26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئاو: کۆڕازی مێژووی لەبیرکراو

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زەردەشت نورەدین

دیالۆگ لەگەڵ کتێبی «ئاو بە تاو»

هەمیشە ئەوە خولیام بووە کە ئوستورەی کوردی چۆن بووە؟ بەوپێیەی کورد گەلێکی خۆجێی و دێرینی ناوچەکەیە ئەوا دەبێت ئوستورەکانیشی دێرین و خۆجێی بن. لێ ئەوەش ڕوونە ئێمە نووسینی ئەوەندە کۆنمان نییە کە ئوستورەکانمانی تێدا نووسرابێتەوە، وەک سۆمەر، میسر، چین و یۆنان و ئەوانی دی. ئەوەی دەمێنێتەوە داستان و حەکایەتی میلی و فۆلکلۆرە لەگەڵ هەندێ ئەفسانەدا، بەڵام ئەم جۆرە شتانە ناتوانن بەڕوونی ئوستورەی گەلێک بەدیاربخەن ئەگەرچی هەندێ ئاماژە و سەرنجیان تێدایە بەڵام بەتەنیا کافی نین بۆئەوەی بتوانین لانیکەم وێنایەکی گشتی لەمەڕ ئوستورەی کوردی دیسان‌دروستبکەینەوە.

دوایین شت لەپەیوەند بەمەوە، ڕەنگە سەرنجمان بچێتەسەری خودی زمانی کوردی بێت کە دەشێت بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڵگری شێوەی گشتی ئوستورە و بیرکردنەوەی ئوستورەیی کوردی بێت، هەرچەندە بەشێوەی شاراوە و ڕەمزی، بەڵام هێشتا هەیە. دەروازەیەکی باش بۆ چوونە ناو ئەم باسەوە کتێبی «ئاو بە تاو»ـە، لێکۆڵینەوەیە لە پەیدابوون و شکڵگرتنی زمانی کوردی. ئەوەی لەو کتێبەدا، بۆم سەرنجکێشە؛ کردنەوەی دیووە ئوستورەییەکەی زمانی کوردی بوو وەک لە ئامانجەکانی خودی کتبێبەکە، بێگومان ئامانجەکانیشی گرنگی خۆیان هەیە بەتایبەت بۆ زمانناسەکان.

کتێبی «ئاو بە تاو» لە نووسینی سەباح یاسین، ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئەرکی نووسەر لە کوردستان-سلێمانی چاپ‌وبڵاوبۆتەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە دوو بەشی سەرەکی: بەشی یەکەم(ئاو بە تاو) و بەشی دووەم(فەرهەنگۆکی کوردی-سۆمەری). بەشی یەکەم بەدوورودرێژی باسی «بیرۆکەی ئاو بە تاو» دەکات و بەشی دووەم زیاتر پاڵپشتە بۆ پتەوکردنی تێزەکانی بەشی یەکەم. لێرەدا نامەوێت «بیرۆکەی ئاو بە تاو» شەرحبکەم یان تێزەکانی هەڵسەنگێنم؛ لەبەرئەوەی هەرکام لەوانە لە توانستی ئەم وتارە بەدەرە و لە ئامانجی ئەم نووسینە دوورە. جگەلەوەش شەرحکردن یان هەڵسەنگاندنی ناواخنی کتێبێکی ٧٥٠ لاپەڕەیی هەڵاساز، بۆ ڕەوتی زاڵی تێهزرینی زمانەوانی و ئاڤانگارد بۆ تێگەیشتنی باو شتێکی نەکردەیە. ئەوەی لەم نووسینەدا چاوەڕوانی ڕوودانیم؛ ئەوەیە لەڕێگەی دیالۆگێکی کراوە و هەندێجار بێ‌رەبتەوە، لەگەڵ تێزە سەرەکییەکانی «بیرۆکەی ئاو بە تاو» ئەو پانتاییە نوێیەی ناو زمانی کوردی زیاتر دەربخەم کە ئامانجی خودی بیرۆکەی ناوبراویش هەر ئەوەیە، بەڵام بەشێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ تا زیاتر دەڕواتەپێشێ زۆرتر لێی‌دووردەکەوێتەوە.

سەباح یاسین لە دەستپێکی کتێبەکەیدا دەڵێت: ”ئێمە گەرەکە بۆ نزیکبوونەوە لە زوانی کوردیدا سەرەتایەک دابین بکەین. ئەم سەرەتایە بریتییە لە دوو دەنگی نەبزوێن و بزوێنی «’ئ’ و ‘ا’» کە «ئا»ـی ئاوی سروشتی «’ت’ و ‘ا’»ـی تاو(هەتاو)ـی گەردوونییە و لە دەنگی «ئا»ـی ئاو و  «تا»ـی تاو، دەنگی «هەتاو» کە چوار دەنگە پەیدابووە”[لا٥]. ئەوەی بۆ نووسەری کتێبی ناوبراو، گرنگە دانانی سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی زمانی کوردی و دواتر چۆنییەتی گەشەکردنی ئەو زمانە. دەخوازێت لەڕێگەی بەراوردکردنی زمانی کوردی بە زمانی سۆمەری ئەو وێنا باوە بۆ زمانی کوردی تێکبشکێنرێت کە وەک زمانێکی هیندوئەوروپی تەماشادەکرێت. لەم سۆنگەوە بۆ سەرەتای شکڵگرتنی زمانی کوردی لەناو چاخی بەردینی نوێ و سەرپێکەوتنی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە و لە وێنە هێماییەکانی سەر پایەکانی «گرێ ناڤۆکێ» کە هی ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستایە، وەک سەرەتاییەکی بەردەست دەستپێدەکات. وێنەی هێمایی ئاو(چەند لارەهێڵ) کە لە شێوەی شەپۆلدایە بە نمونە وەردەگرێت و دواتر پەرەسەندنی ئەو وێنە هێماییە دەبەستێتەوە بە سەرهەڵدانی مێخەکانەوە لە سیستەمی نووسینی سۆمەرییەکاندا؛ واتە وێنەی مێخی دانراو بۆ ئاو کە دوو جووت مێخە بە تەنیشت یەکەوە. لەگەڵ وێنەی هێمایی تاو(هەتاو) هەمان کاردەکات.

لەپەیوەند بەمەوە سەباح یاسین: ”وشەی  «ئاو» و «تاو» لە زوانی کوردیدا، وێنەیان لە سروشتی ئاو و هەتاوە وەرگرتووە و لە مێشکی کولتووریمانەوە، کە دەماودەمە، بە ئێمە گەیشتووە، بەو مانایەش وشەی ئاو و تاو بە ژیانەوە، کە بوونی تۆوییە، لکاوە؛ هەروەها دەوەران دەوەرانی ئاو لە سروشتدا، وابەستەی گەرمی هەتاوە و ئەوەش دەریدەخات کە وشەی ئاو و تاو لە بنەڕەتی زوانەکەدا، مانای لە دەنگی «تا» و «ئا» وەرگرتووە. ئێمە دەتوانین بەشێوەیەکی دی بێژین کە زوانی کوردی لەو دوو دەنگەوە ئاوەڵابووە بۆ سێ دەنگ و چوار دەنگ، ئەوەش بێگومان لەگەڵ نیشتەجێبوون، کشتیاری، ئاژەڵداری و بەخێوکردنی مەلدا بووە. مانای وشەکان وەک وێنەی مێشکی لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانەوە  بەردەوامیان بە ئاوازەکان داوە و هەوڵیان داوە، مانا هزریەکەی کە سروشتی بووە، گەردوونیانە گەشە پێبدەن”(ل١٦٠).

