05/12/2019
DidiMn Logo
Top

ئەو کاتەى ئینگرید پیاسە دەکات؛ دەربارەى ئەم ڕۆژانە… دەربارەى سینەما

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

 حەمە قادر

چى لەم هەمووە بکەم… ئەم هەموو تاریکییە… ئەم هەموو ڕووناکییە؟

ژان لووک گۆدار، لە مێژووەکانى سینەما

 

سفر.

چۆن دەتوانین وزەیەک کە لەسەر شەقامەکانی ئێستاى کوردستان هەیە، لە سینەماشدا بدۆزینەوە؛ شەقامەکانی سینەما لە کوێن؟ پێرسۆناژەکانی سەر شەقامەکان، هەمان پێرسۆناژى ناو سینەماش نین؟ ترس و دڵەڕاوکێ و پاشان ئومێدەکانى سینەما لە کوێن تا ئێمە بانگیان بکەینەوە؟ دۆخى ئێستا دۆخى بانگکردنە، دۆخی بانگهێشتی ڕۆح و جەستەى سینەما بۆ ڕاتەکاندن و دەرهێنانى هیوایەک لێی، تا هەناسە بداتەوە بە پەیوەندیمان، بە ژیان و تەنانەت بە خودى سینەماشەوە. ئەو جەستانەى ئێستا لەسەر جادەکان لە خوێندا گەوزاون و ئەو خوێنەى بە سەرماى ئەم زستانە وشک دەبێتەوە و ئەو سەرانەى لە قیر دەخشێنرێن، ئەو دیوارانەى شەوانە بۆ بەندکراوان تەسکتر دەبنەوە، ئەو تەقە و هاوار و قیڕانەى لە فەزادا بڵاو بوونەتەوە (ئەگەرچى ڕەنگە تازە نەبن و بێگومان تازە نین)، ئەو جلوبەرگانەی بە دەستى پۆلیسەکانەوە ڕادەکێشرێن و دەدڕێن، ئەو دەستانەی قوفڵ کراون، ئەو دەمانەى دەمکوت کراون، ئەو زمانەى ئێستا زیاد لە هەرکات داوای شڵەژان دەکات… ئەمانە، هەموو ئەمانە چۆن دەتوانن لە نائومێدییەوە بمانبەنەوە بۆ ئاسۆیەک، ڕووناکییەک، سەرەتایەک، ئەلفێک… بۆ دەستپێکردنەوە؟

ئەم کورتە یاداشتە پەرتەوازانە کە لەڕاستیدا پڕۆژەى فیلم وتارێکن، جۆرێک پەلهاوێشتنى سینەفیلین لەناو تاریکی سینەمادا، بانگهێشتکردنەوەی مێژووى سینەمایە، وێنەکان و دەنگەکانی، وشەکان و ناوەکانی و هەڵکڕاندنیان، ڕێک وەک زیندانییەک کە دیوارەکانى چواردەوری دەکڕێنێت، دەیکڕێنێت و شتێک دەنووسێت، ئەگەر نەشکرا شتێک دەکێشێت تا لە بێسنوورەکان سنوورەکانى خۆى دروست بکاتەوە، تا مێژووی خۆى دابڕێژێتەوە و گۆدار وتەنی: سینەما تەنیا شوێنێکە و شتێکە کە بیرمان دەخاتەوە: دەتوانین مێژوویەکى تایبەت بە خۆمان دروست بکەین.

 

یەک:

ئەگەر ئێمە فیلمێک دروست بکەین و لە هۆڵێکدا نمایشی بکەین، لە کوێ دەوەستین؟ ئەمە ڕەنگە پرسیاری یەکەم و گرنگترینیش بێت بۆ گەشتێک، ئێمە کێین؟ لە کاتى کردنى ئەم پرسیارەدا ئێمە دەرهێنەرى فیلمەکەین. ئێمە کە ئەم پرسیارەمان لێ کراوە و بڕیار وایە بە دیاریکردنى شوێنی خۆمان، خۆمان لە دەرهێنەرەوە بکەین بۆ ئۆتۆر و دواتریش بە بینەر؛ واتە جۆرێک دەرهێنەر- ئۆتۆر- بینەر، کە سەرجەمیان پێویستی بە دڵەڕاوکێی شوێنى وەستانمانە لە هۆڵەکەدا. لێرەدا کێشەى ئێمە چۆڵکردنى کورسییەکەى خۆمانە بۆ بینەرێکى زیاتر، یان نەبوونى وزەى بینینەوەى چەندبارەى فیلمەکەى خۆمان نییە؛ ڕەنگە کێشە ئەو پرسیارە بێت کە ناچارین لە خۆمانى بکەین: دەرهێنەر لە کاتى نمایشی فیلمەکەی لە هۆڵێکدا دەبێت تەماشاى کوێ بکات؟ فیلمەکەى لەسەر پەردە یان دەموچاوى بینەرەکان؟ ئەگەر ئەمەش پرسیارى سەختى ئێستا بێت، کەواتە با هەر لەم دەستپێکەوە بڵێین ئێمە دوو جۆر دەرهێنەرمان هەیە لە مێژووى سینەما؛ ئەوانەى کاتى نمایشی فیلمەکەیان وەک بینەرەکانى تر تەماشاى فیلمەکەیان دەکەنەوە، یان ئەوانەى واز لە پەردەکە دەهێنن و سەیرى بینەرەکان دەکەن؛ بەڵام ئایا جۆری سێیەمى دەرهێنەرمان نییە و ناتوانین هەمانبێت؟

