23/07/2024
DidiMn Logo
Top

مارا/سادی هیوا فایەق لە نێوان شانۆ و ناشانۆدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

سەردەشت مەحموود

لەبری سەرەتا

قسەکردن لەسەرە هەر بەرهەمێکی شانۆیی بێ پەیڕەوی کردن لە قوتابخانەیەکی شانۆیی یاخود چەند قوتابخانەیەکی شانۆیی، سەرلەبەری دەچێتە بواری هەستی تاکەکەس بەرامبەر بەرهەمی هونەری و وەک کارڵ گۆستاف یۆنگ دەڵێت: ”هەستکردنی تاک بەرامبەر بە هونەر جیاوازە.” بۆیە من نیشانەی پرسیار دەخەمە سەر ئەو نووسینانەی کە پێشووتر لەسەر ئەم کارە شانۆییە نووسراون و نیشانەی پرسیاری گەورەتریش لەسەر ستافی ئەم کارە شانۆیەیە کە وەری دەگرن و شانازی پێوە دەکەن.

مارا/ساد وەک نماییش دەبێت تەماشا بکرێت و ناشتوانین لە خوێندنەوەمان بۆێ بگەڕێینەوە بۆ سەر دەقەکەی پیتەر ڤایس (تەنیا لە حاڵەتی گەڕانمان بۆ بونیادی درامیی کردار و بونیادی مێژوویی کارەکتەر نەبێت، کە ئەویش وابەستەی بونیادی کردار و ڕووداوی ناو نماییشە)، غەدرێکی مەزنە ئەگەر لە ڕوانگەی پیتەر ڤایسەوە بڕوانینە نماییشی مارا/سادی کۆڕی شانۆی با لە سلێمانی و ئەوان بە جێبەجێکاری پلانی نووسەر لەقەڵەم بدەین، بە دوور و نزیک، تەنیا لەڕوی بونیادی درامی و بونیادی مێژوویی کارەکتەرەوە نەبێت، ئەم کارە هیچ نزیکییەکی نییە لە شانۆی دۆکیۆمێنتاریی و پیتەر ڤایسەوە .

