23/07/2024
DidiMn Logo
Top

دوازدە ساڵ دەرفەت بۆ نووسین: ژیاننامەی گی دی موپاسان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – ماگ‌ئیران

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

گی دى موپاسان لە بەرواری ٥\٨\١٨٥٠ لە كۆشكى ميرۆمانسنيڵ لە نزيک شارى ديپ لە كەناردەرياى نۆرماندى لە وڵاتی فەڕەنسا لەداک بوو.

دايک و باوكى موپاسان نيشتەجێى شارۆچكەى كان بوون، كە نزيک بوو لە نۆرماندى. بە پێى ئەوەى كە دايكى موپاسان ژنێكى خانەدان و بەشكۆ و بەرزەفڕ بووە، هاوسەرى خۆى ناچار كرد بۆ بە كرێگرتنى كۆشكى ميرۆمانسنيڵ، بۆ ئەوەى كوڕەكەيان لە كەش و ژینگەیەکی خانەدان و بەشكۆ پەروەردە و گەورە بكرێت. هەڵبەتە موپاسان بە ئەنقەست كاتى منداڵێتیی خۆى لە شارى كان بەسەر برد. خاڵى موپاسان لە هاوڕێيە نزيكەكانى سەردەمى لاوێتیى گۆستاڤۆ فلۆبێر، نووسەرى ناودارى فەڕەنسى بوو. دواى كێشمەكێشى نێوان دايک و باوكى موپاسان، سەرئەنجام ساڵى ١٨٥٩ لە يەكترى جيابوونەوە.

باوكی موپاسان لە پاريس وەک فەرمانبەرێكى سادە لە بانک سەرقاڵى كاركردن بوو. هەرچى دايكى بوو هاوشانى موپاسان و براكەى بە ناوى ئێرڤى، لە شارۆچكەى ئيتێرتا، لە كەناردەريا نيشتەجێ بوون.

جيابوونەوەى دايک و باوكى كاريگەرىی نەرێنيان لەسەر موپاسان بەجێ هێشت و سەردەمى منداڵى ئەوى دووچارى ناكامى كرد. كەواتە بە پێى مەرجى ئێرنيست هەمينگواى بۆ بوون بە نووسەر، سەردەمى ناخۆشى و ناكامیی منداڵى كاريگەرييان دەبێت، هەر بۆیە كاريگەریی هەبووە لەسەر موپاسان بۆ ئەوەى ببێت بە چيڕۆکنووسێكى بليمەت. لە هەندێک لە چيڕۆكەكانى ئەودا بە هۆى جيابوونەوەى دايک و باوكى، كاريگەریی نەرێنی لەسەر دەروون و ڕۆحى موپاسان هەست پێ دەکرێت.

guy-de-maupassant-lovers-3350

موپاسان لە تەمەنى ١٣ ساڵيدا بەرەو خوێندنگەى ڕۆژ و شەوانەى شارى ئييۆتۆ هەنگاوى نا، لە هەمان كاتدا ڕێكخراوێكى پەيوەستيش بوو بە كڵێساوە. هەر لەوێشەوە چووە ژێر كاريگەریى شيعرە ڕۆمانسيیەكانى ڤيكتۆر هۆگۆ و ئەدەبی كلاسيک، شيعرەكانى ڕاسين و هەروەها نووسراوەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ. موپاسان دواى تێپەڕبوونى پێنج ساڵ بەسەر خوێندنى لەو خوێندنگەيە، بەهۆى گوتنى شيعرێكى چاونەترسانە دەركرا. دواى سڕكردنى، ئەم جارەيان لە خوێندنگەى شارى ڕۆئێن ناونووسیی كرد و هەر لەوێش سەرقاڵى خوێندن بوو. موپاسان لە شارى ڕۆئێن لەگەڵ شاعيرێک بە ناوى لوئى بۆئێ، كە يەكێک بوو لە هاوڕێ ڕاستەقينەكانى گۆستاڤۆ فلۆبێر، ئاشنا بوو. بۆئێ يەكەم كەس بوو كە پێكهاتە و بنەماى كارى ئەدەبیى بە موپاسان ناساند و شيعرەكانى ئەوى ڕاست كردەوە و پێداچوونەوەى بۆ كردن. بەڵام بۆئێ پێش ئەوەى كە موپاسان بڕوانامەى دبلۆم بەدەست بهێنێت، كۆچى دوايیی كرد. هەر لە دواى ئەويش لەگەڵ گۆستاڤۆ فلۆبێر ئاشنا بوو لە شارى ڕۆئێن.