لە مێژووى سینەمادا زۆرینەى دەرهێنەران سەیرى پەردەکان دەکەنەوە، زۆر کەمیشیان سەیرى بینەرەکان، بەڵام کردنی پرسیارەکە لە بنەڕەتەوە گومانکردنە لە دۆخ و شوێنی فیلمێک وەک دوا وێستگە: نمایش! کە پرسیارى دەرهێنەر لە دۆخی خۆى و پەیوەندیی بە مێژووى سینەماوە دەیوروژێنێت. لەبەر ئەمەشە کە دەرهێنەران هەرگیز نایانەوێت و ناتوانن قسە لەسەر فیلمەکانیان بکەن. بۆچى؟ وەڵامی حازربەدەست هەمان قسەى جیم جاڕمووشە کە فیلم وەک بوونەوەرێکى تەنیا دەبینێت کە بە جیهاندا ئاوارە بووە. ئەم گوتەیە ڕەنگە پەیوەندییەکی کاتیی دەرهێنەر بە فیلمەکەیەوە ڕوون بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت پەیوەندییەکانى ترى فیلم ــ فیلم و فیلم ــ دەرهێنەر و مێژووى سینەما ببینێت. لەڕاستیدا ئەوەى کە لە قسەکەى جارموشدا ون بووە، فیلمەکانن، فیلمەکان کە فیلم بەهانەیە بۆیان. کەواتە دەبێت لە فیلمەوە بگەینە فیلمەکان، لە بنەڕەتەوە ڕەنگە ”شوێنى وەستانی دەرهێنەر لە هۆڵدا نەبێت، لە ناو فیلمەکان یان مێژووى سینەمادا بێت.“ بە فیلمەکان ــ کردنى فیلم (filmsizing the film) هێزێکى دەوێت کە چییە و چۆنە، ڕەنگە گرنگ نەبێت، گرنگ نین، چونکە وەڵامى پێشوەختە بۆ ئەم پرسیارە وەڵامى ئێمەشە؛ سینەما شوێنى شکستخواردوانە و تەنیا شتێکە سینەفیلەکان هەیانە و دەبێت هەیانبێت، دووبارەکردنەوەى ئەم تەنیا شتەیە کە جۆرێک مەیلى گەڕان و هەوڵ دروست دەکات. دووبارەکردنەوە و گوتنەوەى ئەوەى تەنیا شتمان سینەمایە.

 

دوو:

تەنیا شتتەنیا شتتەنیا شت… پێویستمان بەم دووبارەکردنەوەیەیە تا شتێک ڕوو بدات؛ هەمیشە کە شتێک زۆر لەبەر خۆمانەوە دووبارە دەکەینەوە و دەیکەینە ورتەورت، وەک چۆن باوەڕداران بە گوتنەوەى بەردەوامی ناوەکانى خودا دەروونیان دەکاتەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەمە بکەین، (لەڕاستیدا هیچ کات سینەما نایەڵێت زیاد لە پێویست دەروونی ببینەوە، تەنانەت ئەوکات کە قووڵ تەنیاین، پڕین لەوانی تر)، دەمانەوێت فیلم بکەین بە فیلمەکان، دەمانەوێت شتێک گەورەتر بکەین، دەمانەوێت و پێویستمانە شتێک بەش بکەین. بەشکردن بە دووبارەکردنەوە یان ناڵەى بەردەوام.

