24/07/2019
DidiMn Logo
Top

دەربارەی وێنە و كات

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

چاوپێكەوتن لەگەڵ ژیل دۆلۆز
لە ئینگلیزییەوە: ئەكبەر حەسەن

سەدەیەك بەسەر داهێنانی سینەمادا تێدەپەرێت، تا ئەمڕۆ تەنها یەك فەیلەسووف بیرۆكەی سەبارەت بە خستنەڕووی چەمكەكانی سینەما هەیە. لەم ناوچه‌ی كوێرییەی تێڕامانی سینەماییەوە چی تێدەگەین؟

ئەوە ڕاستە كە فەیلەسووفان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشڕۆشتنایه‌ بۆ سینه‌ما، سەرنجێكی ئەوتۆیان له‌سه‌ری نه‌ده‌بوو. بەهەرحاڵ، ڕێكەوتێكی سەرنجڕاكێشە كە سینەما دروست لەو كاتەدا سەرهەڵدەدات، كە فەلسەفە هەوڵی دەدا بیر لە جووڵە بكاتەوە. ئەم مەسەلەیە دەتوانێت ئەوە ڕوون بكاتەوە بۆچی فەلسەفە گرنگیی سینەما لەبه‌رچاو ناگرێت. خودی فەلسەفە سەرقاڵی ئەنجامدانی كارێك بوو كە سینەما ئەنجامی دەدا. فەلسەفە هەوڵی دەدا جووڵە بهێنێتە ناو بیركردنەوەوە، لە كاتێكدا سینەما جووڵەی خستووه‌تە ناو وێنەوە. هەردوو پرۆژەكە بە شێوەیەكی سەربەخۆ پەرەیان سەند پێش ئەوەی هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەك مومكین بێت. بەهەرحاڵ، ڕەخنەگرانی سینەما، هەڵبەتە ڕەخنەگره‌ دیارەكان، كاتێك خەریكی فۆرمەلەكردنی ئیستاتیكای سینەما بوون، بوون بە فەیلەسووف. ئەوان وەك فەیلەسووف ڕانه‌هێنرابوون، بەڵام لە دەرەنجامدا بوون بە فەیلەسووف. ئەندرێ بازان نموونەیە لەسەر ئەمە.

لەمڕۆدا چۆن سەیری ڕەخنەی فیلم دەكەیت؟ ڕەخنەی فیلم دەبێت چ ڕۆڵێك بگێڕێت؟

ڕەخنەی فیلم ڕووبەڕووی دوو مەترسی دەبێتەوە: ڕەخنەی فیلم نابێت تەنها وەسفی فیلم بكات، هاوكات نابێت لە دەرەوەی فیلمەوە چەمكەكان بهێنێت. ئیشی ڕەخنە ئەوەیە چەمكەكان ساز بكات كە بێگومان لە ناو فیلمدا نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەكی تایبەتیان بە سینەما، ژانری تایبەتی فیلم و هەندێك لە فیلمە تایبەتەكان یاخود چەمكە تایبەتەكانی سینەماوە هەیە كە تەنها دەتوانرێت بە شێوەیەكی فەلسەفییانە ساز بكرێت. ئەم چەمكانە چه‌مكی تەكنیكی نین (وەك تراكینگ، كۆنتینویتی، فاڵس كۆنتینویتی، قووڵی یان تەختیی لۆكەیشن و…) چونكە تەكنیك تەنها لە پەیوەندیدا بەو ئامانجانەوە مانای هەیە كە پێشگریمانه‌یان ده‌كات، بەڵام شه‌رحیان ناكات.

