30/04/2024
DidiMn Logo
Top

کۆچیرۆکی زافۆن بە کوردی بڵاو کرایەوە

لە لایەن دیدی من 4 هەفتە پێش ئێستا

بەرگی چاپی کوردیی «شاری هەڵم»، وەشانخانەی پەیک | کارلۆس ڕویز زافۆن

زایەڵەی کەسایەتییەکانی چوارینەی ‹گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان› لە چیرۆکەکانی زافۆندا دەبیسترێتەوە.

وەشانخانەی پەیک لە سلێمانی کتێبی چیرۆکەکانی نووسەری کۆچکردووی ئیسپانی، کارلۆس ڕویز زافۆنی بە ناوی «شاری هەڵم» چاپ و بڵاو کردەوە.

کتێبەکە 11 چیرۆک لەخۆ دەگرێت کە زافۆن لە میانی کارکردن لە چوارینەی «گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان» نووسیونی و دوای کۆچی دوایی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 کۆ کرانەوە و ناوەندی چاپ و پەخشی پلانێتا بە زمانی ئیسپانی بڵاوی کردەوە.

وەشانخانەی پەیک مافی وەرگێڕانی بەرهەمەکەی لە ناوەندی خاوەنمافی ئەنتۆنیان کێریگان لە شاری بەرشەلۆنە، ئیسپانیا وەرگرتووە و ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە کردوویەتی بە کوردی. دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە وەشانخانەکە بڵاوی کردووەتەوە: «کوڕیژگەیەک بۆی دەردەکەوێت چیرۆکەکانی سەرنجی دڵبەرە دەوڵەمەندەکەی ڕاکێشاوە و بڕیار دەدات ببێت بە نووسەر. تەلارسازێک بە نەخشەیەکی تۆکمەی کتێبخانەوە لە قوستەنتینە هەڵدێت. جوامێرێکی نەناسیاو میگێل دێ سێرڤانتێس هەڵدەفریوێنێت تا کتێبێکی بێوێنە و سەمەرە بنووسێت. ئەنتۆنی گاودی گەشتێکی پڕنهێنی بەرەو نویۆڕک دەکات. چێژ لە ڕووناکی و هەڵمیش وەردەگرێت، دەهزرێت دەبێت هەموو شارێک بەم کەرەستانە دروست بکرێت. زایەڵەی کەسایەتییەکانی چوارینەی ‹گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان› لە چیرۆکەکانی زافۆندا دەبیسترێتەوە.»

بەرگی چاپی کوردیی کتێبەکە – دیزاینی ڕاز کامەران، پەیک

کارلۆس ڕویز زافۆن نووسەرێکی هەرە ناسراوی دنیایە و دوای سێرڤانتێس پڕخوێنەرترین نووسەری ئیسپانییە. بەرهەمەکانی بۆ سەروو 50 زمان وەرگێڕدراون و دەیان خەڵاتی بردووەتەوە. لەدایکبووی 1964ـی بەرشەلۆنەیە. ساڵی 1994 تا دواهەناسە، نیشتەجێی لۆس ئەنجڵس لە ئەمریکا بووە. بەرهەمەکانی بریتین لە: سێینەم تەم: شازادەی تەم (1993)، کۆشکی نیوەشەو (1994) و ڕووناکییەکانی سێپتەمبەر (1995)، مارینا (1999)، هەروەها چوارینەی گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان: سێبەری با (2001)، گەمەی فریشتەکە (2008)، زیندانییەکەی ئاسمان (2011) و پێچەڵانی خێوەکان (2016).

«هەمیشە ئیرەییم بە توانستی لەبیرچوونەوەی هەندێک کەس بردووە، ئەوانەی ڕابوردوو لە لایان وەک جلگۆڕینی وەرزانە یان شڕەپێڵاوی ئاخنراوی پشتەوەی دۆڵابە و هەنگاوەکانی جارانیانی پێ نانێنەوە. کڵۆڵانە هەموو شتێکم بیر دەکەوتەوە، هەموویشی لە چرکەساتی خۆیدا خۆمی بە بیر دەهێنامەوە. بیرمە منداڵییەکی شەختەی پڕاوپڕ لە تەنیایی و مردووەساتی ڕۆژگاری خۆڵەمێشیم هەبوو، ئاوێنەیەکی ڕەشیش ڕوانگەی باوکمی دەخافڵاند. یادەوەریی هاوڕێکانم بە ئاستەم دەهێڵمەوە. ڕووخساری منداڵانی گەڕەکی ڕیبێرام هەر لە بەرچاوە، جاروبار لەسەر جادەوبان یاری و شەڕەشەقم لەگەڵ دەکردن، بەڵام نامەوێت کەسیان لە مەڵبەندی پشتگوێخستن ڕزگار بکەم؛ کەسیان، بلانکای لێ بترازێت.»

| دەستپێکی چیرۆکی بلانکا و ماڵاوایی، کارلۆس ڕویز زافۆن، | وەرگێڕانی لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

وەشانخانەی پەیک، وەشانخایەنەیەکی سەربەخۆیە لە شاری سلێمانی کە گرنگی بە ئەدەبیاتی وەرگێڕدراو دەدات. خاوەنی شەش بەرهەمی بڵاوکراوەیەوە و بەرهەمەکان لە کتێبخانەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەستن، لەوانە:

شاری هەڵم – کارلۆس ڕویز زافۆن | کۆچیرۆک | لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
زستان لە سۆکچۆ – ئێلیزا شووا دووساپەن | ڕۆمان | لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
پۆلیسی یادەوەری – یۆکۆ ئۆگاوا | ڕۆمان | لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق
لەناکاو لە دەرگا دەدرێت – ئێتگار کێرێت | کۆمەڵەچیرۆک | لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر
ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان – فیلیپ کلۆودێل | ڕۆمان | لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم – یانیس ڤارۆفاکیس | ئابووری | لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

هاوبەشی بکە

Zafon, وەشانخانەی پەیک,