22/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی ئێمیلی: ئێمیلی دیکینسن لە سەدەی بیستویەکدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
مادێح پیریۆنسی

ژمارەی ئەو کارە ئەدەبی، ھونەری و لێکۆڵینەوانەی لە سەدەی بیستویەکدا لەسەر ئێمیلی دیکینسن کراون کەم نین. بۆیە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە باسی ھەموویان بکرێت و تەنها چەند نموونە لە تازەترینەکانیان دەخرێنە بەرچاو.

سینەما

فیلمی سۆزێکی بێدەنگ[1] فیلمێکی ئەمریکی – بەریتانیی بەرھەمی ساڵی 2016ـیە، سەبارەت بە ژیانی ئێمیلی دیکینسن. ئەم فیلمە بە زمانی ئینگلیزی و کاری دەرھێنەری ئینگلیز تێرەنس دەیڤیسە. لە دوای ماوەیەکی چەند ساڵە، دەیڤیس توانی بەم فیلمە ناوی خۆی بخاتەوە سەر زاران. سینتیا نیکسۆن، ئەکتەری ئەمەریکی، ڕۆڵی سەرەکی، واتە دەورانی پێگەیشتوویی ئێمیلی دەگێڕێ لە فیلمەکەدا. ئێما بێڵ ڕۆڵی تەمەنی منداڵیی ئێمیلیی ھەیە. کیت کەرەدین[2] ڕۆڵی باوکی ئێمیلی و جێنیفەر ئیڵی[3] ڕۆڵی لاڤینیای خوشکی ئێمیلی دەگێڕن. زۆربەی فیلمەکە لە ماڵی باوکی ئێمیلی دیکینسندا، لە ئەمھێرستی ماساچووسێتس، تۆمار کراوە.

 

پۆستەری فیلمی سۆزێکی بێدەنگ

پۆستەری فیلمی سۆزێکی بێدەنگ

 

دەیڤیس وەکو نووسەر و دەرھێنەری سۆزێکی بێدەنگ ھەوڵی داوە فیلمەکە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان ڕێک بخات و تا دەکرێت لە ھێڵی مێژوو لا نەدات. دەکرێت بگوترێت کە تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی لایەنی مێژووییدا، ھەرچەند لە ھەندێک شوێندا گێڕانەوەی فیلمەکە لەگەڵ فاکتەکانی مێژوودا یەک ناگرنەوە. بەڵام دیارە ئەو لادانە زیاتر لە قەسد و بۆ بەھێزکردنی باری فیکشنی فیلمەکە و قووڵکردنەوەی گێڕانەوەکە بووە، ھەتا لەبەر نەزانیی نووسەر لە مێژوو. بێگومان ئەم فیلمەش وەک ھەموو فیلمێکی تر ناتوانێت چەند دەیە ژیانی شاعیرێک لە سەعاتێک و دواندا بگێڕێتەوە، بێ ئەوەی بڕێک لە لایەنەکان پشتگوێ بخات. سۆزێکی بێدەنگ زیاتر ھەوڵ دەدات ژیانی ئێمیلی دیکینسن وەک کچێکی سەدەی نۆزدەیەمی ئەمەریکی کە لە بنەماڵەیەکی مەسیحیدا لە دایک بووە، بگێڕێتەوە. باس لە ژیان و کێشەکانی ئەو کچە بکات لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئەمەریکای سەدەی نۆزدەیەمدا، لە چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ باوکی کە مەسیحییەکە “بە دڵێکی پاک و ترسناکەوە”، بەڵام ھاوکات باوکێکی بەسۆزیشە. فیلمەکە ھەروەھا لەو مەسەلەیە دەکۆڵێتەوە کە چۆن ئێمیلی دیکینسن ھەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی ڕۆح و فیکر لە نۆرمەکانی کۆمەڵگە و ئەنستیتووتە ئایینییەکان دەدات. ڕەنگە ھەندێک لایەنی ژیانی وەکو باخەوانی و پەیوەندیی لەگەڵ گوڵ و گیا و سروشتدا پشتگوێ خرابێت.

پێویستە ئەوەش دەربارەی فیلمەکە بگوترێت کە دەیڤیس سەرکەوتوو بووە لە تێھەڵکێشانی ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسن لەگەڵ فیلمەکەدا. زۆر جار لە فیلمەکەدا یەکێ لە شێعرەکانی ئێمیلی دیکینسن دەخوێنرێتەوە کە لەگەڵ ئەو بەشە لە فیلمەکەدا ڕێک دەکەوێت. ئەمەش بووە بە ھۆی دەوڵەمەندتربوونی فیلمەکەوە. وەک خوێنەر ئاگادارە، ئێمیلی دیکینسن شاعیرێکی پڕکار بوو و نزیکی 1800 پارچە شیعری نووسیون. بۆیە ھەڵبژاردنی چەند شێعرێک بۆ خوێندنەوە لە فیلمەکەدا ڕەنگە ئاسان نەبێت. دەیڤیسیش چەند ھۆنراوەیەکی بەناوبانگی ھەڵبژاردووە بۆ فیلمەکەی.

