19/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خەیاڵی پیاوێکی گاڵتەجاڕ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: پیاوێکی گاڵتەجاڕانە

نووسەر: فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

خوێنەر: دەریا سەڵاح

ڕۆمانی پیاوێکی گاڵتەجاڕانە لە پێنج بەش پێک هاتووە و باسی کەسێک دەکات کە بیر لە خۆی و چۆنیەتی ژیان دەکاتەوە. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی بازنەیی نووسراوە، واتە لە کۆتایی ڕووداوەکەوە دەست پێ دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا و دیسان کۆتایی. یانی وەکو بازنەیەک وایە لە کۆتاییەوە دەست پێ دەکات دیسان دێتەوە بۆ کۆتا خاڵ. ڕۆمانەکە بە شێوەی مەنەلۆگ نووسراوە، هەر کارەکتەرێک تێیدا بەشدارە و قسە لەگەڵ خودی خۆی دەکات، بەڵام منداڵێک و چەند کەسێک بە شێوەیەکی لاوەکی بەدیار دەکەون. کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە مرۆڤێکی هۆشیار لە ناو کۆمەڵێکی ناهۆشیاردا دەژی و دەیەوێت وا لە خەڵکی بکات کە واقعی ژیان ببینن. ئەم کارەکتەرە دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە لە کارەکەی و بەردەوامی بە ژیان دەدات. سەختە مرۆڤێک لە ناو کۆمەڵێکدا بژی کە وەکو ئەو نەبن و واقع نەبینن و هۆشیار نەبن و سەڕەڕای ئەوەش مرۆڤە هۆشیارەکە بە گاڵتەجاڕ تەماشا بکەن و بڕوا بە قسەکانی نەکەن و خۆیان مژوڵی نەزانی بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی کۆمەڵێک هۆشیار بکەیتەوە و وایان لێ بکەیت واقعببینن و بە شتی پڕوپووچەوە نەیگوزەرێنن، کارێکی قورسە، بەڵام لە ڕێگەی هەوڵی بەردەوامەوە بە ئامانج دەگەیت.

09de72bdf66fbd79f658077ea9c2a342

کەسێک خەیاڵ ئەکات و دەڵێت کە دەبوو ژیان جۆرێکی تر بێت، خۆی بە جۆرێک هۆشیارە بەڵام خەڵکی بە گاڵتەجار تەماشای دەکەن، ئەو خەم لەوە ناخوات کە بە گاڵتەجاڕ تەماشا بکرێت، بەڵکو دەڵێت خەم لەوە دەخۆم کە خەڵکی واقع وەک من نابین. بینینی واقعی ژیان وەکو خۆی قورسە و هەندێک لە تاکەکان دەیبینن نەک هەمووی. خەمی ئەم کارەکتەرە نەبینینی واقیعە لە لایەن تاکەکانەوە. کارەکتەرەکە خەو دەبینێت بە ژیانێک لە چەشنی بەهەشت کە مرۆڤەکان تێیدا بە پاکی و بێگەردی و بێ درۆ دەژین، هەمیشە پێدەکەنن، درۆ و دزی و بەخیلی و شەرم و کوشتن نییە، بەڵکو دەژین نەک بیر لە چۆنیەتی ژیان بکەنەوە.

 دۆسۆیڤسکی لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە هەوڵ دەدات پێمان بڵێت مرۆڤ لە بنەڕەتدا پاک و بێگەرد بووە، بەڵام بە تێپەڕینی ڕۆژگار تەواوی چەمکە باش و خراپەکان فێر بوون و ڕەفتاری پێ دەکەن، بەڵام گەر بتەوێت کۆی ڕەفتاری خەڵکی بگەڕێنیتەوە بۆ یەکەم خاڵ کە بێگەردییە کارێکی قورسە و هەوڵی خۆی دەوێت. یانی بە جۆرێک کە مرۆڤەلان وا هەست ناکەن سەرەتا خاڵی بوون لە هەر لایەنێکی قێزەونی ژیان، بەڵکو بڕوا بە شتێک دەکەن کە گوایە مرۆڤ هەر لە بنەڕەتدا بە هەندێک لایەنی خراپ ژیاوە و نەک بە پاکی. لێرەدا کارەکتەرە سەرەکییە خۆی دەکات بە تاوانبار کە دەڵێت من کە خەونم بینی و ڕۆیشتم بۆ بەهەشت کۆی ڕەفتاری تاکەکان خاڵی بوو لە هەر لایەنێکی نادروست بەڵام من کە لەسەر زەوییەوە ڕۆیشتم بۆ لایان بە کۆمەڵێک ڕەوشتی جیاجیا ئەوانم فێری شتی تر کرد، بەڵام تەواوی مەبەستەکەی ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت تێبگات مرۆڤەکان کاری نادروست نەکەن، یان بۆ نموونە کارێک ئەنجام نەدەن کە پەیوەندیی بە کۆی ژیانی ئەوانەوە نییە.