15181261_1191801637581134_2634603750137578164_n

یەکەم: دەرهێنان لە نێوان ئاڕتۆ و گرۆتۆڤسکی‌دا

دەرهێنەر وەک دڵی نماییش، لە ڕوانگەی ئاڕتۆوە زۆر نزیک ببووەوە لەو توندوتیژییە گەردوونییەی کە ئاڕتۆ داوای دەکات، ئەو لەبچووکترین ساتەوەختی جوڵاندنی هەر کارەکتەرێکدا لەسەر تەختەی شانۆ و هێنانەناوەی هەر کارەکتەرێک و بردنەدەرەوەی لە بەرچاوی ئێمە، ڕەچاوی ئەو ئەتمۆسفیرە توند و تیژەی کردبوو کە لە ڕوانگەی سادیزمییەوە پێویستە و نووسەر بە دەرخستنی ساد وەک دەرهێنەری یەکەمی ناو نماییش، ئەو ئەتمۆسفیرە سادیزمەی سەپاندووە بەسەر تەختەی شانۆدا، بەڵام هیوا چیی کرد؟ سادەترین ڕەخنە ئەوەیە بگوترێت بۆچی کەشی سادۆماسۆتوشی کوژرابوو لە ناو نماییشدا؟ ئێمە دەرهێنەرێکمان هەیە و ئەم دەرهێنەرە ئەتمۆسفیری سەپاوی دەق دەگۆڕێت بۆ ئەتمۆسفیری تەواو درامی، هەندێک جار وەک نوێنەرێکی سەرسەختی ئاڕتۆ خۆیمان پیشان دەدات و تەواو دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ئەو توندوتیژییە گەردوونییەی کە ئاڕتۆ داوای دەکات: “ترۆپکی ئەم گۆڕانکارییە دیمەنی لێدانی ساد بوو لە لایەن یەکێک لە کچە نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکەوە.”  ڕەنگە بڵێن چۆن گۆڕیویەتی ئەوە کەشێکی تەواو سادیزمییە؟ ئەگەر بە وردی سەرنجتان دابێت، کچەکە بە سەماوە لە ساد دەدات و هەندێک لە ئەکتەرەکانی دواوە چێژ لە لێدانەکە نابینین، بەڵکو دەترسن لێی! خودی ئەو سەمایە ئاماژەیە بۆ ئاگاییەکی زۆر قووڵ بە کردار و جەستە، ئا لێرەوە هیوا دەمانباتەوە لای گرۆتۆڤسکی؛ ”جەستە ئەفسووناویترین پارچەی شانۆیە، ئێمە توانیمان واز لە دیکۆر و ڕووناکی و ئاراییشت و جلوبەرگ بهێنین، بەڵام ناتوانین واز لە ئەکتەر بهێنین”. گرۆتۆڤسکی وای گوت، ئەم گوتە کورتە پوختەی ئەوەیە کە گرۆتۆڤسکی دەیەوێت بۆ شانۆ، بەڵام هەمووی نییە. هیوا لەهەندێک شوێنی نماییشە دوو کاتژمێرییەکەیدا، زۆر هۆشیارانە ئێمەی دەخستە بەرامبەر ئەکتەر و جەستە، ئێمە تەنیا ئەکتەرمان دەبینی، بەڵام بە داخەوە ئەمە کەم بوو، ئەگەر شیاو بێت بڵێم زۆر کەم بوو. دیمەنەکانی لێدانی ساد، کوشتنی مارا، سەرپەڕاندنەکان، نوێژی قەشە و کوشتنی سمۆرە و ڕووبەڕووبونەوەی بەرەکان نموونەی ئەو دیمەنانەن کە ئەکتەر یەک پارچەی نماییش بوو، زۆریش بە ئاسانی دەکرا سەرجەم دیمەنەکان بەو جۆرە بن. ڕەنگە دەرهێنەر ویستبێتی ئەوە بسەلمێنێت دەکرێت نماییشێکی دوو کاتژمێری بکرێت لە باشووری کوردستان، بەڵام بە ڕای من دەکرا کورتتر بکرێتەوە، ئەمە لە ڕوانگەی ڕازیکیردنی دڵ و تەمبەڵیی بینەرەوە ناڵێم، بەڵکو بۆ زیاتر یەکپارچەکردنی نماییش گونجاوتر بوو.

لاوازترین دیمەنەکان ئەودیمەنانە بوون کە ئێمە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی نماییشێکی ئەدەبی دەبووینەوە، بەتایبەت گفتوگۆی نێوان ساد و مارا. ئارتۆ گوتی ”ئەگەر شانۆ دەیەوێت زیندوو بێت، با خۆی لە ئەدەب بەدور بگرێت”، دەکرا دەرهێنەر بە ڕەچاوکردنی ئەو بونیادە کراوەیەی کە نووسەر بەخشیویەتی پێی، ئەو دیمەنانەی لەو چەقبەستووییە دەربکردیایە. بۆ نموونە دەکرا یەکێک لە شێتەکان سەماکاری بالێ بێت و لە کاتی ئەو گفتوگۆیەدا سەمای بالێی بە ناڕێکی بکردایە. هەروەها بۆ زۆر دیمەنی دیکەش.