هەمان ئەم ئامانجانەن كە چەمكەكانی سینەما پێك دەهێنن. سینەما جووڵەی خۆڕسك لە وێنەكان و تەنانەت كاتنانەوەی خۆڕسكێش  (Auto Temporalization) ڕێك دەخات. ئەمە مەسەلە گرنگەكەیە، منیش هەوڵم داوە لەم دوو لایەنە بكۆڵمەوە. سینەما بەم ڕێگه‌یە چ شتێكمان دەربارەی كات و شوێن پیشان دەدات كە هونەرەكانی تر پیشانمانی نادەن؟ تراكینگ شۆت و پان دوو شوێنی تەواو جیاوازمان پیشان دەدەن. هەندێك جار تراكینگ شۆت واز لەوە دەهێنێ شوێنپێی شوێن هەڵبگرێت و ڕۆدەچێتە ناو كاتەوە، بۆ نموونە لای ڤیسكۆنتی. هەوڵم دا شوێن لە فیلمەكانی كوراساوا و میزۆگوشیدا شی بكەمەوە. لەوەی یەكەمیاندا شوێن سنووردار كراوه‌، بەڵام لەوی تریاندا به‌ربڵاوه‌. ئەم دوانە زۆر جیاوازن. ئەوەی كە لە یەكەمیاندا ڕوو دەدات، جیاوازە لەوەی لە دووەمیاندا ڕوو دەدات. وردەكارییە تەكنیكییەكان بەستراون بەم ئامانجە گشتییانەوە و هەر ئەمەشە كێشەكە. دەبێت لێكۆڵینەوەت لەسەر دانەران هەبێت، بەڵام دەبێت دواتر ببەسترێنەوە بە هەندێك جیاكاری، دیاریكردنی تایبەت و ڕێكخستنەوەی چەمكەكانەوە كە وات لێ دەكەن وەك گشتێك سەیری سینەما بكەیت.

deleuze-lamennais-4-a

چۆن دەتوانیت لە پرسی جەستە و بیركردنەوەوە كە ڕاستەوخۆ لە تێڕامانی ئێوەوە سەرچاوە دەگرێت، پەیوەندیی دەروونشیكاری بە سینەما یان تەنانەت به‌ زمانناسییه‌وه‌ بسڕیتەوە؟ واتە ئەو چەمكانەی كە لە دەرەوەی فیلمەوە سەرچاوەیان گرتووە؟

هەمان پرسه‌. ئەو چەمكانەی كە فەلسەفە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سینەما بەرهەمیان دەهێنێت، دەبێت تایبەت بن و پەیوەندیی تایبەتیان بە سینەماوە هەبێت. بێگومان دەتوانیت فرەیمینگ (Framing) ببەستیتەوە بە كاسترەیشنەوە (Castration)، یان گرتەی نزیك بە ئۆبژه‌ پاژه‌كییه‌كانه‌وه‌، بەڵام پێم وانییە ئەمە شتێكمان لەبارەی سینەماوە پێ بڵێت. ئاشكرا نییە كە ئایا خودی وێنەگرتن پەیوەندییەكی بە سینەماوە هەبێت، سینەما واقیعیەت بەرهەم دەهێنێت. زۆر باش دەبێت ئەگەر درایەر بخه‌مه‌ به‌رده‌م ده‌روونشیكاری، بەڵام ئەم كارە لە گشتێتیدا شتێكمان پێ ناڵێت. باشتر وایە درایەر بە كیركەگۆر بەراورد بكەم. چونكە كێشەكە بە لای كیرگەكۆرەوە دروستكردنی جووڵە بوو و ئەو پێی وابوو تەنها هەڵبژاردن دەتوانێت ئەم جووڵەیە دروست بكات. بەم شێوەیە، بابەتە ڕاستەكەی سینەما دەبێت بە هەڵبژاردنی ڕۆحی.