 بەشێکی کەمی ڕۆمانەکە باس لە دیمەنێک دەکات کە کارەکتەری سەرەکی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دانیشتوون کە ئەوان گفتوگۆ دەکەن و ئەمیش گوێیان لێ دەگرێت. لە کۆتاییدا دەپرسێت: ”ئەوەی باستان کرد هیچ پەیوەندیی بە ئێوەوە هەبوو؟” دەڵێن: ”نەخێر.” دەڵێت: ”ئەی کەواتە بۆ باسی دەکەن؟” دواجار ئەوان گاڵتە بەو دەکەن کە گوایە نەزانە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم وردەکارە و درکی بە کۆی ژیان کردووە و واقع وەکو خۆی دەبینێت.

dostoevskij_1863

کاتێک کارەکتەرەکە خەو بە بەهەشتەوە دەبینێت کە مرۆڤەکانی وەک مرۆڤی سەرزەمین نین، مەبەستی لەو بەهەشتە نییە کە لە دوای مردن ڕووبەڕووی دەبیتەوە، مەبەستی لە سەرەتای بوونی مرۆڤە کە خاڵی بووە لە زۆر چەمکی جیاجیا. کارەکتەری ڕۆمانەکە ئەو ئێوارەیەی کە ویستی خۆی بکوژێت، منداڵێک بە گریانەوە داوای یارمەتیی لێ کرد، بەڵام ئاوڕی لێ نەدایەوە و بەجێی هێشت، چونکە دەیگوت: ”من خۆم دەکوژم، پێویست ناکات کاری باش بکەم.” بەڵام لە دوای ئەو خەوەوە پەشیمان بووەوە لە خۆکوشتن هەوڵی دا كە ئیتر گوتار پێشکەش بە خەڵک بکات کە هۆشیار بن لە چۆنیەتی ژیاندا نەک گەمژە و کاڵفام . دواتر ناونیشانی منداڵەکەی دۆزییەوە و بڕیاری دا یارمەتیی بدای، بەڵام ئەم دیالۆگەی ڕۆمانەکە کە کارەکتەرەکە لەگەڵ خۆیدا کردی، دیالۆگێکی جوان بوو کە باسی ناخی خۆی بۆ خۆی دەکرد و دەیگوت ژیان ئەوە نییە کە بیری لێ دەکەینەوە و هەموو شتەکانی ژیان بەو شێوەیە ئێجگار گرنگ نین. یانی گەر ژیان هەبێت یان نەبێت جیاوازییەکی نییە، بەڵام کاتێک بوونی هەیە دەبێت واقع ببینین نەک شتی تر، چونکە مرۆڤ پێویستی بە گەمژەیی نییە بەڵکو پێویستی بە هۆشیارییە، پێویستی بە بینینی واقعی ژیانە.

چەند دێڕێک لە ڕۆمانەکەوە:

”تێگەیشتن لە ژیان گەورەترە لە خودی ژیان، ناسینی یاساکانی خۆشبەختی گەورەترە لە خودی خۆشبەختی.”

”ئەگەر ڕۆژێک هەموو خەڵک لە دژی ئەم بیروبۆچونە یەک بگرن، ئەو کاتە گەیشتوون بە ئامانج.”

”چەندە سەختە کە تەنیا تاکێک بوویت و هەقیقەت بزانیت.”

هاوبەشی بکە

Darya Salah, Dostoevsky, XwenerWKteb,