25/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێندنەوەیەکی فێمێنیستانە بۆ «من ناوم سوورە»ی ئۆرھان پاموک‌

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سی ئای ئێن ئێس

نیلۆفەر ئایۆرمەندی
سوھەیلە فافۆری

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد


ڕۆمانی من ناوم سوورەـەی نووسەری هاوچەرخی تورکی، ئۆرهان پاموک، نەریت و بونیادە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ئاشکرا دەکات؛ کۆمەڵگەی ئەم ڕۆمانە لەسەر فاڵۆسەنتریزم بەندە، کە ئەو ڕێباز و باوەڕەیە تیایدا پیاو لە بەرامبەر ژندا سەروەرە. چیرۆکەکە تەنھا بارودۆخی کلتووری و ئایینیی سەدەی ١٦ـی وڵاتی تورکیا دەر ناخات، بەڵکو وێنەیەکی ڕوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی تورکیا و ڕۆڵ و شوێنی پیاو و ژنیش پیشان دەدات. ڕۆمانەکە ٥٩ بەشە، ٣٨ بەشی لە لایەن پیاوەوە دەگێڕدرێتەوە و ١٣ـشی ژن، ٨ بەشیشی گێڕەرەوەی نامرۆڤیین؛ سەگ، دار، پارە، مردوو، ڕەنگی سوور، ئەسپ و شەیتان. ئەم ڕۆمانە وەک ڕۆمانە باوەکان نییە، کە چیرۆکەکان تیشک دەخەنە سەر دەنگی پیاو و کارەکتەری پیاو، بەڵکو پاموک ڕێ بە خوێنەر دەدات بە گوێگرتن لە چیرۆکەکانیان، لێکۆڵینەوە لە ھزر و کارەکتەری ژن بکات. شەکوور، کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە و لە ٨ بەشدا قسە دەکات؛ ژنێکی ئازا و بەھێزە، کە وەک ژنێک نرخ بە خۆی دەدات، پاموک وەک خانمێک وێنای کردووە کە لە دژی نەریت یاخی بووە و دەیەوێت جێی خۆی لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا بدۆزێتەوە؛ “فێڵبازە و ھەمیشە لە گۆڕاندایە، مەبەست نادیار و تارادەیەکی زۆر فریودەر؛ ئەو جوانترین نیگاری ناو کتێبەکەیە، لە ڕاستیدا نیگاریش نییە، بەڵکو وێنەیەکی بچوککراوی فارسییە.”

وەک وێنەیەکی بچووککراوە، شەکوور پڕە لە ڕەنگ و وردەکاری، کە دەبێت ببینرێن و لێیان تێبگەیت. خوێنەر شەکوور وەک ژنێکی سەربەخۆ و زیرەک دەناسێت، کە دەتوانێت بڕیاری خۆی لەسەر ژیانی خۆی بدات. باوکی ھەموو کات ھەوڵی داوە لە نزیک خۆی بیھێڵێتەوە، شەکوور پێی وایە باوکی ھەمیشە ھەوڵی داوە بڕیار لەسەر ژیانی بدات؛ “ئەگەر بەدەست باوکم بوایە، مێردەکەم دەبوایە گەورەترین زانا بوایە و نرخی زۆری بە ھونەر و تابلۆ بدایە، دەسەڵاتی ھەبوایە و دەوڵەمەند بوایە.” شەکوور مێردەکەی خۆی خۆش دەویست، چونکە وەک پیاوانی تری کۆمەڵگەکەی نییە؛ “سادە وەک منداڵێکی نوستوو، نەرمونیان وەک ئافرەتێک.” مێردەکەی خۆش دەویست، چونکە نەیدەویست کۆنتڕۆڵی بکات و وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکات.

شەکوور دەیەوێت ھەموو ئەو سنوورانەی کۆمەڵگە بۆی داناوە، تێیبپەڕێنێت؛ سیمۆن دێ بۆڤوار، فەیلەسووفی فێمێنیستی فەڕەنسی، لە کتێبی دوەەم ڕەگەزـدا دەڵێت: “کەس وەک ئافرەت لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ئافرەت؛ ھیچ شتێکی بایۆلۆژی، دەروونی و ئابووری ئەو کەسایەتییە دیاری ناکات، کە لە کۆمەڵگەدا دراوەتە پاڵ ئافرەت، ئەوە شارستانییەتە کە ئەم بوونەوەرە دروست دەکات.” ئەگەر ھەموو ئافرەتانی تورکیا ھەوڵیان بدایە بە چەشنی شەکوور خۆیان وەک مرۆڤی سەربەخۆ و سوودمەند دەر بخستایە، پیاوانیش ڕێگەیان بە خۆیان نەدەدا ژنان بە کەم بگرن. شەکوور دەڵێت: “چەندین ساڵە لەناو کتێبەکانی باوکمدا دەگەڕێم بۆ وێنەیەکی ژن بە جوانییەکەی خۆیەوە، بەڵام لە ھەموویاندا ژنەکان شەرم دەکەن و سەیری یەکتر دەکەن، ھەرگیز سەریان بەرز ناکەنەوە، بەڕێکی ناوەستن و وەک سەربازێک یان سوڵتانێک لە جیهان بڕوانن.”

ئۆرهان پاموک

پاموک ویستوویەتی ئەوە دەر بخات کە ژیانی ژنان لە کۆمەڵگەکەی ئەودا، واتە کێشە و پەرێشانی؛ شەکوور تەنھا ئازاری بوون بە ژنی نییە، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئەوەشدا دەکات کە بە بێوەژن بانگ دەکرێت؛ ئەو بارودۆخی خۆی وەک بێوەژنێک بۆ خوێنەران باس دەکات و دەڵێت: “ئەوان کۆیلەکەیان فرۆشت بۆ ئەوەی ھەندێک پارەیان بۆ بگەڕێتەوە، دەبوو من ڕۆڵی کۆیلەکە ببینم بۆیان، هەروەها کاتێک شوبراکەم، حەسەن، کە کۆیلەیەک لە ماڵەکەدا نەما بوو شەوان بیباتە ژوورەکەی، دەستی کرد بە لەدەرگادانی ژوورەکەی من.”

