24/04/2024
DidiMn Logo
Top

بیرەوەریی بیرەوەری

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

 

بەختیار حەمەسوور

«ڕابردوویەک هەیە نایەوێت ڕاببرێ.» دەکرێت ئەم پەندە ئەڵمانییە باشترین دەربڕین و پێناسە بێت بۆ بیرەوەری. بیرەوەری بە تەنیشت ژیان و ئەزموونکردنەوە شکڵ و شێوە دەگرێت و وەک توونێلێک، لە ناخی هەر یەکێکماندا، درێژ و بێ بن، تا ئەوسەری تەمەن لێدراوە. گەرچی لە ڕوانینی سەرەتادا بیرەوەری وەک ئەزموونی تاکەکەسی دەردەکەوێت، بەڵام وەک مووریس هالبواکس دەڵێت: «بیرەوەری هەمیشە لەگەڵ ئەوانی تردا بەش دەکرێت.» بیرەوەری مەیلی زۆری لە کۆمەڵایەتیبوونەوە و گشتگیریی هەیە و لەمەدا سیفەتی ئیسفنجی هەیە، هەر بیرەوەریشە کەسان لێک نزیک دەکاتەوە و پێکیانەوە گرێ دەدات. ڕایەڵی ئەم نێوانەیش گێڕانەوەیە؛ لە ڕێی گێڕانەوەوە ئێمە دەتوانین ژیانی ئەوانی تر و ژیانە دوور و کۆنینەکان بژین، بەمەیش جۆرێکی تر لە بیرەوەری ئەزموون دەکەین: بیرەوەری دەستەجەمعی یان کۆیی. بیرەوەری کۆیی، بیرەوەری ئەوانی تر و خۆیشمانە، بەشێکی زۆر لەم بیرەوەرییە ڕەگوڕیشەی لە بۆنە و یاد و مێژوودایە، چەشنی کولتوور و کەلەپوور و نەریت و ئایین و… کاتێک بیرەوەری کۆیی، بە نموونە ڕووداوەکانی مێژوو، وەک ئەویترێکی گەورە تێکەڵ بە بیرەوەری تاک دەبێت، جۆرێک لە یەکدا توانەوە و یەکتر سڕینەوە ڕوو دەدات. پۆل ڕیکوور ئەم خاڵە بەهەند وەردەگرێت و جیاکارییەک لەم نێوەندەدا دەکات: «شتێک هەیە تایبەت بە مێژوو و هیی بیرەوەری نییە، شتێکیش بیرەوەرییە و ناگوێزرێتەوە ناو مێژوو.» لە یەکەمدا زیادتر ئەو ڕووداوانەی وەک پەڵە و تانە بە نێوچەوانی مێژوودا لکاون، دەگرێتەوە، بوونیان وەک بیرەوەری و بیرهێنانەوە، شەرمهێنە و شوورەیی، لە نموونەی شەڕی ناوخۆ و تاڵانی و ڕاووڕووت و… لە دووەمدا ئەزموونە شەخسی و تەواو ناوەکییەکان دەگرێتەوە، کە لە شێوەی بیرەوەرییەکی سەرقەپات و بێ پەنجەرەدا، لە ناخ و دەروونی تاکدا دەمێننەوە و بەشداری مێژووی نەتەوە و شار ناکەن، لە نموونەی ئەزموونی عەشق و هاوڕێیەتی، یان شوێن و کاتێکی دەگمەن و تاقانە، کە دەبێتە هۆی خولقاندنی بیرەوەرییەکی دەگمەن و تاقانە.

