19/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی کەلیدەر

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: کەلیدەر

نووسەر: مەحموود دەوڵەتئابادی

خوێنەر: ڕاڤیار ئەبوبەکر

کەمن ئەو ڕۆمانانەی کە دەتوانن بە چیرۆکێکی درێژ و تا ڕادەیەکیش ئاڵۆزەوە کاریگەریی گەورە لەسەر خوێنەرەکانیان دروست بکەن، هەندێک ڕۆمان هەیە بە هۆی درێژیی ناپێویستی چیرۆک یان سادەیی لە گێڕانەوە یان گرێوگۆڵی ناپێویستەوە، هەر زوو هێزی ڕازیکردنی خوێنەرەکانیان لەدەست دەدەن، هەشن بە پێچەوانەوە بە سادەیی و گرێی ئاڵۆز و تەکنیکی جۆراوجۆری گێڕانەوە توانیویانە بە خێرایی بەسەر ناخی خوێنەرەکانیاندا زاڵ ببن، هەڵبەت جیا لەم دوو جۆرە لە نووسینی ڕۆمان جۆر و شێوازی تریش هەیە کە سەرەڕای هەبوونی چەند تێبینی لەسەر شێوازی گێڕانەوە و درێژدادڕیی لە چیرۆک و هەروەها هەندێک ئاڵۆزی لە گرێچنی ڕووداوەکاندا، کەچی ئەو سیحرە لەدەست نادەن کە لە خوێنەرەکانی دەکەن بۆ بەردەوامی و لەگەڵی ڕۆشتن بەوپەڕی شەوقی خوێندنەوەوە.

کەلیدەر لەو ڕۆمانانەیە کە لەو شێوازەی دواییانە و سەرەڕای بوونی چیرۆکێکی دوورودرێژ و هەبوونی چەندین کارەکتەر لە ناویدا، هەروەها گرێدراویی زۆرێک لەو ڕوداوەکان بە یەکەوە، کەچی هێشتا بە ئاسانی سیحر لە خوێنەرەکانی دەکات و بە ئاسانییش پەلکێشیان دەکاتە ناو ڕووداوەکانیەوە و شانبەشانی کارەکتەرەکانی سەفەری دوور و گەڕانی سەیر بە ناو کات و شوێنی ڕووداوەکانیدا بە خوێنەرەکانی دەکات، بۆیە زەحمەتە کە خوێنەری ئەم ڕۆمانە بیت و بێبەش بیت لە گەڕان و چێژوەرگرتن لە سروشت و کات و جوانیی مرۆڤ. هاوکات چێژێکی ئیستاتیکییانە لەگەڵ سروشتدا لە هەندێک کات و شوێندا لەم ڕۆمانەدا دەگاتە لوتکە. ئەمە سەرەڕای دەستبردن بۆ کۆمەڵێک گرێکوێرەی دەروونی مرۆڤ لە کاتە سەخت و ئاڵۆزکاوەکانیدا. هاوکات پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەگشتی و هەروەها شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناخی مرۆڤە دەروونئاڵۆزەکان. شەڕی مرۆڤ لەگەڵ خووە خراپەکانی و لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە و پاشان شەڕی بەرژەوەندییەکانی و شەڕی کۆڵنەدان و بەردەوامیی ژیان. ئاخر زەحمەتە خوێنەری کەلیدەر بیت و پێبەپێ و شانبەشانی ڕوداوەکان لەگەڵ گوڵمحمەدی پاڵەوان نەڕۆیت و سەفەری بنارەکانی کەلیدەر نەکەیت، یان بێبەش بیت لەو چێژە بێئەندازەیەی کە شەوانی لای ڕەشماڵەکانی خێڵاتی کەلمیشی بە مرۆڤی دەبەخشێت. کێ هەیە خوێنەری بێت و لەگەڵ جوتیارەکانی ئەو بنارە هەست بە گەرمی و ساردیی ڕۆژگارەکانی ناو بیابان و ڕەوەندەکانی ناو ڕەشماڵ نەکات؟ کێ هەیە خوێنەری بێت و ڕووبەڕووی بەلقیس، ژنە دونیادیدەکە و دایکە بەهێز و نەبەزیوەکەی ناو بیابان و ڕەشماڵەکان نەبێت و لەگەڵ خەمەکانیدا ڕێ نەکات؟ عەباسجان ئەو مرۆڤە دەروونئاڵۆزەی کە هەڵپەی ڕابواردن و خۆشییەکانی ژیان و گرێ دەروونیەکانی دەیانکاتە مرۆڤێک، کە دواجار بە قووڵایی ناخی خۆیدا ناخودئاگا ڕۆ دەچێت، هەتا دەگاتە بارودۆخێک کە هەوڵی خنکاندن و لەناوبردنی باوکی دەدات.

14801021_1158538320892775_2121715492_n

كۆی کەسایەتی و پاڵەوان و کات و شوێنەکانی ئەم ڕۆمانە هەریەکە و بە جۆرێک خوێنەر پەیوەست دەکەن بە دونیای خۆیانەوە، کە ئەمەش هەم پێوەری چێژ لای خوێنەر زیاتر سەر دەخەن و هەمیش دەوڵەمەندی دەکەن بە ڕووداوگەلێک کە لە هەر کات و ساتێکدا ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەستی بەردەوامیت لە لا درێژتر دەکەنەوە.

هاوبەشی بکە

Kalidar, Mahmoud Dawlat Abadi, Ravyar Abubakir,