20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانی برایانی کارامازۆف

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: برایانی کارامازۆف
نووسەر: فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی
خوێنەر: دەریا سەڵاح

نووسەری ناوداری ڕوسی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆفدا باسی ڕووداوە جیاوازەکانی ڕوسیامان بۆ دەکات، لەم شاکارەدا زیاتر باسی باوکێک و سێ کوڕی دەکات کە هەریەک لە کوڕەکانی بۆچوون و دیدگای جیاوازیان هەیە، باس لە باوکێک کە خوخدەیەکی نەشیاو و دڵڕەقانەی هەیە و هەرگیز لە منداڵەکانی ناپرسێتەوە و بەخێویان ناکات و جگە لەوەش مافەکانیان پێشێل دەکات و دەبێتە داگیرکەری خۆشەویستی کوڕە گەورەکەی. لەم ڕۆمانەدا باسی ڕیسوابوونی کڵێسا و قەشە و ڕاهیبەکان دەکات کە مرۆڤ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی تایبەتیی خۆی و چیدی ئاین نەبێتە بەشێک لە ژیانی، هەروەها باسی چۆنیەتی دادگای ڕوسیا دەکات کە بە شێوەیەکی دادوەرانە حوکمی تاوانباران ناکات و بەڵکو ژیانی مرۆڤێک لە ناو دەبەن کە لە بنەڕەتدا تاوانی نەکردوە، هەروەها باس لە دوو جەمسەری ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەکات کە لە کەسایەتییەکدا دەکرێت، هەم باش و هەم خراپیش بێت و ناکرێت بە هۆی ڕەفتارێکی خراپییەوە سەرجەم باشییەکانی لە بیر بکرێت، هەروەها باس لە ژیانی ئافرەتێک دەکات کە بە شێوەیەکی باش نەژیاوە و یاری بە ژیانی باوک و کوڕێک کردووە کە کۆتایی ئەو یارییانەی لەناوبردنی کوڕێک دەبێت کە بیست ساڵ دەبێت لە سیبریا بژی. بە درێژایی ئەم ڕۆمانە نووسەر وەکو هەموو ڕۆمانەکانی تر ورد ڕۆ دەچێتە نێو هزر و ڕەفتاری کەسایەتییەکان و دەکرێت بڵێم وەکو پزیشکێکی دەروونی سەرجەم خوخدەکانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هەر کەسایەتییەک دەکرێت بەشێکی ژیانی هەر تاکێک لە ئێمە بێت، باس لە چۆنیەتی ڕەفتار و ئاکارە ناوەکییەکانیان دەکات کە هەر لە منداڵێکەوە تا پیاوێکی پیر ڕۆ دەچێتە نێو ناخیانەوە، هەروەها شێوازی پۆلیسی لە ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت و شێوازی ڕۆمانەکەشی وەک هەر ڕۆمانێکی تری بۆ خوێنەر تووشی ترس و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ و ڕووداوێکی کتوپڕ کە هەرگیز بیرمان بۆی ناچێت دەخاتە ڕوو، هەروەها نەخۆشیی فێ لەم شاکارەدا بەرچاو دەکەوێت و بە کوشتنی فیدۆر پاولۆویچ بە دەستی ئیسمیر دیاکۆف پێمان دەڵێت کە هەموو باوکێکی خراپ شایەنی لە ناو چوونە، بە دەرچونی ئالیوشا لە کڵێسا پێمان دەڵێت مرۆڤ نابێت ئەوەندە پابەندی کڵێسا و ئایین بێت، بە بێباوەڕیی ئیوان پێمان دەڵێت دەکرێت هەندێک کەس وەکو هەموو تاکێکی کۆمەڵگە نەبێت، بە ڕەفتارە دوو جەمسەرییەکانی دیمتری پێمان دەڵێت مرۆڤ دەکرێت هەم باش و هەم خراپ بێت، دەکرێت سوک و چروک و خوێڕی بێت، بەڵام دز و پیاوکوژ نییە، دەکرێت کەسێکی فێداری وەکو ئیسمیر دیاکۆڤ گێل نەبێت و تۆڵەی ناخۆشییەکانی بکاتەوە و خۆشی خۆی سزا بدات و خۆی بکوژێت، دەکرێت کەسێک لە مێردی داببڕێت بە ناخۆشی بژی وەکو گروگشنا، بەڵام دواجار ئەوینداری کوڕێک ببێت، بە کاترینا ئیوانا بۆمان دەردەکەوێت کە هەرچەندە لە ئەویندارەکەی جیا بووبێتەوە بەڵام هەر هاوکاریی بکات. دەیان کەسایەتی تر و ڕەفتاری ترمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

