدا. ئیتر زیاتر لەمە قسەی لەسەر ناكەم. پێم وا بوو لەبەر ئەوەی ئەوێ ئاشنا نەبوو بۆم شەوێكی خۆش بەسەر دەبەم، بەڵام نا، شەوێكی تەواو شێواوم هەبوو. بەیانیی ئەو ڕۆژە، بە شێوەیەكی شەل و پەل لە خەو هەستام، جلەكانم چرچ و لۆچ بووبوون، پەتووەكانیش هەر بەم شێوەیە، ئەویش هەم لە تەنیشت مندا (هەڵبەتە بە ڕووتی). چەندە پەلەقاژەی كردبوو! من هێشتا قابلەمەكە لە ناو دەستمدا بوو. سەیری ناو قابلەمەكەم كرد، سوودم لێ وەرنەگرتبوو. سەیرێكی ئەوم كرد، خۆزگە زمانی هەبوایە و قسەی بكردایە. ئیتر زیاتر لەمە قسەی لەسەر ناكەم. ئەمەش لە شەوی عەشقی من.

بەرە بەرە ژیان لەو ماڵەدا ڕێكوپێكی بە خۆیەوە بینی. ئەو لەو كاتەدا كە پێم گوتبوو خواردنی بۆ دەهێنام، هەندێك جار سەرێكی لە من دەدا تا بزانێت باشم و پێویستیم بە شتێك هەیە یان نا. ڕۆژی یەك جار قابلەمەكەم خاڵی دەكردەوە و مانگی یەك جار ژوورەكەم پاك دەكردەوە. هیچ كاتێك نەیدەتوانی وەسوەسەی قسەكردن لەگەڵ مندا لە خۆی دوور بخاتەوە، بەڵام بەگشتی هیچ گلەییەكم لێی نەبوو. هەندێك جار دەمبیست لە ژوورەكەیدا خەریكی گۆرانیگوتنە، ئاوازەكەی لە دەرگای ژوورەكەیەوە و لە چێشتخانەكە و ژوورەكەی منەوە تێدەپەڕی تا دەگەیشتە گوێی من، هەرچەندە نزم بوو، بەڵام بێ ئەملا و ئەولا دەنگی خودی ئەو بوو. ئەگەر لە ڕاڕەوەكەوە تێپەڕیبایە بەم جۆرە نەبوو. بیستنی دەنگی ئەو كە هەندێك جار گۆرانی دەگوت هیچ بێزاری نەدەكردم. ڕۆژێك داوام لێ كرد دەستەیەك سوێنكەی[13] تەڕ و تازەتر بخاتە ناو گوڵدانەكەوە و بۆم بیهێنێت. هێنای و خستیە سەر ڕووی بوخارەكە. لە ناو ژوورەكەی مندا جگە لە سەر بوخارەكە، هیچ شتێكی تری لێ نەبوو كە بتوانرێت شتێكی بخرێتە سەر، مەگەر ئەمەی بخرابایە سەر زەوی. هەموو ڕۆژێك سەیری سوێنكەكەی خۆمم دەكرد، سوور بوو. من حەزم لە سوێنكەیەكی شین بوو. سەرەتا بارودۆخی زۆر باش بوو، تەنانەت چەند گوڵی تریشی دەركرد، دوای ئەوە كۆڵی داو و درێژەی نەكێشا، كە جگە لە ساقێكی شەل و پەت و چەند گەڵایەكی سیسبوو هیچ شتێكی تری لێ نەمایەوە. ڕیشەكەی، وەك بڵێیت لە داواكردنی ئۆكسجیندا نیوەی لە ژێر خاكەكەوە دەرهاتووە و بۆنێكی ناخۆشی لێوە دەهات. ئەو دەیویست بیبات، بەڵام من گوتم با لێرە بێت و بمێنێتەوە. دەیویست سوێنكەیەكی ترم بۆ بكڕێت بەڵام من پێم گوت نامەوێت. شتێك كە زۆرتر ئازاری دەدام دەنگەكانی تر بوون، پێكەنینە نابەجێكان و ئەو ئاه و ناڵانە بوو كە شوقەكەی لە كاتژمێرێكی