18/04/2024
DidiMn Logo
Top

بەهمەن قوبادی بۆ ڕۆژنامووسانی ئەڵمانی: کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر زەوییە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

بەهمەن قوبادی بۆ ڕۆژنامووسانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵی فیلمی مۆنیخ لە ئەڵمانیا گوتی: کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر رووی زەوییە و جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی هەیە، بەڵام بە هۆی ئەڵغامەوە ناتوانین پێی بەسەردابنێن.

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی “بەهمەن قوبادی” بە هۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی هونەریی، بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنیخ” لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و دوای نمایشکردنی ئەم فیلمانە، کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ی یۆنیۆی ٢٠١٦ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و بینەر بەڕێوەچوو کە لە دەسپێکی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا “بێرنارد کارڵ” پێشکەشکاریی ئەم بەرنامەیە ڕووی لەم سینەماکارە کوردە کرد و گوتی: من زیاتر لە چوار ساڵە کە هەوڵدەدەم کە بەڕێزتان بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنیخ” بانگهێشت بکەم و ئەمڕۆ وەکوو خەونێکە بۆ من کە جەنابتان لێرە ئامادەی.

“بەهمەن قوبادی” لە وڵامدا گوتی: بە هۆی باروودۆخی ئێستای کوردستانەوە حاڵم باش نییە و جاری وایە ماوەی سێ مانگ لە ماڵەکەم نایەمە دەرێی، تەنیا بیردەکەمەوە و دەمەوێت کارێک بکەم بەڵام ناتوانم چونکە جارێی سیستەمێک بوونی نییە.

ئەم سینەماکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چوارپارچە بوونی کوردستان کرد و گوتی: هەر پارچەیەکی کوردستان هیوایەکی بچووکیان هەیە کە ئێستاکە جووڵەیەکی سینەمایی بکەن و بە جیهانی نیشانبدەین کە باروودۆخی کورد بە چیدا تێپەڕدەبێت. بیردەکەمەوە سینەمای کوردیی وەکوو پێشمەرگەیەک وایە کە دەبێت لە ڕێگای فیلمەکانەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێوەدا بگرین. بۆ یەک شت، بۆ وڵاتێک لە عێراق لە ناوی کوردستان. جارێی لەگەڵ ئەوە نیم کە کوردستانی گەورە پێکبێت، جارێی ئێمە دەبێت لەم یەک دوو ساڵەدا نموونەیەک دروست بکەین. پێموایە کە پێش ساڵی ٢٠١٨ وڵاتێک بە ناوی کوردستان دروستکرێت، ئەمە کەس ناتوانێت ڕێگریی لێبکات، ئەگەر کورد هەموو پشتگریی لە یەکتریی بکەن. ئەو هێزەی جاران پێمان وابوو کورد نییەتی ئێستاکە بوونی هەیە. میهرەبانترین کوردانێک کە لە ژیانمدا ناسیبێتم کوردانی باشووری کوردستان بوونە.

ڕۆژنامووسێک پرسیاریی لە “بەهمەن قوبادی” کرد کە چۆن چیرۆکی فیلمەکانتان بەدەستدێنن؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: من لە وڵاتێکی پڕچیرۆک هاتوومەتە دنیا، ئێمەی کورد لەگەڵ چیرۆک لە دایک دەبین و لەگەڵ چیرۆکیش دەمرین. ئێمە ڕۆژانە هەزاران چیرۆکمان هەیە، گیرفانمان پڕە لە چیرۆک، بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە بوودجەمان نییە بیانکەین بە فیلم. بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە گیرفانتان پڕە لە بوودجە بەڵام چیرۆکتان نییە تا بیانکەن بە فیلم.

لە پرسیارێکی دیکەدا گوترا کە گوتووتانە ئەڵمانیا بەهەشتی کوردستانە، کە قوبادی لە وڵامدا گوتی: من هەرگیز شتێکی واهام نەگووتووە، دەتوانم بڵێم کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر رووی زەوییە. جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی هەیە. بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە ناتوانین تا ئێستاش بە هۆی ئەڵغامەوە بە شاخەکاندا پیاسەبکەین، لە کاتێکدا ئێوە دەتوانن. ئەمەش دیاریی وڵاتانی وەکوو ئەمەریکا و ئەڵمانیایە کە ناردوویانە بۆ کوردستان.

“بەهمەن قوبادی” لە کۆتایی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی: کوردستان تاکوو لەسەر مەسەلەی هونەر و فەرهەنگ بەهێز نەبێت، ناتوانێت قەت وڵاتێکی بەهێز دروستبکات.

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی “بەهمەن قوبادی” بە هۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی هونەریی، بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لەوانە: “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”، “کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن”، “نێوە مانگ”، “کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە!”، “وەرزی کەرگەدەن”، “دەف”، “ئاڵای بێ وڵات” و “هەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنیخ” لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

هاوبەشی بکە

BahmanQobadi, Kurdistan, MunichFilmFestival,