موپاسان دواى بەدەستهێنانى بڕوانامەى دبلۆم بەرەو پاريس بەڕێ كەوت و خوێندنى لە بەشى ياسادا دەست پێ كرد. ئەو لەو كاتەدا لە لايەن باوكى جێگير و نيشتەجێ بوو. لەگەڵ دەستپێكى جەنگى نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانيا، بانگهێشت كران بۆ ئەو جەنگە، موپاسان ناچار بوو زانكۆى خۆى بەجێ بهێڵێت. گەرچى بۆ هێڵى پێشەوەى جەنگ نەڕۆيشت، بەڵام شكست و داگيركردنى فەڕەنسا لەلايەن سوپاى ئەڵمانيا، ئەوى پڕ بە پێستى خۆى ئازاردا.

دەستپێكى چالاکییە ئەدەبيەكانى موپاسان

دواى گەڕانەوەى موپاسان لە جەنگ، لە پاييزى ساڵى ١٨٧٢ خوێندنى وەلا نا و هيچى ديكە بەردەوامیى پێ نەدا، بەڵكو لە پاريس بە يارمەتى گۆستاڤۆ فلۆبێر بوو بە كرێكارى وەزارەتى هێزى دەريايى و لە ساڵى ١٨٧٧ بەدواوە لە پاڵ كارە تاقەتپڕوكێنەكەى، خۆشگوزەرانیى دەكرد و گەشتى ئەنجام دەدا، هەروەها بە ئامۆژگاریيەكانى گۆستاڤۆش دەستى برد بۆ نووسين و ناسينى شێوەكانى ئەدەبى، بەڵام بۆ ماوەيەكى درێژ شتێكى ئەوتۆى بڵاو نەكردەوە.

موپاسان لە ڕێگەى فلۆبێرەوە كە بۆ ماوەيەكى دوورودرێژ لە پاريس ژيابوو لەگەڵ نووسەرگەلێک ئاشنا بوو، بەتايبەتيش ئەمیل زۆلا، ڕابەری خوێندنگەى ڕێبازى نەیچۆرالیزم. سەركەوتنەكانى موپاسان لە ساڵى ١٨٨٠ دەستى پێ كرد، ئەویش بە هۆى بڵاوكردنەوەى چيڕۆكى قەڵەو. ئەم چيڕۆكە لەگەڵ چەندين كۆمەڵەچیرۆکی ديكەى دژەجەنگى نووسەرانى وەك زۆلا و زۆريس لە چاپ دران و بڵاو كرانەوە. گشت نووسەرانى ئەو سەردەمە ئومێدەوار بوون دواى بڵاوبونەوەى كتێبى زۆلا بەهرە لە كتێبەكەى وەربگرن بۆ بەرهەمەكانيان، كەچى هەموو ڕەخنەگران تێڕوانينى خۆيان خستە سەر چيرۆكى موپاسان و هیی ئەويان بە باشترين چیرۆک پێناسە كرد. فلۆبێر لە نامەیەکیدا بۆ موپاسان، پەسنى چيڕۆكى قەڵەوى كرد و ئەوى بە شاكار و بە باشترين كتێب ناو برد، هەروەها بە شێوەيەكى بەرفراوان لە لايەن خوێنەران پێشوازى لەو كتێبە كرا و لە ماوەى دوو هەفتەدا هەشت جار لە چاپ درا.

