21/10/2019
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: مەرگ و شۆڕشگێڕى، بە ڕەوایەتى سارتەر

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من خوێنەر و کتێب

کتێب: دیوار
نووسەر: ژان-پۆڵ سارتەر
خوێنەر: بەڵێن عوسمان

”هەمووشتەکانى چواردەورم دەخولانەوە و لەسەر ئەرزەکە دانیشتم؛ هێندە بەتووندى پێکەنیم، کەوتمە گریان.“

لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا زیاتر لە بەستەرێک هەیە، لەوانەیە گرنگترینیان باسکردن بێت لە دەروون و هەستەکانى مرۆڤ، بە لەبەرچاوگرتنى ئەم ڕاستییە مێژووییەش ناوى ژان پۆڵ سارتەرى فەڕەنسى دەدۆزینەوە، کە بە ئاوێتەکردنى ئەو دوو کایەیە و هێنانەئاراى ئەو هاوبەشییە، سوبێکتە ئاشکرا و شاراوەکانى مرۆڤى دەرخستووە.

بەگشتی سارتەر لە بەرهەمەکانیدا [وەک فەیلەسوفێکى ئەدیب یاخود ئەدیبێکى فەیلەسوف] بە دوو ئاست کارى لەسەر مرۆڤ کردووە، یەک: مرۆڤ لە دۆخى ناوخۆیى خۆیدا و نیشاندانى شێواوییە دەروونییەکان. دوو: مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى شۆڕشگێڕ و باسکردن لە چەمکى ئازادى. ئەم دوانەش بە ڕوونى لە یەکێک لە بەناوبانگترین دەقەکانیدا بە ناوى دیوار ڕەنگى داوەتەوە.

سارتەر کورتەچیرۆکى دیوارى لە ساڵى 1939دا نووسى. لە هەمان ساڵدا لەگەڵ چەند کورتەچیرۆکێکى تر و لە کتێبێکدا هەر بە ناوى دیوار چاپ و بڵاوى کردەوە.

چیرۆکى دیوار، گێڕانەوەى ڕووداوێکى گرنگى وڵاتى ئیسپانیایە، باس لە ڕۆژانى شەڕى ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکات کە ساڵى 1936 تا 1939 بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا ناسیۆنالیستەکان بە سەرۆکایەتیی فڕانسیسکۆ فڕانکۆ چوونە ناو مەدریدەوە و کۆتاییان بە حوکمى کۆمارى هێنا.

لەو ئانوساتەدا فڕانکۆى دیکتاتۆر دەوڵەتى فڕانکۆیى دامەزراند و هەڵمەتى ڕەشبگیریی نەیار و بەرهەڵستکارەکانی دەست پێ کرد؛ هاوشێوەى هەموو دیکتاتۆرەکانى ترى جیهان خەونى بەوەوە دەبینى بگات بە دەسەڵاتى ڕەها، هەموو خەڵکەکەش ملکەچ و کۆیلەى وى بن؛ بەڵام لەو ناوەدا کەسانێک هەن نابنە ژێردەستەى فڕانکۆ، مرۆڤگەلێک دەنگیان بەرز دەکەنەوە و ناچنە ژێر بارى حوکمى زۆرداریى ئەو. شۆڕشگێڕەکان ئەو باڵادەستییە تاکڕەوییانە ڕەت دەکەنەوە و بۆ سەربەخۆیى خۆیان دەجەنگن، لەم پێناوەشدا لایان گرنگ نییە ڕووبەڕووى بەندیخانە، ئازار، تەنانەت مەرگیش ببنەوە.