ئەو تێزە سەرەکییەی لەناو «بیرۆکەی ئاو بە تاو»دا کاردەکات بریتییە لە هاوکێشەی (ئاواز+وێنە=مانا). ئەگەر وشەی «ئاو» بخەینە ناو ئەم هاوکێشەوە بەم جۆرەی لێدێت: {ئاوازی وشەکە[ئا] + وێنەی نووسینەکە؛ واتە شێوەی مێخەکە کە دوو جووت مێخە پێکەوە[وێنە] هاوکات ئەم وێنەیە لە ڕەنگدانەوەی وێنای ئاو لە مێشکدا دروستبووە و دواتر بەشێوەی دووجووت مێخ دەربڕدراوە = ئەو وێنایەی بۆ ئاو لە کاتی بینی نووسینی ئاو یان بیستنی دەنگی ئاو لە زیهندا دروستدەبێت دەبێتە [مانا]. بەگوێرەی ئەم هاوکێشە ئاوازی وشەکانی «ئاو» و «تاو» دەبێتە «ئا» و «تا» و ئەم دووە دەبنە بنەڕەتێکی دوالیستی بۆ خستنەوەی دەنگەکانی تری زمانی کوردی و زمای سۆمەری. کتێبی «ئاو بە تاو» نمونەی زۆری تێدایە و بەناو ئەو هاوکێشەدا سەرهەڵدان و شکڵگرتنی زمانی کوردی لەسەر دەمی جووتیاریدا و بەدەقیقی لە وەرچەرخانی گرێ ناڤۆکێ سەرپێدەکەوێت.

سەباح یاسین ئاو و تاو(هەتاو) وەکو دوو تۆخمی بنچینەیی زمان و ئەندێشەی وێنەیی کورد بە بنەما دەگرێت و لەوێوە باس لە پەیوەندیی نیوان نێر و مێ و ساردی و گەرمی و کۆی دیارەکانی سروشت بەناو ئەو دوالیزمەدا دەکات؛ لێ ئەم کارە لەرێگەی دیالۆگەوە ڕوودەدات. دیالۆگی نێوان نێر و مێ بەدەم کێڵان و جووتیارییەوە، ئاواز، وێنە و مانایان داهێناوە. دواتر ئەم دوالیزمی دیالۆگەی نێوان نێر و مێ، ئاو و هەتاو، ئەرز و ئاسمان و … هتد تێکدەچێت بەتایبەتی لەسەردەمی ئەخامەنییەکاندا کە سیستەمی دەسەڵات دەگۆڕێت(درێژەی زیاتر لەسەر ئەمە لە کتێبی ئاو بە تاودا هاتووە).

کتێبی «ئاو بە تاو» بەتێروتەسەلی باسی شکڵگرتن و سەرهەڵدانی زمانی کوردی بەجیا لە زمانی هیندوئەوروپی دەکات و گریمانەی ئەوە پێشدەخات کە زمانی کوردی و زمانی سۆمەری هاوباوانن و بە نزیکەی هەڵقوڵاوی ڕاستەوخۆی سەردمی چاخی بەردینی نوێ و شۆڕشی کشتوکاڵین و بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەش بەناو هاوکێشەی (ئاواز+وێنە=مانا) لەڕێگەی دروستکردنی فەرهەنگۆکی زمانی کوردی-سۆمەری گریمانەکانی زیاتر دەچەسپێنێت. لەم پنتەوە خوێندنەوەی ئەم وتارە بەهیچ جۆرێک نەک هەر نابێتە بەدیلی کتێبی ناوبراو بەڵکو ناشتوانێت دەروازەیەک بێت بۆی؛ وەک لەسەرەتادا ئاماژەی پێدرا، خوازیارم لە ڕێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ تێزە سەرەکییەکاندا قسە لەسەر ڕەهەندێکی تری زمانی کوردی بکەم کە بەبێ بەردەستبوونی لێکۆڵینەوەکەی سەباح یاسین(کتێبی ئاو بە تاو) هاتنەبوونی ئەم ڕوانگەیە مەحاڵ بوو. لەم پنتە بەدواوە دەچمە سەر خستنەڕووی ئەو گریمانەی لە ئەنجامی دیالۆگێکی کراوە لەگەڵ کتێبی ناوبراودا هاتۆتەبوون.

پەیدابوونی زمان و ئوستورە بەجۆرێک هاوکاتن کە ناتوانین بڵێین کامیان پێش کامیان دەکەون. تیۆر لەمبارەوە زۆرە کە ئەم پەیوەندی و هاوکاتییە ڕووندەکاتەوە ئەوەی بۆم جێسەرنج بوو لەم مەیدانەدا تیۆرەکانی ئێرنێست کاسیرەرە. لە ڕوانگەی کاسیرەوە یەکەم وشەکان، هاوتای دیاردەکان، شتەکان، بوونەوەرەکان و … هتدن و زۆرێکیان لەگەڵ خودادا هاوشوناس بوون. لە زیهنی مرۆڤی سەرەتاییدا جیاوازی لە نێوان واقیعی ڕەمزی و خودی واقیعدا لە ئارادا نەبووە. ناوی شتەکان لەگەل خودی شتەکاندا پەیوەندی جەوهەرییان هەبووە و بەتەواوی لەگەڵ یەکتری هاوشوناس بوون. بو نمونە وشەی باران و دیاردەی باران یەک شتبوون و جیاوازی ئەو دووە لەئارادا نەبووە، وشەکە هەمان باری سروشتی دیاردەی باران بارینی هەڵگرتووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی وشەکان پیرۆز بن. پاش تێپەڕینی چەند هەزار ساڵ بەسەر گواستنەوەی زمان لە قۆناغی ئوستورەییەوە بۆ قۆناغی لۆژیکی هێشتا کاتێک منداڵ فێری زمان دەبێت، ڕووبەڕووی دانەبڕاویی زمان و ئوستورە لە تێگەیشتنی منداڵدا دەبینەوە، جگە لەوەی کە تێگەیشتنی منداڵ بۆ جیهان ئوستورەییە ئەوا لەلای منداڵ لە سەرەتای فێربوونی زماندا جیاوازی لە نێوان واقیعی ڕەمزی و خودی واقیعدا ناکات، ناتوانێت لە میتافۆر تێبگات و خودی میتافۆر وەک واقیع تێدەگات.

«پەیوەندیی ڕەسەنی نێوان ئاگایی زمانناسی و ئاگایی ئوستورەیی-ئاینی، هەر لە بنەڕەتەوە خۆی لەو واقیعەدا بەیاندەکات کە هەموو بونیادە زمانییەکان و هەروەها هەموو بوونە ئوستورەییەکان بەچەشنێک لە هەندێ لە هێزە ئوستورەییەکانەوە بەدیاردەکەون؛ وەک ئەوە وابێت وشە لە فۆرمی جۆرە هێزێکی سەرەتاییدا دەرکەوێت، کە هەموو بوون و کردە لێوەی سەرچاوە بگرێت»[1]. ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە هەم ئاگایی زمان و هەم ئاگایی ئوستورەیی بە هاوبەشی لە هێزێکی بنەڕەتی ترەوە وزە وەردەگرن کە وشەیە، وشە سەرەتاییەکان کە هەموو شتێکیان لێوە پەیدادەبێت. وشەکان تەنیا بۆ زمان بنەڕەتی نین بەڵکو بۆ ئوستورەش هەمان شتن؛ وەک چۆن لەناو زمانە جیاوازەکاندا بنەڕەتیبوونی وشە دووپاتدەبێتەوە ئەوا بەهەمان شێوە لەناو ئوستورە جیاوازەکانی گەلە جیاوازەکاندا گرنگی وشە دووبارە دەبێتەوە.