دیاریكراودا (هەندێك جار شەو و هەندێك جار ڕۆژ)، پڕ دەكرد لەو دەنگە خنكاوانە. من ئیتر بیرم لەو نەدەكردەوە، هەرگیز بیرم لێ نەدەكردەوە، بەڵام لە ئێستادا پێویستیم بە بێدەنگی هەبوو تاوەكو بتوانم بەردەوامی بە ژیانم بدەم. هەرچەندە لەگەڵ خۆمدا بەڵگەم دەهێنایەوە و بە خۆمم دەگوت هەوا بۆ ئەوە دروست بووە كە دەنگی خەڵك بگوازێتەوە و پێكەنین و ئاه و ناڵەكانیش بتەوێت و نەتەوێت بە شێوەیەكی فراوان دەڕۆنە ناو هەواوە، دووبارە نیگەرانی و ناڕەحەتییەكەم لا نەدەچوو. نەمتوانیبوو تێبگەم ئایا هەمیشە یەك كەسە یان چەند كەسێكن؟ پێكەنینە نابەجێكان و ئاه و ناڵەی ئینسانەكان زۆر لە یەكدی دەچن! لەو كاتەدا ئەوەندە ترسم لەم گومان و لێكچوون و شتە بچووكانە هەبوو، هەموو جارێك دەكەوتمە ناو گێژاوێكەوە، واتە حەزم دەكرد تەواوی ئەو شتانە لە دڵمدا بكەمە دەرەوە. ماوەیەكی زۆر، بە دەستەواژەی تەواوی تەمەنیشمەوە، سەرفی ئەوەم كرد تێبگەم ڕەنگی چاوێك كە لە ڕوانگەیەكەوە دەبینرێت، یان سەرچاوەی دەنگێكی كورت كە لە دوورەدەستێكەوە دێت، لە دۆزەخی نەزانینەكاندا گەیشتن بە نزمترین شوێن نزیكترە یان بوونی خودا؟ یان سەرچاوەی پڕۆتۆ پلاسما[14]؟ یان بوونی هەناسە و چەندەها شتی تر كە عەقڵ دەبێت ئەوانە زیاتر لەمانە لە خۆی دوور بخاتەوە. تەمەنێكی تەواو بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی ئاوەها دڵخۆشكەر زۆر زۆرە، چونکە ئیتر دەرفەتێك نامێنێتەوە سوودی لێ وەربگرێت. لەم ڕووەوە كاتێك ئەو لە وەڵامی پرسیارەكەی مندا گوتی “ئەوانە چەند كڕیارێكن بە سەرە قبووڵیان دەكەیت”، تاوەكو ڕادەیەكی زۆر گەیشتم بە مەبەستەكەم. هەڵبەتە دەمتوانی هەستمەوە و بڕۆم لە كونی دەرگاكەوە (ئەگەر نەیانگرتبێت) سەیر بكەم، بەڵام مەگەر ئینسان دەتوانێت چ شتێك لەم كونانەوە ببینێت؟

گوتی:

  • كەواتە ئێوە لە ڕێگەی لەشفرۆشییەوە نان پەیدا دەكەن؟
  • ئێمە لە ڕێگەی لەشفرۆشییەوە نان پەیدا دەكەین.
  • ناتوانیت پێیان بڵێیت كەمێك نزمتر دەنگە دەنگ بكەن؟
  • (وەك ئەوەی بڕوام بە قسەكەی كردبێت) یان ئەوەی كە دەنگێكی تر لە خۆیاندا دەربكەن؟
  • ناچارن بوەڕن.
  • ئەو كاتە منیش ناچارم لێرە بڕۆم.

لە نێوان چەند شتومەكێكی شپرزەی جۆراوجۆری بنەماڵەیدا، دوو پارچە پارووی دۆزییەوە و لە بەردەم ژوورەكانماندا (واتە لە ژوورەكەی من و ژوورەكەی خۆیدا هەڵیواسی). لێم پرسی:

  • ئایا دەكرێت جار جار گێزەر بخۆین.
  • (هاواری كرد) گێزەر!