لە دواى سەركەوتنەكانى چيرۆكى قەڵەو، موپاسان نووسينى شيعر و نمایيشى تا ڕادەيەكى زۆر وەلانا، ئەو بۆ ئەوەى كە ببێتە نووسەرى پلە يەكى ئەدەبی جيهان، دوازدە ساڵ تا مەرگى ناوادەى لە ساڵى ١٨٩٣ دەرفەتى هەبوو. لەو دوانزە ساڵەدا متمانە و داهاتى موپاسان بە هۆى چيرۆكە ناوازەكانى، بە شێوەيەكى بەرچاو پەرەى سەند، هەروەها سەركەوتنەكانى كتێبى قەڵەو كە كليلى سەركەوتنى موپاسان بوو، توانى لە كۆتایييەكانى ساڵى ١٨٨٠ كارى خۆى لە كرێكاريدا بگۆڕێت بۆ نووسەرايەتى و سەرنجى زياتر بخاتە سەر خۆی. ئەو لە ساڵى ١٨٨٣ لە شارى ئيتێرتا خانوویەک و دواى دوو ساڵيش بەلەمێكى گرانبەهاى بۆخۆى كڕى.

بەسەرهاتى ناو چيرۆكەكانى موپاسان زۆرینەی كات مەيل و هەستێكى نەیچۆرالیستی تێدا بەرجەستەيە،وەک شوێنى لەدايکبوونى يان چوونى بۆ نۆرماندى، پاريس و ئەوانی تریش. موپاسان چيرۆكەكانى خۆى بەشێوە و ڕێكارى ئەو سەردەمە، لە بڵاوكراوەكان و گۆڤارەكانى پاريس بڵاو دەكردەوە. دواى بڵاوبوونەوەى چيرۆكى قەڵەو، ڕاستەوخۆ ڕوى كردە نووسين و كۆمەڵەچيرۆكەكانى ئەو يەک لە دواى يەک بڵاو دەبوونەوە، وەک كۆمەڵەچيرۆكەكانى خاتوو فى فى، ميس هێريت، ئێيۆت، شەو و ڕۆژ، هۆرلا و چەندی تریش.

Portrait de Guy de Maupassant (1850-1893) ecrivain francais. Gravure in "Le Petit parisien", 1892. Collection privee. ©Lee/Leemage

موپاسان لەو كات و سەردەمەدا چيرۆكگەلێكى بێ كەم و كورتى بەرهەم هێنا، وەک چيرۆكى ناودارى ملوانكە، كە بە چيرۆكێكى ئامۆژگارى و پەندئامێز دەناسرێت لە ڕووى پێشبينىكردن، گرێكوێرە، لوتكە و گرێكەرەوە، هەروەها ڕۆمانەكانى ئەو تا ئێستاش خوێنەرانى خۆى هەيە وەک ڕۆمانەکانی ژيانێک، بەهێز وەک مەرگ و بێل ئێمی.

موپاسان لەپاڵ ستاندال، بەلزاک، فلۆبێر و زۆلا بە گەورەترين چيرۆكنووسى سەدەى نۆزدەيەم ئەژمار دەكرێت، ئەو بە درێژايى ژيانە كورتخايەنەكەى نزيکەی ٣٠٠ كورتەچيرۆک و چيڕۆک، ٦ ڕۆمان و ٣ سەفەرنامە و كۆمەڵەشيعرێكى نووسیوە. بەڵام خاڵى بەهێزى موپاسان بەرهەمە چیرۆکەکانیەتی، كە لە ئەدەبی جیهاندا بە شاكارە ئەدەبییەکان ناسراون.

گی دی موپاسان لەساڵى ١٨٩٣ و لە تەمەنى ٤٣ ساڵيدا بە هۆى نەخۆشى مێشک كۆچى دوايیی كرد و لە گۆڕستانى مۆنپارناسى پاريس بەخاک سپێردرا.

هاوبەشی بکە

Biography, Maupassant, SaleemJamal,