 

پۆستەری بەڵگەفیلمی نامەکەی من بۆ جیھان

پۆستەری بەڵگەفیلمی نامەکەی من بۆ جیھان

 

بەرھەمھێنەرەکانی سۆزێکی بێدەنگ، دوای فیلمەکەی دەیڤیس، بەڵگەفیلمێکیان بە ناوی نامەکەی من بۆ جیھان’[4] لە ساڵی 2017ـدا لەسەر ئێمیلی دیکینسن دروست کردووە. ئەم بەڵگەفیلمە تازەیە و ھێشتا لە ھیچ کوێی جیھاندا پیشان نەدراوە. سینتیا نیکسۆن لە جێی ئێمیلی دیکینسن قسە دەکات و فیلمەکە لە دەرھێنانی ساڵ پاپادۆپوولۆسە[5]، کە خۆی لە بەرھەمھێنەرەکانی سۆزێکی بێدەنگ بوو. ھەروەھا توێژەرانی شیعری ئێمیلی دیکینسن وەکو جێرۆم چەرن و مارتا وەرنەر لە فیلمەکەدا دەربارەی ئەو شاعیرە قسە دەکەن.

کتێبەکان

جگە لە شیعرەکان و نامەکانی ئێمیلی دیکینسن، کە دەیان جار چاپ کراونەتەوە، کتێب سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن بە زمانی جۆراوجۆر کەم نین. لێرە من سەبارەت بە دوو کتێبی تازەی نووسراوەی جێرۆم چەرن چەند دێڕێک دەنووسم، وەک سوپاسێک بۆ ئەوەی کتێبەکانی بۆ ناردبووم.

تفەنگێکی پڕ[6] کتێبێکی ناخەیاڵیی[7] نووسراوەی جێرۆم چەرن نووسەر و توێژەری ئەمەریکیی سەدەی بیستویەکە سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن. ئەم کتێبە یەکەم جار ساڵی 2015 چاپ کراوە. چەرن لەم کتێبەدا ھەوڵ دەدات ئێمیلی دیکینسن بە خوێنەری سەدەی بیستویەک بناسێنێتەوە. ئەو کەڵکی لە نووسراوەکانی ئێمیلی بە شیعر و نامەوە وەرگرتووە. ھەروەھا وێنەکان و وتووێژەکان و ئارشیڤە مێژووییەکانی پشکنیوە کە بزانێ ئێمیلی دیکینسن بە ڕاستی کێ بووە. جێرۆم چەرن لەو کەسانەیە کە لەگەڵ زۆرێک لەو پێناسە کۆنانەی بۆ ئێمیلی دیکینسن کراون ھاوڕا نییە. بە قەولی خۆی وەکو ڤامپایەرێکی خوێنمژ ساڵانێکی زۆر کوناوکون بە شوێن شیعری ئێمیلی دیکینسندا گەڕاوە، ھەتا باشتری بناسێت. لە شوێنێکدا لەم کتێبەدا دەڵێت ئێمیلی دیکینسن وەک شیعرەکانی ڕازێکە کە کردنەوە و لێی تێگەشتن ئاسان نییە.

دوو کتێبی نووسراوی جێرۆم چەرن سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن

دوو کتێبی نووسراوی جێرۆم چەرن سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن

 

ژیانی نھێینیی ئێمیلی دیکینسن کتێبێکی تری نووسراوەی جێرۆم چەرنە سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن. ئەم کتێبە ڕۆمانێکی خەیاڵی مێژووییە. وەک لە ناوەکەیەوە دیارە نووسەر ھەوڵی داوە ژیانی تاکەکەسیی ئێمیلی دیکینسن بە کەڵکگرتن لە خەیاڵ لە ڕۆمانێکدا بنووسێتەوە. ڕۆمانەکە لە زۆر شوێندا لە ھێڵی مێژوو لا دەدات. تەنانەت، ھەندێک لە کارەکتەرەکان لە جیھانی ڕاستیدا بوونیان نەبووە. چەرن خۆی دەڵێت: ”من زۆر حەزم لە مێژووە، بەڵام ئەو کاتەی کە بتوانم بیگۆڕم!“ بۆیە بڕێک جار لە کارەکانیدا مێژوو دەخاتە خزمەتی خەیاڵ.

