30/09/2020
DidiMn Logo
Top

ئەندرێ پاڵادیۆ کێیە؟

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: سەرهەند خالید
سەرچاوە: سکوڵ ئۆف لایف

لە ئەوروپا و ئەمەریکادا، کەسێکی ئاسایی ٪٨٤ی ژیانی لە ناو ماڵدا بەسەر دەبات، یاخود دەکرێت بڵێین لە ناو تەلارسازیدا. زۆربەی کاتەکانی دیکەش ئێمە لە دەوروبەری بیناکانین، گەر سەرنجیشیان نەدەینێ. سەرەڕای ئەم کاریگەرییە، ئێمە بەگشتی زۆر بەرزیخواز نین دەربارەی ئەوەی بیناکان چۆن دەردەکەون. ئێمە بەزۆری وا دامانناوە کە ئەو بینایانەی کە تیایاندا دەژین، یان لە دەوروبەریانین شتێکی ئەوەندە تایبەت نین و هیچیش نییە تاکو بکرێت دەربارەیان. ئێمە هەر وا وێنامان کردووە کە بینا مەزنەکان دروستکراوێکی زۆر بێوێنە و تێچوی زۆری تەلارسازە بلیمەتەکانن. لەوەیە لە پشووەکاندا گەشت بکەیت بۆ ئەوەی تەلارسازی مەزن ببینیت، کە لەوەیە ئەستەم بێت چاوەڕوانی شتێکی لەو جۆرە بکەیت لە نیشتیمانەکەتدا. ”ڤیچێنزا ٢٥ میل لە ناوەڕاستی ڤێنسەوە” یەکێکە لە شوێنە پێشڕەوەکانی گەشتوگوزاری تەلارسازیی جیهانی لەبەر هۆیەک، زۆرێک لە ئیشەکانی ئەندرێ پاڵادیۆ دەکەونە ناو یاخود دەوروبەری ئەو شارۆچکەیەوە.

ئەندرێ پاڵادیۆ لە کۆتایی تشرینی دووەمی ١٥٠٨دا لە پادوا لەدایک بووە. خوێندکار و بەردەستی بەردتاشەکان بووە، ناوی ڕاستەقینەی ئەندرێ دی پیاترۆ گۆندۆلایە. لە تەمەنی سی ساڵیدا بوو کاتێک دەستی کرد بە دیزاینکردنی بیناکان، یەکەم گرنگترین کلایەنتەکەی ناوێکی بە شێوازێکی نوێ بۆ پێشنیار کرد، ناوی گۆڕدرا بۆ پاڵادیۆ.

بە درێژایی ٤٠ ساڵی تەمەنی ئیشکردنی، پاڵادیۆ دیزاینی ٤٠ ڤێلا و بگرە زیاتری کردووە، دوو خانووی ناو شارۆچکە و ژمارەیەک کڵێسەش. بەگشتی لیستی دیزاینەکانی هێندە زۆرنین کە ئیشی لەسەر کردوون. لە پیشەکەیدا بە سەرکەوتن و کۆسپ و نسکۆی زۆردا تێپەڕیوە؛ بەڵام ئەو کاتەی لە تەمەنی ٦٠ ەکاندا بووە، وەک تەلارسازی ترۆپکی ڤێنیس دەرکەوت- ئەو شارەش دەوڵەمەندترین و بە دەسەڵاتترین شار بووە لە جیهاندا لەو کاتەدا. باوکێکی خۆتەرخانکەر بوو، دوو کوڕە گەورەکەشی کە شانبەشانی  ئەو ئیشیان دەکرد، بە گەنجی مردن. پاڵادیۆ خۆشی لە هاوینی ١٥٨٠دا و لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

