21/10/2018
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی ئێمیلی: مردن لە نێوان تارمایی و ڕۆشناییدا

لە لایەن دیدی من 10 مانگ پێش ئێستا

پەیوەندی ئێمیلی دیکینسن و مردن، وەک دۆست وەک دوژمن

پەیوەندی ئێمیلی دیکینسن و مردن، وەک دۆست وەک دوژمن

دیدی من
گۆران ڕەسووڵ

مردن، سامناکترین و بەهێزترین شتە کە لەسەرخۆ و بە وردی مێژووی ژیان و بوون دەنووسێتەوە، کە وەک پڵنگێکی برسی لەناکاو پەلاماری ئاسکی تەمەنی مرۆڤ دەدات. لەپێناو ڕاگرتنی باڵانسی، واتا لە نێوان بوون و نەبووندا، مردن هەمیشە وەک پێویستییەک خۆی نمایش دەکات. لە شارستانییە دێریینەکاندا سەرەڕای خوای بوون و ژیان و جوانیی و هێز، خوای مردن یان خوای جیهانێکی تریش هەبوون. لە ئەفسانەی فینلاندیدا ’کالما‘ بە خواژنی مردن و لەناوچوون دادەنردێت کە خودی ناوەکەی بە واتای ’بۆگەنی لاشەکان‘ دێت، کە شوێنی دڵخوازی ئەو گۆڕستانەکانە. تەنانەت وشەی kalmisto کە لە زمانی فینلاندنی بە واتای گۆڕستان دێت لە ناوەکەی ئەوەوە وەرگیراوە. لە تەواوی ئەفسانەی گەلانی تردا و لەناو ئایینە ئاسمانیی و زەوینییەکانیشدا مردن فیگەرێکی تاریک و دڕندە و سامناکی هەیە. بەڵام ئایا دەکرێ مردن ڕوانین و پێناسەی جیاواز و پێچەوانە بە شێوە کۆن و دێرینەکەی هەڵگرێت؟ ئایا ئەدەبیات دەتوانێ لەپاڵ دیوە ڕەش و تاریکەکەی مردندا، دیوێکی سپی و ڕۆشن بۆ مردن بسازێنێت؟ نووسەران و ئەدیبان کە خۆیان لەناو نیگەرانیی و ڕەشبینیی و پووچییەتی بووندا تووشی باری دەروونی ناجێگیر دەبن دەتوانن مردن وەک فریشەی سپی و وەک فریادڕەس وێنا بکەن؟

لەناو شاعیرانی ئەمریکاییدا ’مردن‘ وەک بابەتێکی ’زیندوو‘ بەردەوام فیگەر و مانا و مۆتیفی خۆی گۆڕیوە. یەکێک لە دیارترین شاعیرانی ئەمریکایی کە چەمکی مردن بە شێوەی جیاواز بابەتی دیاری شیعرەکانی بوون (ئێمیلی دیکینسن)ی مەزنە. ئێمیلی بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرانی ئەدەبیاتی ئەمریکایی دادەندرێت، ئەمەش بەهۆی بوونی تێڕوانینێکی تایبەت بۆ شیعر و دونیای نووسین، کە خودی فۆڕم تەکنیکی شیعریی ئێمیلی کاریگەری گەورەی بەسەر شاعیرانی دوای خۆیدا بەجێهیشتووە. رەنگە زۆرجار بۆ تێگەیشتن لە چەمکێک یان بابەتێک لەناو شیعری شاعیرێکدا وا پێویست بکات ئاوڕێک لە ژیانی خودی شاعیرەکە بدەینەوە. ئێملی یەکێک لە دوورەپەرێزترین شاعیرانی دونیایە، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی ژیانی کەسیی خۆیەوە، کچێکی بێدەنگ کە تێیدا کەمترین بەریەککەوتنی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا هەبووە. تەنانەت لەگەڵ خانەوادەکەشیدا نەژیاوە و خۆی بەتەنیا لە ماڵێکدا ژیانی بردووەتە سەر. ئەمە سەرەڕای ئەوەی خۆشی لەناو ناوەندی ئەدەبییدا دزیوەتەوە کە لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەند شیعرێک، کارە شیعرییەکانی تری بڵاو نەکردەوە و دواتر بەرهەمەکانی لە دوای مەرگی لە چاپدران. خودی ئەم دوورە پەرێزییە لەناو ژیانی تایبەتی کەسێکدا لە ڕوانگەی دەروونزانییەوە لە دوو لایەنەوە سەیر دەکرێت. یەکەمیان ئەوەیە کە کەسیک ترس لە ژیان وای لێ دەکات کە هەموو کات و تەمەنی خۆی لەناو خۆیدا سنووردار بکات، کە خودی ئەم ترسە لە ژیان لە مردنەوە سەرچاوە دەگرێت، بەو پێیەی کە خاڵی کۆتایی ژیان، مەرگە. دووەمیان، کەسێک لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت چێژ لە ژیانی تایبەتی خۆی وەرگرێت و وەکو هۆکارێک بۆ چاوەڕوانکردن و ڕاهاتن لە مەرگ و کۆتایی هاتن بەکاری بهێنێت.[1] یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دوورەپەرێزییە ژیانی ئێمیلی ئەوە بوو کە تاکو مردنیش ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنا.

