19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: کیسەڵەکان دەتوانن بفڕن

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

فیلم: کیسەڵەکان دەتوانن بفڕن
دەرهێنەر: بەهمەنی قوبادی
بینەر: داریان جەمال

جەنگ دوو وڵات وێران دەکات و گیرفانی بازرگانێکیش ئاوەدان دەکاتەوە. جەنگ دوو خانەوادە لەسەر زەمین دەسڕێتەوە و منداڵی هەتیویش بەرهەم دەهێنێت. جەنگ هەم ئەندامەکانی لەش لە مرۆڤەکان دەسێنێتەوە و هەمیش جێگرەوە و کەلوپەلی دروستکراوی نازیندوو دەخاتە شوێنیان.

لەوانەیە زۆربەمان (کیسەڵەکان دەتوانن بفڕن)ـی بەهمەنی قوبادیمان بینیبێت، بەڵام چەندەمان هەستمان بە تەواوی دیمەنەکانی کردووە و لە کۆتاییدا دڵمان بۆ چیرۆکەکەی پڕ بووە؟ لەوانەیە وەڵامەکەی ڕێژەیی بێت، بەڵام هەموو فیلمێک بەشێکی تاریک و پەیامێکی هەیە، مەگەر فیلمەکە مەبەست لێی تەنها کۆکردنەوەی سەرمایە بێت.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوەی لە کۆندا بووبوو بە ڕێگەیەکی بازرگانیی، هەروەها بوونی سامانی سروشتیی بە نرخ و زەوی جیۆپۆڵەتیکی گرنگ، هەمیشە شوێنی ململانێ و کێبڕکێی گەورەی دیبلۆماسی و نامەدەنی بووە. لە ناوەڕاستی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لاورانسی ئەرەبیا ڕێکخەر و ڕابەری عەرەبەکان بوو، دژ بە عوسمانیەکان دەجەنگا. لەو کاتەدا پەیمانی ئازادی و مافی خۆبەڕێوەبەری بە عەرەبەکان دەدات لە ئەگەری سەرکەوتنیان بەسەر عوسمانیەکاندا. بەڵام دوای بردنەوەی هاوپەیمانان و شکستی ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی، لە پەیمانی مارک سایکس و جۆرج پیکۆ، ناوچەکە لە نێوان فەڕەنسا و بەڕیتانیادا دابەش دەکرێت، لوبنان و سوریا دەبنە بەشی فەڕەنسا و عێراق و ناوچەکانی تر دەبنە ئیمپریالیزمی بەڕیتانیا، جا ئەمە ئەگەر بە ئاگاداری تۆماس ئێدوارد لاورانس بووبێت یان لە پشتیەوە بووبێت.

کیسەڵەکان دەتوانن بفڕن، لە دەرهێنانی بەهمەنی قوبادی

ئەم جۆرە لە ئیمپریالیزم هەر زوو بە چەندین جۆر و شێواز شکست دەخوات، نەتەوەکان داوای مافی خۆیان و نیشتیمان و کیانەکەیان دەکەن. ئەم پشێویەش سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی کە لاورانس لەسەر داوای چەرچڵ بێتەوە مەیدان و مەلەفی عێراق و ناوچەکە وەربگرێتەوە. دواتر شا فەیسەڵی یەکەم لە ساڵی ١٩٢١دا بە پشتیوانی بەڕیتانیا، شانشینی پاشایەتیی عێراق دادەمەزرێنێت، دواتریش عێراق لە ساڵی ١٩٣٢دا سەربەخۆی وەردەگرێت. دواتر بە چەند کودەتایەک عێراق لە پادشایەتیەوە دەچێتە سەردەمی کۆماری تا هاتنی سەردەمی سەدام حسێن و بونیادنانی ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی.

پەیامی فیلمەکەی بەهمەنی قوبادی، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوەیە کە خۆشەویستی دەتوانێت شتی زۆر بگۆڕێت ئەگەر نەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت. ئەکرێت وا بکات کەسەکە لە پڕەنسیپەکانی خۆی لا بدات و کەسی بەرامبەر بکات بە هەموو شتێکی ژیانی، بە جۆرێک کارەکتەری کاک سەتەلایت تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کارەکتەری ئاگرین مەلە دەکات، لە شوێنێکدا کە کەسانی تر تێیدا خنکاون. هەوڵی ڕزگارکردنی منداڵێک دەدات لە مین کە دوور نییە ژیانی لەسەر دابنێت. منداڵەکە هەڵگیراوەتەوە بەڵام ئەمە نهێنییەکە کە ئاگرین لە ئاشکراکردنی دەترسێت و هەوڵی شاردنەوەی دەدات.

