25/07/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەراگیک
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید و لاوک ئەبوبەکر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

لەدایکبوونێکی ”شووم”

ڕۆژی ٢١\٦\١٩٢٩، لە گوندی ئەلحەلواتی سەر بە شەرقییەی نزیک قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسڕ، کوڕێک، کە منداڵی چوارەم و کۆتایی خێزانەکەی بوو، هاتە دنیاوە. سێ ڕۆژ دوای منداڵبوونەکە، دایکەکە مرد و دوای ساڵێکیش، باوکەک کۆچی دوایی دەکات. هەر لەو ساتانەوە، ئەو کوڕە بە ”سەرەخۆرە” و شوومیی خێزانەکە ناسێنرا و کەسوکاری خۆشیان نەدەویست.

ئەو منداڵە ناوی عەبدولحەلیم عەلی شابان بوو، لە ماڵی خاڵی گەورە بوو و کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆی هەبوو. بە هۆی ئارامییەکەیەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی دژایەتی و هەراسانکردن دەبووەوە. هەر لەو تەمەنە کەمەیدا تووشی نەخۆشیی کوشندەی بەلهەزاریا دەبێت، کە هاوشان لەگەڵ ئەو گرێ دەروونییەی کە شوومە، ئاڕاستەی ژیان و وێستگەکانی دیاری دەکەن.

ئەو عەبدولحەلیم حافز بوو، مامۆستای موزیک، گۆرانیبێژ و ئەکتەری میسڕی، کە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی، ناو و شۆرەتیان وەك پەنجەمۆرێک نا بە مێژووی هونەری میسڕی و عەرەبییەوە؛ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆیش، یادی ئەو بە زیندوویی ماوەتەوە.

ڕێگەیەکی پڕ هەوراز و نشێو

بە تەمەنێکی کەمەوە، عەبدولحەلیم ئارەزوویەکی زۆری لە مۆسیقا و گۆرانی هەبوو. بەردەوام گوێی لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی ئەو دەمی مۆسیقای عەرەبی دەگرت، کە باڵاترینیان محەمەد عەبدولوەهاب بوو. چووە پەیمانگەی باڵای موزیک و هەر لەوێیش بووەوە مامۆستا.

وردە وردە دەستی کرد بە گۆرانیوتن و لە چەند هۆڵێکی بچووکی شارۆچکەکەیاندا ئاهەنگی دەگێڕا، بەڵام لەبەر ئەو ستایلە نامۆیەی کە هەیبوو، هەمیشە ڕووبەڕووی فیکە و قسەی ناشیرینی ئامادەبوان دەبووەوە و قبووڵ نەدەکرا. تا بە ڕێنمایی هاوڕێ نزیکەکانی، چووە لای محەمەد عەبدولوەهاب، گەورە گۆرانیبێژی ئەو سەردەمەی میسڕ. ڕێپیشاندەریی کرد و توانیی ساڵی ١٩٥٠، دوای وازهێنانی لە وانەبێژی، پەیوەندی بە تیپی ڕادیۆی میسڕەوە بکات و ساڵی ١٩٥١ قەسیدەی ”جێژوان”ی (لقاء) سەلاح عەبدولسەبوور، بە ئاوازی کەمال ئەلتەویل بکاتە گۆرانی، ساڵی دواتریش گۆرانیی ”ئەی ئەسمەری جوانکیلە” (یا حلو یا أسمر) بڵێت و دوای دنیایەک تەنگوچەڵەمە و ڕەتکردنەوە، ڕێگەکەی بدۆز‌ێتەوە.

حەبدولحەلیم حافز، عەندەلیبی ئەسمەر، عەندەلیبی عەرەب

حافز عەبدولوەهاب یەکێک دەبێت لە گۆرانیبێژە دڵخوازەکانی عەبدولحەلیم، لە سەرەتای دەرکەوتنیدا، یەک دەبینن و عەبدولوەهاب ڕێگە بە حەلیم دەدات پاشناوی ”حافز” لەگەڵ ناوەکەیدا بە کار بهێنێت؛ ئیتر دەبێت بە ”عەبدولحەلیم حافز”.

کاروانی هونەریی عەبدولحەلیم حافز، لە نێوان ئاوازدانەر و گۆرانیبێژانێکی وەک محەمەد عەبدولوەهاب، ئومکەلسوم و فەرید ئەتڕەشدا دەست پێ دەکات، ڕێگەیەکی سەختی دەبێت و کەس چاوەڕێی ئەوە ناکات بتوانێت لە مەیدانی ئەو ناوە گەورانەدا بێت، چ جای بگات بەوەی تێیانپبەڕێنێت، بەڵام تەواوی میسڕ و کۆی جیهانی عەرەبی سەرسامی دەبن و دەبنە گوێگری هەمیشەیی. پەنجاکان بۆ حەلیم سەرەتای ئەو ڕێگەیەی دەبێت و یەکێک لە جوانترین گۆرانییەکانی، ”خەیاڵی پەرێشان کردم” (احتار خیالي)، کە لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژ شادیە بە دوێت دەیڵێن، تۆمار دەکات. هەروەها گۆرانییەکانی ”ئێمە گەلین” (إحنا الشعب) و ”وا مەکە دڵم” (إسبقني یا قلبي)، کە لە بەرنامەی ڕادیۆی نیل پێشکەشی کردن.

