24/04/2024
DidiMn Logo
Top

یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی ئێتگار کێرێت بە کوردی بڵاو کرایەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

کۆمەڵەچیرۆکی «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت» | نووسەری ئیسرائیلی ئێتگار کێرێت

دیدی من – وەشانخانەی پەیک

وەشانخانەی پەیک کۆمەڵەچیرۆکی «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت»ی نووسەری بەناوبانگی ئیسرائیلی ئێتگار کێرێتی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کردەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا دەست دەکەوێت. ئەم کتێبە دەبێتە یەکەم کتێبی ئەم چیرۆکنووسە ئیسرائیلییە بە زمانی کوردی.

کۆمەڵەچیرۆکەکە پێکدێت لە 17 چیرۆکی هەڵبژێردراو لە چیرۆکەکانی ئێتگار کێرێت کە لە پێش ساڵی 2018وە نووسراون، ژیوار جەوهەر لە زمانی ئینگلیزییەوە کردویەتی بە کوردی و نووسەر پێشەکیی بۆ چاپە کوردییەکە نووسیوە.

بەرگی پێشەوەی چاپی کوردیی کۆمەڵەچیرۆکی «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت» | دیزاینی بەرگ: ڕاز کامەران\پەیک

لە ڕووی شێواز و ستایلی نووسینەوە، چیرۆکەکان جیاوازن، بەڵام دواجار هەموویان دەچنە سەر یەک بیرۆکەی بنچینەیەیی. نووسەرێک لە ژوورێکدا دانیشتووە، ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە کە دواهەمین چیرۆکی خۆی نووسیوە، سێ کەسی نەناس لێی بەژوور دەکەون و بە زەبری هێز داوای لێ دەکەن چیرۆکێکیان بۆ بنووسێت؛ ماسییەک دەبێت بە مرۆڤ و دواتریش بە یەکێک لە بەناوبانگترین بازرگانەکانی پلاستیک لە جیهاندا؛ درۆزنێک تووشی هەموو ئەو کەس و ئاژەڵانە دەبێتەوە کە درۆی لەبارەیانەوە کردووە؛ دونیایەک کە تەنها ئەو کەسانە دەبینیت خۆشت دەوێن… لەم کۆمەڵەچیرۆکەی ئێتگاردا، مردوو و زیندووەکان، منداڵانی بێدەنگ و ئاژەڵانی قسەکەر، خەونەکان و ژیانی ڕاستەقینە هەموویان لە دونیایەکی شڵەژاو و ناسەقامگیردا پێکەوە هەڵدەکەن.

«ئێتگار نووسەرێکی زۆر چاکە. بە هیچ جۆرێک لە هیچ کام لەو نووسەرانە ناچێت کە دەیانناسم. دەنگی نەوەی داهاتووە.»

ـــ سەلمان ڕوشدی، ڕۆماننووس

چیرۆکەکانی ئێتگار دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێنەوە، رووداوگەلێکی سەیر و نەبینراو، بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە و گێڕانەوەیەکی سوریاڵی؛ کورت، بەڵام چڕ. کایل سمیس، کە ڕەخنەگرێکی بەنێوبانگی ئەمریکییە، پێی وایە ئێتگار دەتوانێت بە شەش پەرەگراف زۆر زیاتر بکات لە زۆربەی ئەو نووسەرانەی بە 600 لاپەڕە دەتوانن بەرهەمێکی باش بنووسن. تەنانەت پڕۆژەی باریکترین خانوو لە جیهاندا بە ناوی ئەمەوە کراوە، کە لە مەودای پانیی 152 سانتیمەتردا دروستکراوە، لە لایەن ئەندازیارێکی پۆڵەندییەوە بە ناوی یەعقوب سازنی لە وارشۆو، پۆڵەندا – بە هۆی تایبەتمەندیی کورتی و چڕیی چیرۆکەکانی ئێتگار، ئەم پڕۆژەیەی بە ناوی ئەمەوە کردووە، «ماڵەکەی کێرێت».

ئێتگار کێرێت لەناو پڕۆژەی «ماڵەکەی کێرێت؛ باریکترین خانوو لە جیهاندا» | وێنە: Bartek Warzecha

پێشەکیی نووسەر بۆ چاپی کوردیی کتێبەکە:

