19/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئەو ديكتاتۆرانەى كتێبيان نووسيوە: ئەدۆڵف هيتلەر

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – روزانە نەشر
وەرگێڕانی لە فارسيیەوە: سەليم جەمال

ئەدۆڵف هيتلەر، كە لە پلەى ديكتاتۆرى و تاوانباری جەنگدا لە پێش جەنگيزخان دێت، كتێبێكى لە دوو بەرگدا نووسيوە بە ناوى نەبەردیی من، كە بەرگى يەكەمى ئەو كتێبە لە ساڵى ١٩٢٥ و بەرگى دووەمى لە ساڵى ١٩٢٦ چاپ و بڵاو بووتەوە. هەروەها ڕۆدۆڵف هێس، ئەركى هەڵەچنى و پێداچوونەوەى لە ئەستۆ گرت، كە خۆشى يەكێكک بوو لە تاوانبارانى جەنگ. ئەمە تەنيا كتێبە كە خودى نووسەر و هەڵەبڕەکەی تاوانبارى بێبەزەيىی جەنگ بن.

لەم وێنەى خوارەوەدا، سەرنج بخەنە سەر نووسەر و هەڵەبڕی كتێبى نەبەردىی من، دواى بە لوتكە گەيشتنى هيتلەر و هێزەکەی:

بەرگى يەكەمى ئەو كتێبە، لە ١٢ بەش و بەرگى دووەمى لە ١٥ بەش پێك هاتووە و هاوكات ئەو كتێبە بەياننامەيێكى سياسى و ژياننامەيەكى وێناكارانەو خودساختە لەخۆ دەگرێت، واتە نووسەر ئاماژەى خستووەتە سەر يادگارى و مێژووى ژيانى،  لەلايەكى ديكەش گفتوگۆى لە بارەى بيروباوەڕى خۆى لە هەمبەر سياسەت و ڕاوبۆچوونى بۆ داهاتووى خۆى و گەلەكەى شرۆڤە دەكات.

Hitler-and-Hess

له‌ به‌رگی یه‌كه‌می ئه‌و كتێبه‌دا، ناونیشانی به‌شه‌كان به‌م شێوه‌یه‌یه‌: له‌نێو ماڵی خێزانه‌كه‌مان، ساڵانی كۆشش و خوێندن هه‌روه‌ها زیان پێگه‌یشتن له‌ ڤیه‌ننا، جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، پروپاگه‌نده‌ی سیاسی، كوده‌تا، ده‌ستپێكی چالاكیی سیاسیی من، پارتی كرێكارانی ئه‌ڵمانیا، كه‌وتن، نه‌ته‌وه‌و نه‌ژاد. له‌ به‌رگی دووه‌مدا بابه‌ته‌كان له‌وه‌ی كه‌ باس كرا زۆر گرنگتر و ئه‌زموونانه‌تره‌: فه‌لسه‌فه‌ و پارت، ده‌وڵه‌ت، دانیشتوان و هاونشتیمانیان، شوناس و مانای گه‌لپه‌روه‌ری، فه‌لسه‌فه‌ و ڕێكخستن، شه‌ڕوپێكدادانی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م.

لێكۆڵەر بێن مايێ، ئەو كتێبەى بە مەترسى لەناوبردنى جولەكەكان لەقەڵەم دا؛ باس لەوە دەكات كە هيتلەر بە چ شێوەيەک نەرمونيانىی خۆى لەدەست دەدات و دەبێت بە دژى جولەكەكان، هەروەها بە وتەى ئەو، ڕق و کینەی خۆى بەرامبەر بە دوو چينى جیهانیدا، نواند ئەوانیش كۆمۆنيزم و جووسالاری. لە دواى زلهێزبوونى پارتی نازى، هەر هەمان بيرۆكە پلان و نەخشەڕێگەى قێزەون و مەترسيدارانەترى تاوانبارى بە دواى خۆيدا هێنا، وەك پلانى ماداگاسکرا، كە خواستى وابوو گشت كۆمەڵگە جووەکانی ئەوروپا كۆ بكاتەوە و بياننێرێت بۆ دوورگەى ماداگاسكار لە ئەفريقيا، تا لە کۆڵ هەموو ئەوروپا ببنەوە.

Hitler-mein-kaumpf

ئەگەر كەمێک سەرنج بدەين، دەبينين ئەوەى كە ويست و مەرامى هيتلەر بووە بۆ ئەنجامدانى ئەو كارە قێزەونانە، پێشتر لە كتێبى نەبەردىی من ئاماژەى خراوەتە سەر لە لايەن خودى نووسەر خۆى. لەلايەكى ديكە ئەگەر ئەو كتێبە لە لايەن كاربەدەستانى وڵاتانى ديكە دەنگدانەوەى دەبوو و ڕێگرى لەو تيۆريە درۆینییە فەلسەفى و گەوجانەى دەكرا و بەرهەڵستى دەبوونەوە، لەوانەيە لە گەورەترين و بێهوودەترين جەنگى مێژووى مرۆڤايەتى ڕێگرى بكرایە.

لە ساڵانى دەوڵەتدارى و دەسەڵاتى هيتلەرـدا، بە هەر ژن و پياوێكى تازە بەهاوسەربوو، كتێبێكى نەبەردیى من بەخۆڕايى پێشكەش دەكرا. لە ڕۆژانى جەنگى جيهانىی دووەم، دە مليۆن دانە لەو كتێبە لە ئەڵمانيا بڵاو کرایەوە و فرۆشرا. لەگەڵ ئەوەشدا بە چەندين زمانى ديكەى وەكو ئينگليزى و فەڕەنسى، وەرگێڕانى بۆ كراوە و لە دواى مەرگى هیتلەرـیش، لە فرۆشتن نەوەستا.

لەم ڕۆژگارەدا ئيتر بە شێوەيەكى ڕێنمايى و ڕێنوێنى تاوانبارى، لە لايەن مۆخێكى بيمار، لەو کتێبە دەڕوانرێت، خەڵكانى خاوەن بير و ئەندێشه ئەو كتێبە دەخوێنن تا لەوە تێبگەن كە چ جۆرە ئەندێشەيەكى هەڵەى فەڵسەفى ترسناک ئالوگۆڕ كراوە بۆ كوشتار و تاوانكاریی جەنگ.

 

هاوبەشی بکە

Book, Dictator, Hitler, SaleemJamal,