23/07/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: جەنگی چەتە و پۆلیس لە ناوجەرگەی پاریس‌دا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: فانتۆماس ، ١٩١٣/١٩١٤
دەرهێنەر: لوی فۆییاد

ساڵی ١٩١٣، دوای ئەوەی کە دەرهێنەری فەڕەنسی لوی فۆییاد بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ کاری دەرهێنانی سەدان کورتەفیلمی کۆمیدی و درامایی و مێژووی دەکات، بۆ یەکەم جار دەست دەکات بە دەرهێنانی زنجیرەفیلمێکی تاوانی لە ژێر ناوی فانتۆماسدا.

کۆی کارەکان لە پێنج فیلم و زیاتر لە پێنج کاتژمێر پێک هاتوون و سەرچاوەکەیان کتێبە پڕفرۆشەکانی نووسەرانی فەڕەنسی مارسیل ئالەین و پییر سۆیڤیسترە؛ چیرۆکی تاوانبارێکی فیڵبازی زیرەکە بە ناوی فانتۆماس کە خەریکی کردای چەتەیی ئەڵماس و ئاڵتوون و کاری تێکدەرانەیە، هەروەها ئەو پۆلیسە نهێنییەی کە هەمیشە لە هەوڵی گرتنیدایە، جۆڤ و هاورێ زیرەکە ڕۆژنامەنووسەکەی، فاندۆر (وەک شارلۆک هۆڵمز و دکتۆر واتسن).

ئەم سێ کەسە هەمیشە لە گەمەیەکی بێ کۆتایی ڕاکردن و خۆحەشاردان و دۆزینەوەی یەکتردان، هەمیشە لە بازنەیەکدا بە دوای یەکتردا دەخولێنەوە کە هیچیان لەم جەنگەدا براوە نین؛ فانتۆماس کاتێک کە کرداری چەتیی و دزینی ئاڵتوون و ئەڵماس ناکات، کاری تێکدان و تیرۆرریستی دەکات، لە تەقاندنەوەی شەمەندەفەرە، ئۆتۆمبێل، ماڵ، دوکان و بانک  بۆ لەناوبردن و کوشتنی دوژمنەکانی.

fantomas

زۆر لە گرتەکانی فیلمەکە تێکەڵبوونێکی سروشتی و ڕاستەقینانەی وێنەگری سەر شەقام و کۆڵانەکانی شاری پاریس‌ە لەگەڵ وێنەگری فانتەسی ناو ستۆدیۆکاندا. ئەم تێکەڵبوونی سروشتی و فانتەسییە دەگەرێتەوە بۆ کاریگەریی کورتەفیلمەکانی دوو لە دەرهێنەرانی سینەمای فەڕەنسی کە لە تەمەنی لاوێتیدا فۆییاد ئاشنای فیلمەکانیان دەبێت، لە فیلمە فانتەسییەکانی دەرهێنەر جۆرج میلی و فیلمە سروشتی و دۆکیۆمێنتارییەکانی براکانی لومیردا.

یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی زنجیرەفیلمە تاوانەکەنی فۆییاد هەمیشە جەنگی نێوان چاکە و خراپەیە کە تیایدا هەردوو لا بە یەکسانی دەجەنگن و لە کۆتایدا هیچیان بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ نابێت و جەنگەکە هەمیشە بەردەوامە، هەر کاتێک یەکێک لە تاوانبارەکان دەستگیر دەکرێت. ئەمە دەبێت بە هەنگاوێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی چەتەکانی لەوان گەورەتر، یان هەمان تاوانبار ڕادەکات و جارێکی تر جەنگی نێوانیان دەست پێ دەکاتەوە. لەم دنیایەدا بە خێرایی کەسان دین و دەڕۆن، زۆر لە کارەکتەرە سەرەکییەکان لە ناو دەچن و کەسانی تر جێگەیان دەگرنەوە و جەنگی سەر شەقامەکان ناو شارەکانی فەڕەنسا هەر بەر دەوامە.

زیاتر لە کارەکانی پێشتری تری فۆییاد، زنجیرەفیلمەکانی فانتۆماس بینەرێکی زۆریان دەبێت لە سینەماکانی فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپادا و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ فیلمەکانیی داهاتووی، فۆییاد بەردەوام بیت لەسەر دروستکرنی زنجیرەیەکی نوێی فیلمی تاوانیدا؛ ئەم جارە لە زنجیرەفیلمی لیس ڤامپیریس‌دا.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی ئەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Fantomas, Karzan Kardozi, One,