لە ڕاستیدا کیسەڵەکان ناتوانن بفڕن و نافڕن، بەڵام لە سەردەمانێکدا وا دەزانرێت کە جۆرێکی کیسەڵەکان کە ناوە زانستییەکەیان(Halitestudineus volatus) ە ئەو توانایەیان لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە بۆ خۆیان بونیاد ناوە، بە ڕێگەی ipseKinesis کە ئەمە جوڵەیەکە لە ڕێی هەوڵدانی هزرییەوە. ئەم جۆرە لە فڕین ئەو سوودەی گەیاندووە بە کیسەڵەکان کە بتوانن لە جێگەیەکی ناسەلامەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو گەشت بکەن. کیسەڵەکانی ئەم فیلمە ئەوانەن کە لە دەست ڕژێمەکەی سەدام حسێن هەڵهاتوون، هەندێکیشیان لە هەڵەبجەوە بە ناو زەبر و زۆر و گازی خنکێنەر و کوشندەی ئەو دەسەڵاتە فاشییەوە خۆیان گەیاندووەتە ناوچە سنورییەکان یان کۆمەڵگەی ئاوارەکان.

لە دیمەنێکی تەواو سینەماییدا کە دەستی قرتاوی پەیکەرەکەی سەدام حسێن، ڕووەو ئاسمانە و زۆر زەلیلانە وەستاوە، دەرهێنەر دەیەوێت پێمان بڵێت چارەنووسی دیکتاتۆرەکان ئەمەیە. درەنگ یان زوو ئەوان ناچار دەبن دەستەکانیان ئاوا ڕابگرن بەڵکو نەجاتیان ببێت، بەڵام ئەوە کۆتایی ئەوانە. لە کۆتایی فیلمەکە ئەوەی هەیە جاڕی شەڕێکی ترە کە شەڕی سوونیی و سووپای ئەمەریکایە، ئەوە ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە جەنگ تەنها پریشکێکی بەسە بۆ داگیرساندنی، بەڵام هەزاران ساڵ و دەیان نەوەی دەوێت بۆ ڕاگرتن و کوژاندنەوەی. واقعێکی تر ئەوەیە کە منداڵەکان هیچیان ژیانی منداڵانەی خۆیان ناژین، ئەوان ناچارن بۆ قووتی ژیانیان دەستەکانیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی پارچەکانی تری لە شیان بژی، ناچارن یاری بە مینەکان بکەن بۆ ئەوەی ژیان یاریان پێ نەکات. کارەکتەری کاک سەتەلایت لە هەندێک کاتدا هەمان ئەو عەقڵیەتەی پارتە سیاسییەکانە کە تەنها سوودی مادی لە خراپترین شتەکانیشدا دەبینن و نایەوێت هۆشیاری بوونی هەبێت. لایەنی ڕۆشنبیریی و خوێندن بە مەبەست پشتگوێخراوترین لایەنی فیلمەکەیە، واقعێکە کاک سەتەلایت نایەوێت فێر ببن، لەبەر ئەوەی بە هۆشیاربوونەوەی منداڵەکان ئەو توانا سیحرییەی هەیەتی بۆ جوڵاندن و فەرمانپێکردنی منداڵەکان نایمێنێت، چیتر بە چوار وشەی ئەمەریکی ناتوانێت فریویان بدات. بۆیە کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو ڕۆشنبیرییەک لە خشتەی لێکداندا کورت بکاتەوە و سەرکەوتووش بووە تێیدا.

کۆتا بەشی نووسینەکە لەسەر کارەکتەری ئاگرینە، ئەو پێی وایە کە هەموو دونیا وەکو ئەو سەربازانە خراپن کە هێرشیان کردە سەری، ئەو دونیای لە بەرچاو خراوە و چیدی ناتوانێت بژی. تاکە هۆکار بۆ ژیان لای ئەو، ئەو ویژدانە زیندووەیەتی کە بە وشەی دایەی منداڵەکە ڕادەچڵەکێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئاسۆکان لە بەرچاوی تەنگتر دەبن، چیتر ویژدانی دەلاقەیەکی کراوەی نییە و سەرتاپا پارچەیەکە لەو دەستەی کە بەرز کراوەتەوە بۆ ئاسمان، بەڵام کیسەڵەکان یەکجار فڕین، چیدی نافڕن!

هاوبەشی بکە

Bahman Ghobadi, BahmanQobadi, Film,