Palladio_filtered
ئەندرێ پاڵادیۆ

پاڵادیۆ خاوەنی تێڕوانینێکی تەواو پێچەوانە بوو بەراورد بە تیڕوانینەکانی ئەمڕۆ. دیدی ئەو دەکرێت لە دوو بیرۆکەدا کورت بکرێتەوە. یەکەم: تەلارسازی مەبەستێکی ڕوونی هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی کە یارمەتیمان دەدات ببینە کەسێکی باشتر. دووم: هەندێک ڕێسا هەن بۆ بینای باش. تەلارسازیی مەزن (بە بیری ئەو) زیاتر ئیشی دەستە وەک لەوەی هونەرێک بیت: لە ڕاستیدا پێویستیش ناکات تێچووی زۆر بێت و بۆ هەموو ڕۆژێکی ژیانی ڕۆژانەمانە، بۆ کێڵگەکان،  تەویلەکان، ئۆفیسەکان، تەلارسازیی پرۆژەیەکی دڵڕفێن نییە ناوبەناو سەردانی بکەین.

یەکەم: ئامانجی تەلارسازی

ئێمە ڕاهاتووین بەوەی ئەو پرسیارە نەکەین، کە ئایا مەبەستی تەلارسازیی چییە؟  ئەمە وەک  پرسیارێکی سادە یاخود پرسیارێکی لەخۆباییانە دەردەکەوێت، یان ئەوەیە یەکسەر دەبێت وەڵامەکەی بزانیت یاخود کەسێک ستوونێکی لەسەر بنووسێت. 

پاڵادیۆ  پێی وا بوو کە تەلارسازی مەبەستێکی گرنگی هەیە، مەبەستەکە لە سەرووی دانانی زەمینە، دیوار، بنمیچی خانووە. ئەو پێی وا بووە ئێمە دەبێت بە جۆرێک بنیات بنێین کە باشترکەری دۆخ و باشی هزری خۆمان و ئەوانی دیکە بێت. بە تایبەتی پێی وا بووە تەلارسازی دەتوانێت یارمەتیمان بدات لەم سێ فەزیلەتە سایکۆلۆجییە: ئارامی، سازان، شکۆداری.

Villa-Foscari-La-Malcontenta-by-Andrea-Palladio-piano-nobile
هاندانێک بۆ سروشتێکی باشت

هێمنی

SA0309266e_1_x

ئەو کەمکەرەوەی ئەو شتانە بوو کە لە سپەیسێکدا بەکار دەهاتن. هەموو بەشەکان لە ژوورێکدا لە ناوەند، هاوسەنگ، لێکچوون. ئەو تەنها شکڵە ئەندازەییە سادەکانی بەکار هێناوە. بەگشتی دیوارەکان ڕوو تەختن و سادەن، پێویستی بە کەلوپەلی زۆر نەبووە. خامۆشی سپەیسەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە بۆ ئەوەی ئاراممان بکاتەوە؛ سپەیسەکە سەرنجمان ڕاناکێشێت و واقوڕماومان ناکات. بەڵکو بانگێشتمان دەکات بۆ ئەوەی تەرکیز بکەین و کەمتر سەرقاڵ ببین.

Larotonda2009
هاندانێک بۆ ئارامی

هارمۆنی

پاڵادیۆ زۆر خەمی ئەوەی بوو کە هەموو بەشەکانی بیناکە بە باشی بگونجێن لەگەڵ یەکتردا.

Chiesa_del_Santissimo_Redentore,_Venice,_Italy

”بینای باش دەبێت وەک لەشێکی تەندروست دەربکەوێت، وەک چۆن ئەندامێک دەسازێت لەگەڵ ئەندامەکانی دیکەدا، هەمووشیان زۆر بە باشی وەک یەک بەش دەردەکەون، ئەوە لە بینادا لەوەیە پێویستییە سەرەکییەکە بێت”

دیزاینکردنی پەنجەرەیەک، بەستراوەتەوە بە دیزاینی دەرگاوە؛ هەموو کراوەیەک دیزاینەکەی لکاوە بە دیزاینی کراوەکانی دیکەوە؛ هەموو ژورێک شێوەیەکی ڕوون و سادەی هەیە، دەرگاکانیش هەمیشە بەیەکەوە دێنەوە.