«چەمکە ئوستورەییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە بوونی جیهانێکی ساختەوە وەرنەگیراوە، هەروەها دەرهاویشتەی ڕووتی خەیاڵیش نین کە لە بەهەڵمبوونی وجودی واقیعی ئەزموونی و نەگۆڕەوە ڕسکابێتن و هاوشێوەی تەمێکی سپی لە بۆشایی جیهانی واقیعدا بڵاوبووبێتەوە، بەڵکو ئەم چەمکانە، سەرجەمێتی بوون بۆ ئاگایی سەرەتایی دەکاتەوە. فۆرمی چەمکی ئوستورەیی شتێک نییە کە خرابێتە سەر توخمە دیاریکراوەکانی وجودی ئەزموون، بەڵکو دەبێت بوترێت خودی ”ئەزموونی” سەرەتایی لە ڕەنگی ئوستورەوە گلاوە و لە فەزای ئوستورەییدا پەستێنراوە. مرۆڤ لەگەڵ ئەو شتانەی کە ناسیونی بەناو ئەم فۆرمانەدا پەیوەندی دەبەستێت»[2]. ئەم ڕوانگەیە بۆ ئوستورە هەموو ئەو تیۆرانەی تری بواری ئوستورەناسی کە هەوڵدەدەن دیاردەی ئوستورە بۆ یەک ڕەهەند کورت بکەنەوە بە کورتخوازی ناودێریان دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو کە لە تێگەیشتنی دەقیقی ئوستورە دورمان دەخەنەوە. لەم سۆنگەوە ئەوە دەبینین کە بیرکردنەوەی ئوستورەیی هاوشێوەی بیرکردنەوەی لۆژیکی فۆرمی تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەیە؛ جگە لەوەش ئەوەی دووەم درێژکراوە و دەرەنجامی پەرەسەندنی ئەوەی یەکەمە بەڵام پەرەسەندنی هێڵی نا بەوشێوەی کە ئەوەی دووەم ئەوەی یەکەم لەناو ببات. لەگەڵ گۆڕان بەسەر شێوەی ژیانی مرۆڤدا گۆڕان بەسەر فۆرمە ڕەمزییەکانی بیرکردنەوەشدا هاتووە. ئەمانە بەمانای ئەوە دێت هەر چەشنە دەرەنجامگیرییەک لەمەڕ ئەوەی ئوستورە نواندنەوەی کام هێزی سروشتی، بان‌سروشتی یان دەروونی دەکات، ناموومکین دەکات. ئەمە بۆ زمانیش ڕاستە ئەو موناقشەی کە ئایا سەرەتا «ناوەکان» یان «کردارەکان» لەناو زماندا پەیدابوون؛ موناقەشەیەکی بێ‌ڕەبتە لەبەرئەوەی ئەوە بینابوونی خودی زمانە لەناو ئاگایی قڵیشاو بەڕووی تێگەیشتندا کە ئەو جیاکاری و جیاوازییانە دەکات؛ ئەوە نەزمی ناوەکی خودی بینابوونی زمانە نەوەک ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی سروشت یان هێزە جیاوازەکانی یان پاڵنەرە دەروونییەکان کە ئەو خەسڵەتانە دەبەخشن.

«مرۆڤ بەر لەوەی بەگوێرەی چەمکە لۆژیکییەکان بیری کردبێتەوە، ئەزموونەکانی لەڕێگەی وێنە ئوستورەییەکانەوە، ڕوون و لێکجیاکردۆتەوە. دیسان لێرەدا وادەردەکەوێت کە پەرەسەندنی زمان، نووسینەوەی پەرەسەندنی هزر و درک‌پێکردنی ناوەکی ئوستورەیی بێت، ئەگەر بێتوو چەمکە زمانییەکان وەکو نوسخە و نواندنەوەی جیهانی دیاریکراوی واقیعی بهێنینەپێشچاو، واتە هەر ئەو جیهانەی کە بەشەکانی بەناو هێڵی دیاریکراو و لێکجودا دێنە ناو زیهنی مرۆڤەوە؛  ئەوا هەرگیز دەستمان بە چییەتی و کارکردی ڕاستەقینەی ئەم چەمکانە ڕاناگات. سنوری شتەکان و هێڵە بنەڕەتییەکانیان دەبێت لەرێگەی زمانەوە دابنرێن؛ ئەم کارە وەکچۆن چالاکی مرۆڤ ڕێکدەخرێت، بەهەمان ئەندازەش تێگەیشتنی ئەو بۆ بوون شێوگێکی ڕوون و دیاریکراو وەردەگرێت، جێبەجێدەبێت»[3]. لەم پنتەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە چەمکە زمانییەکان بەرلەوەی پەیوەندیی بە نواندنەوەی سروشت و واقیعی ئۆبێکتیڤەوە بێت، پەیوەندیی بە فۆرمە داهێنراوە ئوستورەییەکانەوە هەیە؛ ئەو فۆرمانەی، ڕەنگدانەوەی فۆرمە مرۆییەکانە، نەوەک ڕەنگدانەوەی خەسڵەتی ئۆبێکتیڤی شتەکان بێت.

«هەرکەس لەوە تێبگات کە ئوستورەکانی گەلێک بۆ ئەو گەلە، چ مانایەکی هەیە و چ هێزێکی بەسەریانەوە هەیە، لە ڕوانگەی ئەو گەلەوە چ ڕاستییەک لەناو ئوستورەکانیاندا نوستوە؛ هەرگیز بانگەشەی ئەوە ناکات کە ئوستورەکان تاکەکان دروستیانکردووە، وەکچۆن ناکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت زمانی گەلێک تاکەکانی دایانهێناوە… شیلینگ جەخت لەوەدەکاتەوە کە دەستکەوتی [لە ئوستورەناسیدا] ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی شاعیرەکان و تاکەکان بە دروستکەری ئوستورەکان بزانین دەبێت ئاگایی مرۆڤ بە زاگەی ئوستورەکان دابنێین»[4]. ئەم تێڕوانینە جارێکی تر ئوستورە هاوشانی زمان دەکاتەوە و ئەوە بە ڕوونی ڕادەگەێنێت کە ئوستورە بەرهەمێکی ئەدەبی یان تەنانەت داهێنانێکی تەکنیکی نییە کە لەلایەن تاکەوە داهێنرابێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەزموونی مرۆڤە لەناو ئاگاییدا. ئاگایی مرۆڤیش بەرلەوەی شتێکی تاکیانە بێت، پانتاییەکی هاوبەشی نێوان‌تاکییە، کە جەستەی کۆیەتی وەردەگرێت و لە زۆر شوێندا سنورەکانی تاکێتی دەبەزێنێت و تاک بەناو ئاگایی کۆیەتیدا ئەزموونی تاقانەیی خۆی لە سنوری ئاگایی خۆیدا دەکات. لێرەدا ئەوە دێتە پێش کە ئوستورە هاوشێوەی ئاگایی کۆیەتی یان زمان خۆی بەڕووی تاکدا دەکاتەوە؛ هەربۆیەش ناکرێت وەک بەرهەمێکی تاک تەماشا بکرێت.

