29/03/2024
DidiMn Logo
Top

حسێن عەلیزادە دەربارەی شەجەریان و سانسۆری کۆنسێرتەکانی ئێران دەدوێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من– وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

شارى “مەشهەد” کە یەکێکە لەو شارانەی بەلای ئێرانییەکانەوە پیرۆزە، لە ئێستادا بەتەواوی لەژێر سانسۆری حکومەتدایە و کۆنسێرتی موزیک و گۆرانیی تێدا بەڕێوەناچێت، بەڵام هونەر لە مێژوودا گوێی بە سانسۆر و قەدەغەکردن نەداوە و هەمیشە شوێنێکی بۆ نماییشکردنی خۆی دەدۆزتەوە. هەر لەم ڕۆژانەدا، خوێندکارانی زانکۆی فیردوسی لە مەشهەد، مەراسیمێکی ڕێزلێنانیان بۆ هونەرمەندی بەناوبانگی ئێران حسێن عەلیزادە، ڕێکخست. عەلیزادە لەو مەراسیمەدا ئامێری (تەنبور)ـەکەی خۆی گرتەدەست و چەند ئاوازێکی بۆ ئەو گەنج و لاوانە ژەند، کە ماوەیەکی زۆرە لەوجۆرە موزیک و ئاوازانە دابڕاون.

ئەم مەڕاسيمە بە ئامانجى ڕێزلێنانى فەرهەنگ و هونەرى ئێران و بە هەوڵى ئەنجومەنى موزيكی خوێندكارانى زانكۆى مەشهەد، لە شانۆى ئامفى كۆلێژى زانستى زانکۆی ناوبراو، بەڕێوەچوو.

بەڵام ئەمە تەواوى بەسەرهاتەكە نەبوو، لە ڕۆژى دواتر عەليزادە لەگەڵ حەميد قەنبەرى كە ئێستا هاودەنگ و هاوئاوازى ئەوە، لە هۆڵى هونەرستان چووە سەر ستەیج و وەكو هەميشه كاتێك لە زانكۆكان بەرنامەيەكى بۆ ڕێكدەخەن، چەند خولەكێكيش قسەى كرد. عەلیزادە لە گوتەكانيدا دەربارەی هونەرمەندی بەناوبانگی ئێران شەجەريان، قسەی كرد. شەجەریانی وەک ئەفسانەیەکی گەورە ناوبرد کە تا ئێستاش لە گەورەبوون و درەوشانەوەدایە.

1523522_654854034566341_495655230_o

عەلیزادە بەم دوایییە زۆرجار ستايیشى شەجەريانى كردووە. هەر لەم چەند ڕۆژەى ڕابردووشدا، گفتوگۆيەكى بڵاوکرایەوە و جەختیکردەوە کە ناتوانرێت هونەرمەندێکی وەکو شەجەریان بسڕدرێتەوە: “ئێمە ئەفسانەيەكى موزيكمان بەناوى شەجەريان هەيە،  ئەگەر پێشتر ئەفسانە بووە، ئێستا بووە بە ئەفسانەيەكى گەورەتر. لەوكاتەوەى شەجەريان بەرەو دەرەوەى ئێران هەنگاو دەنێت، لە هەموو جيهان ڕێزى لێدەگيرێت، بەهۆى هونەر و گەورەيىی خۆیەوە؛ بەڵام حەوت ساڵ دەبێت كە ئێمە بوينەتە هۆى ئەوەى شەجەڕيان هەناسەو  كورەى گڕگرتوى ياخود گڕوتينى خەڵكى بەدواوە نەبێت، شەجەريان بەهۆى هونەرى خۆیىەوە لەنێو دڵى خەڵيكدا جێگيرە نەک شتێکی دیکە، هەندێک جار خەڵکانێک وا بيردەكەنەوە ئەگەر ئەو ڕەخنەيەك بگرێت، سياسى بووە و سياسيیانەش قسەى كردووە، بەڵام بە بۆچوونى من، بەم شێوەيە نييە، شێوەى هەڵوێست و بيروڕا دەربڕينى شەجەريان بەتەواوى لە کەنار و ڕوانگەى هونەرەوەیە نەك سياسەت؛ هونەرمەند بۆى هەيە هەڵوێست وەربگرێت، هونەرمەند كەسێكى دامركاو و پوچەڵكراوى كۆمەڵگا نييە و دەبێت لە بارەى ميللەت و نەتەوەكەى ڕاوبۆچوونى خۆى دەرببڕێت. ئەگەر بێتو ڕۆژێک ئەم عەشق و خۆشەويستيیەى هونەرمەند لەناو خۆى هەيەتى لێى جيا ببێتەوە، نەك تەنيا لەوانەيە نەخۆش بكەوێت، بەڵكو ئيتر ژيانيش بۆى بێ مانا دەبێتن. هيوادەخوازم و بەبێ دڕدۆنگى، دەمەوێت بير لە عەشق و هاوڕێيەتى و ئاشتى بكەينەوە.»

