23/07/2024
DidiMn Logo
Top

ژنە وردیلە و چاوبچکۆلە ژاپۆنییەکان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

بەختیار حەمەسوور

جولی ئۆتسوکا، بە ڕەچەڵەک ژاپۆنییە و لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە. سەرەتا بە کاری نیگارکێشی و دواتریش نووسین، خەریک بووە. خاوەنی دوو ڕۆمانە: «کاتێک ئیمپراتۆر خودایی بوو ٢٠٠٢، بوودای ناو هەورەبانەکە ٢٠١١» لە هەردوو ڕۆمانەکەیدا حاڵ و هەوای خێزانە ژاپۆنییەکان دەگێڕێتەوە، کە بە زەبر و زۆرەملێ ڕادەگوێزرێن و مەحکووم بە کاری قورس و سووکایەتیپێکردن دەبنەوە. نیگای هەڵبژێردراو و وەگێڕی ئەو، ژنە، خودی ئەم نیگایە وردتر و قووڵتر لە نیگای پیاو دەتوانێت ببینێت و بگێڕێتەوە. ئۆتسوکا، بە سەردەمی تاریک‌ونووتەکی پاش جەنگی جیهانی دووەمدا، بێ چاوپۆشیکردن لە بچووکترین غەدر و ناعەدالەتی، دەمانبات.

ئەگەر لە «بوودای ناو هەورەبانەکە»دا لە ڕاوی کەسی یەکەمی کۆوە [ئێمە] تراژیدیای ڕاگواستن و ئەتککردن و سووکایەتی بەکۆمەڵ ببیستین، ئەوا ڕۆمانی «کاتێک ئیمپراتۆر خودایی بوو» ئەم ئاستە لە تراژیدیا و گێڕانەوە بەرتەسک دەبێتەوە بۆ سەر خێزانێکی بچووک و چوارکەسی. نووسەر، ڕیزبەندی کتێبەکانی لە ڕووی مێژوویی و کۆنتێکستەوە پاش‌وپێشێک پێ دەکات؛ واتا «بوودای ناو هەورەبانەکە» وەک پێشەکییەکە بۆ ڕۆمانی یەکەم «کاتێک ئیمپراتۆر…»: لە «بوودای ناو هەورەبانەکە»دا خێزانە ژاپۆنییەکان لە زێدی خۆیان بە بەڵێن و وادەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بە کەشتی و بە پانتایی زەریادا دەبرێنە ئەمەریکا و لەوێش بە چاوی خۆیان دەبینن چۆن خیانەت بە وادە و بەڵێنەکانیان دەکرێت. هەرچی ڕۆمانی «کاتێک ئیمپراتۆر خودایی بوو» هەر باس لە حاڵ و هەوای خێزانە ژاپۆنییەکانە، بەڵام پاش گەیشتن بە ئەمەریکا و نیشتەجێبوون و جێگیربوون تێیدا؛ حاڵ و هەوایەکی خراپ و ناجێگیر. دەکرێت هەردوو کارەکە وەک دوانە، یان دوو ڕۆمانی پێکپەیوەست بخوێنرێنەوە. ڕۆمانی «کاتێک ئیمپراتۆر خودایی بوو» بەو تابلۆی ئاگادارییە دەست پێ دەکات کە بە دیوار و قەدی درەخت و وێستگەی پاسەکانەوە هەڵواسراون سەبارەت بە ڕاگواستنی خێزانە ژاپۆنییەکان لە ئەمەریکا. ساڵ: ١٩٤٢. ژنەکە(دایک) دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە ماڵکۆکردنەوە. بە خاکەناز دەکێشێت بە سەری سەگە پیرە سپییەکەیدا و دەیتۆپێنێت، تووتییەکەیش لە تاریکیی شەودا بەڕەڵڵا دەکات. ڕۆژی دواتر لەگەڵ کچ و کوڕە بچکۆلەکەیدا سوار قیتاریان دەکەن و دەیانبەن. قیتار بە لۆژەلۆژ، وەک کابووسەخەون، چما هەر نەگات و سەروسەکوتی پۆلیسیش بەنێو ڕاڕەوی شەمەندەفەر و ئەو هەزاران پەنابەرە ژاپۆنییەدا بێن و بڕۆن، ڕێگەیش وەک تاریکایی و لێڵی ناخی ژاپۆنییەکان، هەر درێژ دەبێتەوە.

باوک چەند ساڵە براوە و جارجار نامەیەکی سانسۆرکراوی دەگات و هیوایەک بە گەڕانەوەی نییە: «دەزانی چی شتێک زۆر نیگەرانم دەکات؟ هەندێک جار ڕووخساریم بیر ناکەوێتەوە.» و «ئەو شەوەی دەستگیر کرا، داوای لێ کردم پەرداخێک ئاوی بۆ بەرم. تازە چووبووینە جێگە و منیش زۆر ماندوو بووم. هێزم تێدا نەبوو، پێم گوت خۆی بچێت بیخواتەوە. گوتی: ‘جاری داهاتوو خۆم دەچم.’ ئینجا ڕووی کردە ئەودیو و خەوی لێکەوت. ئەو کاتەی دەیانبرد، من بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو ئیدی تاهەتایە تینوو دەبێت.» لە خەیاڵی دایکدا هەمیشە کۆمەڵێک پیاو لەبەر دەرگان: «تەنیا پێویستمانە چەندپرسیارێک لە مێردەکەت بکەین.» و بیبەن، ساڵانێک بێسەروشوێنی بکەن.

