14/09/2024
DidiMn Logo
Top

وه‌هم و واقع له‌ فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن‌دا، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

دانا ڕه‌ئووف

مه‌رزه‌کانی نێوان وه‌هم و واقع، پێکداچوون و تێکه‌ڵاوبوونی چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌نی وه‌هم و زه‌مه‌نی واقع و بزربوونی ڕاستییه‌کان له‌ ته‌مومژی وه‌همدا، بنه‌مایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ هونه‌رییه‌کانه‌ و ده‌کرێت له‌ ڕاڕه‌وه‌کانی وه‌همێکی فه‌نتازی‌ئامێزه‌وه‌ بگه‌ینه‌ ڕاستییه‌ ڕه‌هاکانی پرۆسه‌یه‌کی هونه‌ری. ئه‌م چه‌مکه‌ فیکری و هونه‌رییه‌ له‌ ناوه‌ندی دیدی چالاکی و نماییشه‌کانی شه‌ستوشه‌شه‌م فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن دایه‌۱

بۆ ئه‌م ساڵ ناوه‌ند و ده‌سته‌ی کارگێڕی فێستیڤاڵه‌که‌ هونه‌رمه‌ند و ڕێژیسۆری به‌ڕیتانی سیمۆن ماک بۆرنییان کردووەته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری و به‌رپرسیاری یه‌که‌می په‌یوه‌ندیکردن و هه‌ڵبژاردنی نماییشه‌کان و فۆرمەلەکردنی دیدی دراماتۆرگی و هونه‌ری فێستیڤاڵه‌که‌.

Avignon_festival_2006_asobu_popes_palace

سیمۆن ماک بۆرنی و گروپی کۆمپلیسیتێ
سیمۆن ماک بۆرنی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی گروپه‌ به‌ناوبانگه‌ ئه‌ڤانگارده‌که‌ی به‌ریتانیا کۆمپلیسیتێه‌ به‌ نماییشە باڵاکانیان لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێیان به‌ ڕووی هونه‌ری ڕیژی و نواندن و شانۆیه‌کی ئه‌زموونگه‌ریدا کردووەته‌وه‌٢.

ئه‌م گروپه‌ بۆ فێستیڤاڵه‌که‌ی ئه‌م ساڵی ئه‌ڤینیۆن، ڕۆمانه‌ گه‌وره‌که‌ی میکائیل بۆلگه‌کۆ، مامۆستا و مارگه‌ریتا، له‌ ڕیژی سیمۆن ماک بۆرنییان پێشکه‌ش کردووه‌. گه‌شته‌ ئه‌فسوونییه‌که‌ی سیمۆن ماک بۆرنی به‌ نێو ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، مامه‌ڵه‌کردنێکی هونه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مکی ڕاستی و وه‌هم: ئه‌و دوو چه‌مکه‌ له‌ چه‌ندین وێنه‌، سه‌ما، جووڵه‌ی فیزیکی، گێڕانه‌وه‌، دیمه‌نی کورتی واقعی و به‌رجه‌سته‌کردنێکی چڕی ئه‌و دونیا به‌رینه‌ی میکائیل بۆلگه‌کۆفدا له‌ کێشه‌ و ململانێدان. وه‌هم یان واقع، ڕاستی یان درۆ؟ ئه‌و پرسیارانه‌ن، که‌ سیمۆن ماک‌ بۆرنی له‌ ڕۆمانه‌که‌دا کاری له‌سه‌ر کردوون و دیدی فێستیڤاڵه‌‌که‌یشی به‌ستووەته‌وه‌ به‌ ئه‌زموونی هونه‌رمه‌نده‌کانی تره‌وه‌ بۆ ڕاڤه‌کردن و تێڕامانی ڕه‌هه‌نده‌کانی وه‌هم و واقع. سیمۆن ماک بۆرنی له‌ پرۆگرامی نماییشه‌که‌یدا، به‌ دێرێک گوزارشت له‌م پرۆسه‌ هونه‌ری و فیکرییه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت :”ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژین، که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماکانی وه‌همێکی تردا دروست بووه‌.”