بەشێکی ڕۆمانەکە باس لە منداڵێک دەکات بە ناوی ئیلۆشا کە چۆن لە خوێندنگە و لە ماڵ و لە کۆڵاندا ڕەفتار دەکات و چۆن دەژی کاتێک قسە بە باوکی دەکرێت، چۆن تەریق دەبێتەوە یان لە خوێندنگە بە کەم لە خۆی دەڕوانێت و لە ناو هاوڕێیانیدا هەست بە نامۆییەک دەکات و گوایە باوکی نەدارە و قسەی پێ گوتراوە لە لایەن دیمتری برای ئالیوشاوە. هەر یەک لە ئێمە کە منداڵین دەزانین چەند شتمان بەسەر هاتووە وهەر یەکە و بە جۆرێک، بەڵام دۆستۆیڤسکی بە جۆرێک باس لە ژیانی منداڵان دەکات وەکو ئەوەی دەروونناس بێت یان لە نزیکەوە ڕەفتاری لەگەڵ کردبێتن، چونکە چەندین هەستی جیاواز و ڕەفتاری وردی منداڵان دەخاتە ڕوو لەوەی کاتێک چەند منداڵێکی گەورە هێرش بۆ منداڵێکی بچووک دەبەن و ئەو منداڵە بچووکە چۆن لەو ساتە و لە دواتریشدا ڕەفتاری چۆن دەبێت و هەست بە شکانەوە دەکات و وا دەکات کە منداڵ لەو شێوە و بارەدا زیاتر گۆشەگیر ببێت. ئەوەندە ورد ڕۆ دەچێتە ناخی کارەکتەرەکانەوە وەک ئەوەی یەکێک بیت لە کارەکتەرەکان یان لە ناو ڕووداوەکەدا بیت، ئەو جۆرە هەستەت هەیە، هەرچی دەربارەی باوە زوسیمایە کە کاتێک لە سەرەمەرگدایە و خەڵکی کۆ دەبنەوە لە لای و کاتێکیش دەمرێت دوای چەند ڕۆژێک لەشی بۆگەن دەکات، لێرەوە دۆستۆ دەیەوێت بڵێت کەسانی ئایینی یان قەشەکانیش کەسێکی نامۆ نین کە جیاواز بن لە خەڵکانی ئاسایی، بەڵکو ئەوانیش وەک هەر مرۆڤێک پاش چەند ڕۆژ لە مردن بۆگەن دەکەن، هەروەها پێمان دەڵێت پیرۆزی و گەورەکردنی کەسانی ئاییندار بە دەست کۆی خەڵکە کە چەند بە پیرۆزی لێی دەڕوانن، واتە کەسێکی ئایینی وەک هەر کەسێک چاوەڕێی هەڵە یان شتی تری لێ دەکرێت و نامۆ و جیاواز نییە لە خەڵکانی تر. هەرچی دەربارەی ئالیوشایە، بێ شک هەر کەسە و لە قۆناغێکی ژیانی حەز بە شتێک دەکات لە کاتی لاوی، ئالیوشا لە کڵێسا بووە، بەڵام دەکرێت مرۆڤ دواتر حەزی بۆ ئەو کارە نەمێنێت و کڵێسا بەجێ بهێلێت و نابێت بەر تەفرە و ڕیسوایی بدرێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤەکان ئازاد بکرێن لە چۆنیەتی ژیانکردن. لە بارەی دادگاشەوە دەکرێت هەموو دادگایەک دادپەروەرانە بڕیار نەدات و بە جۆرێکی تر کێشە و کەیسەکان بەڕێوە ببرێت، مەرج نییە کاتێک باس لە دادگا دەکرێت ئیتر هەموو سەروەری و دادپەروەرییەکی تێدا بێت.

کۆی ڕۆمانەکە لە سێ تەوەردا خۆی دەبینێتەوە: ئایین، سیاسەت و کۆمەڵگە.

لە کۆتایدا دۆستۆیڤسکی بە نووسینی ئەم شاکارە لە زۆر شتی کەسایەتییەکان، لێهاتوویی و نەمریی خۆیمان بۆ دەسەلمێنێت و بە زیندووی دەیهێڵێتەوە.

هاوبەشی بکە

Darya Salah, Fyodor Dostoevsky, Karamazov Brothers,