25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: دژ بە پەروەردە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلم: کاپتن سەرسووڕهێنەر

دەرهێنەر: مات ڕۆس

بینەر: محەمەد عوسمان

پێت وایە پەروەردە پڕۆسەی دیسپلینکردن و لەقاڵبدانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لە سەرەتای بوون بە هاونیشتمانی، لە چوارچێوەی چەند نۆڕم و ستانداردێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی. هەڵبەت ئەوانیش چەندین سنووری مەعریفی و ڕەوشتی بە دەوری ئەو تاکانەدا دەکێشێت، کە بەم پڕۆسەیەدا تێپەڕیون، سنوورگەلێک، تێپەڕاندنی قەدەغەیە. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم شێوازە پەروەردەییە، کە زیاتر پەروەردەیەکی سوننەتی و نەریتییە، بەگشتی نەوەک ڕەهایی، باڵی بەسەر کۆی کردەی پەروەردەییەکاندا کێشاوە، چ ئەو پەروەردەکردنانەی لە ناو خێزانەکاندا پراکتیزە دەکرێن، چ ئەوانەش لە دەزگا پەروەردەییەکانی وەک خوێندنگە و زانکۆکاندا پراکتیزە دەکرێن.

وەک ئاماژەم پێ دا، چەندین سنووری مەعریفی و ڕەوشتی بۆ تاکەکان دەکێشیت تا نەبەزێنرێن و سەقامگیریی چەقبەستوویی ڕەوشتی و مەعریفی و شیرازەی کۆمەڵایەتییش تێک نەچێت.

ئەو خاڵەی کە دەبێت بوروژێت لەسەر ئەم جۆرە پەروەردەکردنە، بە تەنیا چاککردنی چەند لق و ڕەهەندێکی دیاریکراوی ئەم پرۆسە پەروەردەییە نییە، ڕاستییەکەی دەبێت لە کۆی پڕۆسەکە بە گومانەوە بکۆڵینەوە و دەست بخەینە سەر ئەو برینانەی کە ئەم جۆرە لە پەروەردەکردن هۆکاریەتی. هەڵبەت هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی پەروەردە لە فۆڕمێکی مەعریفی و مۆڕاڵیدا لەسەر دەستی سوکرات، پەروەردەیەکی چەقبەستوو و مۆرفین‌ئاسا نابینین، بەڵکو پەروەردەیەک دەبینین بەر مەبنای گومانکردن و پرسیارکردن و خۆپەروەردەکردنی زیاترە. ئەمانەش هەمووی دەرئەنجامی ئەو هەڵوێستە مۆراڵییانەیە کە مرۆڤ دەیگرێتە بەر لە بەرانبەر بە مرۆڤبوونی خۆی.

captain_fantastic_film_2

لێرە ئاماژە بۆ ئەو فیلمە دەکەین کە سەرنجمان لەسەریەت، کاپتن سەرسوڕهێنەر. کاپتن سەرسوڕهێنەر باوکێکە، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ژیانی خۆیان لە شارەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچەیەکی شاخاوی و کێوی، بە گوزارشتی خۆیان، ”کۆمار”ە تایبەتەکەی خۆیانیان دروست کردووە. ئەوەی لەم کۆمارەدا ئەنجام دەدرێت ڕۆژانە، فەیسبووک و یاریی ئەلیکترۆنی و کلاش ئۆف کلانز نییە، سەد وهەشتا پلە بە پێچەوانە هەموو ئەوانەی لێرەدا ئەنجام دەدرێن، خۆپەروەردەکردنی زیاتر و ژیانێکی مۆڕاڵییانەیە بە ئاوێزانکردنی لەگەڵ سروشتێکی دڵگیردا؛ ڕاهێنانی جەستەیی، خوێندنەوە و موزیک.

لەم کۆمارەدا، شتێک نییە بە ناوی سنووری ڕەوشتی و مەعریفی، کە بسەپێنرێت بەسەر منداڵەکانی کاپتندا. بەڵکو منداڵەکان بەو شێوەیەی کە هەن ئازادن، ئازادن تەنیا لەو ڕووەوە نا چ یارییەک چ کارێک دەکەن، بیکەن (وەک لە پەروەردەی سوننەتیی کراوەدا بوونی هەیە)، بەڵکو لەو ڕووەوەی منداڵ ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە، خستنەڕووی ئارگۆمێنتە لەبارەی ئەو بیرکردنەوەیەی کە هەیەتی. وەک لە گرتەیەکی فیلمەکەدا، کاتێک خێزانەکە یادی ڕۆژی لەدایکبوونی نوام چۆمسکی دەکەنەوە، منداڵێکیان ناڕەزایی دەردەبڕێت لەبارەی کارێکی لەو جۆرەوە و بە شێتی لە قەڵەم دەدات و دەپرسێت ”بۆچی یادی سەری ساڵ نەکەینەوە؟ مەگەر سەری ساڵ یادێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی نییە؟” بەڵام باوکەکەی و کۆی خێزانەکەشی داوای ئەوەی لێ دەکەن کە بە ئارگۆمێنت ئەوەیان بۆ بسەلمێنێت کە کامیان باشترە، ڕۆژی لەدایکبوونی نوام چۆمسی، یاخود یادی سەری ساڵ.

rs-247211-rs-captain-fantastic

هەڵبەت ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو خاڵەی پرسیارکردن ئامڕازێکی کراوەیە بۆ تێگەیشتن لە هەموو شتێک، بە لایەکی دیکەدا بۆ گومانکردن لەسەر هەموو شتێکیش، ئەمەش هەر ئەوەیە کە فەیلەسووف و بیرمەندا هاوچەرخەکانی پەروەردە، وەک دیوی، فێرێری، ڕانسێر و چۆمسکی کاریان لەسەر کردووە و بە گرنگترین ئامڕازی پەروەردەییان داناوە. پرسیارکردن لەم کۆمارەی کاپتندا، پرسیارکردنە بۆ زانین، بە شێوەیەک هیچ سنوورێکی ڕەوشتی بەری پێ ناگرێت. لە یەکێک لە گرتەکانیدا کچە هەشت ساڵانەکەی، پرسیار لە باوکی دەکات: “دەستدرێژی سێکسی واتای چییە؟” کاپتن لەبری ئەوەی منداڵەکەی بترسێنێت و بە “عەیبە” باسەکە بە لاڕێدا ببات، زۆر بە ڕوونی و بەبێ پەردە باسی کارەکەی بۆ دەکات. لە دوای باسکردنی، لەبری ئەوەی باوکەکە بیترسێنێت و دەرئەنجامی ئەو ترساندنە، منداڵەکە هەست بە ناشیرینیی ئەو کردەیە بکات، منداڵەکە خۆی بەبێ هیچ زەبر و ترساندنێک هەست بە ناشیرینیی کارەکە دەکات!

 

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Captain Fantastic, Cinema, Film, Mat Roth, Muhammad Osman,