عەليزادە جگە لە موزیسیانێکی باش لەهەمان كاتدا ڕۆشنبيريشە، ئەو دەیەوێت لەپێناو چاککردنەوەی هەڵەکانی کۆمەڵگادا چاکسازی بکرێت، هەر لەبەر ئەوەیە کە بەردەوام وەڵامی بانگهێشتی قوتابیانی زانکۆ دەداتەوە و قسەیان بۆ دەکات.

ئەو هەميشە قسەكانى بە ڕاشكاوانە دەکات: “٥٠ ساڵ دەبێت من لە بوارى موزيكى ئێران چالاكانە كار دەكەم، دەبێت ٥٠ ساڵى تريش چاوەڕێ بكرێت تا كەسانى وەك من، شەجەريان، شەهرامى نازرى و هتد.. لەدايكببن، بەداخەوە بەهرە و تەوژمى ئێمە بەكارناهێنرێت و سوودى لێ وەرناگيرێت، و بە هيچ شێوەيەك کاریگەریمان نييە لە بڕيارەكانى چالاککردنی موزيكى وڵاتدا. دەبێ هەڵێك بڕەخسێت تا لەگەڵ گەورە بەرپرسانى وڵات گفتوگۆ بكرێت، بەجۆرێک بێت لە ئەنجامدا يان ئێمە ئەوان ڕازی بكەين و ئاسۆى ئێمە بگرنە بەر، یاخود بە پێچەوانەوە، تا سەرئەنجام بە ڕێگەچارەيەك بگەين، بۆئەوەی ئەو موزیکەی پێی دەگوترێت بەنرخ، بە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی دەربکەوێت.”

ئەو لە گۆشەو نيگايێكى ديكە بەردەوامیی بە قسەكانيدا و گوتى: “لە تەواوى دونيادا موزیسیانەکان بێ كێشە و گرفت كارەكانيان ئەنجام دەدەن. بە ئاساييش كۆنسێرت سازدەكەن، بەڵام من وا بيرناكەمەوە ئەم هەستەى كە من و هاوكارانم بەهۆى كاريگەری خەڵكى بێ دەسەڵات دەیكەين، ئەوان هەيانبێت. ئەو كۆمەڵە هەوادارە و دەنگ و ئاواز، دەكەم بە بيانو بۆ قسەكانم، من كاتێك بير لە موزيكى ئێرانى دەكەمەوە، هەستێكى فرە خۆشم هەيە. ئێرانى بوون تەنيا تارانى بوون يان مەشهەدى بوون نييە، ئەو شتەى كە لەنێو ئەم جەماوەر و كۆمەڵەدا شەپۆڵ دەدات، هێزى جەماوەرو كۆمەڵە، كاتێكيش لە كواليتى و باشیی كارێک نزيك دەبينەوە بە دڵنيايى دەبێت كۆمەڵ و گروپەكان بچوكتر بێت، كاتێک خەڵكانى ڕۆشنبير و ڕۆشنگەر، لەپاڵ يەكترى كۆم دەبنەوە، تا لە بارەى بابەتێك گفتوگۆ بكەن، بە گشتى كەسانى كەم و گروپێكى بچوكن.”

RB4WAJUCpvrM

لەلايەكى دیکەوە عەليزادە ڕەخنەكانى خۆشى ئاڕاستەی کاربەدەستان كرد، بۆ نمونە گوتی كە مەيل و ويستى ئەوەيە لەنێو شارى مەشهەد كۆنسێرت سازبكات: “من خۆبەخشانە مەيل و ويستمە بەرەو شارى مەشهەد بێم و كۆنسێرت سازبكەم، هەڵبەتە ئەم پەيڤە ڕێنەدراو و قەدەغەيە و دەبێت بڵێم لەنێو كۆمەڵێك ئارەزوومەند و هەوادار بە ڕاستەوخۆ (لايڤ) كارەكانم پێشكەش دەكەم. من لە حورمەت و خۆشەويستیی تاك تاكى ئێوە، تێدەگەم و بە عەشقەوە بەرەو ئاسۆى ئێوە هاتووم، تا لەنێوان ئینێرژی و وزە دابەش بكەم، ئێوە بەبێ درێخى تەواوى هەست و گشت كاتى خۆتان تەرخان کردووە بۆ من، تا وەكو ئەم چەند “تەلە”و پەردەى ئەو سازەم بهێنمە گۆ، جێگەى سەرسوڕمانە كاتێك كە بەرەو ستەيج هەنگاودەنێم هيچ بابەتێكم بۆ باس ناكرێت، زۆربەى كات بەبێ هەڵبژاردنى بابەتێك بەرەو ستەيج دەڕۆم وەكو ئێستا، هەروەها لەو هەموو هەستەى كە لەو كۆمەڵە هەوادارەوە وەریدەگرم، ساز دەژەنم و قسەدەكەم، چونكە دەكرێت لە نيگاكان هەست بەوەبكرێت كە چ شەپۆڵ و تەوژمێك لەنێو كۆمەڵ و هەواداراندا بوونى هەيە.”