لە گفتوگۆیەکی پێدرۆ کۆستا، بۆ دواندنی نموونەیەکی گرنگی بۆ دەهێننەوە، نموونەی ئەفسانەى ئینانای سۆمەری. بەوپێیەى ئارشگیکاڵ دوو کۆیلەى لە بەردەستە و شوێنى ژیانیان لە بەردەم دەرگاکانە، ئەم دوو کۆیلەیە کاریان چییە؟ کاریان ئەوەیە ئەو کاتەى ئارشگیکاڵ دەناڵێنێت: ”ئەى هاوار لەم هەموو دەرد و ئازارە…“ ئەوانیش دووبارەى بکەنەوە و بەردەوام بیڵێنەوە: ”ئەى هاوار لەو دەرد و ئازارەى تۆ…“، بەم جۆرە ئارشیگیکاڵ باشتر دەبێت! واتە هەر بە گوێگرتن لە قسەى خۆى لە زمانى ئەو دوانەى تر دەرد و ئازارەکەی کەمتر دەبێت؟ بۆ زیاتر تێگەیشتن، دەشتوانین بگەڕێینەوە بۆ دۆستۆیڤسکی، کە لە یاداشتەکانى ژێرزەمیندا ئەم پەیوەندییەى نێوان ناڵەکەرى ئازارچەشتوو و ئەوانى تر بەم جۆرە دادەڕێژێتەوە: ”… بەڕێزان، تکاتان لێ دەکەم یەک جار ناڵەناڵى ئەم مرۆڤە پەروەردەکراوەى سەدەی نۆزدەیەم (ئەوکات کە ددانئێشەى هەیە) ببیستن… ئەو وەک ڕەعیەت و جوتیارەکان ناناڵێنێت، بەڵکو وەک کەسێک کە ڕۆحى لەگەڵ کولتوور و پەروەردەى خۆرئاواییدا تێکەڵ بووە، وەک کەسێک کە وەک دەڵێن خۆى لە میللەت و زەوییەکەى دابڕیوە. ناڵەکانى کەمیک ساختە و تووڕەن، شەو و ڕۆژ وا دەکات. باش دەزانێت ئەم ناڵەناڵەى هیچ کاریگەری لەسەر خۆى نییە… دەزانێت کە لە خۆڕا خۆی و ئەوانى تریش ئازار دەدات… تەنانەت دەزانێت کە ئەوانى تر باوەڕ بە ناڵەناڵەکەى ناکەن و تەنانەت بە خۆیان دەڵێن دەکرێت هێمنتر و ئارامتر بناڵێنێت…؟ بەڵام ئەوەى ئازار دەچێژێت بە خۆى دەڵێت: دەمەوێت بێزارتان بکەم. دڵتان دەگووشم و لە ماڵەوە ڕێگە بە کەس نادەم پشوو بدات. هەستن لە خەو، دەمەوێت هەمووتان لەگەڵ من ئازار بچێژن!“

هەستاندنى ئەوانى تر لە خەو بۆ ئەوەى لەگەڵمان ئازار بچێژن، زۆر گرنگە و ئەمەش بێ ورتەورت و ناڵەناڵ نایەتەدی. جەختکردن لەمەش لەبەر ئەوەیە ڕێگەى ئەم گەشتە دەبێت بەم جۆرە ببڕین. وەک دارکونکەریەک بە وێنەکان و وشەکاندا دەکێشین. تا هەڵیوەشێنین و بگەینە شتێک کە هێشتا نازانین چییە.