«مرۆڤی چاخە سەرەتاییەکان، خودا قوتدەکاتەوە، بەڵام بەمەبەست ئەو کارە ناکات؛ بەڵکو خۆڕسکانە و بەهۆی هێزی سروشتی ئاگایی خۆیەوە [ئەو کارە دەکات]. جگەلەوە ئاگایی سەرەتایی مرۆڤ، ئەو ئاگاییە نییە کە حەقیقەتی خودا و تاک‌وتەنیایی موتڵەقی خودا قوتبکاتەوە»[5]. تاک‌خودایی سەرەتایی تاکخوداییەکی ئەبستراکت و دەڵەمەیە؛ تاکخوداییەکە کە هێشتا شکڵی نەگرتووە و بەشێوەیەکی ئاگایانە نەهاتۆتە ناو ئاگایی مرۆڤی سەرەتاییەوە. تاکخودایی ئاگایی سەرەتایی یەکایەتییەکی دەڵەمە و شلی هەیە؛ هەربۆیەش چەنێک یەکایەتییە، هێندەش فرەییە. جوڵەی ئاگایی سەرەتایی بەرەو فرەخودایی دەڕوات، لەو پرۆسەدا ئاگایی دوولەتدەبێت و بەناویدا فرەخودایی سەرپێدەکەوێت. تا ئەم دوولەتبوونە ڕوونەدات و ئاگایی سەرەتایی بەرەو فرەیی نەڕوات، یەکایەتی سەرەتایی بەجێنەهێڵێت؛ تاکخودایی بەشێوەیەکی ئاگامەندانە و بەناو تێگەیشتنی چەمکئاسادا نایەتەناو زیهنی مرۆڤەوە. قوتکردنەوەی ئەویتری فرەخودایی بۆ جێگیرکردنی تاکخودایی قۆناغێکی زەروری گەشەی ئاگایی ئوستورەیی بووە؛ واتە گواستنەوە لە خودای ئەزموونی سەرەتاییەوە بۆ خودای تێگەیشتنی چەمکیانە بەناو تۆخکردنەوە و ڕەق‌وتەقکردنی هەموو سنورەکانی ئەو یەکایەتییە.

تێزی سەرەکی لەپەیوەند بەم قۆناغەوە لەمەڕ ئوستورە و زمانی کوردی ئەوەیە کە ”ئوستورە و زمانی کوردی سەر بەم قۆناغە سەرەتاییەی ئاگاییە؛ بەر لە هەموو شت ڕۆنانی زمانی کوردی ئاگایی کوردی لەو قۆناغەدا گیرساندۆتەوە و نەیهێڵاوە سنورەکانی ببڕێت”. بێگومان ئەم جێگیری زمانە بەر لە هەموو شت بۆ جێگیری شێوەژیانی کورد – بەرهەمهێنانی نیولیتیکی – دەگەڕێتەوە.

کاتێک شێوەی بەرهەمهێنانی ژیانی سەردەمێک دەگۆڕێت، ئەوا گۆڕان بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا دێت؛ بەناو ئەم گۆڕانەدا هێدی هێدی وەرچەرخان لە ڕۆنانی زمان، کەلتوور، بەها، قاڵب و کڵێشەکانی زیهنی مرۆڤدا ڕوودەدات. بەدەربڕینێکی تر کاتێک چاخێک سەرجەمێتییەکەی هەڵدەوەشێتەوە و وردەبێتەوە بۆ پارچە و بەشی بێ‌ڕەبت؛ بەنەتیجە زاڵێتی لەدەستدەدات، لەناو ئەم پرۆسەدا چاخێکی تر دەڕسکێت کە جیاوازە لەوەی پێشخۆی. وەکچۆن شێوەی بەرهەمهێنانی ژیان و شێوازی ژیانکردن تا ئەو شوێنەی ڕێگر بێت لەبەردەم چاخە نوێکەدا، دەپووکێتەوە و بایەخی نامێنێت ئەوا، بەهەمان شێوە ڕۆنانی زمان، کەلتور، بەها و قاڵبە زیهنییە ڕێگرەکانیش هەڵدەوەشێنەوە و لەکار دەکەون؛ ئەمەش بەپلەی یەک لە وەرچەرخانی جیهانبینی، ڕۆنانی زمان، شێوازی ڕوانین و تا ڕادەیەک خوڵقاندنی بەهای نوێدا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەرچی هەر چاخێک لە ئاسۆی مێژوویی خۆیدا، کارا بووە و وڵامی بە پێویستییەکانی ژیانی ئەو سەردەمەی خۆی داوەتەوە، لێ لەسەردەمی دواتردا بۆ جێخستن و گشتپەسەندکردنی چاخە نوێیەکە، شێواندن و بەکاریکاتێرکردنی ژیانکردن و شێوەی بەرهەمهێنانی ژیانی پێشوو بەتۆخی لەناو کەلتور، جیهانبینی و تێڕوانینی نوێدا ڕەنگیداوەتەوە. زمانی کوردی هێشتا ئەو وەرچەرخانە بنەڕەتیە بەسەریدا نەهاتووە ئەگەرچی لە ئاگایی کورد نەماوە و بەرەو نائاگایی گشتی پاشەکشەی کردووە.

ئێستا لەدوای ئەوەی کە باسکرا، دەتوانین باس لە ئوستورەی کوردی لەناو زمانی کوردیدا بکەین. پێشوتر ئاماژەم بەوەدا سەباح یاسین دەستپێکی زمانی کوردی بۆ دوو دەنگی «ئا» و «تا»ی کە «ئاو» و «تاو» دەنوێننەوە دەگەڕێنێتەوە. لەم پنتەوە بەناو جووت‌ڕەگەزیدا کە نێر و مێیە تەواوی دیارە سروشتی و مرۆییەکان شیکاردەکات. پێی وایە ژن و پیاوی سەرەتایی بەدیار کێڵانی ئەرز و ئاودێرییەوە، مێشک و ئاگایی خۆشیان بە توخمە سروشت-گەردوونییەکان نەخشاندووە و ئەم کارەش بەناو گفتوگۆی نێوانیاندا هاتەبوون. بەڵام من پێم وایە بەر لە هەموو شت ڕۆنانی زمانی کوردی دیاردەی جووت‌ڕەگەزیی و دوالیزمی سەرەتایی هەڵناگرێت و دروست بوونی ئوستورە و وێنە-بیرکردنەوەی ناو زمانی کوردی بەناو یەکایەتیی دەڵەمە و فرەیی ناخەسڵەتوەرگرێتی‌دا هاتۆتەپێکهاتن. توخم و ڕەگەزی بنچینەیی زمانی کوردی برییتە لە «ئاو». دەتوانین لە ڕێگەی «ئاو»ەوە جیهانبینی ئوستورەیی و پانتایی وێنەیی ناو زمانی کوردی ڕوون بکەینەوە. ئاو ئەو پنتە بەراییەی ناو ئوستورە و ناواخنی وێنەیی زمانی کوردییە، کە وشە-وێنەکانی تری لێدەبێتەوە.

هاوکێشەی «ئاواز+وێنە=مانا» دەشێت بەجۆرێکی تاڕادەیەک جیاواز لە خوێندنەوەکەی سەباح یاسن بەمجۆرە بخوێنرێتەوە. ئەگەر وشەی ژیان و گیان بە نمونە وەرگرین ئەوا ژیان و گیان هاوئاوازن بەگوێرەی نەبزوێن(ن) و بزوێن(ب) بەم جۆرە: وشەی گیان=ن‌ن‌ب‌ن پاشان وشەی ژیان=ن‌ن‌ب‌ن. وێنە ئاماژەیە بۆ ناواخنی وێنەیی وشەکان کە هەرکام لە وشەکانی ژیان و گیان بەنزیکەیی هاووێنەن؛ ژیان و گیان هەردووکیان لە جووڵەدا هاوبەشن ئەوەی بژی یان ئەوەی گیانی هەبێت دەجوڵێت ئەگەر جوڵەی گەشەکردن بێت یان جووڵەی مەودابڕین. جگەلەوەش ئەوەی ژیانی تێدا بێت گیانی هەیە – لە مانا ئوستورەییەکەیدا –  و ئەوەی گیانی هەبێت دەژییەت. ناواخنی وێنەیی ژیان لە ناواخنی وێنەیی گیانەوە وەرگیراوە؛ هەروەها ناواخنی وێنەیی گیان‌ـیش لە ناواخنی وێنەیی گیاـەوە وەرگیراوە؛ گیا لە وێنە سەرەتاییەکانی زمان و ئوستورەیە. لە دەرەنجامدا ئەو ماناییەی کە دروست دەبێت لە ناو هەردوو وشەی گیان و ژیان‌دا هاوبەشە یان دەتوانین بڵێین هەردوو وێنەکە لە وێنەی گیاوە لێبوونەتەوە.