دیوار، بەسەرهاتى هەستە ناوەکییەکانى شۆڕشگێڕانى ئیسپانیایە لە دەمى پەڕینەوە لە ژیانەوە بەرەو مردن بە پردى ئەشکەنجەى دەروونى و شێواویى هەستەکانیاندا، هەڵبەت ئەمەش بە ڕەوایەتیی سارتەر. چیرۆکەکە چەندین مژارى مرۆیى دەوروژینێت و هەر یەکەیان بەپێى قۆناغە زەمەنییەکانى ڕووداوەکان باس دەکرێن. سارتەر تەنیا وەک گێڕەرەوە بە هۆى شاکەسى چیرۆکەکەوە پرسەکان لە کۆنتێکستى دەقەکەدا دەخاتە ڕوو؛ پرسیارەکان لاى خوێنەر خۆکارانە دروست دەبن و ئەرکى دووبارە پێداچوونەوە بە دەقەکەدا دەکەوێتە سەر خوێنەر، ئەمەش ڕێ بۆ دەروازەى سەرەتایى شیکارە دەروونى و فەلسەفییەکان لەمەڕ مردنى ناچارى خۆش دەکات.

سێ هاوڕێى خەباتکەر دەستگیر دەکرێن و ژوورێکى تەنگى زیندان کۆیان دەکاتەوە. پاش لێکۆڵینەوە لێیان ڕاستەوخۆ فەرمانى کوشتنیان دەدرێت و فەرمانەکەش دەبێت لە هاتنى سپێدە و لەگەڵ کەوتنى یەکەمین تیشکەکانى خۆر بۆ سەر ڕووى زەوى، بە زوویى جێبەجێ بکرێت.

پابلۆ، تۆم و خوان، لەو ژوورەدا بیر لە بەیانیى دوواتر دەکەنەوە؛ ئاخۆ چۆن گولـلـەباران دەکرێن؟ ئەو ئازارە چۆنە کە لە کاتى مردندا دەیچێژن؟ دەبێت لە ئازار بترسین یان خودى مردن؟ بیرکردنەوە لە مردن و دڕدۆنگى لە بەرانبەرى، تاکە شتێکە ئەم سێ کەسە بتوانن لەو دۆخەدا بیکەن. تۆم بە پابلۆ دەڵێت: ”هەرگیز بیرم لە مردن نەکردبووەوە، چونکە هیچ هۆکارێک نەبوو بۆى، بەڵام ئێستا کە هۆکارەکە لێرە بوو، هیچ شتێکى تر نەبوو جگە لە بیرکردنەوە لێى.“ مرۆڤى مەحکوم بە مەرگ، کە ناچارە بە زانینى کاتەکەشى، هیچى لا گرنگ نییە تەنیا ساتى مردنى نەبێت، هەر ئەمەش بووەتە فیگۆرى سەرەکیى ئەو سێ کەسەى کە سارتەر وێناى کردوون.

هەستەکانى ئەو سێ بەندکراوە بەپێى دۆخ و کات گۆڕانیان بەسەردا دێت؛ بە شێوەیەک ساتگەلێک پڕن لە هیوا و خۆڕاگرى، وەختایەکیش دەکەونە دۆخێکەوە کە لە بوونیاندا بۆ یەکەم جارە هەستى پێ دەکەن. ناچاریى مردنى مرۆڤ و نەزانینى زانیارى لەو بارەیەوە، ئەو گرێیەیە کە پابلۆ، تۆم و خوان ناتوانن بیکەنەوە. سەربارى ئەمەش ئەو گرێیە ئاڵۆزتر دەبێت بە تاسەى گەیشتن بە وردەکارییەکانى دیکەى مردن وەک ئاکتێکى سەپێنراو. خوان پرسیار لەو پزیشکە دەکات کە لە دوایەمین شەوى ژیانیان بۆ یارمەتیدانیان هێنراوە: ”ئازارى هەیە؟ زۆرى پێ دەچێت؟“ ”بە هیچ شێوەیەک، زۆر بە خێرایى تەواو دەبێت.“ پزیشکەکە وەڵامى دەداتەوە. لێ هێشتا خوان بەگومانە لەوەى لەو کاتەوە کە گولـلـەکە بەر سنگى دەکەوێت تا مردنى تەواوەتى، چەندى کات دەوێت: ”بەڵام من پێیان وتم هەندێک جار پێویست دەکات دوو جار تەقە بکەن.“ پزیشکەکە پێى دەڵێت: ”هەندێک جار وایە، لە کاتێکدا ڕوو دەدات ئەگەر گولـلـەبارانەکە بەر ئەندامە سەرەکییەکان نەکەوێت.“ بەندییەکە خۆى هەڵدەداتە ئەو ئایندە نزیکەوە تا باشتر هەستى پێ بکات، لایەنى کەم وەک ئەزموونێکى لاوەکى ئەو تاڵییە بچێژێت: ”ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، دەبێت میلى تفەنگەکانیان بهێننەوە و دووبارە نیشانە بگرنەوە؟“ پاش کەمێک: ”ئەوە کاتى دەوێت.” کات و ئازار، ئەو دوانەی بە زیادبوونى یەکێکیان ئەوەى دیکەشیان زیاد دەکات، ئەمەش چەقى هەست و بیرکردنەوەکانى ئەو بەندییانەیە کە دەیانگەیەنێت بەوەى ئەوەى پێویستە هەبێت بەرانبەر مردن، ترس نییە؛ بەڵکو تێگەیشتنە لێى. پابلۆ دەڵێت: ”نەمدەویست وەکو ئاژەڵێک بمرم، دەمویست تێبگەم.“ هەروەها تێگەیشتن لە مردن ئەوە دەخوازێت کە هەستى پێ بکەیت و لە مردندا بژیت؛ ”نەمدەویست بیر بکەمەوە کازیوە چى ڕوو دەدات. کاتى مردن هیچ مانایەکى نەبوو، تەنیا وشە، هەستێکى بەتاڵ و بێمانام لا درووست دەبوو؛ بەڵام هەر کات کە هەوڵم دەدا بیر لە شتى تر بکەمەوە، تفەنگەکان دەهاتنە بەرچاوم کە ڕوویان تێدەکردم. پێدەچێت بیست جار لەگەڵ گولـلـەبارانکردنمدا ژیابم و هەستم پێ کردبێت.“