وەك ئەوەی گوتبێتم ئارەزووی ئەوەم كردووە كە دەبێت تامی گۆشتی مناڵی شیرەخۆرەی یەهودی بكەم. ئەوەم بیر خستەوە خەریكە وەرزی گێزەر بەسەر دەچێت، ئەگەر لە ئێستاوە تا ئەو كاتە تەنیا گێزەرم پێ بدات بیخۆم، زۆر مەمنوونی دەبم.

گوتی: “ئێستا بۆچی گێزەر؟”

لە لایەن منەوە گێزەر تامی وەنەوشە دەدات و حەزم لە وەنەوشەیە، چونکە بۆنی عەتری گێزەر دەدات. ئەگەر گێزەر لەم دونیایەدا نەبێت، ئەو كاتە حەزم لە وەنەوشە نەدەكرد، ئەگەر وەنەوشەش نەبوایە گێزەرم وەك شێلم یان توور حەز لێ نەدەكرد. تەنانەت لەم بارودۆخەشدا كرداری گیایی ئەوانە، واتە هەر لەم دونیایەدا كە گێزەر و وەنەوشە ڕێگەیەكیان دۆزیوەتەوە خزمایەتی و هاوژینی بكەن، بە ئاسانی، زۆر ئاسان، دەتوانم واز لەم و لەویش بهێنم. ڕۆژێك ئازایەتیی نواند و بەبێ هیچ شتێك پێی گوتم لە ئاكامدا ڕەنج و ئەركەكەی بووەتە هۆی ئەوەی دووگیان ببێت و منداڵەكەش چوار-پێنج مانگانە. لە لاڕوویەكەوە سەیری كردم و بانگی كردم بۆ ئەوەی سكی ببینم، لەوانەیە لەبەر ئەوە بیەوێت پیشانم بدات كە لە ژێر داوێنیدا سەرینێكی نەشاردووەتەوە و هەر بەو جۆرە بەبێ دوودڵی بۆ ئەوەی ئاسوودەی بكەم، گوتم لەوانەیە تەنیا با بێت. بە چاوە گەورەكانیەوە ڕەنگی ئەوانم بیر چووەتەوە سەیری منی دەكرد، باشتر وایە بڵێم بەو چاوە گەورەوە، چونکە چاوەكەی تری وا دەردەكەوت كە تێڕامابوو لەو سوێنكانەی كە مابوونەوە. هەرچەندە زیاتر سەیری دەكرد، خێلتر دەبوو.

گوتی: “سەیر بكەن.”

چەمێنرایەوە بەسەر سكی دا و دەوروبەری سكی پڕڕەنگتر هەڵگەڕا. من هەرچییەك توانام هەبوو كۆم كردەوە و گوتم: “منداڵەكە لە بار بەرن. منداڵەكە لەبار بەرن. ئەو كاتە ئیتر پڕڕەنگتر نابن”.