پرسیار لە شوێنى وەستانى خۆمان وەک دەرهێنەر لە هۆڵدا، پرسیارە لە میزانسن (پەیوەندیی پەردە و ئێمە و چاوی بینەر) و دەستکاریکردنی، بەڵام تابلۆ ناودارەکەى ئێدوارد هۆپەر دەمانخاتە سەر کەڵکەڵەى گۆڕینى دەڤەرى دەستکاریکردنى ئەم میزانسنە. لە تابلۆى سینەمایەک لە نیۆیۆرک هۆپەر فرەیمەکەی بە جۆرێک داناوە کە پەردەکە تا ڕادەیەکى زۆر شاردراوەتەوە و فەزایەکى زۆر دراوە بە دەرەوەى هۆڵ (و مەیلى چوونەدەرەوە لە هۆڵەکە)، ئەمە دەستکەوتێکە کە پێشتر لە تابلۆ و پاشتریش لە فیلمى ژیانى من بۆ ژینى گۆدار ئەو کاتەى کامێراکەى گۆدار بەبێ هیچ هۆ و مەبەستێک لە ئانا دوور دەکەوێتەوە و پان دەکات. بەرەو کوێ؟ کوێ لێرەدا پرسیاری دیدی چەسپاو و هۆلیوودییە بۆ سینەما کە جووڵەی کامێرا دەبەستێتەوە بۆ درێژەدان بە درام. کامێراکەى گۆدار ئەمە ناکات، بەڵکو بانگهێشتى هاتنەدەرەوەمان دەکات لە فیلمەکە، خەریکی بە فیلمەکانکردنى فیلمەکەیەتى؛ بەڵام بۆ گۆڕینى ئەم میزانسنە، گۆڕینى جۆرێک میزانسنی دەروونییش پێویستە، واتە ڕیکخستنەوەى دەرهێنەر، ئۆتۆر و بوون بە بینەر. دەرهێنەر تەنیا ئەوکات دەتوانێت لە هۆڵەکە بێتە دەرەوە کە وازى لە شوناسی ئۆتۆر و دەرهێنەر هێنابێت و سەرلەنوێ بەناو مێژووى سینەمادا پیاسە بکات، بەم جۆرە لە ترسى شوناسی بینەربوونیش ئەم جارە پیاسەکەر بێت. لێرەدا دەرهێنەر خۆى لە دەرەوەی هۆڵەکە و لە هەموو ناوێک ڕووت بووەتەوە و خۆی وەک پیاسەکەر دەبینێت.

 

 

سێ:

بەگشتى سینەفیلەکان لێکچوونخوازن، ئەوان بەوپێیەى کە سینەما وەک تەنیا شتەکەیان دەبینن، لەناو سینەمادا بە دواى دۆخ، ناو، گفتوگۆ و مەرجى لێکچووى خۆیاندا دەگەڕێن. لەم پەیوەندییەدا سنوورەکانى ژیان-سینەما تەواو کاڵ بووەتەوە، مادام تەنیا شتەکەى ئێمە سینەمایە، کەواتە بە یارمەتى و لەناو سینەماشدا دەژین و تەنیا بەم لێکچوونخوازییەش دەتوانن فیلم بکەینه فیلمەکان و جیهانێک سەرلەنوێ دابڕێژینەوە کە کرۆکە سیاسییەکەى سینەمایە و سینەما بە یەکجارى خۆى لەگەڵ سیاسەت یەکلا دەکاتەوە؛ بەوەى کە سینەما خۆى لە ناواخندا سیاسییە و ئەگەر وا نەبێت سینەما نییە. ئەمەش ئەو کاتە دێتەدی سینەما وەک ڕێکخەرەوەى پەیوەندیی خۆمان و دەوروبەر، خۆمان و جیهان و ژیان ببینین و بزانین کە ئەم پەیوەندییە سینەما دەستکاری دەکات، دایدەڕێژێتەوە، دەیگۆڕێت و دروستى دەکاتەوە. لەبەر ئەمەشە ڕەنگە سیاسیترین دەرهێنەرەکانى مێژووى سینەما ئەوانە بن کە تۆمەتی ناسیاسییان خراوەتە پاڵ، زۆر لەو فیلمانەش هەر بەم بەهانەیە پشتگوێ خراون کە لە هەناویاندا پڕ بن لە ئەگەری سیاسەتکردن. تا سینەما زیاتر بهەژێنین، زیاتر مەترسی دەخەینە سەر ئەو جیهانە چەسپاوەی کە بە سینەماى چەسپاو خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە. هەژاندن لێرەدا کردنەوەى ئەگەری تازەیە بۆ زمانی سینەما؛ ئەگەر جیهانێک بە فۆڕمێک لە زمان بەرگری لە جێگیریی خۆى بکات، بە گۆڕینى زمان لەکار دەکەوێت (وەک جەستەوەردانی چارلى چاپلن لە ناو مەکینەکان لە فیلم مۆدێرن تایم) و گۆڕینى ئەم زمانە کارى پیاسەکەرەکانە، کە ورتەورت لە هۆڵەکان هاتوونەتە دەر و قاچیان ناوەتە ناو مێژووى سینەما. ڕەنگە کێشە گەورەکەی ئەوانەى دەیانەوێت بە چەمکی پێشوەختە و حازربەدەستی فەلسەفی لە سینەما نزیک ببنەوە هەر ئەمە بێت؛ دۆزینەوە و بینینەوەى شتێک کە پێشتر بینراوە و دۆزراوەتەوە، سینەما لێرەدا هیچ ناکات و سینەمایەکى لەکار کەوتووە (سەیریش نییە کە هەر ئەم لەکارخستنەى سینەما بووەتە خوێندنەوەى سیاسی بۆ سینەما، یان شتێک بە ناوى سینەماى سیاسی). لانیکەم ژیل دۆڵۆز ئەو ئازایەتی و ئازارەى هەبوو کە بڵێت:” بۆ قسەکردن لەسەر سینەما هیچ پێویستییەکمان بە فەلسەفە نییە!” بۆچى؟ چونکە دۆڵۆز ئەوەى زانیبوو کە ئەم چەمکانەى پێشوەخت دروستکراون لە ناو سینەمادا ئیش ناکەن و دەشڵێین ئازار، چونکە بەڕاستى ئیعتراف بە شکستى فەلسەفە لە بەردەم سینەما و بۆ فەیلەسوفێک ئێجگار ئازاربەخشە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەى خاوەنى ئەم بیرۆکەیە دەیباتەوە، دەرەوەکانن، دەرەوەکانی سینەما، (دەرەوەى فرەیمەکەی هۆپەر) واتە ڕێک ئەو کاتەى کە لە هۆڵەکە هاتووینەتە دەر و دەست دەکەین بە پیاسە. بە ئیعتراف بەم شکستە، ئەگەرچى وا دیارە شتێکمان لە بەردەم سینەما دۆڕاندووە، بەڵام لەڕاستیدا سینەمامان لەو شوێنەى کە دەبێت هەبێت بردووەتەوە. ڕەنگە بینینمان دۆڕاندبێت، بەڵام پیاسەمان بردووەتەوە (دواتر بۆى دەگەڕێینەوە).

