29/03/2024
DidiMn Logo
Top

پاوڵ موڵدۆن وەک باشترین شاعیری 2017ـی بەریتانیا دەستنیشان کرا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منگاردیان
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: باڵندە

 

مەدالیای ئاڵتوونیی شیعری بەریتانیا بۆ ساڵی 2017، درا بە پاوڵ موڵدۆنی نووسەری ئیرلەندی.

گاردیان بڵاوی کردەوە، ناوی پاوڵ موڵدۆن وەک باشترین شاعیری 2017 هەڵبژێردراوە، کە بڕیارە خەڵاتەکە لە دەستی شاژنی بەریتانیا وەربگرێت. ئەم نووسەرە ئیرلەندییە تا ئێستا 12 کۆمەڵەشیعر و چەندین کتێبی منداڵان و گۆرانیی هەن.

کارۆڵ ئان ده‌فی، شاعیری بەریتانی لە بارەی موڵدۆنەوە دەڵێت: ”ئەو شاعیرێکی بەتوانایە. بە متمانەوە دەتوانین بڵێین موڵدۆن ڕەسەنترین و کاریگەرترین شاعیری پەنجا ساڵی ڕابردووە و دەتوانین بیخەینە ئاستی شیمووس هینییەوە. شیعرەکانی ئاماژەن بۆ لێهاتوویییەکی ماندوونەناسانە، کە هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی ڕێگا و زمانێکی تازەوەیە بۆ بەیانی ئایدیاکانی.“

ئەو هەروەها دەڵێت: ”موڵدۆن کەسایەتییەکی بەرزەفڕانە و حەکیمانەی هەیە. ئەزموونگەراییی ئەو لە بواری فۆرمی شیعر، گەلێک سەرنجڕاکێشە؛ بە ئاسانی شیعرێکی ئاشقانە یان حەماسی دەنووسێت و دەکرێت بڵێین هەردووکیان ئاستێکی باشیان هەیە و بە توانایەکی تایبەتەوە نووسراون. شیعرەکانی ئەو لە دنیادا گرنگییەکی بەرچاویان هەیە، چونکە شاعیران فێری ئەوە دەکات شیعر سنوورەکان ناناسێت و دەکرێت شیعر بۆ ئاسۆ سەرترەکان ببەین.“

موڵدۆن لە ساڵی 1951ـدا لە پورتادۆن- شارێک لە باکووری ئیرلەندا لە دایک بووە و یەکەمین کۆمەڵەشیعری لە ساڵی 1973ـدا بڵاو کردووەتەوە. ئەو بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو لە ئەمەریکا ژیاوە. ماوەیەکی کەم وەک ئیدیتۆری شیعر لە گۆڤاری نیو یۆرک ‌تایمز کاری کردووە، بەڵام سەرەتاکانی 2017 دەستی لە کار کێشایەوە.

بڵاوکراوەی ئەدەبیی تایمز، پاوڵ موڵدۆنی وەک ناودارترین شاعیری بەریتانیی پاش جەنگی جیهانی ناساندووە. موڵدۆن مامۆستای بێهاوتای شیعرە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد. ئەمانە ناونیشانی چەند کتێبێکی ئەون: باڵندەکان/1999، وێنجەی وشک/1998، هایکۆی پڕئومێد/ 1997، ساڵنامەی شیلی/1994.

وا بڕیارە مەدالیای ئاڵتوونیی شیعر بۆ ساڵی 2017، لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەکی فەرمی، لە لایەن شاژنی بەریتانیاوە پێشکەش بە پاول موڵدۆن بکرێت.

سێ نموونە لە هایکۆکانی پاوڵ موڵدۆن:

ملهووڕێک ڕاوی کردبوو
ئاسکێکی زەبەلاح لە ناو چاڵی گەناوێکدا
ئێستا بەرەو وێستگەکە دەیهێنێت

 لەسەر گردێکی داپۆشراو بە گیاوە
لە چوارڕێیانی تفەنگە دووربیندارەکەیەوە چاودێریت دەکا
لەگەڵ هاودەستە هەواڵدزەکەیدا

 ئەم شمشێرە ڕۆژگارێک لێواری گاسنێک بووە
لە مەزرای ئەم دارستانە سەرسەوزە شادمانەدا
ئەم لەتە بەردە ڕۆژگارێک پلیکانێک بووە

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Gold Medal for Poetry, paul muldoon, Poet, Poetry, Xalati Bashtrin,