ده‌روونشیكاریی بەراوردكارانه‌ی كیركەگۆر و درایەر سەبارەت بەوه‌ی چۆن ڕەهەندی ڕۆحی ده‌بێت بە بابەتی سینەمایی، كە ئه‌مه‌ پرسێكی فەلسەفی-سینەماییە، شتێكی ئەوتۆمان ناخاتە بەردەست. ئەم كێشەیە لای ڕۆبێرت بریسۆن و ئێریك ڕۆمەر بە شێوەیەكی زۆر جیاواز دەردەكەوێت و فیلمەكانیان ده‌ته‌نێته‌وه‌، ئەمە لە كاتێكدا فیلمەكانی ئەوان ئەبستراكت نین، بەڵكو پڕ جووڵە و سەرنجڕاكێشن.

سەبارەت بە زمانناسییش، بە هەمان شێوەیە: زمانناسی تەنها ئەو چەمكانە دەخاتە بەردەست كە لە دەرەوە دەهێنرێنە ناو سینەما. بۆ نموونە چەمكی Syntagm، بەڵام ئەمە هزر و وێنەی سینەمایی دادەبەزێنێت بۆ قسەیەك  (Utterance) و تایبەتمەندییە جەوهەرییەكانی و جووڵەكانی لەبەرچاو ناگرێت. گێڕانەوە لە سینەمادا وەك وێنەسازی وایە: گێڕانەوە، لەبری ئەوەی فۆرمێكی تری هاوشێوە بێت، بەرهەمێكی ناڕاستەوخۆی جووڵە و كاتە. سینەما ئەو شتە دەگێڕێتەوە كە كاته‌كان و جووڵەكانی وێنە وای لێ دەكەن بیگێڕێتەوە. ئەگەر جووڵە شوێنی بزوێنه‌رێكی هەستەكی بكەوێت، ئەگەر كارەكتەرێك پیشان بدات كاردانەوەی بەرامبەر هەڵوێستێك هەبێت، ئەو كاتە چیرۆكێكت دەبێت. لە لایەكی ترەوە، ئەگەر سیستەمی بزوێنه‌ره‌ هەستەكییەكە بوەستێت و دەستبەرداری جووڵە ئاڕاستەنەكراو و ڕێكنەخراوەكان ببێت، ئەو كاتە سه‌رچه‌شنه‌كانی ترت دەبن، صەیرورەكانت دەبن لەبری چیرۆكەكان.

شیكردنەوەی نیۆڕیالیزم لە كتێبەكەتاندا گرنگییەكی زۆری هەیە. دابڕانێكی یەكلاكەرەوە كە بە ئاشكرا پەیوەندیی بە جەنگەوە هەیە (ڕۆسۆلینی و ڤیسكۆنتی لە ئیتالیا، ڕای لە ئەمەریكا). پێش جەنگ، ئۆزۆ و پاشان ویلیزیش بەرهەڵستیی هەڵبژاردنی شێوازی مێژوویی دەكەن.

بەڵێ. ئه‌گه‌ر دابڕانه‌ سەرەكییەكە لە پاش كۆتایی جەنگ و لەگەڵ هاتنی نیۆریالیزمدا سەرهەڵبدات، ئەوا ڕێك لەبەر ئەوەیە كە نیۆریالیزم ویرانبوونی به‌رنامه‌ی بزوێنه‌ره‌ هەستەكییەكە تۆمار دەكات. چیتر كارەكتەرەكان نازانن چۆن كاردانەوە بنوێنن بەرامبەر ئەو بارودۆخانەی كە لەودیویانه‌وه‌یه‌ و بارودۆخی زۆر بێزاركەر یان زۆر جوان یان چارەسەرهه‌ڵنه‌گره‌. لەبەر ئەوەش، چەشنێكی نوێی كاره‌كتەر دەردەكەوێت. بەڵام لەمەش گرنگتر ئەوەیە ئەگەری كاتنانەوە  (Temporalizing)ی وێنەی سینەمایی دێتە پێشەوە: كاتی پەتی، بڕێكی كەمی كات لە فۆرمە پەتییەكەیدا لەبری جووڵە. لەوانەیە وێلز و ماوەیەكی زۆریش به‌ر له‌ جەنگ ئۆزۆ پێشبینیی ئەم شۆڕشە سینەماییەیان لە چەند كونتێكستێكی جیاوازدا كردبێت. لای وێلز قووڵایی كات هەیە، چینەكانی هاوكاتی كات هەیە، كە قووڵایی بوار بە پێوەرێكی بە ڕاستی كاتی گەشە دەكات. ئەگەر فیلمی Still Lifesی بەناوبانگی ئۆزۆ بە تەواوەتی سینەمایی بێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە تەرزی نەگۆڕاوی كات لە جیهانێكدا دەردەخات ، كە پێشتر پەیوەندییەكانی بزوێنه‌ره‌ هەستەكییەكەی لەدەست داوە.