بیرەوەری دراوسێی دیواربەدیواری دڵتەنگی و شین‌کردنە. تەنانەت بیرەوەرییە خۆش و کۆمێدییەکانیش، کە ڕۆژانێک لە زەینماندا تۆماربوون و بە گێڕانەوەیان لە دەوری مێزی نانخواردن خەنی و دڵشاد بووین، کاتێک مەودا و دووری و تۆزی زەمەنیان لەسەر دەنیشێت، هەڵگری هەمان شین و دڵتەنگین بۆمان. ئەم دۆخە زیادتر لەو کاتانەدا بەرجەستە دەبێت کە غیاب و نائامادەی ئەوی تر لە شێوەی لەکیسچوون و لەدەستداندا، حزوور پەیدا دەکات؛ لەکیسچوون و لەدەستدان بە هۆی مەرگ و سەفەر و دوورکەوتنەوە و… لێرەدا ژیانی سووژەی زیندوو لەگەڵ کەسی لەدەستچوودا دەگاتە دۆخی کەوڵاوکەوڵ و هاوشوناسی، کەسی زیندوو ژیانی یەکسان بە سفر و نەزۆکی دەبێت و لە ئەزموونێکی زەبردار و کوشندەدا ژیانی دووبارە دەبێتەوە. سیگمۆند فرۆید لە وتاری «شین و ماخوولیا»دا هەوڵی جۆرێک ڕزگاری و ماناپێدان بە شین دەدات و پێی وایە شین هەر تەنیا ئازارچەشتن و لە خۆدان و دەستبەرداربوون نییە؛ بەڵکوو کردەی ملدان و بڕواکردنە بە لەدەستدان و لەکیسچوونی کەسێک شتێک، واتە دابڕینی بەرەبەرەی خۆیە لە بابەتی لەدەسچوو و پاشان گونجاندن و میقاتکردنەوەی سەرلەنوێی خۆیە لەگەڵ ئەو بابەتە لەکیسچووەدا وەک بابەتێکی زیندوو. شین لای فرۆید جۆرێکە لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ لەکیسچووندا. لەم خاڵەدا، بیرەوەری لەدەستچوون دەتوانێت ئەو شۆک و ماخوولیایە تێپەڕێنێت و ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ بیرکردنەوە و داهێنان.

فەرامۆشی وەک دژ و پێدراوێک بەرامبەر بیرەوەری، بوونێکی ناچاری و تەنانەت پێویستیشە. ئێمە لەو کەڵەکەبوونە زۆرەی بیرەوەری، کە لە هەر ساتێکدا ئاوقامان دەبێت و هەژموونی خۆی بە سەرماندا دەسەپێنێت، تووشی جۆرێک لە دۆگما و وەستان دێین، ژیان و بیرکردنەوەی شەخسیمان دەگاتە بنبەست و بیرچوونەوە، ناچار وەک پەرچەکردارێک دەست دەکەین بە فەرامۆشکردن. لە نێوان ئەو حەشیمەتە لە بیرەوەری، دەکەوینە هەڵبژاردن و جیاکردنەوە، هەموو کەس و ڕووداوێک شیاو بە بیرەوەری نین، بیرەوەری لە خۆیدا نەفی و سڕینەوە هەڵدەگرێت، تەڵبژێر و بچووک و خۆشەویست دەبێتەوە. فەرامۆشی جۆرێکە لە هەڵبژاردن، هێزێکی ڕزگاریدەرە. کێن ئەوانەی دەبێت فەرامۆش بکرێن؟ کێن ئەوانەی دەبێت بمێننەوە؟ مەرج نییە مێژووی دوورودرێژی ناسین و پێکەوەبوون پێوەر بن بۆ مانەوەی بیرەوەری لە کەسێک. بیرەوەری بەرهەمی چرکەیەکی جادووی و نەگیراوە؛ چرکەیەک کە توانای مانەوەی لە هەناو و زەینی ئێمەدا بۆ هەمیشە دەستەبەر دەکات. بیرەوەری هەندێک کەس و شوێن، وەک تارمایی و مۆتەکە باڵ بەسەر ئێستاماندا دەکێشێت، دەبێت لێیان هەڵبێین و بیانسپێرین بە فەرامۆشی؛ ئەمە خیانەت نییە، زەروورەتە. زۆر جار بیرەوەری ژیانمان ئیفلیج و پەک دەخات، توانای بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بڕیاردانمان تێدا دەکوژێت، نیگای ڕەخنە و ئاراستەکردنمان، بە چینێک لە هەستی ڕۆمانتیک و نۆستالیژی ڕووپۆش دەکات. کەسانێک کە قووڵ و بە شیددەت دەکەونە ناو بیرەوەری و نوقمی دەبن، لە کۆتاییدا و لەوسەری ژیانەوە خەمۆک و شیزۆفرینک دەردەچن. بیرەوەری بۆ ئەوەی تەکاندەر و بزووێنەری ژیان بێت، دەبێت ئێستایی بکرێتەوە و چاو لە ئایندە هەڵنەگرێت. بیرەوەری ئەگەر تەنیا شین و شەپۆڕ بێت بۆ ڕابردوو، خیانەت بە ئێستا و ئایندە دەکات، ژیان تاکو لێواری گۆڕ دەبات و وەختە بڵێم؛ زیندەبەگۆڕی دەکات.

هاوبەشی بکە

Baxtiar Hama Sur, Birawari,