پیاسەکەر (flâneur) لێرەدا هەمان کارى سینەفیلى دەکات؛ بۆ هاوشێوەکانی خۆى لەناو سینەمادا دەگەڕێت و دەچێتە بەردەم دوو پیاسەکەرى گرنگى ناو مێژووى سینەما؛ تراڤیسی تاکسی درایڤەری سکۆرسیزیتراڤیسی پاریس تەکزاسی ویم وێندەرس. لە فیلمەکەى سکۆرسیزیدا تراڤیس بە تەکسییەکەوە پیاسەکارى ناو شارە، بە قووڵى تەنیا و بێکەس و تووڕەیە و بەردەوام دەیڵێتەوە: ”من مرۆڤە تەنیاکەى خوام“، تراڤیس نازانێت چى دەوێت، بەڵام دەزانێت چى ناوێت، شار سینەماکەی ئەوە (تەنانەت ئەگەر هاوڕێ کچەکەشی بۆ بینینى فیلمێکى پۆرن بانگهێشت بکات) کە خۆى دەرهێنەر/پیاسەکەرەکەیەتی و هەر خۆیشى وێرانی دەکات. بەڵام لە فیلمەکەى ویم وێندەرسدا، تراڤیس دڵڕەنجاو و تۆراو پیاسە دەکات، ڕابردوویەکى سەخت و ترسناکی بەجێ هێشتووە و دوور لە شار تۆراوە و دەڕوات. پیاسە دەکات بێ ئەوەى بزانین و بزانێت بۆ کوێ؟ بەڵام کوێ وەک لە سەرەوە گوتمان پرسیارى ئێمە نییە، بەڵام تراڤیس لەم فیلمەدا بە هۆى پەیوەندییەکى تەلەفۆنییەوە دەگەڕێتەوە و جیهانەکەى/سینەماکەى/مێژووەکەى دەستکارى دەکاتەوە. (تەلەفۆنێک کە ڕەنگە تراڤیسى یەکەم بۆى کردبێت) چیرۆکەکان گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە بزانین هەر دوو تراڤیسى پیاسەکەر خەریکى ڕێکخستنى نوێ و کردنەوەى ئەگەرى تازەن.