15151938_1195556007205697_3735889388995305523_n

کردەی دەرهێنان کردەیەکی گشتییە، واتە دەرهێنەر ناکرێت تەنیا چاوی لە ساتەوەختێکی نماییش بێت و ئەو ساتەوەختە لە ناو گشتهێڵی نماییشدا نەبینێت، ئەوە گرانترین بەشی دەرهێنانە. لەم کارەدا لە هەموو بەشێک زیاتر بارگرانی خستبووە سەر دەرهێنەر و دەرهێنەریش لە هەموو بەشەکان کەمتر سەرکەوتوو بوو تێیدا، بۆیە ئێمە لە بەرامبەر ئەو جیاوازییە گەورەیەدا بووین لە نێوان دیمەنێک بۆ دیمەنێکی دیکە. هەروەها چەندین حاڵەتی ئەتمۆسفرکوژ دانرابوون لە ناو نماییشدا، کە ئەوپەڕی هەڵە بوون: یەکەم، سەمای تانگۆکە، ڕەنگە ئەو وەک پارچەیەک لە پیشاندانی جوانی بۆ پشووی مێشکی بینەر و چاوی ئەمەی کردبێت، دروست ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆرینەی نماییشە شانۆییەکان بە دەستییەوە دەناڵن؛ تۆ کەشێکی توندوتیژت دروست کردووە، بهێڵە با بگاتە ناخی من، پانتایی هۆڵ ڕێگرە، ئەدای هەندێک ئەکتەر ڕێگرە، هەندێک پارچەی دیکۆر ڕێگرە، هەندێک جۆری ڕوناکیت ڕێگرە، تۆش بەم سەما ناپێویستەی کە من دەپرسم لە خۆم ”دوو شێت، لە نەخۆشخانەیەکدا، چۆن توانییان ئەو سەمایە بکەن؟” چ پێویستییەک بوو؟ لە کوێوە ئەم گۆرانییە ئەرژەنتینییە هات؟ لە کاتێکدا تۆ ئاقڵانە بە هۆی پیانۆیەکەوە پاساوی موزیکت هەیە بۆ هەمووی. پیشاندانی جەلادەکە لە پشتەوە و لە پاڵ کوشتارگەکەدا، هەموو ئەوانە پڕ ناکاتەوە. دووەم، حیکایەتخوان لە ساتەوەختێکدا دێت ڕووبەڕووی بینەر و ئەو بارودۆخەی سەر تەختەی شانۆ بە ئێستا دەشوبهێنێت و لە کۆتاییدا دەڵێت ”چارەمان چییە؟” دروست ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیە کە لاوازترین دەرهێنەرەکان بۆ ڕازیکردنی دڵی بینەر دەیکەن، ئەمە دوو جار هەڵەیە، یەک، تۆ لە ترسی حاڵینەبوون کردارێک دەکەیت لە دەرەوەی هەموو بونیادەکانی ناو دەق و نماییش و کارەکتەری یەکەم و دووەمی ئەو ئەکتەرە، دوویش، ئەوە ئەوپەڕی بێڕێزییە بە بچووکترین مافی بینەر، ئەویش بیرکردنەوەی ئازادە و سەپاندنی بیرۆکەیە بەسەریدا.

کۆتایی شانۆییەکە و پەلاماردانی سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکە و هێنانی سمۆرەیەکی پەڕۆ و دانی ڕەنگێکی ناڕوون لە دەست لەبری خوێن و چەندانی دیکە، ئەو شەرمنییە دەرهێنەرییانەن کە زۆر گرفتی بۆ نماییش و ئەکتەر دروست کردبوو .