بەدەر لەو ناوبانگەی لە مۆسیقادا بە دەستی دەهێنێت، وەک هەر گۆرانیبێژکی تری ئەو سەردەمە، هەم خۆی و هەم نزیکەکانی پێیان وادەبێت پێویستە هەنگاوی تر بنێت و لەوێدا نەوەستێت. دەچێتە دنیای سینەماوە و ساڵی ١٩٥٥ لە فیلمی ”ئاوازی وەفا” (لحن الوفاء) لەگەڵ ئەکتەر و گۆرانیبێژی ناودار، شادیەدا بەشداری دەکات و شەش گۆرانیی تێدا دەڵێت و سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنێت. ئیتر هەوادارانی نازناوی ”عەندەلیب”ی لێ دەنێن و دەبێتە ئەو باڵندە خۆشخوانە ئەسمەرەی عەرەب، کە شەو و ڕۆژ دەخوێنێت و ناخەوێت.

لە هەمان ساڵ و ساڵانی دواتریشدا، عەندەلیب گۆرانییەکانی لە ڕێگەی ئەو فیلمانەوە بڵاو دەکاتەوە کە ڕۆڵیان تێدا دەبینێت. لە پاڵ ئەکتەرە هەرە بەناوبانگەکانی سینەمای میسڕی، وەک فاتن حەمامە، ئامال، ئیمان و سەباحدا، دەبێتە یەکێک لەو کەسایەتییە ڕۆمانسییانەی نموونەی خۆشەویستیی ئەوکات دەبن.

دەیەی شەستەکان دێت و عەندەلیب لە نواندن و ئاکتینەکانی بەردەوام دەبێت، ئەمە جگە لەو زنجیرەکۆنسێرتانەی هەم لە ناوخۆی میسڕ و هەم لە نیشتمانی عەرەبی و بگرە وڵاتانی ئەورووپا دەیانکات. جگە لەوەی چەند گۆرانییەک بۆ گۆرانیبێژانی وەک فایزە ئەحمەد، نەجات سەغیرە و وەدیع سافی دروست دەکات. دەبێتە گۆرانیبێژێکی نەتەوەیی و لە جەنگەکانی میسڕدا بەرامبەر ئیسرائیل، چەندین گۆرانیی حەماسی بۆ خەڵک و سوپا دەڵێت و زیاتر و زیاتر دەچێتە ناو دەروونی گوێگرانەوە و دەبێتە ژمارە ١.

کەمتر لە ٥٠ ساڵ ژیان

ساڵی ١٩٦٩ ”باوکم لەسەر درەختەکەیە” (أبي فوق الشجرة) لەگەڵ نادیە لوتفی دروست دەکات و دەبێتە یەکێک پڕداهاتترین فیلمەکانی سینەمای عەرەبی و گۆرانییە ناوازەکەی ”جانا الهوی”ی تێدا دەڵێت. ئیتر لە دوای ئەوە، وردە وردە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی منداڵیی تێدا دەردەکەوێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ تەندروستیی بەرەو خراپی دەچێت. لە ماوەی نەخۆشییەکەیدا ٦١ نەشتەرگەری دەکات و لەگەڵ ئەوەی دەرەنجامە ئەرێنییەکانیان کاتی دەبن، هێشتایش لە کارەکانی ناوەستێت. لەگەڵ عادل ئیمام و نەجلا فەتحی زنجیرەدرامای ”تکایە خێرا لێم تێمەگە” (أرجوک لا تفهمني بسرعة) تۆمار دەکات و لە دروستکردنی گۆرانییەکانیشی بەردەوام دەبێت. جگە لەو ژیانە تایبەتییەی کە لەم ساڵانەدا زۆرترین نهێنییان تێدا دروست دەکات و هەرگیز بۆ هەوادارەکانی ڕوون نابنەوە. وەک ئەو هاوسەرگیرییەی گوایە لەگەڵ سوعاد حوسنی، ئەکتەری شۆخوشەنگی میسڕیدا هەیبووە، یان ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی لەگەڵ جیهان، کچی یەکێک لە سەرمایەدارەکان دروست دەکات و بە شکست کۆتایی دێت. هەموو ئەمانە و زیاتر وەک ژیانی تایبەتیی حەلیم مانەوە و هەرگیز نەیهێشت کەس لە بارەیانەوە بزانێت.

دوای ٢٤١ گۆرانی و ١٦ فیلم، دنیایەک کۆنسێرت و شەوەئاهەنگ، دژایەتی و باوەشگرتنەوە، عەبدولحەلیم حافز، عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب، ڕۆژی ٣٠\٣\١٩٧٧، پاش ئەوەی هێشتایش هیوایەک بۆ هەستانەوەی هەبوو، بەڵام بە هۆی هەوکردنی زۆری جگەریەوە لە لەندەن و بە ٤٧ ساڵی کۆچی دوایی کرد.

دوای ئەم ژیانە کورت و مەرگە چاوەڕێکراوە، چەندین کیژ، هەم لە میسڕ و هەم لە وڵاتانی تری عەرەبی، خۆیان کوشت. تەرمەکەی هێنرایەوە قاهیرە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بە جۆرێک بوو، کە ڕەنگە لە هیی ئومکەلسومی کەوکەبی مۆسیقای ڕۆژهەڵات و جەمال عەبدولناسڕی سەرۆک قەرەباڵغتر بووبێت. هەرچەندە لە ژیانیشیدا ئەم قەرەباڵغییەی هەم بە ئەرێنی و هەم بە نەرێنی بۆ ساز درابوو، بەڵام عەندەلیب ئەوەی بە شانازیی خۆی دەزانی و بەرامبەری بێمنەت بوو، هەر وەک چۆن وتبووی:

”نە دۆست و نە دوژمنەکانت، سەرکەوتنت دروست ناکەن. بەهرەیە دروستی دەکات.”

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, Arab SInger, Singer,