 

چوار:

travis…travis…travis دووبارەکردنەوەى بەردەوامى ئەم تراڤیسە و کردنیان بە وشە چیمان پێ دەڵێت؟ ئێمە پێشتر گوتمان لە هەر شوێنێک گەیشتینە وشە و وێنەکان هەڵیاندەکۆڵین، دەیڵێینەوە، دووبارەى دەکەینەوە تا ئەگەری بەشکردنەکەى تیا دەربهێنین، دەیکەینە ناڵەناڵ لەپێناو ئەگەری بەرهەمهێنانی جووڵە و دینامیزم. بە گەڕانێکى کورت دەردەکەوێت کە تراڤیس ناوێکى باوە لە تەکزاسى ئەمریکا و بە شیتەڵکردنیشی دەگەینەوە بە گوزەرکردن، تێپەڕین. Crossing  واتە تراڤیس وەک وشە بە ماناى کرۆسینگ دێت، بێگومان بۆ ئێمە ئەمە ئێجگار مژدەبەخشە. بەو مانایەى خودى تراڤیسەکانیش بەرەو دەرەوەی خۆیان و تێپەڕین لە خۆیان دەمانبەن. دۆزینەوەى ئەمە وا دەکات نەوەستین و درێژە بە پیاسەکەمان بدەین.

ئێمە ئێستا لە ناو مێژووى سینەماداین، پیاسە دەکەین و دەمانەوێت سەرلەنوێ ڕیکخستنێکی نوێ بدەین بەم مێزی بیلیاردە، واتە بەفیلمەکانکردنى فیلم. بەستنەوەى نیگاکان، جووڵەکان، ڕێگەکان بە یەک. لە بیرمان نەچێت ئەگەرچى ڕەنگە بەردەوام بڵێن: بۆ مێژووى سینەما دەگەڕێینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى هەموو گەڕانەوەیەک مەترسیی نۆستالژیکبوون و دواتریش بێبەرهەمبوونى لەسەرە، ئێمە ناچارین پێشوەخت گەڕانەوەش تاوتوێ بکەین. دەتوانین گەڕانەوە… گەڕانەوە… گەڕانەوە… گەڕان… گەڕان… گەڕیدە… گەڕیدە و لە کۆتاییشدا گەڕ، کە ڕەگی وشەکەیە. گەڕ لە کوردیدا ئەو توانایەمان پێ دەدات کە گەڕانەوە وەک دەرچوون لە ئێستاوە بەرەو ڕابردوو نەبینین. گەڕی یەکەم، واتە خولى یەکەم. بە ماناى ئەوەی لەم چاوگەدا وازهێنان لە ئێستا بوونى نییە و گەڕانەوەیەکیش ئەگەر هەیە بۆ بەستنەوە و دەربازکردنى ئێستایەکى بەجێماوە. گەڕ بە جۆرێک سووڕانەوەیە، سووڕانەوەیەک کە تەنانەت پێش دەرچوون دڵنیایى هاتنەوەى تێدایە. هەموو سەفەرێکى سینەفیلى بە مێژووى سینەمادا شەرعیەتى خۆى نەک لە گەڕانەوە، بەڵکو لە گەڕەوە وەردەگرێت و ڕەگى گەڕ خێرا توانامان پێ دەدات گەڕانەوە بکەین بە گەڕان و گەڕیدەبوون و گەڕانەوە بە ڕەگی خۆى، بەرگری لە خۆى دەکاتەوە. بێگومان لەم کاتەدا پرسیارێک دێتە بەردەممان: چۆن ئەم نیگا و جووڵە و ڕێگەیانە بخەینەوە لاى یەک، بیدەینە دەم یەک بۆ ئەوەى بکەونەوە کار؟

پێنج:

