05/12/2024
DidiMn Logo
Top

بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد فێستیڤاڵی کورتەفیلمی تاران بەڕێوە چوو

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من

سیوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی تاران بە سەرۆکایەتیی فەرید فەرخوندە کیش و بە نماییشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی چارسوو لە شاری تاران بەڕێوە چوو.

لەم خولەی فێستیڤاڵدا، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی عەباس کیارۆستەمی ، کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەما و یەک‌ڕوانین لە لایەن چەندین دەرهێنەری بەرچاوی ئێرانی، لەوانە ئیبراهیم حاتەمی کیا، ئەحمەد ڕەزا دەرویش، خاتوو نازەنین موفەخەم، مێهدی کەرەم پوور و محەمەد عەلی حوسێن نیژاد، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە چەندین سینەماکاری کورد و ئێرانی، لەوانە خوسرەو سینایی، مریەم بووبانی، هوشەنگ میرزایی، مەجید بەرزگەر و مستەفا ئاڵی ئەحمەد، کۆڕی یوکاـپێکا لاکسو، بەرپرسی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تامپێرە لە وڵاتی فینلەندا، کۆڕی یۆتا ویلە، بەرپرسی بەشی کورتەفیلمی وڵاتی ئەڵمانیا، کۆڕی سایۆکۆ کینۆشیتا بەرپرسی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هیرۆشیما لە وڵاتی ژاپۆن، نماییشی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە لایەن خوسرەو سینایی دەرهێنەریی بەئەزموونی ئێرانی، چەندین وۆرکشۆپی پسپۆڕانە لە لایەن فەرهاد تەوحیدی بۆ سیناریۆنووسی، د. ئەحمەد ئەلەستی بۆ بنەمای کورتەفیلم، ئەمیر مێهران تیتراژ بۆ سینەما، کریستۆف رەزاعی بۆ موزیکی فیلم و بێهرووز شەهامەت بۆ جوانناسی دەنگ، بەشی کتێب و سینەما، سیمیناری نێودەوڵەتیی کورتەفیلم ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، چاوخشاندنێک بە کورتەفیلمەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو فیلمە ئەڵمانییانەی کە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بوون، بەشی ڤیدیۆ ئاڕت، فیلمەکانی ئیسلام و ئاشتی جیهانی و چەندین بەشی دیکە لە شاری تاران بەڕێوە چوو.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی تاران بە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگ و بەرچاوەکانی کورتەفیلم لە ئاستی دونیا دێتە ئەژمار و لە نێوان دەرهێنەرانی کورتەفیلمی دونیادا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەموو ساڵێک فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان بەرهەمەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی ئەم فێستیڤاڵە رەوانە دەکەن.

بۆ زانیاریی زیاتر:

www. tisff.ir

هاوبەشی بکە

Kiarostami, Kurdish Filmmakers, Tehran,