سارتەر جیا لە داڕشتنى تێزە فەلەسەفییەکانى پەیوەست بە بوونگەراییەوە، ئەم جارە لە ڕێگەى پرسیارى کوورتەوە باسى پۆستمردن دەوروژێنێت؛ مرۆڤ دواى مردن چیى بەسەر دێت؟ ئایا مردن کۆتاییە؟ مرۆڤ چۆن خۆى ئامادە بکات بۆ مردن، بەتایبەتى ئەگەر کاتەکەشى بزانێت؟ تۆم بە پابلۆ دەڵێت: ”دەبێت ئازارێکى ئێجگار زۆرى هەبێت. دەزانیت نیشانە لە چاو و دەم دەگرنەوە بۆ ئەوەى سیمات تێک بدەن. هەر لە ئێستاوە هەست بە برینەکان دەکەم؛ کاتژمێرێک دەبێت سەر و ملم ئازارى هەیە. ئازارى ڕاسەقینە نییە، خراپترە. سبەینێ هەست بەمە دەکەم. ئەى دواى ئەوە چى؟“

لەم چیرۆکەدا ئەوەى پتر مایەى نیگەرانیى کارەکتەرەکانێتى مردن نییە، بەڵکو ئەو کارانەیە کە مردن ڕێ نادات تەواویان بکەیت. ئەو سیانە لەپێناوى بەگژداچوونەوەى ستەمى ئەو سیستمە دیکتاتۆرییەدا تێکۆشاون و دەشیانەوێت ئەو ئەرکەیان بە تەواونەکراوى جێنەهێڵن. هەر وەک پابلۆ دەڵێت: ”شتى زۆر هەبوون کە نەمکردبوون… بەڵام مردن هەمووشتێکى ناشرین کردبوو.“

دۆخى دواتر کە دۆخێکى نوێ و جیاوازە، چاوەڕوانیکردنە. چاوەڕوانى… یەک هەنگاو بەر لە مردنە و ئیتر خەم و نائومێدى وەک تەم ڕۆحى پاڵەوانەکان دەتەنێت. هیچ شتێک نەماوە کە گرنگیی هەبێت، چونکە لەگەڵ مردندا هەموویان لەناو دەچن و دونیا و ژیانیش چیتر ئەبەدى نین. پابلۆ لە چاوەڕوانیى مەرگى خۆیدا دەڵێت: ”ئەگەر کەسێک بهاتایە و پێى بگوتمایە دەتوانیت بە بێدەنگى بڕۆیتە ماڵەوە و بۆ هەتا هەتایە وازت لێ دەهێنن، هیچ گرنگ نەدەبوو بە لامەوە؛ کە تێگەیشتیت دونیا ئەبەدى نییە، چەند کاتژمێر و چەندان ساڵ چاوەڕوانیکردن وەکو یەک وان.“