ئەو کاتەى دێینە دەر، ئایا پێویستە دیسان متمانە بە چاومان بکەین؟ ئەم پرسیارە بۆیە گرنگە چونکە بانگهێشت بۆ بە فیلمەکانکردنى فیلمەکان، بانگهێشت بۆ کۆکردنەوەى مرۆڤ/ئەکتەرەکانى ناو مێژووى سینەما دەکەونە بەردەم مەترسیی مۆنتاژەوە؛ مۆنتاژ وەک لەیەکدانى گرتەکان بۆ گەیشتن بە گرتەی سێیەم! ئێمە لێرە هیچ مرۆڤ/ئەکتەرێک کە نوێنەرایەتیی گرتەیەک دەکات، لە گرتەیەکى تردا ناتوێنینەوە تا بگەینە شتێکى تر، بەڵکو دەمانەوێت وا بکەین ئەم مرۆڤ/ئەکتەرانەى کە هەریەک لە سووچێک یان لە فیلمێک کەوتوون بتوانن پێکەوە ڕێ بکەن. هەڵهاتن لە مۆنتاژ لە سینەمادا کارێکى ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر بەر پلان-سکانسەکانیش و لەسەر پەردە مۆنتاژ نەبینین، دوور نییە لە زەینماندا سەرقاڵى مۆنتاژ بین. لێرەوە پیاسەکەر نابینێت، بەڵکو پیاسە دەکات، چاو ڕەت دەکاتەوە و پێیەکانى دەبینین. دوورخستنەوەى چاو لەم پڕۆسەیە و متمانەکردن بە پێ، بە پیاسە دێتەدی: هەنگاونان، بە دوو قاچى هاوشێوە و ڕیتمى یەکسان تا ئەو کاتەى پێ-بینین دێتە ئاراوە، کە تەنیا و گومناوەکانى مێژووى سینەما نابینرێن و لەیەک نادرێن، بەڵکو ڕێگەکانیان پێ نیشان دەدرێت؛ بە کورتى ئێمە چیتر داوا لە ژنێکى تەنیا و چاوڕاماو لە دەریا لە فیلمێکى یاسیجیرۆ ئۆزۆ لەگەڵ ژنێکى تەنیا و چاوڕاماو لە دەریا، لە ڤێرتیگۆى ئەلفرێد هیچکۆک نادەین لە یەک، بەڵکو بە پێیەکانمان بە لایاندا پیاسە دەکەین. ئەم پیاسەکردنە بە لایاندا، سەرلەنوێ بانگهێشتکردنە. سەیرى پیاسەى مۆنیکا ڤیتى بکەین لە خۆرگیرانی ئەنتۆنیۆنی، لەگەڵ پیاسەى تۆم کرووز لە چاوى تەواو داخراوى کوبریک، لەگەڵ ئینگرید تۆلین لە بێدەنگیی بێرگمان. هەموویان لە شاردا پیاسەى بێهۆ و دڵتەنگانەیان هەیە. ئەمانەن کە لە پڕۆسەى بە فیلمەکانکردنى فیلمەکاندا، کە بەرهەمى پیاسەکانمانە لەگەڵ سینەما هاتوونەتە دەر؛ ئێمە نایانبینین، ئێمە لەگەڵیان دەجووڵێین. ئەگەر زۆریش دوور نەکەوینە و پیاسەکانمان بەرەو چوار کلۆزئاپى چوار فیلمى 2011 ببەین، کلۆزئاپێک لە ئەسپى تۆرینى بێلاتار (سەرى داچەکیوى پیاوى خاوەن ئەسپ)، کلۆزئاپێک لە درەختى ژیانى ترێنس مالیک (سەری پڕلاواندنەوەى جێسیکا جەستن)، کڵۆزئاپى لە چوار جاری مگێلئەنجێلۆ فرامانتینۆ، کلۆزئاپێکى مایکل شانۆن لە فیلمى پەنا بگرە. ئەمانە وەک چوار فیلمى گرنگ، هەواڵى ئەو ساڵەیان پێیە و ئێمە بە پیاسەکانمان دەیانهێنینە لایەک. (لاى یەک نەک لەیەکدانى یەک) و ئەم چوار دەموچاوە پێکەوە دەتوانن بکەونە کار، وەک چۆن دوو ژنى لە دەریا ڕاماو، لەم لاى جیهانەوە (ژاپۆن) لەگەڵ ئەوسەرى دنیا (ئەمریکا) دەتوانن پێکەوە ئیش بکەن، وەک چۆن پیاسە تەنیاکانى ئینگرید و تۆم کروز و مۆنیکاڤیتیش دەتوانن لە پیاسەى بێهۆوە ببنە جۆرێک ڕێپێوان.

 

 

 

شەش:

هێشتا ئەو دوو قاچەى پیاسەى پێ دەکەین نەوەستاون و لەگەڵ ڕێکخستنەوەى مێژووى سینەمادا سەرلەنوێ ڕۆڵى بینەریش دەگۆڕن؛ بینەر ئەوەیە جگە لە چاوتێوەردان، جەستەتێوەردانیش دەکات و مێژووەکان دەخوڵقێنێت. چ هێزێک وا دەکات (لانیکەم بۆ پیاسەکەرێک) ڕێکخستنى خۆى لە مێژووى سینەمادا بخوڵقێنێت؟

وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە لێرەدا ئاسان نییە و ئێمە دەبێت درێژە بە پیاسەکە بدەین و بڕۆینەوە بۆ سەرەتاى ئەو مێژووە، سەرەتاى سەرەتا، ئەو شوێنەى کە برایانى لۆمێر کامێراکەیان داناوە و چاوەڕێی شەمەندەفەرێکن بگاتە وێستگە. دەزانین لۆمێرەکان خاڵى دەرچوون و دەستپێکى سینەمان. گەیشتن بەم خاڵە، دیسان دەمانباتەوە بۆ ورتەورت  و دووبارەکردنەوە، بۆ وتنەوەى بەردەوامیLumière Lumière. Lumière. Lumière.. و لێرەدایە کە ئەم پیاسەیە دەگاتە ئەنجام، بەوەى کە بزانین لۆمیەغ لە زمانى فەڕەنسیدا یانى ڕووناکی!