دووەم: ئەکتەر لە نێوان ڕازیکردنی بینەر و بونیادی قووڵی کارەکتەردا

ئەکتەر لەم نماییشەدا یەکسان نەبوو، ئێمە ئەو پاساوە بە ڕوونی دەبینین کە زۆرێک لە نەخۆشەکان یەکەم جارە دێنە سەرتەختەی شانۆ و کەمئەزموونن، دەزانین بۆ گەنجێکی وەک شاد، ئاکام، دییە،  زانیار و ڕۆژە ئەو کارەکتەرانە گەلێک سەختن، بەڵام هەر بە ڕاستی ئەوە ئەو گەنجانە نەبوون تا ئەوپەڕی وزە و تا ئەوپەڕی توانستی خۆیان و بگرە زیاتر لەوە توانیان پیشان داین؟ ئەو کچەی لە ناو نەخۆشەکاندا لە مارای دا و ئەو کچەی ڕۆڵی سیمۆنی دەبینی، بۆ ساتەوەختێکیش بێت، وەک ساتەوەختی جێهێشتنی مارا و بەتەنیامانەوەی سیمۆن، دیلی ئەفسوونی ئەکتەریان کردین، بەڵام ئیدی ئەمانە هەموو بینەرێک نایزانن و پاساو نییە بۆ ئەو هەڵە کوشندەیەی کە بەگشتی، جگەلە ئاکام و ڕۆژە لەڕۆڵی ساد و سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەدا، سەرجەمی ئەکتەرەکان و ستافی نمایشیی تێکەوتبوو، ئەویش ئەو پارادۆکسە زۆر سەیرەی لە بونیادی کارەکتەردا هەبوو؛ ئێمە کۆمەڵێک نەخۆشمان هەیە کە لە سەرەتادا وا دەردەکەون بە ئەستەم بە پێوە بوەستن، دواتر هەر لە خۆوە وەک کۆمەڵێک مرۆڤی تەواو ئاسایی دەردەکەون، دەچنە پێستی کۆمەڵێک کارەکتەرەوە، دواتر دەچنەوە پێستی کۆمەڵێک نەخۆش، هەندێک جار لە ئێستەی ئێمەدا دەژین و هەندێک جار لە فەڕەنسا و هەندێکجار خەو دەیباتەوە و لەسەر تەختەی شانۆ و دواتر کە پێویست بوو، سەمای تانگۆ دەکات بێ ئەوەی بخەوێت، هەندێک جار وەک فەیلەسووف دەدوێن، یەکێکیان نەخۆشیی هاری هەیە و تەنیا یەک جار هار دەبێت و تا دوایی. ئایا باشتر نەبوو ئەکتەرەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە ئەوان نەخۆشن و نواندنی کەسانێکی ساغ دەکەن، یاخود ساغن و نواندنی کەسانێکی نەخۆش دەکەن؟ ئەمە یەک دونیا جووڵەی بێپاسا و چەندین حاڵەتی لادانی لە هێڵی نماییش و پچڕانی ئەو شتەی کە پیتەر بروسک پێی دەڵێت ”پەیوەندیی وزەی نێوان وەرگر و ئەکتەر” دروست کردبوو. بەڵام بەگشتی ڕۆژە و ئاکام جیا بوون لەمە، ئەویش بە هۆی ڕوونیی کارەکتەرەکەیانەوە بوو.

15110938_1191791220915509_1242943657088597803_o

من سادم و ڕۆڵی ساد دەبینم؛ ساد چۆنە؟ ڕەهەندە مێژووییەکانی چین؟ سادیزم چییە؟ کەسێک سادیزمی هەبێت چۆنە؟ چێژ لە ئازار چییە؟ ترۆپکی ڕەحەتبوون چییە لای ساد؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری ڕوونی تر، دەکرێت ئاکام لە خۆی کردبێت، بۆیە ئێمەی ڕووبەڕووی ئەو کارەکتەرە یەکپارچە زۆر جوانە کردەوە، کە لە بچووکترین ساتدا لە خۆی دای نەبڕاندین، تەنانەت کاتێک نەخۆشکان سروودی شۆڕشیان دەگوتەوە، ئەم بە جووڵەی پەنجەکانی دەستی لەگەڵیان بوو. ڕۆژەش هەروەها، ئەویش دەزاێت کێیە، ڕوونە لای ئامانجی چییە لەسەر تەختەی شانۆ، کە تووڕە دەبێت دەزانێت بۆچی توڕە بووە، دەزانێت ئەو کێیە و بەرگری لە کێ دەکات، بەڵام هەرگیز ئەو نەدەوبو بەو مەنەلۆگەی کۆتایی ڕازی ببێت، کە سەرلەبەری نواندنی خۆی و نماییشی خستە ژێر پرسیارەوە.

ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی خاوەنی دەنگێکی باس و غەمگینە، ئیدی ئەوە پاساوی ئەوەیە کە تەها ڕۆڵی ژان پۆڵ مارا وەربگرێت و ئیدی ئەو تەنیا وەک ئامێرێکی  ئێم پی سری بە دەنگی نواندنمان بۆ بکات؟ ئایا نەدەکرا مارا هێندە لاواز نەبێت؟

