27/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێندکاران باس لە کارەکانیان لە فێستیڤاڵی بەشی شێوەکاری‌ـی زانکۆی سلێمانی‌ دەکەن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

ڕۆژی چوارشەممە، بەرواری ١٣\٧\٢٠١٦، لە گەلەریی ئەمنەسورەکە لە شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی ساڵانەی بەشی شێوەکاری‌ـی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی‌ـی زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی ۲٠۱٦، بەڕێوە چوو، کە ماوەی ۳ ڕۆژی خایاند.

11

شیروان خان، سەرۆکی بەشی شێوەکاری

لەم فێستیڤاڵەدا، بەرهەمی خوێندن و کارکردنی ٤ ساڵی خوێندکارانی بەشی شێوەکاری‌ـی‌ کۆلێژی هونەرە جوانەکان‌ـی زانکۆی سلێمانی پیشان درا، کە هاوکات کارنامەی دەرچوونیانە لەو بەشە.

دەربارەی نەبوونی بودجەی پێویست و دابڕانیان لە دەوامی خوێندن، شیروان خان، سەرۆکی بەشی شێوەکاری، بۆ دیدی من گوتی: “ئەمساڵ توانیومانە شێوازێکی تر لە لە کارکردنی پرۆژە ئەنجام بدەین، کۆمەڵێک کاری تێدایە کە لە کەرەستەی بەکارهاتوو دروست کراون، هەوڵمان داوە کارەکان زیاتر بیرکردنەوەی تێدا بێت و بە کەمترین خەرجی ئەنجام بدرێت.”

:چەند کارێکی خوێندکاران، تایبەت بە دیدی من

111

جوانی خالید، گۆڕینی ئۆبجێکت

1111

” کارەکەی من کارێکی پۆست-مینیماڵیزم‌ـە، پێک هاتووە لە هەڵواسینی چەند هەنارێک بە ڕووکەشێکی تەخەتەدا،کە لێی گەڕاوم تا کەڕوویان کردووە؛ کۆنسێپتی کارەکەم بریتییە لە کەڕووکردن و چۆنیەتی گۆڕانی ئۆبجێکتی کارەکە. بابەتەکە کراوەیە، دەکەوێتە سەر بینەر کە چۆن لە کارەکە تێدەگات. هونەر لە پێناو بیرکردنەوەیە.”

22

ساکار حەمەڕەوف، خەونی ناخۆش

222

“کارەکەم دەربارەی توندوتیژییە دژی ژنان، بابەتەکەی ترس و فێمینیزمە. ئەگەر هەر بینەرێک دەست بدات لە فۆتۆکان، شوێنی فۆتۆکان لە سەر دەستی جێ دەمێنێت، واتە فۆتۆکان بەرەبەرە کاڵ دەبنەوە، بەمەش دەمەوێت ئەوە بگەیەنم کە بابەتی توندوتیژیی دژی ژنان نەمێنێت، کاڵ ببێتەوە و لە ناو بچێت.”

3

33

بەهرۆز جەزا، جەدەلییەتی فۆڕم و ناسنامە

” کارەکەم سەر بە هونەرەکانی پۆست-مۆدێرنیزم‌ـە، لە ژێر ناوی جەدەلییەتی فۆڕم و ناسنامە، واتە چۆن تۆ بە فۆڕمێکی گەورە مامەڵە لەگەڵ بۆشایییەکی گەورەدا دەکەیت و ئەمە چ شۆکێک بۆ بینەر دروست دەکات. هاوکات خەیاڵێکی فیسیۆلۆژییانە دەبەخشێت، بینەرێک خۆی مرۆڤە و لە کاتێکدا مرۆڤێک دەبینێت؛ بەم پێوانە گەورەیە کەوتووەتە نێوان دوو بەرەی کۆنکرێتی، کە زەوی و ئاسمانە.”

44

سارا عوسمان، تێکەڵاوبوونێک لە نێوان کەسانی ئاسایی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

444

“خۆم کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتم، پێم خۆش بوو کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت یان ئامێرەکانی یارمەتیدەریان تێکەڵ بە کەسانی ئاسایی بکەم، تا چیتر خەڵک سڵ لە عەرەبانەی کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت نەکاتەوە.”

5

سابات عه‌باس، وێنەی جوڵاو

55

” کارەکەم ئەنیمەیشنە، بە پش بەستن بە فۆتۆ، دەنگی موزیکی بۆکس و لێکدانی چەند فۆتۆیەکی خۆم بە جووڵەی جیاواز، یەک لە دوای یەک خولانەوەیەکی تەواو بە دەوری خۆمدا دروست دەبێت، ئەمەش لە یادەوەریی منداڵیمدا هەبووە، کاتێک بۆکسی موزیکەکە دەکرێتەوە، بووکەشوشەیەک سەما دەکات لەگەڵ موزیکەکە، هەروەها بە کارکردنی هێڵکاری لە سەر فۆتۆکان، چەند ماسییەک بە دەوری خۆمدا دەسورێنەوە، ماسیم وک هێمایەک بۆ بێدەنگی داناوە، پێچەوانەی ئەو ژینگەیەی من، کە پڕیەتی لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاوژ، هێڵی ستوونیی لە سەر ڕوو و جەستەم وەک بەندێک وایە، کە هەر ژنێک بۆ خۆی دروست کردووە و تێیدایە، هەروەها لە ڕێگەی سێ شاشەوە نماییشی دەکەم، کە هەرسێکیان هەمان وێنەی جوڵاون.”

هاوبەشی بکە

LazhaTaha, Photography, Shewakari, Slemani,