14/09/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ: موژگان عەزيمى

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من
له‌ فارسییه‌وه‌: سه‌لیم جه‌مال

موژگان عەزيمى گۆرانيبێژ و نيگاركێشى ناسراوى ئەفغانى، ڕۆژى ٥ى ئەيلوولى ساڵى ١٩٩٣ له شارى مەشهەدى وڵاتى ئێران لەدايك بووە. ماڵباتەكەى ئەو بە ڕەچەڵەك تاجيكين و سەر بە ويلايەتى هيراتى ئەفغانستانە. ماڵباتەكەى موژگان لە دواى شەڕە ناوخۆييەكانى وڵاتى ئەفغانستان بەرەو ئێران كۆچ دەكەن و له شارى مەشهەد نيشتەجێ دەبن. ئەو هەر له وڵاتى ئێران خوێندنى سەرەتايى و دواناوەندی بە كۆتا دەهێنێت و پاشان لەگەڵ خانەوادەكەى بەرەو وڵاتى ئەڵمانيا دەڕۆن. لە دواى تێپەڕبوونى ماوەيەك ماڵباتەكەى موژگان بەرەو وڵاتى سويسرا بەڕێ دەكەون. له ئێستادا موژگان عەزيمى نيشتەجێى وڵاتى سويسرايه.

موژگان عەزيمى بە كێشانى چەندين نيگارى جۆراوجۆر، چالاكييه هونەرييەكانى خۆى له تەمەنى دە ساڵيدا دەست پێ كرد، له تەمەنى دوانزدە ساڵيشدا لەگەڵ كارى نيگاركێشى ڕوو دەكاته  میوزیک و لەو بوارەشدا پەرە به تواناكانى خۆى دەدات. ئەو خولى نۆتەكانى  میوزیک و ئاوازخوێنى، لە لايەن مامۆستا و شارەزايانى  میوزیکى ئێرانى فێر دەبێت. لە دواى تێپەربوونى ماوەيەكى تر ڕوو دەكاتە ئامێرى گيتارـ كلاسيك، لە تەمەنى هەژدە ساڵيدا بە شێوەيەكى بەرچاو فێرى ئەو ئامێرە دەبێت و دەست دەكات بە ئاوازخوێندن. موژگان لە دواى ئاشنابوونى لەگەڵ شەهرام فەرشيدی گۆرانيبێژ، شاعير و موزيسيانى ئێرانى، بە شێوەيەكى جیدى بە دواى میوزيكدا دەڕوات.

ئەو لە ساڵى ٢٠١٨دا دوو گۆرانى بە ناوەكانى ”ئايەت – بيستوپێنج ساڵ”ى له ستۆديۆكانى وڵاتى ئێران تۆمار كرد و لە ماوەيەكى كەمدا بڵاوى كردنەوە، هەروەها  میوزیک ڤيديۆى ئايەت وەكو يەكەمين ئەزموون و كارى جیدى ئەو گۆرانيبێژە دەناسرێت، كە سوودى له شيعرەكانى فروغ فەروخزاد و شەهرام فەرشيد وەرگرتووە. گرنگترين پەيامەكانى ئەو گۆرانيەيش پێك دێن له ”مافى مرۆڤ، مەعنەويەتەكانى ژنان، بيروباوەڕى نايەكسانى له ڕەگەزدا.”

دەسەڵاتدارەكان، بەرهەمى دواترى موژگان عەزيميیه كە له سەرەتاى پاييزى ساڵى ٢٠١٨دا بڵاو كرايەوە. ئەو گۆرانيیه له فێستيڤاڵى ”ڕومى ئاوارد” بووە براوەى خەڵاتى باشترين گۆرانيبێژ، باشترين  میوزیک و باشترين شيعر. جێگەى باسه كە موژگان خاوەنى هيچ ئەلبوومێك نييه تاوەكو ئێستا، بە شێوەيەكى گشتى ژانرى گۆرانيیەكانى موژگان عەزيمى پۆپ و ڕۆكن.

دیدی من له‌ داهاتوودا چه‌ند گۆرانییه‌كی موژگان عه‌زیمی به‌ ژێرنووسی كوردی و به‌ وه‌رگێڕانی حه‌مه‌ی مه‌لا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

هاوبەشی بکە

Contemporary Art, contemporary artists, Music,