 بەڵام ئەمە کۆتایی سەفەرى ئەو بۆ شارى مەشهەد نەبوو؛ لە ڕۆژى كۆتايى سەفەرەکەيدا لەگەڵ عەلى بوستان ئاوازدانەر و ژەنيارى سێتار، كاتێكيان تەرخانكرد بۆ سەردانی كردنى یەکێک لە فێرگە و خوێندنگەكانى موزيك و ئەنجومەنى موزيكى زانكۆى فێردوسى لە مەشهەد، هەروەها وێڕاى كردنەوەى دەرگای گفتوگۆ لەنێون كۆمەڵێك لە شارەزايان و مامۆستايانى زانستى مرۆڤايەتى زانكۆى فێردوسى، هەروەها قوتابيانى ئەنجومەنى موزيك، عەلیزادە گوتەیەکی پێشكەشكرد: “لەم كاتەدا ژمارەى كۆلێژ و فاكەڵتییەكانى موزيك بەشێوەيەكى زێدەڕۆيیانە لە هەڵكشاندايە، ئێمە ئەوەندە مامۆستامان نييە كە لەم زانكۆيانەدا وانە بڵێنەوە. هەڵبەتە ئەم ڕووداوە، كاريگەریى پۆزەتیڤ و ئەرێنيشى هەيە، كەوا گەنج و لاوانى كارامە لەنێويدا پەروەردە كراون؛ بەڵام بژاردە و گرەنتیی پيشەيى ئەم قوتابيانە لەدواى بەكۆتاهێنانى خوێندن و بەدەستهێنانى بڕوانامە چييە؟ لە كوێ دەبێ چالاكيیەكانيان بخەنە گەڕ؟ ئەمە دژايەتيیەكى سەرسوڕهێنەرە، ئێمە لە زانكۆدا، لە ئاستێكى بەرزى نەتەوەييداين و لەڕوى موزيكەوە جێگە و پێگەمان هەيە؛ بەڵام كاتێك كەسێک لە بوارى موزيك بڕوانامە بەدەست دەهێنێت لە كۆمەڵگەدا سووكايەتى پێدەكرێت. سووكايەتى و بێحوڕمەتى تەنيا لە ڕێنەدان و كەنسڵ كردنى كۆنسێرت نييە؛ سووكايەتى ئەدەبياتە، كەوا لە هەندێ ڕۆژنامەكان لە زمانى هەندێك كەس دەنگ دەداتەوەو كاردانەوەى دەبێت. بەندە ئەگەر هێزو دەسەڵاتى ئەوەم هەبا، دەبوايە لەسەر ئەم بارودۆخە گازند ەو سكاڵام تۆماركردبا، چونكە ئەم جۆرە كەسانە موزيك و هونەر بە تاوان لە قەڵەم دەدەن، بە بۆچوونى من دەبێ لە ئاستى باڵا لەبارەى ئەم مەسەلەيە گفتوگۆ بكرێت.”

Hossein Alizadeh (54)

ناوبراو هاوشانى ئەم بابەتە جەختى لەوەش كردەوە: ” ڕابەرى ئێران ڕێ نيشاندەرى ئەم كۆمەڵگەيەيە و ڕێ نيشاندەرى دونياى ئيسلامە، ئێران لە سنوورێكى نموونەييدايە و دروست نييە كە ئەم شێوە ڕوانينە لە موزيكى ئێراندا بوونى هەبێت. من دڵنيام كە نيگا و تێڕوانينى ڕابەرى ئێران بۆ موزيك، تێڕوانينێكى بەرز و پەسندكراوە، چونكە ئەو زانياريەكى باشى موزيكالیى هەيە.”

حسێن عەليزادە ئەوەشى بۆ قسەكانى خۆى زيادكردو و گوتى: “من واى بۆ دەچم كە بابەتى سياسى ئەوەندە پشێوى هێناوەتە ئاراوە، بەبێ هيچ هۆيەك خەڵكى ئێران ڕووبەڕووى يەكتر دەكاتەوە! بابەتى موزيكى نابێت ئێمە ڕووبەڕووى يەكتر بكاتەوە، لەبەر ئەمەيە كە دەبێت لە ئەدەبياتى شياو سوود وەربگرين لەكاتى بڕياردان لە بوارى موزيكدا. ئەگەر موزيك ناتوانێت جێگە و شوێنێكى شياوى لە ئێران هەبێت، ئەسڵەن نابێت لە زانكۆكان بوونى هەبێت، ئيتر ئەگەر لە زانكۆ هەيە واتا لە شوێن و پێگەى شياو جێگيرە؛ بەڵام سەنتەرەكانى بەڕێوەبردن، بڕيارگەلێكى گشتيیانەيان لەم بارەیەوە هەيە. لە سەرانسەرى دونيادا كەسانێك هەن كە خوليا و ئارەزويانە لە زانكۆكانى ئێران موزيكى ئێرانى فێرببن، ئەى ئێمە بۆچى موزيكى ئێرانيمان بە كەم داناوە؟”

سەرچاوە : موزيكى ئێمە 

هاوبەشی بکە

Hossain Alizadeh, Iran, Music, SaleemJamal, Shajarian,