9781584351016

بەڵام ئەو بنەمایانە چین كە لە پشتی ئەم گۆڕانانەوەن؟ چۆن بتوانین لە ڕوانگەیەكی ئیستاتیكی یان هەر ڕوانگەیەكی ترەوە هەڵیان بسەنگێنین؟ بە كورتی: لەسەر چ بنەمایەك دەتوانین فیلم هەڵبسەنگێنین؟

پێم وایە بنەمایەكی بە تایبەتی گرنگ بایۆلۆجیای مێشك و میكرۆبایۆلۆجیایە. ئەم پرۆسەیە بە گۆڕانێكی تەواودا دەڕوات و كەشفی نائاسایی دەخاتە ڕوو. ئێمە بۆ ئەم بنەمایانە دەبێت سەیری بایۆلۆجیای مێشك بكەین، نەك ده‌روونشیكاری و زمانناسی، چونكە [بایۆلۆجیای مێشك] وەك دوو بنەماكەی تر بەربەستی پراكتیزەكردنی چەمكە ئامادەكراوەكانی لە بەردەمدا نییە. دەتوانین وەك كوتلەیەكی تا ڕادەیەك جیاوازیهەڵنەگر (Undifferentiated Mass) سەیری مێشك بكەین و بپرسین وێنە-جووڵە یان وێنە-كات شوێنپێی چ بازنەیەك، چ جۆرە بازنەیەك هەڵدەگرێت و دادەهێنێت، چونكە بازنەكان پێشتر بوونیان نییە تا لێیانەوە دەست پێ بكەین.

بۆ نموونە سەیری فیلمەكانی ئالان ڕێنێ بكە: سینەمای مێشك، ئەگەرچی دەشێت فیلمەكانی سەرگەرمكەر یان پڕ جووڵە بن. ئەو بازنانەی كە كەسێتییەكانی ڕێنەیان بۆ وێنە كێشراوە، ئەو شەپۆلانەی كە سواری دەبن، بازنەكانی مێشك یان شەپۆلەكانی مێشكن. دەشێت كۆی سینەما بە هۆی ئەو بازنە مێشكییانەوە كە دایاندەمەزرێنێت، هەڵبەسنگێنرێت، ئەوەش تەنها بە هۆی ئەوەی كە سینەما وێنەیەكی جووڵاوە. مێشكی بە مانای هزری نییە: بە مانای عاتفیی مێشك و تامەزرۆبووش نییە. ئێوە دەبێت سەیری دەوڵەمەندی، ئاڵۆزی و گرنگیی ئەم ڕێكخستانە، ئەم پەیوەندییانە، ئه‌م جووداییانە، ئه‌م بازنانە و لێككه‌وتنی ئه‌م بازنانە بكەن. چونكە زۆربەی بەرهەمە سینەماییەكان بە توندوتیژییە هەڕەمەكییەكانیان و ئیرۆتیسزمە لاوازەكانیانەوە كەموكورتییە عەقڵییەكان ڕەنگ پێدەدەنەوە، نەك ئه‌وه‌ی بازنەی مێشكیی نوێ دابهێنن.