هاتنەدەرەوەى دەرهێنەر لە هۆڵ، ڕووتبوونەوەى لە هەموو ناوێک و بوون بە پیاسەکەر لێرەدایە مانا وەردەگرێت؛ گەشتێک بۆ دۆزینەوەى ڕووناکی و ئاسۆیەکى نوێ لە گەرمەی بێهیواییدا. وەک ئەوەى هەر دوو لۆمێرەکە یەک مانا نەدەن و ڕەنگە دوو برا بن تا هەمیشە لۆمێر/ڕووناکی، لۆمیەر/سینەما، لۆمیەر/ئومێد بن. لێرەدا باس لە ڕووناکییەکی نازەمینی ناکەین، بەڵکو جەستەیی و جۆرێک جەستە/لۆمێغ… کەواتە لێگەڕێن سەرلەنوێ پیاسەکەمان پێناسە بکەینەوە؛ هەموو چاوەڕوانی لۆمێرەکان بۆ گەیشتنى شەمەندەفەر بە وێستگە، چاوەڕوانییە بۆ ئەو پیاسەکەرانەی لە ئایندەوە گەڕاونەتەوە تا ئەمان وەک ونبوویەک، وەک زەوتکراوێک، وەک ڕووناکییەک ببەنەوە بۆ ئایندە!

بەڵام ڕووناکیی زۆر هەمیشە لە بەردەم مەترسیی بوون بە شەوارەدایە. شەوارە لە ڕووناکیی زیاد لە پێویستەوە دێت. هەمان ڕێگەى کۆنى ڕاوکردن، کە ڕاوچییەکان ڕووناکیی زۆر دەگرنە چاوى کەروێشکەکان تا بە شەوارە بکەون و لە جووڵەیان بخەن و بیانپێکن. سەرجەم ئەم سەفەرەى ئێمە و گەیشتن بە ڕووناکیی لۆمێرەکان لە هەڵکۆڵینی تاریکییەوە هاتووە. بە واتاى ئەوەى ویستى ئێمە ڕووناکییەک نییە بەپێى پێویست، بەڵکو ڕووناکییەک کە بەرهەمی تاریکی بێت، لە تاریکییەوە ئاڵابێت و ڕووناکییەک تاریکی بینیبێت، بەڵام تەسلیمی نەبووبێت، گەیشتن بەم جۆرە لە ڕووناکییە گەیشتنە بە سینەما خۆی؛ سینەما کە تەنانەت ڕامان لە وشەکەشی دیسان دەمانخاتەوە ورتەورت و دووبارەکردنەوەی ناوەکەی: Cinema…cinema…cinema، س/ی/ن/ـەم/ـا، کە پیتەکانى واتە گۆشت و خوێن و ئێسکەپەیکەرەکەى شتێکى تازەمان فێر دەکەنەوە (کە هەمان ڕووناکیی تەسلیمنەبووە بە تاریکی، هەمان کۆتایی پڕ لە دەستپێک) بۆچى ئەلفـی وشەى سینەما دەکەوێتە کۆتایی؟ ئەلفێک کە بڕیار وایە دەستپێک ئەلفوبێ بێت، بۆچى لەوێ؟ لەو کۆتاییە سەربەرز وەستاوە، ئەمە چ کۆتایی/تاریکییەکە کە پڕە یان دەبێت پڕ بێت لە وزەى دەستپێکردن/ڕووناکی؟ ڕاستی لەوێ بێت ڕەنگە؛ ڕاستییەک کە بۆ گۆکردنى شەش پیتەکەى (شەش ڕۆژەکەی) دەمانباتەوە بۆ خەڵقێکى نوێ؛ لە شەشەم ڕۆژدا، لەو کۆتاییەدا ئەم ئەلفە سەربەرز و قیتوقنج وەستا تا هەمیشە بیرمان بخاتەوە کە سینەما بە کۆتایی دەست پێ دەکات و بە کۆتایی دەگاتەوە بە ئەلف/ ڕووناکیی خۆی.

Cinema, Hama Qadir, Wtari Cinema,