پیاوسەروەری یەکێکە لە تێمە گرنگەکانی ڕۆمانەکە. نووسەری ڕۆمانەکە باسی شاعیرێکی ژن دەکات لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئەمەریکای سەدەی نۆزدەدا. ژنێک کە لە زۆربەی پیاوەکانی دەوروبەری تێگەیشتووترە. لە شوێنێک لە ڕۆمانەکەدا باوکی ئێمیلی شیعرەکانی ئاستینی کوڕی دەشوبھێنێت بە ھەڵبەستەکانی شەکسپیر، لە کاتێکدا گەورەترین شاعیری ئەمریکا کچیەتی و ئەو حازر نییە دانی پێدا بنێت. ئێمیلی لە ڕۆمانەکەدا ناوێکی لە باوکی ناوە و پێی دەڵێت ”پەتریارک” یانی پیاوسالار! کارەکتەرەکەی باوکیشی زۆر سەرنجڕاکێشە! ئاغای ئەمھێرتسە بۆ خۆی و بە دەگمەن پێدەکەنێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا جۆری گێڕانەوەی داستانەکە لە بڕێک شوێندا وەک کارەکتەرێکی کۆمیک دەری دەخات. بۆ نموونە لەوێدا کە بە کاڵێجی مانت ھۆڵیۆک دەڵێ: ”ئەو کاولبووەی پشت کێوکەکان!“

چەند نموونەیەکی ئاماژەی ڕۆمانەکە بە تێمی پیاوسەروەری ئەمانەن:
”دەرگاکە دەکەمەوە. دڵم خۆی دەکێشێت بە دیواری سنگمدا، بەڵام دەگەڕێتەوە دواوە بۆ ناو سینەم، چون دڵی کچان ھیچ شوێنێکی ڕاستی نییە بۆ چوون…“

یان لە دوای چاوپێکەوتنی کوڕێک کە بنەماڵەکەی تووڕە دەکات:
”بۆ دوو ڕۆژ لەگەڵمدا قسەیان نەکرد. نەمدەوێرا توخنی پەتریارک (باوکم) بکەوم. باوکم بۆ دوو ڕۆژ قسەی لەگەڵ کچە ھەرزەگەردەکەی نەکرد، ئەگەرچی ئەو خواردنەم بۆ ساز کردبوو، کە زۆر حەزی لێی بوو- مریشکی برژاو و شۆرباوی لەتکە…
من بۆم نەبوو تەنها لەو سەروازخانەیە بچمە دەر! تەنانەت نەمدەتوانی لەگەڵ سەگەکەشم بچم بۆ پیاسە – باوکم کارلۆی (سەگەکەم) بە شەریکی تاوانەکەم دەزانی و بە جاسووسی لە قەڵەم دەدا…“

وەک دیارە لە شوێنێکدا زمانی نووسراوەکە جیدییە و لە شوێنێکدا نووسەر گاڵتە بە شتەکان دەکات. ئەمەش لە زمانی خودی ئێمیلی دیکینسن نزیکە، کە ھەندێک جار ڕەگەیەکی شۆخیی تێدایە.

مۆزەخانە

ماڵەکەی دیکینسنەکان لە ئەمھێرست ساڵەھایە کراوە بە مۆزەخانە. لە ساڵی 2017ـدا پیشانگەیەکی تایبەت بە ئێمیلی دیکینسن لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مۆرگەن لە شاری نیو یۆرکدا دانرا. پیشانگەکە بریتی بوو لە شیعرەکان، دەستنووسەکان، فلۆراکان و جلەکان و ھەمووی کەلەپوورەکانی ئەو شاعیرە.

وەرگێڕانەکان

شیعری ئێمیلی دیکینسن بە ژمارەیەکی زۆر زمان وەرگێڕدراون. بڕێک لەو زمانانەی کە نووسەری ئەم وتارە ئاگای لێیە بریتین لە فەڕەنسی، ڕووسی، ئیسپانیایی، کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، عەرەبی و فارسی. جگە لە وەرگێڕانی شیعرەکان، نووسراوەی زۆریش سەبارەت بە ئێمیلی دیکینسن بە زمانەکانی غەیری ئینگلیزی ھەیە. لە شوێنێکدا نووسەرێکی فەڕەنسی گلەیی دەکات کە بۆچی نووسەرە ئەمەریکییەکان ئاگایان لەو نووسراوانە نییە کە لەسەر ئێمیلی دیکینسن بە فەڕەنسی نووسراون و کەڵکیان لێ وەرناگرن.

سێ وەرگێڕانی جیاوازی فارسیی ئێمیلی دیکینسن

سێ وەرگێڕانی جیاوازی فارسیی ئێمیلی دیکینسن

 

سەبارەت بە کوردیی ناوەندی، کۆمەڵێک لە شیعرەکانی ئێمیلی دیکینسن لە ساڵی 2016ـدا وەرگێڕدراون. ئەم کۆمەڵەشیعرەی ئێمیلی بە وەرگێڕانی مادێح پیریۆنسی لەژێر ناوی شاژنی وەنەوشە شەرمنەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چاپەمەنیی مانگ، چاپ بووە.

 

وێنەی وەرگێڕانێکی کوردی و وەرگێڕانێکی فارسیی ئێمیلی دیکینسن

وێنەی وەرگێڕانێکی کوردی و وەرگێڕانێکی فارسیی ئێمیلی دیکینسن

 

[1] A Quiet Passion

[2] Keith Carradine

[3] Jennifer Ehle

[4] My Letter to the World

[5] Sol Papadopoulos

[6] A Loaded Gun

[7] Non-fiction

هاوبەشی بکە

DidiMn Birthday, DidiMnPoetry, Emily, Emily Dickinson,