23/07/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: سەمای خۆشەویستی و مردن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: دوای مردن، ١٩١٥
دەرهێنەر: ییڤگینی باوا

ییڤگینی فرانسەڤیچ باوا یەکێکە لە باوکانی ڕۆحی سینەمای ڕوسیای ساڵانی پێش شۆرشی ئۆکتۆبەری سۆڤێت و سینەمای نوێی مۆنتاج. ئەستەمە بڕوا بکرێت، بەڵام تەنها لە ماوەی کورتی چوار ساڵی ژیانی سینەمایدا، لە نێوان ساڵانی ١٩١٣ بۆ ١٩١٧، ییڤگینی باوا ٨٢ کورتەفیلم دروست دەکات، کە زۆربەیان بە شاکارە سەرەتاییەکانی سینەمای ڕوسیا دادەنرێن و درێژی فیلمەکانی لە نێوان ١٢ بۆ ٤٠ خولەک دەبن و لە ئێستادا تەنها چەند فیلمێکیمان بۆ ماوەتەوە.

لە ناو ئەو فیلمانەی کە بۆمان ماوەتەوە لە ئێستادا، فیلمی دوای مردن یەکێک لە شاکارترین کارەکانی باوا و سینەمای سەرەتای ڕوسیایە. سەرچاوەی کورتەفیلمەکە کورتەچیرۆکی کلارا میلیچی نووسەری ڕوسی ئیڤان تورگینیڤە، هەروەها لە فیلمەکدا دا باوا نزیک دەبێتەوە لە بە وێنەگرتنی زیمی ئەدەبی کلاسیکی ڕوسی لە پیشاندانی تەنهایی و ئاڵۆزی خۆشەویستی و مردن بە دروستکردنی کەشێکی وێنەگری، زیاتر بینەر نزیک دەکاتەوە لە هەستی ناخی تاکی سایکۆلۆجیی کارەکتەرەکانی، دوور لە گۆڕانکاریی ئاڵۆزی چیرۆکی.

کارەکتەر و چیرۆکی فیلمەکە تیکەڵبوونێکی تورگینیڤ، چیخۆڤ و دۆستۆڤۆسکیانەیە لە هەوڵدانێکدا بۆ دەربڕینی هەستی ناخی کارەکتەرەکان، بەتایبەتی کارەکتەری لاو نەندری باگرۆڤ، کە وەکو کەسێکی نموونەیی ڕیبازی پیشان دەدرێت؛ دوای مردنی دایکی، هەمیشە لە تەنیاییدا دەژی و زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوەدا بەسەر دەبات، ئەو کەسێکی تەنیایە و دەیەوێت پارێزگاری لەم تەنهاییە بکات، بەڵام ئەم ژیانە ئارامەی لە پڕێکدا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت کاتێک لە ڕۆژێکی زستاندا لە باخچەیەکی بەفراویدا کچێک دەبینێت و بۆ چەند ساتێک سیمای ئەو سەرنجی ڕادەکێشێت، بەڵام بە خێرایی دەڕواتەوە ماڵەوە و کچەکە لە بیر دەکات.

posle-smerti-aka-after-death-yevgeni-bauer-1915-poster

لە ڕۆژانی داهاتوودا هەمان کچ بە دوای ئەودا وێڵ دەبێت، داوای درووستبوونی پەیوەندیی خۆشەویستیی لێ دەکات، بەڵام ژوورەکەی و کتێبەکانی و ژیانی تەنهایی بۆ ئەندرێ گرنگترە لە پەیوەندیی خۆشەویستی بە کەسانی ترەوە. کاتێک کە هەواڵی خۆکووشتنی هەمان کچ دەبیستێت، ئەندرێ لە ناخەوە دەهەژێت، خۆی بە تاوانبار دەزانێت و لە ئاڵۆزییەکی دەروونیدا دەژی. شەوانە لە خەونەکانیدا کچەکە سەردانی دەکات و بە نزیکبوونەوەی ئەو، مردنیش لە ئەندرێ نزیک دەبێتەوە.

کەم فیلم هەیە لە ساڵانی سەرەتای سینەمای بێدەنگدا بەم شێوەیە بیرەوەری، دەمارگیری، نەستلاڕێی، خەون، سەرووسروشت و ئاڵۆزیی سایکۆلۆجیی ناخی تاکێک بەو بلیمەتییانە و تەنیا لە ڕێگەی وێنەوە گرتەکانی نماییش بکات. وەکو زۆربەی کارەکانی تر، بە کەمی باوا نووسینی کاردی تایتڵی لە فیلەکەدا بە کاردەهێنێت؛ گرتەکانی درێژن، زانایانە کامێرا دەجوڵێنێت و تاقم و ڕووناکی بەکار دەهێنێت.

لە یەکێک لە بلیمەتترین گرتەکانی فیلمەکەدا، بۆ سێ خولەک کامێرا دەجوڵێت و چەندان شوێن و ئاڵوگۆڕی جووڵەی کارەکتەران گۆڕانکاریی کۆمپۆزیشنی گرتەکان دەکات بەبێ بوونی بڕینێکی مۆنتاجی و بێ بەکارهێنانی تیکستێکی نووسینی، هەروەها کامێراکەی هەمیشە لە جووڵەدایە لە ڕێگەی پاشەکشە و پان بە ڕاست و چەپدا.

بلیمەتیی بەکارهێنانی کامێرا دەگەڕێتەوە بۆ سینەماتۆگرافەر و کامێرامانی باوا، بۆریس زاڤلییڤ کە وێنەی زۆربەی فیلمەکانی باوا دەگرێت و یەکێکە لە گەورە سینەماتۆگرافەر ساڵانی سینەمای سەرەتای ڕوسی.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی ئەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

After Death, Karzan Kardozi,