15095542_1195555990539032_2197655238312718348_n

سێیەم: شانۆ چییە و ناشانۆ چییە؟

لە هەموو کۆمەڵگەیەکی تۆتالیتاریی سەربازیدا، لە ڕۆماوە بیگرە هەتا هەولێر، ئەوەی گەشەد ەکات شتێکە پێی دەگوترێت ناشانۆ، ئەم ناشانۆیە خەسڵەتی زۆری هەیە، لەوانە هزرکوژە، ئامانجی کاتبەسەربردنە، شانۆیەکی سادە و بێگرێیە، دەیەوێت بە سادەترین شێواز بینەر لە خۆی ڕازی بکات و بینەر لێی حاڵی ببێت. نماییشەکانی هەفتەی خۆشیی ڕۆمانییەکان و بەزمی بەزمی هەولێر، باشترین نموونەی ئەم جۆرەن لە شانۆ. ئەمانە هیچ مەترسییەکیان نییە، وەک دوژمنێکی ئاشکرا وەهان و تۆ دەتوانیت بە ئاسانی بەرگری لە خۆت بکەیت لەو جۆرە شانۆییانە، بەڵام ترۆپکی مەترسیی ئەم جۆرە شانۆییە ئەو کاتە سەر هەڵدەدات کە وەک کارێکی جدی خۆی نماییش دەکات، کە بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرمان لەو کارە شانۆییانە بینی. ئەم کارانە وەک شانۆیەکی جدی و سەرکەوتوو خۆیان نماییش کرد و لەگەڵ خۆنماییشکردنیاندا کۆمەڵێک پەتای کوشندەیان گواستەوە بۆ شانۆ، سەرەکیترین پەتا پەتای پۆپۆلاریزم و فەیسبووکە؛ پۆپۆلاریزم زیاتر لە نەخۆشیی ئایدز دەچێت، تۆ ئاگات لە خۆت نییە و تووشی بوویت و لە ناخەوە دەتکوژێت، فەیسبووک تەواو ئەم دەردەی تۆخ کردەوە، بە داخەوە لە شانۆیەکی جدیی وەک مارا/ساددا بەشێک لەم دەردە بینرا، ئەوان پەیجێکیان لە فەیسبووک بۆ ڕیکلام نا، بۆ پڕکردنەوەی تەمبەڵیی بینەر و ترس لە تێنەگەشتنی بینەر دانا، ئەوان لە ترسی حاڵینەبوونی بینەر و لە نەبوونی بڕوایان بە خود، مەزنترین چەکی دەستی خۆیان کە، هۆڵ و نماییشە، گۆڕییەوە بە فەیسبووک و هاتن کارەکتەر بە کارەکتەر و ڕووداو بە ڕووداو تەمبەڵیی بینەریان پڕ کردەوە و جوانترین سیحری شانۆ (کەشفکردنی ئیدراک) لای بینەر کوشتیان و پێش گەشتمان بە هۆڵ هیچ سەرسووڕمانێکی هزرییان بۆمان نەهێشتەوە و پێیان ”گوتین دێن ئەمە دەبینن”! ئەمە لە کاتێکدا ئەوان دەیانتوانی لە ناو هۆڵدا لە نماییشدا ئیدراکمان بکەنەوە .

7250696-une-journee-au-soleil-avec-ariane-mnouchkine

بەگشتی

من ناتوانم سەبارەت بە چەمکی پانتایی بدوێم، چون دڵنیام ئەوان لە ناچاریدا لەو هۆڵەدا بوون، بەڵام دیکۆر دەکرا هەر نەبێت، دەشکرا بچووکتر بکرێتەوە. ترۆپکی هۆشیاریی کارەکتەری میوزیکژەن و چۆنێتیی بەکارهێنانی بوو، بەڵام هەمدیس ئەویش هەندێک جار دەچووە لایەنی کڵێشەداری و زیادەڕۆیی ڕێککاریی وێنەی کێشانیان بە زەویدا، کە لەگەڵ نەخۆشیی دەروونی و ئەوهەمووە و ڕێککارییە نایەتەوە .

فۆتۆ: پەڕەی تایبەتی شانۆیی مارا/سادی بەرهەمی کۆڕی شانۆی با لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, Kori Shanoy Ba, Peter Waise, Sardasht Mahmoud,