26/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە فێستیڤاڵی کورتەفیلمی تاران رێز لە سینەماکاری کورد هوشەنگ میرزایی گیرا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من

بە ئامادەبوونی د .حوجەتوڵڵا ئەیووبی سەرۆکی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، فەرید فەرخوندە کیش سەرۆکی سیوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتەفیلمی تاران، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆی جیهان لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، ئەندامامی لیژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵ، سینەماکارانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ و هەروەها هۆگرانی هونەری سینەما بە پێشکەشکردنی چوارچێوەی رێز لە سینەماکاری ئیلامی هوشەنگ میرزایی گیرا.

هوشەنگ میرزایی لەم رێوڕەسمەدا گوتی: ”لێرەدا یادێک دەکەم لە مامۆستای بلیمەتی سینەمای ئێران بەڕێز عەباس کیارۆستەمی، کە ئێمە دەرچوانی سینەمای ئێران ئەزموونە بەنرخەکانی ئەم سینەماکارەین، هەر بۆیە ناوبردن لەم زاتە مەزنە بووە هۆی ئەوەی کە دەنگم بلەرزێت و نە تەنیا دەنگم، بەڵکو جەستەشم بلەرزێت، بە پێویستم زانی کە لێرەدا یادێکی لێ بکەم و هەست دەکەم کە هەمیشە زیندووە.”

گوتیشی: ”لە ساڵی 1990ەوە تا ئێستا سەرقاڵی سازکردنی فیلمم و کورتەفیلمەکانی من لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی کورتەفیلمی دونیا نماییش کراون، لەوانە: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی تامپرە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی هات داکس، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی بیلبائۆ و کۆمەڵێک فێستیڤاڵی گرنگی دیکە، کە لەڕاستیدا فێستیڤاڵی پلەیەکی کورتەفیلم و فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی لە جیهاندان.”

la-festivali-korta-filmi-taran-rez-la-cinemakarani-kurd-houshang-mirzaee-gira-3

ئەم سینەماکارە کوردە ئەوەیشی ئاشکرا کرد: ”لە ڕاستیدا لە ساڵی 1990 تاکو ئێستا نەبیندران و هەمیشە سەرم سووڕمابوو کە بۆچی دەنگی من بە هیچ شوێنێک ناگات و هیچ کەسێک نییە کە گوێبیستی من بێت و بۆچی نابێت کە من ببیندرێم؟ هەموو کاتێک خەمم دەخوارد.”

میرزایی گوتیشی: ”ڕێژەی بەشداریی فیلمەکانم لە فێستیڤاڵەکان لە دەستم دەرچووە و نزیک بە 500 لاپەڕە سی ڤی خۆم بە فەرید فەرخوندە کیش سەرۆکی سیوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی تاران دا، کە ئەویش بە ڕاستی خەمی خوارد و گوتی زۆر سەیرە کە تا ئێستا ئێوە نەبیندراون. لێرەدا زۆر سوپاسی بەرێزیان دەکەم، ئەو مرۆڤە منی بینی. زۆر سوپاسی هاوسەری بەڕێزم و کوڕە خنجیلانەکەم عەلی دەکەم کە ئەو ماوەیە هەموو سەختی و رەنجی فیلمسازیی منیان بە ئەستۆ گرت و منیان لە ژیانیاندا تەحەمول کرد و هەموو سەختییەکانیان تێپەڕ کرد.”

ئەم سینەماکارە کوردە ئەوەیشی خستە ڕوو: ”زۆرم بەم بابەتە بیر کردەوە، هەمیشە بیرم دەکردەوە کە بۆچی نابیندرێم، بە ڕاستی چ شتێک بووە هۆی ئەوە؟ مەگەر من هیی ئەو خاک و نیشتمانە نیم؟ مەگە شانازییەکانی من هیی ئەو نیشتمانە نییە؟ بۆچی من نابیندرێم؟”

la-festivali-korta-filmi-taran-rez-la-cinemakarani-kurd-houshang-mirzaee-gira-1

هوشەنگ میرزایی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: ”هەموو فیلمەکانم بوونەتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکاریی زۆر باش و ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا بەدی بهێنن. ساڵی 2011 فیلمێکم ساز کرد کە سینەماکاری ناوداری یۆنان تێئۆ ئانجێلۆپۆلۆس لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاتێن رێزی لەم فیلمە گرت و خەڵاتی گەورەی ئەم فێستیڤاڵەی پێشکەش بە فیلمەکە کرد. ئەم فیلمە چیرۆکی کوڕە کوردێک بوو کە بە هۆی مینەوە دەست و چاوەکانی لەدەست دابوو و بە لێوەکانی کتێبی برێلی دەخوێندەوە. ئەم کوڕە بە تەواوی لە ژیان بێتاقەت ببوو، بەڵام ئەم فیلمە ئەوەندە لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان نماییش کرا و درەشاوە، کە ئەنجوومەنی کۆرانی سوید ئەو منداڵەیان بانگهشێت کرد و ئێستاکە ماستەری بەڕێوبەری لە زانکۆی تاران دەخوێنێت.”

سیوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتەفیلمی تاران بە سەرۆکایەتیی فەرید فەرخوندە کیش و بە نماییشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی چارسوولە شاری تاران بەڕێوە چوو.

هاوبەشی بکە

Hoshang Mirzayi, Kurdish Cinema, Short Film, Tehran,