ئێمیلی لەناو شیعرەکانیدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەبەردەوامی ئاماژەی بە بابەتی مردن کردووە، کە خودی ئەمەش ڕەگێکی ناو ژیانی تایبەتی خۆیدا سەرچاوەی گرتووە. تراژێدیای مردن هەر لە منداڵییەوە، مردنی هاوڕێ، مردنی دایک و باوک، مردنی برازای خۆشەویستی و مردنی نزیکەی 750,000 سەرباز لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکا لە ماوەی چوار ساڵی نێوان 1861 تاکو 1865. هەموو ئەمانە وایان لە ئێمیلی کرد لە ئەو هەستە دڕکاوییانەی کە ناخیان دەڕنی و برینداریان دەکرد لەناو فۆڕمی نووسینی شیعردا بیان پووکێنێتەوە و مردن لە یەک ڕووی خێو و تاریکییەوە بخاتە ناو چەندین ڕووی جیاواز لە پێکهاتە و مانا. هەر لە دەستپێکی نووسینی شیعرەوە چەمکی مەرگ بەشێکی دانەبڕاوە بووە لەناو شیعرەکانی ئێملیدا کە لە سەرەتادا پەیوەندی نێوان مردن و ترس  وەک پڕۆسەیەکی لەناویەکی تەواوکەر وێنادەکات. ئەمەش کاتێک ترس و مردن هەمان کۆنسێپتی ئەفسانەیی و نادیاریی لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن.

تۆماس ئێچ. جۆنسن نووسەر و لێکۆڵەر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو شیعرانەی ئێمیلی کە دەربارەی مردنن بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکرێن. بەشی یەکەمیان ئەو شیعرانەن کە دەربارەی مردنی فیزیکی جەستەن، بەو واتایەی مردنێک کە تەواوی جەستە و ڕووخسار و جووڵەی کەسێک ون دەکات. دووەمیان ئەو شیعرانەن کە وەسفی کردەی مردن دەکەن، هەموو ئەو شتانەی کە لەسەرەمەرگدا ڕوودەدەن و دەبن بە دوا دیمەن. بەشی سێیەمیش ئەو شیعرانەن کە مردن تێیاندا لاواندنەوەیەکی لێوان لێو لە سۆزە، کە هەندێکجار بەزەیی و ئاسوودەیی و هەندێکجاریش ترس و ڕق دەنەخشێنن.[2]

کاتێک کە خەریکین دەڕۆین

هەرگیز نازانین کە دەڕۆین

پێدەکەنین و درگا دادەخەین

چارەنووس لە دوامانەوە دێت و

دەرگاکە قوفڵ دەدات و

دوای ئەوە هەرگیز یەکتر نابینینەوە. (1523)

لای ئێمیلی مردن هەندێکجار دێوێکی پێخاوسە، کە دەیەوێت لەسەرخۆ و بەهێمنیی گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ شاعیردا بکات، لێزانە و مهیرەبانانە ترس و دڵەڕاوکێیی لەناو ئەندێشەی شاعیردا بچێنێت. هەندێکجار مردن دەبێتە گالیسکەی خودا و هەمووان بەرەو بەهەشت یاخود بەرەو دوا وێستگە دەبات، ئەمەش وەک ڕزگارکەرێک لەدەست نیگەرانییەکانی بوون، کە خودی ئەمەش لە چەند شیعرێکی تردا ئێمیلی وەکو دادپەروەریی و یەکسانیی لەنێوان زیندوواندا وەسفی دەکات.

 

چونکە نەمتوانی بۆ مردن بوەستم

ئەو مهیرەبانانە بۆم وەستا

گالیسکەی مردن

جگە لە جەستەی ئێمە و هەتاهەتایی

هیچی تری هەڵنەگرتبوو

بەهێواشیی دەڕۆیشتین

گالیسکەکە هیچ پەلەی نەبوو

کاروبار و کاتی پشووم وەلا نا

لەبەر نەزاکەتی ئەو.

