18/04/2024
DidiMn Logo
Top

”ئێمە کوژراوین، ئێمە هەموومان بووینەتە تارمایی“

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

نامه‌یه‌كی لازۆ ئازادی شاعیر بۆ بارانی چیرۆكنووس:

بارانیتا،

ئێمە کوژراوین، ئێمە هەموومان بووینەتە تارمایی و سێبەر. بە خوێنی ڕژاوی گەردن و سەرسنگ و داوێنمانەوە دێین و دەچین و کارەکانی ڕۆژانەمان دەکەین. هاوڕێ نازدارەکەی من شتەکە سادەیە ئێمە لەبەر ئەوە دەکوژرێین ”ژنین“، بۆ تێگەیشتن لەمە هێندە قورسە؟ جولەکەکان لەبەر ئەوە دەسوتێنران جولەکە بوون، ئەرمەنییەکان لەبەر ئەوە جینۆساید کران چونکە ئەرمەنی بوون، کوردەکان لەبەر ئەوە ئەنفال و کیمیاباران کران چونکە کورد بوون، هیچیتر لەمە سادەتر نییە، ئێمەش هەزاران ساڵە کە دەستدرێژیمان دەکرێتە سەر، هەر لە منداڵییەوە پارچەیەکمان لێدەکرێتەوە، بە زۆر ژیانی هاوبەشمان بۆ دروست دەکرێت و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتیکردن و خۆسوتاندن و کوشتن و خنکاندن دەبینەوە، لەبەر ئەوەیە ژنین. دەمەوێت بە کچەکەم بڵێم واز لە هەموو شتەکانی تر بێنە و خۆت فێری چیرۆکگێڕانەوە بکە. ئەوەی لە ئەزەلەوە تا ئێستا ئێمەی هێشتۆتەوە چیرۆکەکان بووە. هەر پیاوێک هات هەزار و یەک شەو چیرۆکی بۆ بگێڕەوە دەنا دەکوژرێیت. تاکە ڕێگه‌ی ئێمە بۆ مانەوە میهر و جوانی ژنانەمانە لەگەڵ چیرۆکگێڕانەوە، بەڵام خۆم لە وتنی ئەم ڕاستییە دەدزمەوە. هەر ژنێک لە دنیادا دەکوژرێت من کاڵتر دەبمەوە. دەبمە سێبەر و وەک خەنجەر بە ناو خۆمدا تێدەپەڕم، دەبمە تەم و شەونمی جێماو. دەبمە ڕووداوی شاردراوە و نهێنی ناو چیرۆکەکان.

لازۆ
٢٨/٥/٢٠١٤

هاوبەشی بکە

Baran, Jin, Lazo Azad, nama,