26/04/2024
DidiMn Logo
Top

یەکەمین کتێبی ئابووریناسە یۆنانییەکە بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

یانیس ڤارۆفاکیس | بەرگی چاپی کوردیی کتێبەکە - دیزاین: ڕاز کامەران، وەشانخانەی پەیک

دیدی من – وەشانخانەی پەیک

لای من یانیس ڤارۆفاکیس یەکێکە لە پاڵەوانە کەمەکان. تا کەسانی وەک ئەو بوونیان هەبێت، هێشتا ئومێد هەیە.

سلاڤۆی ژیژەک

کتێبێکی نووسەر و ئابووریناسی یۆنانی، یانیس ڤارۆفاکیس، لە هەفتەی داهاتوودا بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە، ئەوەش یەکەمین کتێبی ئەو نووسەرەیە کە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

وەشانخانەی پەیک کتێبی لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداریـی ئابووریناسە یۆنانییەکە لە دووتوێی 218 لاپەڕەدا بە ئاگاداری نووسەر و دەزگای پاتاکیسی یۆنانی چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. زانا عوسمان کتێبەکەی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی.

لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم لە بنەڕەتدا بە زمانی یۆنانی لە ساڵی 2013 نووسراوە، دواتر لە ساڵی 2018 بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، لەو کاتەوە بۆ زیاتر لە 30 زمانی دیکە وەرگێڕدراوە.

کتێبەکە هەوڵی یانیس ڤارۆفاکیسە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی کچەکەی لەبارەی بوونی نایەکسانی لە جیهاندا، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتاکانی مێژووی مرۆڤایەتی و داهێنانی دراو و مامەڵەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە کۆمەڵگا بەبازاڕکراوەکان و دونیای ئەمڕۆ.

زانا عوسمان لەبارەی کتێبەکەوە وتی: ”یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کرد دوای خوێندنەوەی کتێبەکە بڕیاری وەرگێڕانی بدەم، ئەوە بوو کە بە زمانێکی سادە و لەڕێی چیرۆکی جیاوازەوە دونیای پڕجەنجاڵی ئابووری و سەرمایەداری ڕوون کراوەتەوە.“

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کتێبەکە بۆ ئەو کەسانەی هیچ پێشینەیەکی خوێندنەوەیان لەبواری ئابووریدا نییە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت، هاوکات بۆ ئەو خوێنەرانەشی کە سەروکارێکیان لەگەڵ ئابووریدا هەیە، بە تێڕوانینی نوێ بۆ پرسە ئابوورییەکان ئاشنایان دەکات.

یانیس ڤارۆفاکیس یەکێکە لە نووسەر و ئابووریناسە دیارەکانی جیهان کە بەردەوام لەبارەی ئابووری و سیاسەتەوە دەنووسێت. لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەی شەش مانگ وەزیری دارایی یۆنان بووە، دواتریش بووە بە هاودامەزرێنەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە ئەورووپا (DiEM25) . ڤارۆفاکیس خاوەنی چواردە کتێبە، لە ناودارترینیان «ئایا لاوازەکان ئەوە دەچێژن کە دەبێت بیچێژن؟: ئەوروپا، سیاسەتی دەستپێوەگریی ئابووری و هەڕەشەی سەر سەقامگیری جیهانی»، یادەوەریی ئەزموونەکانی لە حکومەتدا بە ناوی «کەسە ژیرەکانی ناومان: جەنگی من لەگەڵ دامەزراوە ڕەگداکوتاوەکەی ئەورووپادا».

وەشانخانەی پەیک مافی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانی کوردیی کتێبەی لە دەزگای پاتاکیسی یۆنانی کڕیوەتەوە و کتێبەکە لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بەردەست دەبێت، کە بڕیارە لە ڕۆژانی 18 تا 27ـی 11ـی 2020 بەڕێوە بچێت.

هاوبەشی بکە

Yanis Varoufakus, وەشانخانەی پەیک,