0be94dd77632489b9898b58c97e9a476
دەرگایەک دەتبات بەرەو دەرگایەکی دیکە

بینا هاوئاهەنگەکان بە شێوەیەکی بەهیز لە جوڵەدان چونکە ئەوان لە دژی تێکدانی سروشتی شتەکانی ژیانن. ئەوان دژی دڵەڕاوکێی ئێمەن کە زۆر جار هەوڵەکانمان بۆ دەربازبوون لێی دادمان نادات؛ ئیش و ژیانی ماڵەوە، سێکس، خۆشەویستی، ئارەزوو و ئەرک، هەموو لە دژی یەک لە جەنگدان. بیناکە دەتوانێت کەشێکی وا بئافرێنێت بە جۆرێک ئێمە بتوانین هەست بە ڕێکی هەموو شتە گرنگەکان بکەین کە بەیەکەوە دێنەوە.

Villa_Badoer-Barchessa-Scale_Laterali
بەشەکانی ڤێلاکە دەسازێن بەیەکەوە

شکۆداریی

یەکێک لە بەرزیخوازی تەلارسازییەکی پاڵادیۆ بریتی بوو لە بەخشینی شکۆدارییەکی مەزنتر بۆ بەشەکانی ژیان کە نادادپەروەرانە بە بێبەها دانرابوون. بە جۆرێک کە لە چاوی ئەودا بە هۆی کەمی پایە و شکۆدارییانەوە بەو شێوەیە دانرابوون.

لە ڤێلا باربارۆ- لە کێلگەیەک لە دەرەوەی شار نزیک بە ٤٠ میل لە باکوری ڤینسەوە- تەویلەکان و گەوڕەکان و کۆگای دانەوێڵەکان، مەزنن بە هەمان شێوەی ڤێلای خانووەکە، بەڵام بەو ئەندازەیە گەورە نین. لە جێی ئەوەی ئەم بینایانە بشاردرێنەوە یاخود دوور بخرێنەوە، ئەم شوێنانە وەک شوێنێکی شکۆدار و گرنگ دانراون.

palladio__villa_barbaro_maser
ڤێلا باربارۆ- ئیشکەرەکان لەو بینا شێوە باڵانەدا دەژیان

ئەو شاردنەوەیە پێویستی و واقعی کێڵگەکە نەبوو، بەڵکو زیاتر شکۆدارییە ڕەسەنەکەی دەردەخست.

لە ئاراستەکردنی تەلارسازی بەرەو ئەم بارودۆخە سایکۆلۆجییانە، پاڵادیۆ مەرایی نەدەکرد. ئەو وای دەرنەدەخست کە بیناکانی پیشاندەری بارودۆخی ئاسایی ئێمەن. ئەو زۆر بە باشی دەیزانی کە خەڵک توڕە دەبن و دەهەژێن؛ شکۆداری ماسکێکە کە دەخزێت، بەوەش ئێمە مات دەبین. ئەو نەیدەویست دەربڕینێکی نوێ ببەخشێتە سرووشتی ئاسایی مرۆڤ. لە هەڵگری نەریتە کلاسیکییەکان، ئەو باوەڕی وا بوو کە بیناکان دەبێت لاوازییەکانمان کەم بکەنەوە، هانمان بدات بۆ ئەوەی زیاتر کۆکەرەوە و سەقامگیر و ئارام بین، بەراورد بە حاڵەتی ئاسایی ڕۆژانە. بە وردی پێویستمان بە ڕۆشناییەکی سازاو و بینا بەمتمانەکان هەیە. تەلارسازیی بەرجەستەبوویەکی باشتری ئێمەیە. بینای نموونەیی وەک کەسێکی نموونەیی وایە.

پاڵادیۆ خاوەن دیدێکی بەدبینییە دەربارەی تواناکانمان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بیرکردنەوەکان، هزرمان کوندارە زۆر بە ئاسانی پەیوەندی خۆمان لەگەڵ سرووشتە باشترەکەمان لەدەست دەدەین؛ ئێمە لە ژێر فشاردا ئەو شتە لەبیر دەکەین کە بەلامانەوە گرنگە. ئەرکی تەلارسازی  ئەوەیە کە یارمەتیدەرمان بێت بە کەشێک کە بە بەردەوامی بیرمان بخاتەوە دەربارەی- توانای ئێمە بۆ ئەوەی- ببینە ئەوەی بەڕاستی دەمانەوێت.