پەردەكانی لا دابووەوە، بەمەش كوێرەڕێگەیەكم بینی بێ هەست و پڕ لە ئەشكەوت و نهێنییانە بوو، لە بەیانییەوە تاوەكو شەو تەنیا دەنگی با و باڵندەی كۆچەری و لێدانە ورد و دوورەكان و زرینگەی چەكوشی بەردتاشینەكانم تێدا دەبیست. ڕێگەی دا كە ڕۆژەكان لە ماڵەوە بڕۆمە دەرەوە و لە ناو خەلەنگە گەرم و ڕەنگزەردە بۆنخۆشەكاندا بە شێوەیەكی كێوییانە بگەڕێم، شەوەكان (ئەگەر بمویستایە) دەمتوانی ڕووناكیی شار لە دوورەوە ببینم هەروەها ڕووناكییەكانی تریش، ڕووناكیی فانۆسە دەریاییەكان و مەلەوانە چرا بەدەستەكان. كاتێك منداڵ بووم باوكم بۆ من ناوی خستبووە سەر ئەوانە، من (ئەگەر بمویستایە) ئەو ناوانەم لە زەینی خۆمدا دەدۆزییەوە، من ئەمە دەزانم. لەو ڕۆژە بە دواوە بارودۆخی من لەو ماڵەدا خراپ بوو، خراپ لە خراپتر بوون، وازی لێ نەدەهێنام، هیچ كاتێك نەیدەتوانی بەو جۆرەی دەبێت لەگەڵ مندا جیا ببێتەوە، بەڵام لەم لایەنەوە خراپ بوو كە هەموو كاتێك دەهات و بە چیرۆكی منداڵەكەی ئێمە گیانمی دەهێنایە سەر لێوم، سك و سنگی پیشان دەدام و دەیگوت هەر ئێستا لە دایك دەبێت، هەر لەو سەرەتایەوە هەستی بەوە دەكرد كە منداڵەكە لە ناو سكیدا جموجۆڵ دەكات. گوتم: ئەگەر جموجۆڵ دەكات كەواتە منداڵی من نییە.

هەڵبەتە بارودۆخیشم لەو ماڵەدا ئەوەندە خراپ نەبوو، بەڵام ئەوەندەش باش نەبوو، بەڵام من چاكیی ئەوم بە كەم وەرنەدەگرد. دوودڵ بووم كە لەو ماڵە بڕۆم یان نا. گەڵاكان دەستیان كردبوو بە وەرین، من لە زستان دەترسام. نابێت لە زستان بترسیت، ئەویش هەم گەورەیی و چاكەی تایبەتیی خۆی هەیە، بەفر هەوا گەرم دەكات و توندیی دەنگەدەنگ كەم دەكاتەوە. ڕۆژە بێفڕوفێڵەكان زوو تەواو دەبن. بەڵام لەو كاتەدا هێشتا نەمدەزانی زەوی لە بەرانبەر كەسانێكدا كە جگە لەو هیچ شتێكی تریان نییە، چەندە میهرەبانە و دەتوانرێت چەندەها گۆڕ لەودا بدۆزنەوە بۆ زیندووەكان. شتێك كە كارەكەمی دروست كرد، لەدایكبوونی منداڵەكە بوو، بە هۆی ئەوەوە لە خەو هەستام. چ نەهامەتییەكی كێشاوە ئەم منداڵە. پێم وا بوو ژنێكیش لەگەڵ ئەودا دەژیی، چونکە وا دەردەكەوت هەندێك جار دەنگی پێم لە چێشتخانەكەدا دەبیست. ئەمەی كە دەمبینی بەبێ ئەوەی لە ماڵەكەدا دەرمبكەن، خۆم دەچمە دەرەوە، چونکە حاڵم تێك دەچێت. بێدەنگ لە پشتی نیمەكەتەكەوە ڕۆیشتم، چاكەت و پاڵتۆكەمم لەبەر كرد، كڵاوەكەمم كردە سەرم، هیچ شتێكم لە بیر نەكرد، دواتر پێڵاوەكانم لە پێ كرد و ئەو دەرگایەم كردەوە كە بەرەو ڕێڕەوەكە دەكرایەوە. كێوێك كەلوپەل بەردەممی گرتبوو، بەڵام دواجار بە خلیسكان و سەرەو و خوارڕۆیشتن و بازدان، (ئەمیش بە دەنگەدەنگەوە) ڕەت بووم. من وشەی زەواجم بە كار هێنا، كۆتاییەكەی ئەمە جۆرێك بوو لە خزمایەتی. پێویستی بەوە نەدەكرد خۆم بخەمە زەحمەتەوە و پارێز بكەم، چونکە هاوارەكان سەری هەموو دەنگەدەنگێك دادەپۆشن. لانی كەم یەكەمین جاری بوو. هاوارەكان تاوەكو ناو كۆڵانەكە بەدوامدا هاتن. لە بەردەم دەرگاكەدا وەستام و گوێم گرت. هێشتا هەر هاوارەكانم دەبیست. ئەگەر نەمزانیبایە ئەو هاوارانە لە ماڵەكەوە بەرز دەبنەوە لەوانەیە ئەوانم نەبیستایە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمەم دەزانی، بە باشی دەمبیستن. ڕێك نازانم لە كوێدام. لە نێوان ئەستێرەكان و دەنگی گەردووندا بۆ حەوتەوانە دەگەڕام، بەڵام نەمدەتوانی بیدۆزمەوە. بە هۆی بوونی ئەمەوە، هەڵبەتە لەسەر جێگەكەی خۆی بوو. یەكەمین جار باوكم ئەوەی پیشاندام. ئەستێرەكانی تری پیشانی من دابوو، بەڵام تەنیا و بەبێ ئەو هیچ كاتێك نەمتوانیوە جگە لە حەوتەوانە ئەوانی تر بدۆزمەوە. بە دەنگی هاواركردنەكانەوە دەستم كرد بە گەمەكردن هەر بەو جۆرەی كە گەمەم دەكرد، بە دەنگی گۆرانی دەڕۆیشتمە پێشەوە، دەوەستام، دەڕۆیشتمە پێشەوە، دەوەستام… ئەگەر بكرێت ناوی ئەمە بنرێت گەمەكردن. تاوەكو كاتێك دەڕۆیشتم دەنگی هەنگاوەكانم نەیاندەهێشت هاوارەكان ببیستم. بەڵام هەر ئەمەی كە دەوەستام، دووبارە دەمبیستن، هەڵبەتە هەر جارێك دەنگیان نزمتر دەبووەوە، بەڵام چ جیاوازییەكی هەیە كە هاوار نزم بێت یان بەرز؟ گرنگ ئەوەیە كپ ببێت. چەندەها ساڵ پێم وا بوو هاوارەكان كپ دەبن، بەڵام ئێستا ئیتر پێم وا نییە. لەوانەیە بووبوایە لەگەڵ عەشقەكانی تردا، ئەمەم دروست بكردایە، بەڵام خۆ عەشق هیچ كاتێك بەپێی ویستی ئێمە نییە.