ھەرچەندە لە کۆمەڵگەی پاتریاکیدا، کە کۆمەڵگەیەکە پیاو کۆنتڕۆڵی دەکات، ئافرەت لایەنە ناسەربەخۆکەیە؛ شەکوور پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت. ئەو دەری دەخات کە پیاوانی کۆمەڵگەکەی، لەنێویاندا حەسەن و باوکی خۆی، لە ژیانیاندا پێویستیان بەوە. لە دوای ئەوەی ماڵی مێردەکەی بەجێ دەھێڵێت، حەسەن بەردەوام نامەی خۆشەویستی بۆ دەنێرێت و باسی پەرێشانی خۆی دەکات، ھەروەھا باوکی شەکوور پێویستی پێیەتی کە لە نزیکی بێت. شەکوور دەڵێت: “باوکم نایەوێت لە لایەن دادوەرەوە وەک بێوەژنێک لە قەڵەم بدرێم، بەڵام ئەگەر تەڵاق وەر بگرم، پێی وا دەبێت دەمەوێت مێردێک بۆ خۆم بدۆزمەوە و ئەو جێ دەهێڵم.” ئەمە پیشانی دەدات کە دوالیزمە دژیەکەکەی پیاو و ژن، ھەڵگێڕدراوەتەوە و پیاو زیاتر پێویستی بە ژنە.

ئیستەر، فرۆشیارێکی سەرپێییی جولەکەیە، دەنگێکی تری مێیینەی ڕۆمانەکەیە، ھەرچەندە نەخوێندەوارە و کەسایەتییەکی ڕەقی ھەیە، وەک ژنێکی کۆمەڵایەتی و زیرەک دەردەکەوێت. کاتێک شەکوور خەمبارە و ھەست بە تەنیایی دەکات، ئیستەر ھێوری دەکاتەوە و وای لێ دەکات ھەست بە نرخی خۆی بکات؛ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانین ئیستەر بکەین بە پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەوەی کە کەسێکە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر بەردەوامبوونی ڕووداوەکانی. لە کۆتاییی چیرۆکەکە، ئیستەر تەنھا کەسە کە دەوێرێت ڕێ لە حەسەن و باوکی حەسەن بگرێت، ئەویش بۆ ڕزگارکردنی شەکوور لەو ژیانەی کە وەک بەندینخانە بوو بۆی، هەروەها ئیستەر ڕۆڵێکی زۆر گرنگی ھەیە لە گەشتی خۆدۆزینەوەی شەکوورـدا.

یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی من ناوم سوورە، بەشی ٥٤ـە بە ناونیشانی من ژنم؛ لەم بەشەدا دەنگێکی نێرینە، کاتێک خۆی دەکات بە ژن، ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە. بەدڵنیایییەوە لە ڕێگەی ئەم گێڕەرەوەیەوە، پاموک وێنەی باوی ژن فڕێ دەدات و دەیەوێت لە دیدێکی ترەوە ئافرەت وێنا بکات؛ “لێم گەڕێن با ڕێک و ڕەوان، پێچەوانەی ئەو شتانە بڵێم کە زۆرجار لە کتێب خوێندووماننەتەوە و لەو کەسەی ئامۆژگاری دەکات بیستوومانن؛ کاتێک کە تۆ ژنیت، ھەست ناکەیت کە شەیتانیت.” گێڕەرەوە بڕوای وایە ھەستی بوون بە ژن جیاوازە لەوەی پیاوان ھەمیشە دای دەنێن؛ “کە جلە خورییەکانی دایکمم لەبەر دەکرد، کە گوڵەباخیان لەسەر چنرا بوو، ھەستێکی ھێمنی و کامەرانی بەسەرمدا بڵاو دەبووەوە، ھەستم دەکرد وەک ئەو ناسکم. ئەو تیشێرتە ئاوریشمییە ڕەنگ فستقییەی پوورم، کە ھەرگیز لەبەری نەکرد، کاتێک بەر لەشم دەکەوت، ھەستم بە سۆزێکی کپ نەکراو بەرامبەر ھەموو منداڵێک و خۆشم دەکرد. دەمویست چاودێری ھەموو کەسێک بکەم و خواردن بۆ تەواوی جیھان ئامادە بکەم.” پێ دەچێت پاموک ویستبێتی بڵێت ئەگەر پیاوان ھەوڵ بدەن خۆیان لە جێی ژنان دابنێن، ھەڵوێستی خۆیان بەرامبەریان دەگۆڕن؛ ھەموو شتێک جیاواز دەبێت ئەگەر لە ھەستی راستەقینەی ژنێتی تێ بگەن. دەنگی ژنانەی ئەم بەشە، وەک مێیینەیەک دان بە ھەموو نیگەرانییەکانی بوون بە ژن و ھەموو ھەستە نەرمەکان دەنێت، لە ڕێی ئەم بەشەوە، پاموک ویستوویەتی شوێنی بەرزی ژن لە جیھاندا دەر بخات؛ ئەو باوەڕی وایە ژنان مافی ئەوەیان ھەیە ئازاد بن و چێژ لە جوانی و ھەستی خۆیان ببینن.

هاوبەشی بکە

DMBirthday, MyNameIsRed, OrhanPamuk, SheneMohamad,