ئەوەی كە بەسەر ڤیدیۆی جەماوەریدا هات، مایەی داخە: دەكرا ببن بە بوارێكی نوێی بە ڕاستی سەرنجڕاكێشی چالاكیی سینەمایی، بەڵام كوتوپڕ بێئاگاییەكی ڕێكخراو دەستی بەسەردا گرتن. ناكرێت ئیستاتیكا لەم پرسیارە تەواوكەرانەی په‌یوه‌ست به‌ به‌گه‌مژه‌كردن و مه‌غزسازی جیا بكرێته‌وه‌. خوڵقاندنی بازنه‌ی نوێ له‌ هونه‌ردا به‌ مانای خوڵقاندنی ئه‌و بازنانه‌یه‌ له‌ مێشكدا.

1253press1

له‌ ڕواڵه‌تدا وا ده‌رده‌كه‌وێت سینه‌ما زیاتر به‌شێك بێت له‌ ژیانی مه‌ده‌نی تا فه‌لسه‌فه‌. چۆن بتوانین ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌؟ له‌و باره‌یه‌وه‌ چیمان پێ ده‌كرێت؟

ڕه‌نگه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاست نه‌بێت. باوه‌ڕم وانییه‌ خه‌ڵكی وه‌ك ستراوب، بۆ نموونه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك فیلمسازی سیاسییش دابنرێن، ئاسانتر له‌ فه‌یله‌سوفان له‌گه‌ڵ ژیانی مه‌ده‌نیدا بگونجێن. هه‌ر چالاكییه‌كی داهێنه‌رانه‌ لایه‌نی سیاسی و ئاماژه‌ی خۆیی هه‌یه‌. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چالاكییه‌كی له‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵ بازنه‌ی زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ بازنه‌ ئاماده‌كراوه‌كاندا كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سازێنراون، یه‌ك نایه‌ته‌وه‌. هه‌موو فۆرمه‌كانی داهێنه‌رێتی، له‌ ناویشیدا هه‌ر داهێنه‌رێتییه‌ك كه‌ ده‌شێت له‌ ته‌له‌فزیۆندا مومكین بێت، لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی دوژمنێكی هاوبه‌ش ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌مدیس مه‌سه‌له‌ی مه‌غزه‌: لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی مێشكی هه‌موو بازنه‌كان، ده‌شێت ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ به‌ بنچینه‌ییترین كاردانه‌وه‌ مه‌رجییه‌كان بده‌ن و جێی خۆیان چۆڵ بكه‌ن بۆ شوێنهه‌ڵگرتنه‌ داهێنه‌رانه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌ كه‌متر ئه‌گه‌رییه‌كان.

هه‌لومه‌رجه‌ شوێنكاتییه‌كانی مێشك: ئه‌مڕۆ هونه‌ر توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌لومه‌رجه‌ شوێنكاتییه‌كانی مێشكه‌وه‌ ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ نوێیانه‌مان بۆ كه‌شف بكات كه‌ به‌رامبه‌رمان كراونه‌ته‌وه. له‌وانه‌یه‌ كۆنتینویتی و فاڵس كۆنتینویتی ببینیت وه‌ك سینۆپسی سینه‌مایی – بۆ نموونه‌، له‌ فیلمه‌كانی گۆدار و ئالان ڕێنێدا په‌یوه‌ندیی جیاواز و بازنه‌ی جیاواز ده‌بینیت. من وای ده‌بینم سه‌رجه‌م گرنگیی سینه‌ما په‌یوه‌ندیدار بێت به‌م جۆره‌ پرسانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:

١- ژیل دلوز، كلر كولبروك، رونالد باگیو: ادراك، زمان و سینما، ترجمه‌: مهرداد پارسا، ص ١٢٧-١٣٥.

2- Gilles Deleuze, Martin Joughin Negotiations- 1972-1990. Pp. 57-61

Akbar Hasan, Cinema, Gilles Deleuze,