یه‌كه‌م جار كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و گڕكانه‌ دامركاو و به‌-به‌فر-داپۆشراوه‌م بیست، ته‌مه‌نم پێنج ساڵ بوو. برا گه‌وره‌كه‌م به‌ دڵخۆشییه‌كی زۆره‌وه‌ چیرۆكی «كه‌شتییه‌كه‌ی نووح»ـی نێو ئینجیلی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌. چیرۆكه‌كه‌ سه‌رنجی ڕاكێشام و كاتێكیش براكه‌م بۆی گێڕامه‌وه،‌ كه‌ له‌ كۆتایی تۆفانه‌كه‌دا كه‌شتییه‌كه‌ خۆی له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیایه‌كی ئه‌فسانه‌ییدا ده‌بینێته‌وه‌، نه‌مده‌توانی ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵم ده‌ربكه‌م و بڕیارم دا ڕۆژێك، كه‌ گه‌وره‌ بووم، بچمه‌ سه‌ر لووتكه‌‌كه‌‌ی. له‌ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تاییشدا، چه‌ندین شوێنی تایبه‌تی دیكه‌ هاتنه‌ نێو ڕیزی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌مویست گه‌شتیان بۆ بكه‌م: له‌نده‌ن، به‌یرووت، تبت، جه‌مسه‌ری باشوور، به‌غدا و چه‌ندان شوێنی دیكه‌ش. به‌ڵام له‌نێو لیستی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌مویست گه‌شتیان بۆ بكه‌م، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ ده‌فته‌ره چرچولۆچبووه‌كانمدا نووسیبووم، ئارارات هه‌میشه‌ یه‌كه‌م دانه‌ بوو، به‌ پیتی زۆر گه‌وره‌ ده‌منووسی، هه‌ر پیتێك هێنده‌ی شاخێك به‌رز. له‌ ڕێی خولیا و په‌رۆشیم بۆ چیای ئاراراتەوە‌ بوو كه‌ یه‌كه‌م جار ده‌رباره‌ی كوردان و كۆماری كوردیی ئاراراتم بیست، ئه‌وه‌ی‌ ناویان لێ نابوو ”چیای ئاگری“.

ساڵان تێپه‌ڕین و ده‌فته‌ره‌ چرچولۆچه‌كه‌ش ده‌مێكه‌ ئاسه‌واری نه‌ماوه‌. سه‌ردانی به‌شێك له‌و شوێنانه‌م كرد، كه‌ له‌نێو لیسته‌كه‌مدا بوون، ئه‌وانی دیكه‌، ڕه‌نگه‌ قه‌ت نه‌توانم. به‌ڵام ئێستا، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌چیرۆكم به‌ كوردی، هه‌مان هه‌ستی دڵخۆشیم هه‌یه‌ كه‌ به‌ منداڵی هه‌مبوو—كاتێك سه‌یری لیسته‌ خه‌یاڵییه‌كه‌ی گه‌شتكردنی داهاتوومم ده‌كرد. چونكه‌ ده‌زانم ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی جه‌سته‌ییش زۆر لێی دوور بم، ده‌وردراو به‌ چه‌ندین سنوور و به‌ربه‌ستی سه‌ر ڕێگه‌كان، كه‌ هه‌رگیز ناتوانم به‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌م لێیان ده‌رباز بم، له‌ ڕێی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ وه‌رگێڕدراوه‌مه‌وه‌؛ بیركردنه‌وه‌، خه‌یاڵ و په‌رۆشییه‌كانم ئێستا له‌ لووتكه‌ی ئه‌و چیا‌ ئاگرینه ئەفسانەییە كه‌مێك نزیكتر ده‌بنه‌وه‌‌.

ئێتگار کێرێت، چیرۆکنووس، دەرهێنەر و سیناریۆنووسێکی خاوەنخەڵاتی ئیسرائیلییە، لە ساڵی 1967 لەدایکوباوکێکی ڕزگاربووی هۆڵۆکۆست هاتووەتە دنیاوە. خاوەنی 10 کۆمەڵەچیرۆک، دوو کۆمیک، پێنج کتێبی منداڵان و کتێبێکی یادەوەرییە. کتێبەکانی بۆ 48 زمان وەرگێڕدراون. براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە مەدالیای هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی فەڕەنسا، خەڵاتی ساپیر بۆ ئەدەبیات، کە ناودارترین خەڵاتی ئەدەبییە لە ئیسرائیل، هەروەها خەڵاتی کامێرای زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کان. ئێتگار یەکەم چیرۆکی خۆی لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە کاتی خزمەتی سەربازیدا نووسیوە.

پۆرترەیتی ئێتگار کێرێت | ئیلوسترەیتەر: ڕاز کامەران، بۆ پەیک

وەشانخانەی پەیک لە ماوەی ڕابردوودا یەکەمین سێ کتێبی خۆی چاپ و بڵاو کردەوە؛ «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»ی فیلیب کلۆودێل، «لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدەوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری» و «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت»ی ئێتگار کێرێت. تەواوی چاپکراوەکانی پەیکی مافی بڵاوکردنەوەیان بە زمانی کوردی لە نووسەر یان دەزگای خاوەنماف وەرگیراوە.

هاوبەشی بکە

Etgar Keret, وەشانخانەی پەیک,