18/03/2024
DidiMn Logo
Top

بەدیکۆمێنتکردنی ڕەنج: چەند سەرنجێکی گشتی لەسەر فۆتۆکانی سامان عەلی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

بەختیار حەمەسوور

١/ ئەگەر ئەو پێناسە باوە قبووڵ بکەین بۆ فۆتۆ چەسپاوە و تێیدا فۆتۆ وەک ڕاگرتن و لەقاپنانی چرکەیەک لە فرێمدا دەناسێنێ، پێم ‌وایە کاتێک بەو پێناسەیەوە لە فۆتۆکانی سامان عەلی دەڕوانین، ڕووبەڕووی نەقس و کێشە دەبینەوە؛ بە جیاوازیدانان لە نێوان فۆتۆکان، نوختەیەکی هاوبەشیش هەیە، فۆتۆکان چرکەیەک ڕاناگرن، بەڵکوو ڕەهای دەکەن. بە هەڵبژاردنی گۆشە و ڕووبەری فۆتۆکان، هاوکات کەسان و شوێنانی چرکاندن، دەتوانین ئەو حەرەکەت و جووڵە بەردەوامە ببینین، کە پێش چرکاندن و دوای چرکاندنیش درێژەیان هەیە و درێژەیان دەبێت. بۆ نموونە، وێنەی پیاوێک کە کۆڵێکی بە شانەوەیە، فۆتۆکە ناتوانێت هەنگاونان و گواستنەوەی کۆڵەکە بە شانی پیاوەکەوە ڕابگرێت، پیاوە لەسەر ڕۆیشتن بەردەوامە و فۆتۆکەیش بەردەوامی ئەو جووڵەیە دەنوێنیتەوە، کەسێک لفە دەخوات، فۆتۆکە ڕایناگرێت، ژنێک سەروەختی سەوزەفرۆشیی و… فۆتۆکان نایانەوێ چرکەی جووڵاوی کەسەکان بوەستێنن، ئەوان لە فۆتۆکاندا دەجووڵێن، وەستان، شتێکە لە دەرەوەی توانای فۆتۆکان. کەسەکان سەرقاڵن و فۆتۆکان تەعبیرن لەو سەرقاڵییە و لە تەنیشتیانەوە ڕوو دەدەن، بەرانبەریان ڕوو دەدەن، ناوەستن ئەوان، ڕوو بە کامێرا، ڕێکوڕاست ناوەستن، خۆیان ڕێک ناخەن، دەجووڵێن، درێژە بە جووڵە دەدەن، کار دەکەن، لە ناوجەگە و گەرمەی کاردان، نابێت بوەستن، فۆتۆکەیش مەبەستی نییە بیانوەستێنێت، دەیەوێ ئەو دۆخە بگوازێتەوە، دۆخی ئیشوکار، دۆخی ڕەنج و ماندوویی؛ دەیگوازێتەوە. هەر لێرەوە، دەکرێت ئەمە وەک خەسڵەتێکی بنچینەیی لە فۆتۆکانی سامان عەلیدا بخوێنرێتەوە، هاوکات دەتوانێت دژێکیش بێت بەرانبەر بەو ڕوانینەی کە پێی وایە فۆتۆ هونەری وەستان و لەجووڵەکەوتنە؛ فۆتۆکانی سامان عەلی جووڵەدارن، دەبزووێن، بەرەو ژیان.