بەیانیى دواتر، ڕۆژى مەرگى شۆڕشگێڕەکانە؛ لە سپێدەیەکى زوودا سەربازەکان دێنە ژوورى زیندانەوە، تۆم و خوان دەبەن و گولـلـەبارانیان دەکەن. پابلۆ نابەن و بە تەنیا دەیهێڵنەوە. ئەو نازانێت چى ڕوو دەدات و پێی خۆشترە دەستبەجێ نەجاتیان بدایە وەک لەوەى گوێى لە تەقەى تفەنگ و گولـلـەبارانکردنى هاوڕێکانى بێت. ڕادەچەڵەکێت، دەیەوێت بقیژێنێت، وەلێ بێسوودە.

ئامانج لە هێشتنەوەى پابلۆ بە زیندوویى، دەستخستنى زانیارییە لەبارەى شوێنى خۆشاردنەوەى ئەو شۆڕشگێڕانەى کە هێشتا لە لایەن ستەمکارەکانەوە نەگیراون. لە بەرانبەر ئەوەشدا پێشنیارى ئازادکردن دەخەنە بەردەم پابلۆ ئەگەر هاوکاریی ڕژێمەکە بکات. پابلۆ وەها نیازێکى نییە بۆ کردنى ئەو کارە، چونکە باوەڕبوونى بە شۆڕش لەسەر بنەماى ویستێکى بەهێزە، بەڵام بۆ ئەوەى سەربازەکان بە هیلاکیدا بەرێت دەست بە یارییەک دەکات، ئەو ناونیشانێکى هەڵە دەداتە ساربازەکان لەبارەى شوێنى یەکێک لە هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانیەوە. پابلۆ بێئاگایە کە ئەو هاوڕێیەى ناونیشانە کۆنەکەی جێهێشتووە و بە هەڵکەوت چووتەوە ئەو شوێنەى کە پابلۆ بە سەربازەکانى گوتووە. هاوڕێکەى پابلۆ دەستگیر دەکەن و دەیکوژن. ئەوە هەم دەبێتە مایەى سەرسووڕمان، هەم خەمى زۆر بۆ ئەو. پابلۆ تێدەگات ڕووداوەکانى جیهان هەڕەمەکى ڕوو دەدەن، پەیوەندیى بەوەوە نییە کە شایانى ئەوەیە ڕوو بدەن یان نا. زۆر جار ئەوەى ڕوو دەدات زۆر دوورە لە ویستى مرۆڤەوە. ئەو نامۆییەى کە سارتەر لە بەشى کۆتایى چیرۆکەکەدا کێشاوێتى، لەسەر ئەو پنتە جێگیر دەبێت کە ڕیکخستنەکانى مرۆڤ زۆر جار لە پێش ڕێڕەوى سروشتدا تێک دەشکێن. چى ڕوو دەدات؟ ئەوە پرسیارەکەیە کە دروست دەبێت. مرۆڤ کە دەبینێت دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵى ئەو و هیچ مرۆڤێکى تردا نەماوە، ئیدى نازانێت بەم تراژیدیایە پێبکەنێت یان بۆى بگری؟ پابلۆ لە ناوەڕاستى ئەو گێژاوەدا دەڵێت: ”هەموو شتەکانى چواردەورم دەخولانەوە و لەسەر ئەرزەکە دانیشتم؛ هێندە بە توندى پێکەنیم، کەوتمە گریان.“

دیوارى سارتەر لە لایەن ئاران موهەندیسەوە لە زمانى دووەمەوە (کە ئینگلیزییە) کراوە بە کوردى و ناوەندى غەزەلنووس چاپ و بڵاوى کردووەتەوە.

Jean-Paul Sartre, Xwenar w Kteb,