ئاو بنەڕەتی ترین چەمکی ناو ناواخنی وێنەیی زمان و جیهانبینی ئوستورەیی کوردە؛ ئەگەرچی کورد ئوستورەی نەماوەتەوە بەڵام لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانین وێنای ئوستورەی کوردی بکەین. نزیکترین ئوستورەی نوسراوی گەلانی تر لە هی کوردەوە، داستانی ئەفراندنی بابلی ئەنۆما ئەلیشە؛ دواتر دەگەڕێمەوە سەری. جیهانی ئوستورەی بەشێوەیەکی گشتی چوار قەڵەمڕەو پێکدێت و ئەوانەش بریتین لە؛ «ئاسمان»، «خوداکان»، «زەوی» و «مرۆکان». بەگوێرەی زمانی کوردی بەناو ئەو هاوکێشەی لەسەرەوەدا خرایە بەرباس لە ئاوەوە پەیدابوون و ناواخنە وێنەییەکەیان هەڵگری ئاوە. لە تێروانینی ئوستورەیی کوردیدا وەک لە هی زۆرەبەی گەلانی تریشدا وایە، ئاسمان ڕەگەزەکەی نێرە و زەوی ڕەگەزەکەی مێیە؛ دەبێت ئەوەش بڵێین جیاوازبوون لە ڕەگەزدا؛ نێر و مێ دابەشناکات بۆ دوو توخمی سەربەخۆ یان تەواو جیاواز لە یەکتری لەبەرئەوەی لەبنەڕەدا هەردووکیان بوونیان ئاوییە و تەنیا بەگوێرەی جیاوازی ئاویبوونەکانیان جیاواز دەبەن تا وەکو ئەوەی هەر کامیان لە توخمێکی سەربەخۆ پێکهاتبن. پێش‌ئەوەی هەرکام لەو چوار قەڵەمڕەوە، ناواخنە وێنەییە ئوستورەییەکەی بەناو زماندا دروستکەینەوە ئەوا سەرەتا دەبێت باس لە خودی دروستبوونی مرۆڤ و هەر دروستبوونێکی تر بکەین تاوەکو وێنەکە باشتر ڕوون بێتەوە. لە جیهانبینی ئوستورەییدا دروستبوونی هەتاو یان مرۆڤ جیاوازی بنەڕەتییان لە نێواندا نییە، ئەوە بۆ تێگەیشتنی مرۆڤی مۆدێرنی دەقبەستوو بە زانستەوەیە کە قورسە؛ ئەگەرچی تێگەیشتنی زاڵی کۆمەڵگای ئێمە لەناو زانستی مۆدێرندا خۆی نابینێتەوە بەڵکو لەناو تێگەیشتنی ئاینیی ئیبراهیمی و بەتایبەتی ئیسلامیدا خۆی دەبینێتەوە کە نوسخەی دەستە چوار و پێنجی ئوستورەی سۆمەری و میسرییە.

وەک سەباح یاسین ئاماژەی پێدەدات سوڕی دروستبوونی مرۆڤ؛ سوڕێکی ئاوییە و ئەمەش بەڕوونی لەناو ناواخنی وێنەیی زمانی کوردییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەر چاو لە هەر کام لە وشەکانی «ئاو»، «ئاوەڵ»، «ئاوێڵدان»، «ئاوڵەمە»، «ساوا»، «منداڵ»، «مێردمنداڵ»، «لاو»، «پیاو»، «ژن»، «بەساڵاچوو»، «پەکەوتە» و «مردوو». تۆو، تۆواو یان ئاوی پیاو هەرسێکیان یەک مانای هەیە. ئاو لە زمانی کوردیدا بە مانای تۆویش دێت. لەناو جیهانی ئوستورەییدا، کردەی ناشتنی تۆوی گەنم لە زەویدا و کردەی ناشتنی تۆوی پیاو لە زێی ژندا یەک ناواخنی وێنەیی هەیە و جیاوازی ڕیشەی لە نێوان ئەو دوو کردارەدا نییە. لەم سۆنگەوە ناشتنی تۆوی پیاو هاوشێوەی تۆوی گەنم کردەیەکی سروشتییە، ئەم پرۆسەیە لە سوڕی ژیانی مرۆڤدا لەو کاتەوە کە ئاوە(هاتنەبوون) تا ئەو کاتەی دەبێتەوە بەئاو(نەبوون) ڕەنگدەداتەوە. هەرکام لە وشەکانی سوڕی دروستبوونی مرۆڤ کە خرایەڕوو ئاوی بەزەقی تێدایە، جگە لە چوار وشەی کۆتایی. قۆناغی لاوێتی کە دوا قۆناغی هەراشبوونە بۆ کێڵان و ناشتن و لەدوای ئەوەوە قۆناغی ژنێتی/پیاوێتی دەستپێدەکات کە تا چل پەنجا ساڵی دەخاێنێت؛ قۆناغی بەرداری و بەروبووم. لەپاش ئەم قۆناغەوە بەساڵاچوون و پەکەوتن، دواجار بە مردن کۆتایی دێت. مردن لەناو زمانی کوردیدا بوونەوە بە ئاوە. کاتێک گەنم دەنێژرێت و سەوزدەبێت و دوابەدوای ئەوەی قۆناغەکانی یەک لە دوای یەک دەبڕێت ئاخر قۆناغی ئەوەیە وەک تۆو هەڵیدەگرن و جارێکی تر دەینێژنەوە و دوبارە پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە. بۆ مرۆڤیش لەناو ناواخنی وێنەیی زمانی کوردیدا هەمان شتە و تەنانەت هەمان وشەش بۆ مردوو ناشتن و تۆو ناشتن بەکاردەبرێت. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت مرۆڤیش جارێکی تر بۆ تۆو کە ئاوە دەگەڕێتەوە؛ لەم ڕوانگەدا مرۆڤ لە ئاوەوە دروست دەبێت و بۆ ئاو دەگەڕێتەوە.

ئاوەڵ[6] یان وێڵاش ئەو پێکھاتەیەیە کە کۆرپەلە بە منداڵدان دەبستێتەوە، ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی خۆراکە ماددە و گازەکان و پاشەڕۆ لە نێوان دایک و کۆرپەلەدا دەدات؛ واتە هەر لە دروستبوونەوە ئاوەڵی کۆرپەلەیە تاو ئەو کاتەی لەدایکدەبێت. ناواخنی وێنەیی ئاوەڵ بەمانای لەگەڵ بوون دێت؛ لەگەڵ یەکبوونی دوو شت یان زیاتر و وشەی ئاوەڵ لە ”ئاوە”ـەوە وەرگیراوە. لەم پنتەوە دەتوانین باشتر لە پێشگری «هاو» تێبگەین بۆ نمونە لە وشەکانی «هاوڕێ»، «هاوکار»، «هاودەم»، «هاوبیر»، «هاوڕا» و … هتد. لەڕاستیدا پێشگرەکە لەسەرەتا «هاو» نەبووە بەڵکو «ئاو» بووە و دواتر گۆڕاوە. هاو هیچ ناواخنێکی وێنەیی دروستناکات بەڵام ئاو دروستی دەکات. یەکێک لە ماناکانی ئاو دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان دوو یان زیاتردا، درەختی کەنار ڕووبارێک لەرێگەی ئاوەوە دەتوانێت بگات بە بەردەڵانی داوێنی ئاوەکە؛ واتە درەخت و بەردەڵان کە دوو شتی لێکدابراون؛ ئاو دەتوانێت پەیوەندیی نێوانیان ببەستێت. هەروەها ئاو گەیەنەرە و دەتوانێت شتەکان بەیەک بگەێنێت، جگە لەوەش دووشت یان زیاتر هەرچەندە لەیەکدابڕاوبن بیناخەرە ناو ئاوەوە پەیوەندیی لەنێوانیان دروستدەبێت و دەبنە ئاوەڵی یەکتری. سەرەڕای ئەو گۆڕانە هێشتا لە هەندە وشەدا وەک خۆی ماوەتەوە وەک «ئاوماڵ»، «ئاوڵزاوا» و … هتد. هەروەها وشەی ئاو وەک پاشگر بەکاردەبرێت کاتێک دوو توخم تێکەڵ بن یان شتێک لە شتێکی ترەوە بگلێت ئەوا بە وشەی ئاو ئەو ڕەبتە دروستدەبێت بۆ نمونە «خۆڵاوی»، «قوڕاوی»، «ڕەنگاوی» و … هتد.