بەختیار حەمەسوور، چرکاندنی سامان عەلی

٢/ لە نووسینێکی تردا، بە ناوی «وێنەی ئەشرافیی» پەرژاومەتە سەر سەرەتاکانی وێنە لە کوردستان، لەوێدا ئاماژەم بۆ چینێکی سەردەست لە ئاغا و دەرەبەگ و شێخان و… کردووە، کە لە سەرەتای کامێرا و هاتنی بۆ کوردستان لە لایەن گەڕیدە و میسیۆنێر و کۆڵۆنێل و جاسووسەکانەوە، تەنیا ئەوان توانیویانە وێنەیان هەبێت، فۆتۆیان لێ بیگرێت، ئەم دۆخە تا نیوەی سەدەی بیستیش بەردەوام دەبێت، دواتر بە پەرەگرتن و لێشاوی تەکنۆلۆژیا و کامێرا، چینگەلێکی تر دێنە پێشەوە و دەتوانن وێنە بگرن و ئەلبووم، ئەو ناوە ئەفسوونگەرە، هەیانبێت و گۆشەیەکی دڵخۆشکەر و هەستبزووین و نۆستالۆژی لە ماڵەکاندا بۆخۆی بگرێت. لێشاوی پەرەگرتن بەردەوام دەبێت، ئەمجارە هەموان دەتوانن هاندی پێشکەوتوویان ببێت و کامێرای کوالێتیش لەسەری بێت، هەموان وێنە دەگرن، لە هەموو شتێک و کەسێک. سامان عەلی بە کامێراکەی ملیەوە، لەم سەردەمەدا دەردەکەوێ، سەردەمێک کە تایبەتمەندی و جیاوازبوون، قورس و گران بووە و ئەو شتەی وا بە ملی ئەودا شۆڕ کراوەتەوە، لە باخەڵ و دەستی هەمووماندا هەیە، بەڵام ئەو دەتوانێت ئەو قورسی و گرانییە تێپەڕێنێت و جیاوازی خۆیشی بسەلمێنێت، بە شێوەیەک، فۆتۆیەک، ئەگەر ئەو ئیمزا بچووکەی ناوی خۆیشی لەسەر نەبێت، بیناسینەوە، ئەم کارەیش بە هەڵبژاردنی چینێکی دیاریکراو مەیسەر دەکات و خەت و خەسڵەتی خۆی، بۆ هەمیشە ڕەنگڕێژ دەکات. چینەکەی ئەو، چینی بندەستانە؛ کرێکار و حەماڵ، دەستگێڕ و دوکاندار، سواڵکەر و پەککەوتە، شێت و کزۆڵ، بە گشتی، چینی قەیرانلێدراوی کۆمەڵگە. پرسێکی ئەخلاقی لەپێشمان دروست دەبێت: چەند ڕەوایە فۆتۆی ئەم چینە بۆ چنینەوەی چەپڵە؟ ئەوەی لە کارەکانی سامان عەلیدا دەبینرێت، ڕەوایەتی خۆیان لە گوزەری خۆیانەوە وەردەگرن، ئەو بە شوێن چەپڵە و چنینەوەی خەڵات‌وبەراتەوە نییە، ئەو لەو شوێنانەیە کە ئەوان، واتە هاوپیشەکانی لێ نین، بە وتەیەکی دیکە؛ لە زەمەنێکدا کە کەس شوێنی دروستی خۆی نازانێت، ئەو شوێنی خۆی بە باشی دەزانێت، زۆر باش. بۆ تێرترکردنی وەڵام بەو پرسە، دەتوانین ئاماژە بەم خاڵەیش بدەین؛ خودی وێنەکان هەستێکی شادیبەخش و چێژێکی پەتی لای بینەر ناڕسکێنن، بە جۆرێکی تر، سنوور بۆ چێژێکی هار و ڕامنەکراو دادەنێن، نایەڵن بینەر چێژ و خۆشییەکەی بگاتە دواترۆپک، ڕایدەگرن، دەیخەنە باری ڕەنجبردوویی و ماندووبوون، وەک خۆیان و ژیانیان، هەر ئەمەیش کارێک دەکات هەستێکی هاوبەش، چون هەستی لەدایکبوون، لە نێوان ئێمە و برک‌وژانی سەر تەوێڵ و ڕووخساری کەسانی ناو فۆتۆکاندا دروست بێت.