بەبەردەم خوێندنگەیەکدا تێپەڕبووین

کە منداڵان لە کاتی پشوویاندا یاریان دەکرد

بەبەردەم کێڵگەی دانەوێڵەی پێگەیشتوو تێپەڕبووین

بەبەردەم ئاوابوونی خۆردا تێپەڕبووین

یان ڕاستتر، مردن بەلاماندا تێپەڕبوو

شەونمەکان لەرزین و سەرمایان کێشا

تەنیا بۆ کرێشە، کراس و پاڵتۆیەکەم

بۆ ملپێچی شۆڕبووەی ئاوریشم

لەبەردەم ماڵێکدا وەستاین

کە وەک زەویی ئاوساو وابوو

سەقفەکەی بە ئاستەم دیاربوو

نەخشی لێواری لەسەر زەوی بوو

لەو کاتەوە، چەند سەدەیەک تێپەڕین و هێشتا

وەک ئەوەی کەمتربێ لە ڕۆژێک

سەرەتا گومانم کرد سەری ئەسپەکان

ڕووەو نەمریی و ئەبەدی چووبن. (479)

 

شیعری ”چونکە نەمتوانی بۆ مردن بوەستم“[3] یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی ئێمیلی‌ـیە کە تێیدا تێمای مردن وەک کارەکتەرێکی سەرەکی خۆی دەنوێنێت. لەم ناونیشان و دەستپێکی ئەم شیعرەدا بەر کەسێک دەکەوین کە هێندە سەرقاڵی کێشە و کاروباری ئەم ژیانە ناتوانێت بۆ مردن بووەستێت. بە بەکارهێنانی وەشگەلی وەکو ’مهیرەبانانە‘، ’نەزاکەت‘، ’پەلەنەکردن‘ ئێمیلی دەیەوێت وێنەیەکی سپی و جوان و فریشتەیی بداتە مەرگ. کە بە سۆزەوە ڕێگە بە کەسێک دەدات کاروبارەکانی خۆی تەواو بکات بەرلەوەی بگاتە وادەی خۆی. ئێمیلی پێمان دەڵێت کە مردن هەمیشە ئازاربەخش نییە وەک ئەوەی بەردەوام پێناسەکراوە، بەڵکو زۆرجار وزە و کات و هێزیش دەبەخشێت بۆ ئەوەی کاتێک کە دێت ئێمە لەوپەڕێی ئامادەییدا بین. لە کۆپلەی سێیەمی شیعرەکەدا ئێمیلی تەواوی بازنەی بوونی مرۆڤ دەکێشێت، کاتێک لە ڕێگەی هەر سێ وشەی ’منداڵان، دانەوێڵەی پێگەیشتوو، ئاوابوونی خۆر،‘ ئاماژە بە قۆناغەکانی مرۆڤ (منداڵیی، گەنجیی، پیریی) دەدات. لێرەدا ئێمیلی ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ شتێک لە ژیاندا جێگیر نییە، بەڵکو لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت، کە هەر خودی ئەمەش ئاماژەیە بۆ خاڵی لەدایکبوون و دواتر مردن.

ئینجا ئێمیلی دێت و ڕوانینی ڕەشبینی خۆی بۆ مەرگ و کۆتایی پێهاتن دەردەبڕێت، کاتێک لە ڕێگەی دەستەواژەی ’لەرزین و سەرما کێشان‘ـەوە ئاماژە بۆ سام و ترسی مردن دەکات. ئینجا وەسفکردنی خانووەکەی وەک خاکێکی ئاوساو دەکاتە سیمبولێک بۆ ئاماژەکردن بە گۆڕ کە پێیوایە سەقفەکەی بەدەگمەن دیارە. لە کۆتاییشدا کاتێک دەڵێت بەرەو هەتاهەتایی، وەسفێکی ڕوونی مردن دەکات وەک خاڵی کۆتایی و نەمر کە دەبێتە دوا وێستگەی هەمیشەیی.

بابەتی مردن بەشێکی گرینگی شیعرەکانی ئێمیلی‌ـیە بەجۆرێک ئەگەر بتەوێت لەسەر هەر بابەتێکی تری شیعرەکانی ئەم شاعیرە قسە بکەیت، دەبێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بگەڕێیەوە بۆ باسی مردن و پەیوەندی نزیک و تێکئاڵاوی لەگەڵدا دروست بکەی. ئەمەش بەو پێودانگەی کە لای ئێمیلی مردن هەر یەک شێوە و یەک مانای نییە، بەڵکو لە شوێنێکدا دۆستە و لە شوێنێکی تردا دوژمن، لە شیعرێکدا دێوێکی پێپەتییە و لە شیعرێکی تردا فریشتەیەکی مهیرەبان. لای ئێمیلی مردن هەر وەکو ژیان و بوون پڕە لە تارمایی و ڕۆشنایی.

 

سه‌رچاوه‌:

[1] سایکۆلۆژیای مردن، رۆبێرت کاستێنبەوم. چاپی سێیەم، ساڵی 2000

[2] ئێملی دیکنسن: بیۆگرافیای شیکراوە، تۆماس ئێچ. جۆنسن، 1955

[3] زۆربەی هەرە زۆری شیعرەکانی ئێمیلی بێ ناونیشانن، ئەم ناونیشانەم لە ڕستەی یەکەمی تێکستەکەوە بۆ داناوە.

 

DidiMn Birthday, DidiMnPoetry, Emily Dickinson, Goran Rasul,