25/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی شازادە چکۆل

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: شازادە چکۆل

نووسەر: ئانتوان دۆ سانت ئیگزۆپێری

خوێنەر: دەریا سەڵاح

ڕۆمانی شازادە چکۆل لە نوسینی ئیگزۆپێرییە بە شێوەیەکی سادە نووسیویەتی و باس لە منداڵێکی بچووک دەکات بە ناوی شازادە چکۆل، بەڵام لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت ئەم ڕۆمانە پێشکەش بە کەسێکی گەورە دەکەم و داوای لێبوردن لە منداڵان دەکەم، بیانووشی ئەوەیە ئەو کەسە گەورەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان منداڵ بووە.

 کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تەواو بووم، هەستم کرد ئەم ڕۆمانە ئەوەندە بە شێوەیەکی سادە نووسراوە، کە تەنانەت خوێنەری سەرەتاییش لێی تێدەگات و پرسیاریشی لا دروست دەبێت، چونکە باس لە پرسیارە فەلسەفیە سەرەتاییەکان دەکات، هەر ئەو پرسیارە فەلسەفییە سادانە وای کردووە لەم ڕۆمانە کەخوێنەری زۆری هەبێت و نزیکی هەشتا ملیۆنێکی لێ بفرۆشرێت و بۆ چەندین زمان وەربگێڕدرێت، سەرەڕای ئەوەش ئەو پرسیارە سادانە گرنگیی خۆی هەیە بۆ لایەنی دەروونی و لە هەندێک کاتدا دەوەستیت و دەپرسیت: گەورەکان بۆ ئاوا سەیرن؟!

شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە بە ڕای من کەمێک نزیکە لە هەندێک لە ڕۆمانەکانی یۆستاین گاردەری ڕۆماننووسەوە، بۆ نموونە لە ڕۆمانەکانی سڵاو، کەس لێرەیە؟ و لە ئاوێنەیەکدا، لە نهێنییەکدا کە باس لە منداڵ دەکات و پرسیارە گەردوونی و فەلسەفی و دەروونییەکان بە شێوەیەکی سادە دەخاتە ڕوو، چونکە یۆستاینیش باس لە فەزا و گەرودون و هەسارەکان دەکات، هەروەک چۆن ئیگزۆپێرییش باس لەوە دەکات کە شازادە چکۆل لە سەر ئەستێرەکەی خۆی گەشت دەکات بۆ چەند ئەستێرەیەکی تر، بەڵام دواجار یۆستاین و ئیگزۆپێری باس لەوە دەکەن کە چۆن بتوانیت گومان بکەیت و بپرسیت، کە بە ڕای من ئەم جۆرە ڕۆمانانە زۆر باشن هەم بۆ خوێنەری سەرەتا و مامناوەندیش، کە چۆن بیر بکاتەوە و بپرسێت و گومان لە شتەکانی دەوروبەری بکات.

کۆی چیرۆکەکە ئەوەیە کە پیاوێک دەیەوێت سەفەر بکات، بەڵام فڕۆکەکەی خراپ دەبێت و خەریکی چاککردنەوەی فڕۆکەکەیەتی، منداڵێکی بچووک دەبینێت و گفتوگۆ دەکەن، ئەو منداڵە بچووکە لەم ڕۆمانەدا ناوی شازادە چکۆلە، لە گفتوگۆکەیاندا شازادە چکۆل باس لە بەسەرهاتەکانی خۆی دەکات کە هەر لە ئەستێرەکەی خۆیەوە چۆن گەیشتووەتە سەر زەوی، ئەو مرۆڤانەی بەرچاو دەکەوێت کە ڕەفتارەکانی بە لای ئەمەوە سەیرن، بۆیە دوای هەر گفتوگۆیەک لەگەڵیاندا دەڵێت ”گەورەکان چەند سەیرن!”

لە ڕاستیدا وایە کە گەورەکان هەندێکیان زۆر سەیرن، چونکە ڕەفتارگەلێک دەکەن کە جێگەی تێڕامانە و ئەبێت هەمیشە بڵێیت ”ئەوە بۆچی بەو شێوەیەن! بۆ ئاوا نەزانانە دەژین! بۆ ئاوا بیر دەکەنەوە!” بۆیە دەڵێم سەیر، چونکە شازادە لە ئەستێرەیەکدا کەسێک دەبینێت دەڵێت ”من پادشام، وەرە تۆ ببە بە وەزیری داد”، شازادەش دەڵێت ”ئاخر جگە لە خۆت کەس نییە دادگایی بکەم، ئیتر بۆ ببم بە وەزیر؟!” یان لە ئەستێرەیەکی تردا کەسێک دەبینێت کە هەمیشە فانۆسێکی پێیە و دایدەگیرسێنێت و دەیکوژێنێتەوە، یانی فانۆسەکە خۆر ەو بە کوژاندنەوە و داگیرساندنی شەو و ڕۆژ دروست دەکات، یان لە ئەستێرەیەکی تر کەسێک دەبینێت خەریکی ژماردنی ئەستێرەیە و دەڵێت ”ئەستێرەکان هیی منن و من بازرگانم و من خاوەنیانم”، یان کەسێکی تر لە ئەستێرەیەکی تردا دەڵێت ”من جوگرافیاناسم”، کەچی بێ ئەوەی گەڕابێت و شوێنی بینیبێت، دەڵێت ”من زانیاری لەو کەسانە وەردەگرم کە گەڕیدەن یان کەسێکی تر دەبینێت مەی دەخواتەوە و دەڵێت ”تا شەرمەزاری لە بیر بکەم”. ئەم قسانە بۆ شازادە چکۆل جێگەی پرسیارن و چەندین پرسیاریان لێ دەکات، بەڵام گەورەکان بە ڕای شازادە چکۆل سەیرن و هیچ باش نین، چونکە نازانن چی دەکەن و چۆن دەپرسن و بۆچی دەژین یان چۆن بیر دەکەنەوە، ئەمانەش دەبنە مایەی سەرسووڕمان بۆ شازادە و بۆیە هەمیشە دەڵێت ”گەورەکان سەیرن!” لە ڕاستیدا بە ڕای منیش گەورەکان سەیرن، چونکە هەنێکیان زۆر بە نەزانانە دەژین و بیر دەکەنەوە و پرسیار دەکەن.