bv02185

ئه‌م ساڵ زیاتر له‌ هه‌زاروسه‌د پرۆژه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌ڤینیۆن و له‌سه‌ر شانۆ، له‌ناو کڵێساکان، باخچه‌ و خوێندنگەکان، شوێنه‌ گشتییه‌کان، گه‌راجی ماشێن، قاوه‌خانه‌کان، هه‌ندێک له‌ باڕه‌کان، سه‌ر شه‌قامه‌کان و تا دوایی، بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌ڤینیۆن هه‌موو ساڵێک له‌ کاتی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، له‌ جووڵه‌یه‌کی پڕ له‌ وزه‌ و پێکداچوونێکی هه‌مه‌چه‌شنه‌ و هه‌ڵکشانێکی بێوێنه‌دا، هونه‌ری شانۆ له‌ ده‌رگەکانی وه‌هم و واقعدا کۆ ده‌کاته‌وه.

ئه‌مساڵ جگه‌ له‌ سیمۆن ماک بۆرنی، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تری بواری شانۆ وه‌کو ولیام کێنتریدک، یۆهان بێرکیر، کریستۆف مارته‌لێر و کاتچی میتچڵ له‌ ئه‌ڤینیۆن کۆ بوونه‌ته‌وه‌٣. ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی وه‌هم و واقعدا پێکه‌وه‌ کۆ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ شیکردنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی پرۆسه‌ هونه‌رییه‌که‌ ده‌بێته‌ جێگای سه‌رنجی هه‌موویان. له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له‌ ڕێگەوه‌ بۆ دوا قۆناخه‌کانی نماییشه‌که‌ و خولقاندنی کاره‌ هونه‌رییه‌که‌، دید و بۆچوونه‌کانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و فۆرمه‌له‌ی ئه‌و شێوازه‌ی ده‌که‌ن، که‌ ده‌گه‌نه‌ به‌رئه‌نجامه‌کانی٤.

Festival 6

مامۆستا و مارگه‌ریتا
سیمۆن ماک بۆرنی نماییشی مامۆستا و مارگه‌ریتا له‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین پانتاییه‌کانی به‌شی ده‌ره‌وه‌ی کلێسایه‌کدا نماییش ده‌کات. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ڕیتمێکی جیاواز و چه‌ندین دیمه‌ن، که‌ به‌ شێوازێکی ته‌کنیکی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌رجه‌سته‌ کراون، هه‌موو ڕۆمانه‌که نماییش ده‌که‌ن. میکائیل بۆلگه‌کۆف بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له سانسۆره‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ی ڕوسیا ڕزگار بکات، به‌ ئاگاییه‌وه‌ چه‌ندین ئاستی جیاوازی له‌ ستر‌کتوری ڕۆمانه‌که‌یدا به‌کار هێناوه‌. هه‌ندێک به‌شی له‌ خه‌ونێکی هونه‌رییه‌وه‌ نزیکن و گه‌مه‌ به‌ واقع له‌ وه‌همێکی فه‌لسه‌فیدا ده‌کات. سیمۆن ماک بۆرنی ڕۆمانه‌که‌ له‌ وه‌همێکی واقعئامێزی فرە‌ ڕه‌هه‌نده‌وە نزیک ده‌کاته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک دیدی ڕیژی و ئامرازه‌ هونه‌رییه‌کان دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و وه‌همه‌یه‌، که‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا، هه‌موومان وه‌ک حه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و تیایدا ده‌ژین.

سیمۆن ماک بۆرنی به‌ هۆی به‌کارهێنانی ته‌کنیکی ڤیدیۆ و پرۆجێکته‌ره‌وه‌، به‌ به‌رده‌وامی گۆڕانکاری له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به‌ به‌رچاوی بینه‌رانه‌وه‌ دروست ده‌کات. ته‌کنیکی ده‌نگ، گه‌مه‌یه‌کی جه‌سته‌یی ئه‌کته‌ره‌کان ، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری و گشتگر، نماییشه‌که‌ ده‌که‌نه‌ چه‌ندین چرکه‌ساتی ته‌لیسماوی٥.

هاوبەشی بکە

Avignon, Dana Raouf, Stage,