دووەم: ڕێساکان

بە دڵنیاییەوە، ئەوەمان لا پەسەندە کە یاسای بەسود زۆرن بۆ سەلامەتی هێڵی ئاسمانی، بۆ ژمێریاری یاخود بۆ یارییە کاغەزەکان. بەڵام بەگشتی بەدگومانین دەربارەی بیرۆکەی ئەوەی کە هەندێک یاسا لەوەیە گرنگ بن دەربارەی تایبەتمەندی و داهێنەریی کەلتوری. بیرۆکەی ئەوەی لەوەیە ڕێسای بەسود هەبن لە وتوێژەکان، هونەر، پەیوەندییەکان یاخود لە ڕاستیدا تەلارسازی. ئێمە وا ڕاهاتووین ڕێساکان بە شتێکی دووەمی ببینین کە ڕەسەنییەتی کەمە. وەک ئەرستۆ، پاڵادیۆ ئەو دیدەی هەبووە کە پرۆژەکان (وەک نووسینی تراژیدیا، وتوێژ یاخود بەرەوپێشبردنی هاوڕێیەتی) دەبێت وەک بەهرە لێیان تێبگەین یاخود وەک کاری دەستی. دەکرێت فێریان بین. بە پێی تێڕوانینێکی کلاسیکییانە، تێڕوانینی باش لەو شوێنانەدان کە پەیوەندییان بە بەخت و چانسەوە نییە. یاساکانیش ئەوە دەردەخەن کە چی پێویستە بکەین بۆ ئەوەی بە باشی بیانکەین.

Palladio_Titel_1642
ساڵی ١٥٧٠دا پاڵادیۆ کتێبی  چوار کتێب  لەسەر تەلارسازی بڵاو کردەوە

کتێبەکانی ڕێنمایی دەدەن لەسەر ئەوەی چۆن بنیات بنێین. ڕێنمووییەکی کردەیی تێدایە بۆ هەڵکەندنی بناغەکە و چۆن بڕیار لەسەر چۆنییەتی کۆنکریتەکە بدەین، هەروەها چەندین ڕێی بڕواپێکراوی تێدایە لەسەر دروستکردنی دیوار و هەروەها زەمینە سازییەکان.

ئەو یاساکانی ڕێژەیی گەشە پێ دا، کە بناغەکەی لە ڕێژە سادەکانی بیرکارییەوە هاتبوو. فەیلەسوفی دێرینی یۆنانی فیساگۆرس بەناوبانگ بوو بە دۆزینەوەی ئەوەی گەر دوو دەزوو، یەکێکیان نیوەی درێژی ئەوی دیکەی هەبێت، ئەوا گەر لە یەک کاتدا بلەرنەوە، دەسازێن بە یەکەوە. تایبەتمەندی خۆشی دەنگ، وەک ئەو دۆزییەوە، بە پێی بەنەمایەکی سادەی بیرکارییانە رێک خراوە. پاڵادیۆ و ئەوانی دیکەش بیناییەکی هاوتایی ئەمەیان گەشە پێ دا.

z644210

چواردەورە کەشخەکەکانی دەوری پەنجەرەکان شتێکی گرنگ نین، بەبێ ئەوانیش پەنجەرەکە هەر دڵگیر دەردەکەوێت، چونکە ئەوە ڕێژەیە وا دەکات دڵگیر دەرکەوێت و بسازێت نەوەک ڕازاندنەوە.  ئەمەش واتای ئەوە دەدات بینا جوانەکان دەکرێت هەرزانتر دروست بکرێن (هەردەم یەکێک لە هەوڵەکانی پاڵادیۆ بووە). چونکە هەمان ڕێژە جوانە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی بیناکان لە مەڕمەڕن یان خشت یان کۆنکریت یان تەختە.