fb_img_1479554153030

لایەنێکی تری ئەم ڕۆمانە باس لە گرنگیی شتەکانی دەوروبەرمان دەکات، وەک زەوی و گوڵ و تا دوایی. یانی بە جۆرێک کە پێش لە دەستی شتەکانی دەوروبەرمان یان زەوی کە لەسەری دەژین، باشترە گرنگیی پێ بدەین نەوەک دابنیشین و پشت گوێی بخەین، تا دەگاتە حاڵەتی لەناوچوون ئەوکات دەست بکەین بە پاراستنی، نا پێش مردن یان لەدەستدان باشترە هەر تاکێک بە ئاگاییەوە دەست بۆ شتەکان ببات و نرخی بزانێت و خۆشی بوێت، چونکە هەمیشە مرۆڤ ئەو شتانەی بۆ گرنگ نییە تا لەدەستی دەدات، بەڵام کە لەدەستی دا، هەزار خۆزگە دەخوازێت کە لە دەستی نەدابایە، یاخود باس لە لایەنێکی خوی مرۆڤەکان دەکات کاتێک لەگەڵ کەسی بەرانبەر دەدوێن بەتایبەت منداڵ لە یەکەم بینیندا لێی ناپرسێت باس لە حەزەکانی ناکەیت، بەڵکو پێی دەڵێت تەمەنت چەندە یان پرسیاری تر. نووسەر ئەوەی بە لاوە گرنگە کە دەڵێت ”دەبێت مرۆڤەکان پرسیاری هەست و لایەنە دەروونی و خولیاکان لە یەکتر بپرسن نە تەمەن و شتی تر، چونکە تۆ ئاشنای کەسێک دەبیت و دەیناسیت کەچی نازانیت حەزی لە چی ڕەنگێکە یان خولیای چی کارێکە، کەچی دەزانین کە تەمەنی چەندە، ڕاستی زانینی خولیاکانی یەکتر مرۆڤەکان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە نەک شتی تر”.

 لایەنێکی تری ئەم ڕۆمانە باس لەوە دەکات کە هەندێک مرۆڤ پێیان خۆشە هەمیشە سەفەر بکەن و جێگەی دی ببینن، هەروەک لەو دیمەنەی ڕۆمانەکەدا کە شەمەندەفەرەکان دێن و دەچن، شازادەش دەپرسێت ”ئەو کەسانە بۆ کوێ دەڕۆن؟” لە وەڵامدا پێی دەڵێن ”ئەوانە کاریان هەیە یان گەشت دەکەن لە جێگەیەک بۆ جێگەیەکی دی، چونکە مرۆڤ پێی خۆشە شوێنی تر ببینێت و تاقی بکاتەوە”، هەروەک شازادە خۆشی بەو شێوەیەیە، چونکە تا گەیشتووەتە لای ئەو پیاوەی کە خەریکی فڕۆکەکە بوو، بە چەند ئەستێرەیەکدا تێپەڕیوە.

لێرەدا من نامەوێت باسی تەواوی کۆی ڕۆمانەکە بکەم، چونکە دەمەوێت بەجێی بهێڵم بۆ خوێنەر خۆی بیخوێنێتەوە و ئەزموونی بکات. باشترە لێرەدا بوەستم، چونکە ئەوەی گرنگ بوو باسم کرد و کۆی خوێندنەوەی پشتی دەقەکانم خستووەتە ڕوو، هیوادارم خوێنەریش ئاوا ورد لە دەقەکانی چیرۆک و ڕۆمان و کتێبە فەلسەفییەکان بڕوانن و خوێندنەوەیان بۆی هەبێت و تەنیا دێڕەکان نەخوێننەوە، بەڵکو واتای پشت دەقەکانیش بخوێننەوە، تا زیاتر لێی سوودمەند بن.

هاوبەشی بکە

Darya Salah, Igzuperi, Little Prince,