 

یەكەیی پیوانی ڕووبەری زەوی بەرانبەر بە 10000 مەتری چوار گۆشە.[1]

. ماڵیك لە شووشە، كە بۆ بەخێوكردنی گوڵ و گیا بە كار دێت. گەرما و شێ و هەوای لە ڕادەی پیویستی تێدایە.[2]

. گوڵیكی وەنەوشەیی كە خۆش ڕەنگ و بۆنە.[3]

. شتیك هاوشیوەی كورسی بۆ دانیشتنی چەند كەسیك بە یەكەوە.[4]

. فەیلەسوفێك كە لێكۆڵینەوە و ڕەخنەی بۆ بەرهەمەكانی كانت دەكرد. [5]

. مادەیەكی سڕكەر و ژانبڕ.[6]

. گیایەكی بیكەڵك كە دەبێت بژار بكرێت.[7]

, لە زمانی فەڕەنسیدا دوو بڕگەیە. Anne –  [8]

. كڵاوێكی پیاوانەی خڕی لیوار گیراوە.[9]

. مێشەكەرانە. خەرەنگەز. مێشێکی گەورەترە لە ڕادەی ئاسایی، كە بە ئاژەڵەوە دەدات و خوێنی دەخوات.[10]

. ئاوێك كە بە لوولە لە سەرچاوەیەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ ماڵەكان.[11]

. هەڵم (ماكی بێ بیچم بۆ سووتاندن) لە زۆربەی وڵاتەكانی ئەوروپادا گاز بە لوولەكیشی دەبرێت بۆ ماڵان، لەباتی چەند سووتەمەنییەك بە كار دێت وەك نەوت. [12]

. گوڵێكی خۆش ڕەنگ و بۆنە، كە بۆ جوانی ڕادەگیریت.[13]

. مادەیەكی بێ ڕەنگ و زیندووە، لە خانەی گیایی و بوونەوەرییەكاندا. [14]

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, SamuelBeckett, په‌ڕاوی بیكێت,