25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆب ديلان: شاعير و چيرۆکنووس يان گۆرانینووس؟

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من بى بى سى فارسى

فرانک عەميدى

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

بۆب ديلان، کە يەکێکە لە ناودارترين و کاريگەرترين گۆرانيبێژ، موزيسيان و شاعیری جيهان، بوو بە براوەى خەڵاتى نۆبڵى ئەدەب بۆ ساڵی ٢٠١٦. ئەکاديمياى نۆبڵ، بە هۆى بونيادنان و هۆنينەوەى شيعرى نوێ، پەسنى ئەو هونەرمەندەى کرد و ئەو خەڵاتەى بە شايیستەى بۆب ديلان زانى. بەڵام بەرهەمەکانى بۆب ديلان لە چوارچێوەى ڕۆمان، شيعرو چيڕۆکنووسى جێگەى خۆى لە ئەدەبدا ناگرێتەوە، هەر بەو هۆيەشەوە ڕووبەڕووى ڕەخنەى توندى شارەزايان و خەڵکى بووەتەوە.

ئەمە يەکەم جار نييە کە بۆب ديلان مشتومڕى لە دواى خۆيدا هێنابێتە کايەوە؛ ساڵى ١٩٦٥ کاتێک ديلان بەهۆى کارى موزيسيانى و هۆنراوەنووسىی فۆلکى ئەمەريکى ناوبانگى دەرکردبوو، ئەو جارەيان پەناى بردە بەر ئامێرى ئەلەکتريک گيتار و کۆتايى بە موزيک و هۆنراوەى فۆلکلۆرى هێنا و خۆى پەلکێشى جيهانى موزيکى ڕۆک کرد.

لەو کاتەى کە هەواڵى بەدەستهێناى خەڵاتى نۆبڵ بۆ ئەدەب لە لايەن بۆب ديلان بڵاو بووەتەوە، دوو لايەنى جياواز لە نێوان شارەزايان، ڕەخنەگرانى ئەدەبى و هەوادارانى ئەو لە تۆڕە کۆمەڵايەتيیەکان هاتنە مەيدان.

dylan

سەلمان ڕوشدى، نووسەرى بەڕیتانی بۆچوونى جياوازى هەيە لە بارەى بۆب ديلان، ئەو لە هەژمارى تايبەتیى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵايەتیی تويتەر بەم شێوەيەى نووسيوە: “لە سەردەمى ئۆرفيۆس تاکو فاييز، هۆنراوەنووسى و شاعيرى لەگەڵ يەکدى پەيوەست و لکاو بوونە، بۆب ديلان ميراتێکى گەورەى چيرۆکنووسیی زمانى ئينگليزيیە. هەڵبژاردنى ئەو بۆ خەڵاتى نۆبڵ بۆ ئەدەب، بێوێنە و لە جێى خۆيدا بوو.”

ستيڤن کينگ، نووسەرى ناودارى ئەمەريکى بە هەمان شێوە لە هەژمارى تايبەتیی خۆى لە تۆڕى کۆمەڵايەتیی تويتەر، پەسنى بۆب ديلانى کرد و خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ ئەو خەڵاتە مەزنەى کە ديلان دەستەبەرى کردووە. لە هەمان کاتدا سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باراک ئۆباما لە تويتەرى فەڕمیی خۆى نووسى: ”بۆب ديلان شاعيرى دڵخوازى منە و پيرۆزبايى لە ئەو دەکەم بە هۆى بەدەستهێنانى خەڵاتى نۆبڵ بۆ ئەدەب.”

ئەو باسەى کە جێگەى نکۆڵیلێکردن نييە، ئەوەيە کە بۆب ديلان دەنگ و سەداى نەوەيەکە، نەوەيەک کە لە سەردەمانێک بە ئايدياليست پەسنى کراوە، نەوەيەک کە لە ساڵانى ١٩٦٠ ئامانجيان ئەوە بووە کە بە موزيک، عەشق و ئاشتى لەگەڵ جەنگ و شەڕوشۆڕ ململانێ بکەن. هۆنراوەکانى وەک فووکردن لەبەر با، سەرۆکەکانى جەنگ و گەڕناڵەکانى ئازادى، نەک تەنيا لە وڵاتى ئەمەريکا بە هۆنراوەى ڕەخنەئامێز و کودەتايى هەژمار دەکران، بەڵکو لە هەموو جيهان دەنگدانەوەى کاريگەرى هەبووە.

هۆنراوەکانى بۆب ديلان هەندێک جار پرۆتێست و هەندێک جاريش بە تەواوى ئەويندارى و ڕۆمانسين، هەندێک کات لە ئازار و نەهامەتيیەکان دەدوێن و هەندێک کاتيش لە خۆشى و شاديیەکان.

دەگوترێت حەوتەمين ئەلبوومى بۆب ديلان بە ناوى بلۆند ئۆن بلۆند کە لە ساڵى ١٩٦٦ بڵاو بووەوە، ئەو ئەلبوومەيە کە لە لايەن ليژنەى داوەرانى ئەکاديمياى نۆبڵ هەڵسەنگاندنى بۆ کراوە؛ ئەلبوومێک کە شێوەى هۆنراوەکانى ڕەنگدانەوەى ناخى بۆب ديلانن. هەندێک لە هۆنراوەکانى وەک نزا و پاڕانەوە وان و هەندێکى ديکەيش وەک نەفرەت و داخوازين.

_91914222_dylan2

هۆنراوەکانى بۆب ديلان لە هەندێک کات و سەردەم وەک کورتەچيرۆک دێنە بەرچاو، بە شێوەى کەسايەتیی واقيعى و خەياڵى. هەڵبەتە هەندێک لەو بڕوايەدان کە هۆنراوەنووسى شايەنى باسکردنە، جياواز لەگەڵ ئەدەب و شيعر دەتوانێت خۆى بە باشى بە موزيک بلکێنێت.      بەڵام ڕاستيیەکەى ئەوەيە کە بۆب ديلان توانيويەتى زیاتر لە نيو سەدە چالاکيکردن لە هونەرى خۆيدا، ئەو هۆنراوانە بنووسێتەوە کە دەشێت بەبێ موزيک بهێنرێنە سەر کاغەز و کاريگەریی  خۆيان بەسەر خوێنەران هەبێت.

بەدەستهێنانى خەڵاتى نۆبڵ بۆ ئەدەب لە لايەن بۆب ديلان، لەوانەيە ببێتە هۆى سەرهەڵدانى وەرزێکى نوێ لە ئەدەبی ئەو.

هاوبەشی بکە

Bob Dylan, Nobel Prize, Poet, SaleemJamal, Singer, Song Writer,