سەرەڕای ئەوەی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ئاوییە و لە ئاو دروستبووە، ئەوا جیاوازیشیان هەیە؛ لە ڕێگەی تۆخکردنەوە کارکردە جەوهەرییە جیاوازییەکانیان هاوشێوەی ئاسمان(نێر) و زەوی(مێ) کاردەکەن. کارکردی جەوهەری پیاو بریتییە لە پێ و ئاو کە بەسەریەکیشەوە وشەی پیاو دروستدەکەن. ئاو لێرەدا واتە تۆوی پیاو و پێ بریتییە لەو ئامرازەی تۆوی پێدەچێنێت؛ لە جووتبوونی ژن و پیاودا، چووک ڕۆڵی پێ دەبینێت بۆ کێڵان و ناشتنی ئاو(تۆو). کارکردی جەوهەری ژن بریتییە لە زێ و ناواخنە وێنەییەکەی هاوتایە لەگەڵ زێد، زاین، زاگە، زێ(رووبار) زەوی هەروەها زاوزێ، زۆربوون و زیادە و زێدە. ئەمە بە مانای کورتکردنەوەی ژن نایەت بۆ زێ وەکچۆن بەمانای کورتکردنەوەی پیاویش نایەت بۆ چووک؛ لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە لەناو ئاگایی ئوستورەیی سەرەتاییدا، ژن و پیاو خۆیان لە گەردوون و سروشت جیانەبوونەتەوە و سەربەخۆ و دابڕاو نین و لە زۆر شوێندا دەبنە میتافۆڕ بۆ یەکتری. زێ هەم بەمانای بەرهەمهێنان، ئافراندن و زیادکردن دێت و هەم بە مانای زاگە و سەرچاوەی سەرەتایی. لەم سۆنگەوە باشتر وشەی «نێر» و «مێ» ڕووندەبێتەوە؛ وشەی نێر ناواخنە وێنەییەکەی لە ”نێر” لە مانای ناردن‌دا وەرگیراوە. نێر یان نێرەر شتێک دەنێرێت کە ئەویش بریتییە لە ئاو و ڕەبتی بە جووڵە و کاتەوە هەیە. لەم ڕوانگە نێر دەبێتە هاوتای ئاوە شیرینەکانی ژێرزەوی ئەوەی لە کانیاو، کارێز و ڕووبارەکاندا قوڵپدەدات و سەرزەوی دەکەوێت؛ لەبەرانبەردا وشەی مێ ناواخنە وێنەییەکەی لە ”ما” و ”مێن”ـەوە وەرگرتووە کە بەمانای مانەوە، مان، خەزنکردن و نەمری(مانێتی) دێت و ڕەبتی بە جێگیری و شوێنەوە هەیە. مێ سەروکاری لەگەڵ خەزنکردن، پاراستن و هێشتنەوە(مانەوە)ی ئاوەوە هەیە و دەبێتە هاوتای ئاوە سوێرەکانی سەرزەوی وەکو دەریاکان و زەریاکان. نێر هەڵگری ڕەهەندی کاتە و مێ هەڵگری شوێنە؛ هەربۆیەش نێر کاتمەندە و لەناو کاتدایە و ئاماژە بە شتە وەرزییەکان دەدات، لەکاتێکدا مێ هەڵگری ڕەهەندی شوێنە و شوێنمەندە و ئاماژە بە شتە هەمیشەییەکان دەدات. بەمانایەک نێر ڕەمزە بۆ مردەیی و لەناوچوون و مێ ڕەمزە بۆ نەمری و مانەوە؛ ئەمە جگەلەوەی نێر و مێ هەردووکی بەناو مێدا دەمێننەوە و زیاددەکەن.

جیهانی ئوستورەیی بەشێوەیەکی گشتی لە چوار قەڵەمڕەو پێکدێت و ئەوانەش بریتین لە؛ «ئاسمان»، «خوداکان»، «زەوی» و «مرۆکان». ئەم قەڵەمڕەوانە ئاویین و ناواخنە وێنەییەکەیان لە ئاوەوە وەرگرتووە. وشەی ئاوس لە وشەی ”ئاوزا”ـەوە هاتووە، ئەو شتەی کە ئاوی تێبزێ و بەرزبێتەوە، لەدەرەنجامدا ئاوزاوی یان ئاوساوی دروستدەکات؛ ئاوس ئەو ئاستەیە کە ئاو زاوەتەوە ناو سکی مێیەوە و بەرزبۆتەوە. وشەی ”ئاسمان” لە دوو وشەی ”ئاوس” و ”مان”ـەوە دروستبووە؛ ئاسمان واتە مانەوە بەئاوسی؛ هەمیشە ئاوس. ناواخنە وێنەییەکەی ئاسمان ئاماژەیە بۆ نێر؛ ئەوە نێرە هەمیشە ئاوسە بەو مانایەی هەمیشە ئاوی تێدایە و ئاوەکەی کە تۆواوە لەناو خۆیدا هەڵدەقوڵێ. لە تێگەیشتنی ئوستورەییدا ئاسمانیش هەمان شتە، ئاوەکەی لەناو خۆیدا هەڵدەقوڵێ کە بریتییە لە باران و بەسەر زەویدا دەیپڕژێنێ و زەوی پێ ئاوسدەکات. ئەم وێنە کاتێک تەواو دەبێت کە ناواخنە وێنەییەکی ”زەوی”ـیش ڕوونبێتەوە؛ وشەی ”زەوی” لە وشەی ”زێیی”ـەوە هاتووە کە بەمانای لە زێ دروستبوو دێت؛ لێرەدا زێ هەم بەمانای زێ و هەم بەمانای شوێن دێت. وشەی زەوی بەمانای زێی سەرەتایی و زێدی هەموو ئەوانە دێت کە لەسەرین. لەم تێگەیشتنەدا زەوی مێیە و ئاسمان نێرە.