پاشان ژیانی کەمپ دەست پێ دەکات و یاساکانی: «سەبارەت بە پەرژینەکان: بۆت نەبوو بەسەریدا بڕۆیت، بۆت نەبوو بەژێریدا بڕۆیت، بۆت نەبوو بە دەوریدا بڕۆیت، بۆت نەبوو بەناویدا بڕۆیت. لێرە دەڵێین هۆڵی نانخواردن، ناڵێین هۆڵی ژەمەخواردن؛ شورای ئەمن، نەک پۆلیسی ناوخۆ، دانیشتوان، ڕاگوێزراوان نا؛ بارودۆخی دەروونی نەک مەعنەویات. لە بارەی خواردنیشەوە: دووبارەکردنەوە نییە جگە لە نان و شیر. کتێب: هیچ کتێبێکی ژاپۆنی لێ نییە. لە بارەی ئایینیشەوە یاسا هەبوون: شینتۆی ئیمپراتۆرپەرست ڕێگەپێدراو نییە.» کەمپ، وەک ئاگامبێن دەڵێت: «بەرهەمی دۆخی نائاسایی و یاسای سەربازی یان حوکمی عوورفییە، بە جۆرێک دەکرێت بڵێین کەمپ ماتریالیزەبوون یان بەدیهاتنی دۆخی نائاسایییە.» لە بیرکردنەوەی ئاگامبێندا کەمپ نۆمۆس یان یاسای سەردەمی مۆدێرنە. لە دۆخی کەمپەکاندا، کە هەواش ئەگەری خیانەتلێکردنی هەیە، یاساکان سنووردار و بچووک دەکرێنەوە، خواردن، خەوتن، هەستان، چوونە ئاودەست، گانکردن و تەنانەت بچووکترین جموجووڵەکان لەژێر بلاجیکتۆری بزۆز و چاوی زەقی پۆلیسدا دەگوزەرێت. کەمپەکان توانای جێگۆڕکێ و شێوەگۆڕکێشیان هەیە: لێمان نەشێوێت مەرج نییە کەمپ هەر لە دەرەوەی شار و لە دڵی بیاباندا لێ بدرێت، دەسەڵاتی سیاسیی تۆتالیتاریزم دەتوانێت هۆڵەکانی چاوەڕوانی، ستادیۆمەکان، تەنانەت خودی ماڵەکانیش بکات بە کەمپ و دۆخی نائاسایی تیایاندا باڵادەست بن. هەروەک چۆن کاتێک خێزانەکە  بە مەرج: [ئێستا ئێوە ئازادن، بەڵام قەت متمانەتان پێ ناکرێت.] پاش سێ ساڵ و نیو لە کەمپ ڕزگاریان دەبێت و بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێنەوە، دەبینن زەمەن دابەش بووە: زەمەنی بەر لە کەمپ و زەمەنی پاش کەمپ. چیدی نیگاکان و هەڵسوکەوتەکان وەک پێشوو نین و ئیتر ئەمان وەک غەریبەیەک تەماشا دەکرێن، لەوەیش پتر؛ وەک خیانەتکار و جاسووس.

جولی ئۆتسوکا

جولی ئۆتسوکا

ئەم دۆخە نائاسایییە درێژەی هەیە: کاتێک باوک پاش ساڵانێک بەر دەبێت و دەگەڕێتەوە، ئەو جگە لە پیاوێکی خەمۆک و بێدەنگ هیچی تر نییە، شکست بە چاوەڕوانیی ژن و منداڵەکانی دەهێنێت، ئەو بینایەی لەسەر گەڕانەوە و ئامادەیی ئەو لە ماڵدا بنیادیان نابوو؛ دەڕووخێت: نائومێد و تەنگەتاون لەوەی بە مێرد، لەوەی بە باوک، بانگی بکەن. بە سەعات لە لێواری تەختەخەو دادەنیشێت و لە پەنجەرە دەڕوانێت، وەک ئەوەی بە نیازی ڕوودانی شتێک بێت. شەوان بە دەم وڕێنە و مۆتەکە خەبەری دەبێتەوە و هاوار دەکات. ئەو لە هەر هەستێکی ئینسانی خاڵی کراوەتەوە و وەک بوونەوەرێکی حەپەساو و بێهیوا، کە ئیمکانی دووبارە میقاتکردنەوەی لەگەڵ ژیان و دەوربەردا نزیک بە مەحاڵە، بەناو ماڵدا دێت و دەچێت. هەست دەکات لەژێر چاودێریدایە و هەر ساتێک بە بیانووی چەند پرسیارێک، ئەگەری ئەوە هەیە بە نەعل و ڕۆبی حەمامەوە بیبەن.

ئۆتسوکا لە هەردوو ڕۆمانەکەیدا، بە ئیشتیها و حەزێکی سەرڕێژ، لە باسکردنی حاڵی خەڵکانی ڕەشوڕووتی ژاپۆنی و خولقاندنی ئەدەبێکی زەرووری و نەمر، بێتاقەت و وەڕز نابێت. ئەو لە پێناو بە دەستهێنانی داوای بازاڕ و بە گوتەی ئەدۆڕنۆ «پیشەسازیی کولتوور»دا میکیاژ و جوانکاریی بۆ ئازار و ئەتککردن و سووکایەتییەکان ناکات. کاری ئەو دیکۆمێنتاری و پاراستنیش نییە، گەرچی ئەو ئەرکانەیش هەڵدەگرێت و زیادتریش، بەر لە هەر شت کاری ئەو ڕۆماننووسینە و پێشاندانی بڕگەیەکە لە مێژوو، بڕگەیەک لە غەدر و ناعەدالەتی، لە فۆڕم و سیاقێکی گەردوونیدا.

*کاتێک ئیمپراتۆر خودایی بوو، جولی ئۆتسوکا، و. لە ئینگلیزییەوە: ژوان شوانی، بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم ٢٠١٦.

هاوبەشی بکە

Baxtiar Hama Sur, Japan, Julie Utsuka,