٣/ پێم وانییە دنیای ڕەشوسپی فۆتۆکان کارێکی لەخۆڕا و بیرلێ‌نەکراوە بێت. فۆتۆی ڕەشوسپی دەستپێکە، ئێستایش بە مەیلێکی زۆرەوە بۆی دەگەڕێینەوە و دەگیرین. بەو جیاوازییەوە، کە فۆتۆی ڕەشوسپی لە ئێستادا، چیدی بیرخەرەوەی ڕابردوو نییە و خواست و دڵخوازی فۆتۆگراف و فۆتۆلێ‌گیراوە. چەندان وێنەگر وەک شێوازی تایبەت، کردوویانە بە مۆرک و تاپۆ. فۆتۆکانی سامان سەر بەو دنیایەن، تێکڕا ڕەشوسپین. دەکرێ بڵێین ئەمە ڕوانینی ئەوە بۆ ژیان؟ ئەمە پرسێکە و وەڵامەکەی لای خۆیەتی، بەڵام ئێمە کارمان بە وەڵامی ئەو نییە، مادەم فۆتۆکان هەن دەتوانین لەوێ و بەناو ئەواندا، بگەڕێین. ئەگەر ژیان و واقیع وەک جومگەیەکی بزووێنەر بۆ کاری هونەری لەبەر چاو بگرین، دەتوانین گرێ و بەستەرێکیش لە نێوان فۆتۆکانی سامان و واقیعی تیاژیاوی ئەودا بدۆزینەوە. سامان لە سلێمانییە و فۆتۆکانیشی لەم شارەدا دەچرکێنێت، خودی ئەو چینەی سامان سیلێکتی کردوون بۆ وێنەگریی، زۆرینەی خەڵکی شار پێک دێنن، گەرچی خەونی ڕەنگاوڕەنگیان هەیە و کۆی ڕەنج و ئازاریشیان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانەیە، بەڵام دنیای واقیعیان ڕەشوسپییە. ڕەنگە پێویست بە قەتارەکردنی هیچ هۆیەک نەکات، تەنیا ئەوە بەسە کە ئەو دێڕەی جۆرج شتاینەر بیر بهێنینەوە؛ یەکێک لە هۆکارەکانی تراژیدیا، نەبوون و سەرنەگرتنی عەدالەتە لە دنیادا. ڕەشوسپێتیی فۆتۆی کەسەکان و خەونەکانیان، لە نەبوون و سەرنەگرتنی ئەو عەدالەتەوە ڕێچکە دەگرێت.

٤/ نوورێک، ڕووناکییەکی گەش و بزۆز، سەرلەبەری فۆتۆکانی گرتووەتەوە، پێویست بە وربوونەوەی زۆر ناکات، پانتایی هەیە. ئەگەرچی تاریکایی و داپۆشراوی ڕووخسار و بەشێک لە ئەندامی جەستەی کەسەکان دەبینرێ و حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ڕووناکییەکیش هەیە، لەوسەری تونێلەکەدا. تونێل، وا بزانم مەبەستم هەمان ژیان بوو لەم شارەدا. ڕووناکیی فۆتۆکانی سامان، زیاد لە هەر شت دەمخاتە سەر کەڵکەڵەی یەک دەلالەت؛ بەرەنگاریی و هیوا. لە دوو نوختەی پێشوودا دەربارەی چین‌وتوێژی ناو فۆتۆکان نووسیم، لێرەدا هەر ئەوەندە بەسە: ئەو چینە بندەستە درێژە بەو ژیانە پڕڕەنجەیان دەدەن، ڕازی و ناڕازین، بەڵام چاویان لە ڕووناکییەکە، دەبینن، کز و هەندێک جاریش لەرزۆک، دەستبەردار نابن و بۆی دەڕوانن، دڵبەندی بوون، وەفادارن پێی، دوایین ئاخێزگەی بەرەنگاریی و هیوایانە.

٥/ نەبوونی ناو و ناونیشان لەسەر هیچکام لە فۆتۆکان، واڵایی و کەشێکی دیموکراتیک بۆ بینەر و ڕاڤەکار ڕۆ دەنێت. هەر لێرەوە دەتوانین درێژەی ئەم خاڵە و کۆتایی ئەم یادداشتانەیش وەها ڕەپێش بدەین؛ ئەمە وێنەی زۆرینەی ئێمەیە، گەرچی جیاین و سەر بە دنیای خۆمانین، بەڵام یەک ئازار و مەینەتی، لەم کادر و فرێمانەدا کۆی کردووینەتەوە. ناو و ناونیشان پێویست نین، یەک سندووقی پۆستەمان هەیە، نامەنووس و نامەبەریش هەر خۆمانین، مادەم کۆیەک بە ناوی نالەباری و نادادییەوە و هەیە و پێکەوەی شەتەک داوین.

هاوبەشی بکە

Baxtiar Hama Sur, Photography, saman ali,