ئێستا کاتی دروستکردنەوەی ناواخنە وێنەییەکی وشەکانی ”خودا” و ”مرۆڤ” هاتووە. وشەی «خودا» دابەشدەبێت بۆ دوو وشەی «خود» و «ئاو»؛ خودئاو یان خوداو کە دواتر بووە بە خودا. خودا بەمانای «خودی ئاو»، «ئاوی ئاو» یان «ئاوی پەتی» دێت. لەم سۆنگەدا ئەوەی هاوبەشە لە نێوان خوداکان‌دا و لە مرۆڤەکان جیایاندەکاتەوە ئەوەیە کە خوداکان ئاوی بێگەرد و پەتین و خودی ئاون؛ ئەو ئاوەن کە جەوهەری ئاو پێکدێنن. لەپەیوەند بەمەوە وشەی ڕووناکی هەیە، کە ئەویش لە ڕوون‌ئاوکی پێکهاتووە. ڕووناکی واتە ئاو لەوپەڕی ڕوونییدا یان ئاوی تەواو ڕوون کە دەبێتە ڕووناکی. کەواتە مرۆکان ئەگەر لە ئاوی ئاسایی دروستبووبێتن ئەوا خوداکان لە ڕووناکی یان جەوهەری ئاو پیکهاتوون. وشەی هەتاویش زیاتر ئەمە ڕووندەکاتەوە؛ وشەی «هەتاو» دەگەڕێتەوە بۆ وشەی «تاو» و ئەویش لە «تێ‌ئاو»ـەوە هاتووە و دواتر گۆڕاوە. تاو ناواخنە وێنەییەکەی ئاماژەیە بەو شتەی تین و تاوی تێدایە؛ جوڵە و گەرمی تێدایە. پێشگری ”هە” لە زمانی کوردیدا بەمانای وەگەڕخستن و بەرزبوونەوە دێت؛ بەرزبوونەوەی تاو دەبێتە هەتاو لەم سۆنگەوە دیسان ئەوە ڕووندەبێتەوە کە هەتاو هاوشێوەی ڕووناکی بوونی ئاویی هەیە. وشەی ”مرۆڤ” بۆ وشەی ”مرۆ” و ئەویش بۆ ”مر” دەگەڕێتەوە. ناواخنی وێنەیی وشەی ”مر” لە وشەی ”مردن”ـەوە هاتووە؛ مرۆڤ واتە ئەوەی دەمرێت و مانێتی و نەمری ڕاستەوخۆی نییە هاوشێوەی خوداکان. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مرۆڤ هاوشێوەی شتە مردەییەکانی تر لە ئاوی ئاسایی دروستبووە نەوەک وەک خوداکان کە لە ئاوی ئاو یان لە ڕووناکی دروستبوون.

ئێستا بۆ داستانی ئەفراندنی «ئەنوما ئەلیش» بگەڕێینەوە کە نزیکترین ئوستورەیە لە ئوستورەیی کوردییەوە بەگوێرەی ناواخنە وێنەییەکانی زمانەکەمان. لە داستانی ئافراندنی بابیلی و سۆمەرییدا «تیامات» نوێنەری ئاوە سوێرەکان و دۆخی نەبوونی خسڵەتوەرگرتنە لە فۆرمی مێخودادا. زۆرجار دۆخی نەبوونی خسڵەتوەرگرتن و ناتایبەتکردن بە دۆخی پشێویی و بێسەرەوبەرەیی لێکدەدرێتەوە، کە تێگەیشتنێکی هەڵە و ئەمسەردەمیانەیە بۆ ئەو سەردەمە. داستانی ئافراندنی بابیلی (ئەنوما ئەلیش) دەقێکی ناوازەیە، کە بە زمانی ئاشوری و خەتی بزماری بابیلی کۆن نووسراوە و لە ساڵی ١٨٤٩ لە کتێبخانەی ئاشوربانیپال لە نەینەوا دۆزراوەتەوە. سەردەمی نووسینی ئەنوما ئەلیش بۆ ١٨ تا ١٢ سەدە پێش زایین دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا کۆنترین نووسراویی ئوستورەیی و تایبەت بە ئافراندن لە یۆنانی کۆن، نزیکەی ٨ سەدە پێش زانین لە لایەن هزیۆدەوە بەناوی تیۆگۆنیا نووسراوە.

لەم سۆنگەوە دەبێت، لەم ئاستەدا بچینە ئەودیوو چاکە و خراپەی ئەو سەردەمەی کە سەردەمی پێشووتری تێدا دەخوێنینەوە. بۆ ئەم ئامانجە، دەقی «ئەنوما ئەلیش» وەردەگرین و سەرپێیانە کۆمەڵێک ئاماژەی لێدەردەهێنین. سەرەتا هەر لە دەسپێکی دەقەکەوە دەستپێدەکەین کە لەسەر زاگە و پەیدابوون چڕدەبێتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستەش چەند دێڕێک لە دەقەکە بەمشێوەی لای خوارەوە دەهێنینەوە:

کاتێک لەسەرەوە، هێشتا ئاسمان ناوی نەبوو

و ئەرد لە ژێریدا هێشتا بێ‌ناو بوو

و ئەو ئاوە دێرینانەی کە هێنانییەبوون

لەگەڵ تیاماتی زیرەک و داهێنەر، خەرەوەی هەدووکیان [ئاسمان و ئەرد]

هەردووکیان ئاوەکانیان تێکەڵکرد و بوون بە یەک

هێشتا هیچ ئەردێک دەرنەکەوتبوو و هیچ قامیشەڵانێک نەئافەرێنرابوو

هێشتا هیچ کام لە خوداکان بۆ دەرکەوتن بانگهێش نەکراون

و هیچ کامیان ناویان نەبوو و هیچ چارەنووسێک دەستنیشان نەکرابوو

و لەو ساتەدا خوداکان لە نێوان ئاسماندا ئافەرێنران

… [باس لە دروستبوونی خوداکان دەکرێت] …

ڕۆژگارێکی دوورودرێژ تێپەڕی و دواتر ئەوان پێشیاندانەوە

وەک دەبینین لەسەرەتادا، دەقەکە بە دوان لە تیامات دەستپێدەکات، دۆخێک کە وادەردەکەوێت هێشتا هیچ نەزمێک لە ئارادا نییە، هیچ شتێک هێشتا خسڵەتی وەرنەگرتووە و چارەنووسی هیچ شتێک دیاری نەکراوە و ناو لە هیچ شتێک نەنراوە و دواجار هیچ شتێک لە هیچ شتێک جیا و جیاواز نەکراوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین ئەم دەربڕینانە بەمانای ئەوە نایەت کە شتەکان و جیهان نەهاتۆتەبوون؛ واتە بەمانای نەبوون نایەت بەڵکو بەمانای تیامات کە ئاوی سوێری سەرزەوییە دێت. سەرنجڕاکێشی ئەم دۆخە لەوەدایە تیامات و ئاپزو کە هەردووکیان دەلالەت لەدۆخی سەرەتایی دەکەن خۆیان ئاون؛ تیامات ئاوە سوێرەکانی سەر ڕووبەرەکانە وەک دەریاکان و زەریاکان و ئاپزو ئاوە شیرینەکانی ژێر ڕووبەرەکانە وەک کانی و ڕووبارەکان. یەکەم گۆکردنی فەلسەفە سەبارەت بە زاگەی «بوون»  بریتییە لە «ئاو» کە لە زاری تاڵسی فەیلەسوفەوە دەڕسکێت. لەم دەقەشدا تیاماتکە دەلالەتە لە زاگەی بوون و پەیدابوون، بریتییە لە «ئاو». ئەوە ڕوونە کە ناواخنی ئەو دوو «ئاو»ە لەو دوو چاخە جیاوازەدا، بە ئەندازەی ناواخنی ئەتۆمی فەلسەفەی یۆنانی و ئەتۆمی فیزیای مۆدێرن جیاوازە لە یەکتری.

