23/07/2024
DidiMn Logo
Top

پیاوی تەنیاییی شەو کۆچی دوایی کرد

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

حەبيب موحەبيان، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرى ئێرانى، لە تەمەنى ٦٣ ساڵیدا كۆچى دوایی كرد.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتی ئێران لە زمانی بەڕێوەبەرانى فرياكەوتنى پارێزگەى مازەندەران، ڕایانگەیاند كه حەبيب موحەبيان بە هۆى وەستانى دڵ لە باکووری ئێران كۆچى دوايى كردووە.

زەكەريا ئەشك پور، وتەبێژى سەنتەرى فرياكەوتنى پارێزگەی مازەندەران، بە پەيامنێرى ميهرـى ڕاگەياند: “بەيانیى ئەمڕۆ ڕۆژى هەينى، بەرواری ١٠\٦\٢٠١٦، دواى پەيوەندیكردن لەگەڵ سەنتەرى فرياگوزاریى خۆرئاواى پارێزگەى مازەندەران بۆ بە ئەنجامگەياندنى ئەركى سەرشان لە دێى نەياستە لە كەتالومى رامسەر، داواى ئەمبوڵانس كرا، بەر لەوەی بگەینە شوێنی مەبەست زانیمان ئەو كەسەى دووچارى وەستانى دڵ بووە، حەبيب موحەبيان، هونەرمەندى گۆرانيبێژە.”

حەبيب لە دواى کودەتای ئێران بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆیشت و چەندین ساڵ لە شاری لۆس ئەنجلۆس بەردەوام بوو لەسەر گۆرانیوتن. حەبيب شەش ساڵ پێش ئێستا بۆ بەردەوامبوون لەسەر كارى هونەریى خۆى بەرەو ئێران گەڕایەوە.

لە كاتى گەڕانەوەى ئەو بۆ ئێران، ڕووبەڕووى چەندين دۆخى ئاساییشیی چڕ بووەوە، ئەمەش بووە هۆى دروستكردنى كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم حەبيب كە نەتوانێت بۆ جارێكى تر لەسەر شانۆی موزيكى ئێران دەربكەوێت.

دوو ساڵ لەمەوبەر لە كاتى ئەنجامدان و دروستكردنى ڤيديۆ كليپێک لە باکووری ئێران دەستگير كرا و دواى ڕۆژێک لە گيرانى بە بەڵگە و پشتگيرى ئازاد كرا.

لە سەرەتاى پاييزى ساڵى ڕابردوو بۆ بەخشينى ديارى بۆ ئاهەنگگێڕانى موزيكى ئێمە لە تاران، بانگهێشت كرا، لەناو ئەم مەراسيمەدا حەبيب ڕايگەياند: “من بەبێ گيتار پەككەوتەم و تا ئێستا بە بێ ئەو نەهاتومەتە سەر ستەیج.”

حەبيب لە دواى چەندین ساڵ كۆشش سەركەوتوو نەبوو كۆنسێرتى فەرمیی لە ئێران پێشكەش بكات ياخود ئەلبومێک بڵاو بكاتەوە.

ئەو يەكەمين ئەلبومى بە ناوى من پياوى تەنياییی شەوم پێش کودەتای ئێران بڵاو كردەوە.

لە دواى کودەتاش ١٢ ئەلبومى لە دەرەوەى ئێران بەرهەم هێنا، دايک و شەهلاى من لە هۆنراوە بەناوبانگەكانى ئەون.

سەرچاوە : بى بى سی‌ـی فارسى

هاوبەشی بکە

Habib, Music, SaleemJamal,