ئەو بەردەوام بوو لە ڕەخساندنی مەودایەکی فراوانی ڕێسا سادەکان بۆ ئەوەی بیناکان دڵگیر بن: دەبێت لێکچوو بن (واتە گەر لە ناوڕاستدا بیکەیت بە دوو کەرتەوە، هەردوو کەرتەکە ئاوێنەی یەکتر بن، یاخود گەر چارەکێکی وەربگریت، وەک سێ چارەکەکەی تر بێت. وەرگێڕ) هەروەها دەبێت سێ، پێنج، یان حەوت کراوە لە هەر لایەک هەبێت، نابێت ژمارەکە جوت بێت، ژوورەکانیش دەبێت شێوەیەکی ئەندازەیی سادەیان هەبێت، درێژییەکەی دەبێت ٣ – ٥ ئەوەندەی پانییەکەی بێت و بەرزییەکەش ٣ – ٥ ئەوەندی پانییەکەی بێت.

tumblr_inline_n68yybJHKY1serk8o

پاڵادیۆ خۆی وەک بەردتاشێک دەبینی، زۆر بە سادەیی شوێنکەوتووی کۆمەڵێک یاسا بوو، کە ئەوانیکەش دەیانتوانی شوێنکەوتەی بن. ئەو دژی ئەو بیرۆکەیە بوو کە تەلارسازیی بلیمەتییەکی تایبەتی دەوێت. پاتێرنێکی هزری هەیە لە بیناکانیدا (بە جۆرێک بینا شەنگەکان هەرچەند جیاواز بن خاوەن پاتێرنێکن لە  ناوەوەدا. وەرگێر) ئەمەش وەک ئەوەی کە ڕوویدا بەسەر لەندەن و زۆرێک لە شارەکان لەسەدەی ١٨دا، کە لە ژێر کاریگەری پاڵادیۆدا بوون.

3250846903_74e45349be_z

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی لە چوار کتێب لەسەر تەلارسازی باسی دەکات، فێرکردنی کلایەنتە شاراوەکانە یاخود بەکار‌هێنەری تەلارسازییە. بەگشتی ئێمە دڵنیا نین لەوەی بۆ بینایەکمان بە دڵە و یەکێکی دیکەمان بە دڵ نییە. لەوانەیە کاردانەوەیکی گەورەی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤمان هەبێت، دەڵێن بینایەک مەزنە و بینایەک سامناکە. بەڵام گەر بیر لە ڕاڤەیەک بکەینەوە، بەگشتی ناتوانین هیچ بڵێین. دژوارە بڵێین ئەوەی وای کردووە ئەم بینایە دڵگیر بێت، هەر هەمان شتە وای کردووە ئەو بینایە سامناک بێت. ئێمە وا تاقی کراوینەتەوە کە بڵێین ئەوە بابەتێکی تەواو کەسییە، کە چێژ لە تەلارسازیدا بە تەواوی سەبجێکتڤە. ئەمە بیروڕایەکی مەبەستدارە. بەڵام بێتاقەتکەرە. دەکەوێتە دەستی گەشەپێدەرەکان کە هیچ خەمێکیان بۆ جوانی نییە، کە پارێزراون لە زانیارییدا بەڵام هیچ کات بەکاری ناهێنین بۆ ئەوەی کە دەیکەن.

دەرئەنجام

بیرۆکەکانی پاڵادیۆ دەنگدانەوەی هەبووە لە میژوودا، بەڵام بیرۆکەکانی ئەوە نییە کە ئەگەر پایەیەکت هەبێت و  وا بزانیت نیشانەیەکە بۆ ئۆردەرەکانی یۆنان، بەڵکو ئەو بینایانە لەسەر بیرۆکەکانی پاڵادیۆن کە ئارامکەرەوەن، دەسازێن و شکۆدارن، لەسەر چەند رێسایەک دانراون کە دەکرێت بە بەرفراوانی دووبارە بەکار بهێنرێنەوە. ئەوەش دەبێتە خستنەڕووی هەمان بەرزیخوازی کە پاڵادیۆ لایەنگرێکی ناوەندی و داکۆکیکاریەتی. دەبێت ئاسایی بێت کە بیناکان ئێمە پیشان بدەن، بە نیگارێکی دڵگیری ئارامیمان و شکۆدارترینمان.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

andrea palladio, architecture, Art, Biography,