 لێ بەناڕاستەوخۆ ئەو ئاماژەشی هەڵگرتووە، نەک گەردوون بەڵکو زاگەی ژیان، یان بەدەربڕینێکی دەقیق‌تر، زاگەی ژیانی چاخی بەردینی نوێ لە ئاوەوە دەڕسکێت و بەناو سیستەمی ئاودێریدا ئاوەدان دەبێتەوە. لەم پنتەوە ئاو دەبێتە سەرچاوە و زاگەی پەیدابوون. ڕۆنانی خودیی وشەی “ئاوەدان” لە زمانی کوردیدا بریتییە لە «ئاو+ئە+دان»؛ چەند مانایەکی وشەی «دان» بریتین لە (کردن)، (ددان)، (دانەوێڵە)، (شوێن) و (بەخشین) و … هتد. «ئاوەدان» هاوکات مانای ئاودێری‌کردن، ئاوکردن یان ئاودانی هەڵگرتووە. دیارە ئاودانی کێڵگە (ئاودێری) یان ئاودانی ئاژەڵ بەمانای ژیان بەخشین و ژیانەوە بەوانە دێت. بەدیووێکی تردا لە هەر شوێنێک ئاو و ئاودان بە دانەوێلە هەبێت ئەوا ئاوەدانی، ژیان و کۆمەڵ هەیە و ئەمەش دەربڕی چاخی نیولیتیک و شۆڕشی کشتووکاڵییە کە ژیان ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئاو بوو. وشەی «ئاوەدانی» لە تێگەیشتنی چاخی نیولیتیکەوە بۆ ژیان ڕسکاوە و تا ئەمڕۆش هەمان مانای هەڵگرتووە.

رەنگە هیچ وشەیەک بە ئەندازەی «ئاو» نزیک نەبێت لە ناواخنی دۆخی سەرەتاییەوە ئەوکاتەی هێشتا ئاگایی مرۆڤ لە نێوان فرەیی و یەکایەتیدا لە هاتووچۆدا بوو و نەگیرسابووەوە. با گریمانەی ئەوە بکەین لە ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤی گریمانەکراوی بەناوی «ئەلف»  ئاو نەبووایە؛ شلەی تر هەبووایە بەڵام ئاو نەبووایە. لەو بارەدا ئەگەر کەسێک لە شوێنێکیترەوە بهاتبایە بەناوی «ب» و ئاوی لێ بووایە. پاشان کەسی شوێنی «ب» بیویستبا بە چەمک، تێگەیشتن و وشە بەردەستەکانی شوێنی «ئەلف» باسی ئاوی بکردایە بۆیان، ئەوا بە زۆرترین ئەگەرەوە بەم شێوەیە ئاوی دەردەبڕی: «ئاو، شلەیەکی بێ‌ڕەنگ، بێ‌تام و بێ‌بۆنە». هەموو شلەکانی ئەوانیش ڕەنگ، تام و بۆنی هەبوو. لەم حاڵەتەدا، پێناسەی «ئاو» لەناو وشە و چەمکە بەردەستەکانی «ئەلف»دا بەشێوەیەکی نێگەتیڤ و نەرێنی دەبوو، بەو مانایەیی لەجیاتی ئەوەی لە ڕێگەی خسڵەت پێبەخشین و بەشێوەی ڕاستەوخۆ ئاوی پێناسە بکردبا، ئەوا بەشێوەی نەرێنی لە ڕێگەی خڵسەت لێداماڵین و نەفیکردنی خسڵەتەوە ئاوی پێناسەدەکرد. لەم سۆنگەوە هەرگیز بە دەقیقی لەناو تێگەیشتنی کەسانی باری «ئەلف»دا، وێنای «ئاو» ڕاستەوخۆ و پۆزەتیڤ ناگات، بەڵکو هەمیشە لە شێوەی نەفیدا و لە ڕێگەی خسڵەت‌داماڵین لە کۆمەڵێ شلەی ترەوە جێدەکەوت. کێشەی سەرەکی ئەم جۆرە لە گواستنەوەی مانا و ناواخن، ئەوەیە هیچکات خودی وێناکە لەڕێگەی خۆیەوە ناگات بەڵکو لە ڕێگەی نەفیکردنی وێنای ترەوە دەگات. بە نەتیجە ئەو وێنایەی لەلای کەسانی «ئەلف» بۆ «ئاو» جێدەکەوێت خودی وێنای ئاو نییە، بەڵکو وێنای نەفیکردنەوەی کۆمەڵێک وێنای پڕ و پۆزەتیڤی شلەی ترە.

تێگەیشتن لە ئاگایی سەرەتایی بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە هەمان دۆخی تێگەیشتن لە «ئاو»ـی هەیە لەو دۆخە گریمانەکراوەی کە باسمانکرد. لەم پنتەوە باشتر لەو چەند دێڕەی سەرەتایی دەقەکە تێدەگەین کە لە ڕێگەی نەفیکردنەوە دەیەوێت دۆخی  تیامات بگوازێتەوە. هەندێ جار ئەم نەفیکردنەوە ڕێزمانییە سەردەکێشێت بۆ نەفیکردنەوەی خودی واقیع؛ ئەم حاڵەتە بەڕوونی لە گوزارشتکردن لە دۆخی کایۆسی خۆی دەبینێتەوە.

روویەکی تری «ئاو» یان هەر شلەیەکی تر کە تەنی شلە، بەبەراورد بە تەنە ڕەقەکان ئەوەیە؛ ئاو شکڵ و شێوەی جێگیری نییە بەڵکو بەگوێرەی ئەو دۆخ و بارەی کە تێیدایە شێوە و شکڵی دەگۆڕێت و لەمەوە دەکرێت دەرەنجامگیری ئەوە بکرێت کە ئاو بێشێوە، بێ‌نەزم و بێ‌شکڵە بەڵام ئەم وەسفانە دەرحەق بە ئاو دەقیق نین، لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە دۆخی ئاو (شلەکان) جیایە لە دۆخی تەنە ڕەقەکان و بەو وەسفانەی کە بۆ تەنە ڕەقەکان بەردەستن ناکرێت لە شلەکان بدوێین و ئەگەر ئەوە بکەین هەمیشە وێنەیەکی هەڵگەڕاوەی تەنە ڕەقەکان بە شلەکان دەبەخشین. لەم سۆنگەوە ئەوە باشتر ڕوون جیاوازی نێوان ئاو و ڕووناکی ڕووندەبێتەوە؛ ڕووناکی هەموو خەسڵەتەکانی ئاوی هەیە سەرەڕای ئەوەی بارستایی نییە و نەبینراوە و ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە خودا زیاتر مانابەخشە.

ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ زمانی کوردی دەکرێت بۆ زۆر ڕەهەند و پانتایی تری ناو زمانی کوردی بەکاری بەرین و هێشتا هەر ڕوونکەرەوە بێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێت ئەوەش بڵێم هەموو ئەوانەی لەم وتارەدا خرانە بەرباس تەنیا گریمانەن و دەشێت بەوجۆرە نەبن. هەر ئەم گومانەشە ئەو پێگەی پێدەدات کە ببێتە جێگەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی زیاتر. لە کۆتایی‌دا دووبارە سوپاسی سەباح یاسین دەکەم کە بە بیرۆکەی ئاو بە تاو بووە هۆی خستنەوەی ئەم گریمانەسازییە و ڕەهەندێکی نوێی زمانی کوردی بەڕوومدا کردەوە. هیوادارم ئەم وتارە نووسین، لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی زیاتری بەدوای خۆیدا بێنێت.

[1] – زمان و ئوستورە، ئێرنست کاسیرەر

[2] – هەمان سەرچاوەی پێشوو

[3] – هەمان سەرچاوەی پێشوو

[4] – فەلسەفەی فۆرمە ڕەمزییەکان؛ بەرگی دووەم: هزری ئوستورەیی، ئێرنست کاسیرەر

[5] – فەلسەفەی ئوستورەناسی، شیلینگ

تێبینی: ئەم بابەتە، پێشتر لە سایتی چەپی نوێ بڵاوبووەتەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, didimnarticle,