25/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: لێکترازانی پێکهاتەکانی نەریتی باو

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: شتەکان لێک دەترازێن
نووسەر: چینوا ئەچێبێ

خوێنەر: ڕاڤیار ئەبوبەکر

لە کۆمەڵگە نەریتخواز و نەریتپارێزەکاندا، پیاوانی خێڵ یان هۆز، هەمیشە بەرپرسیارێتیی پاراستنی شکۆ و هەیبەت و نەریتی خێڵەکەیان لە ئەستۆدایە. کاتێک ئەو کۆمەڵە یان ئەو تیرەیە ڕووبەڕووی مەترسیی تێکشکان یان لێکترازان یان لەناوچوونی نەریتی باووباپیرانی دەبێتەوە، ئیتر شڵەقانێکی کۆمەڵایەتی و هەندێک جاریش دەروونی ڕویان تێدەکات و ڕادەی هێزی ئەو تەوژمە نوێیە و کاریگەرییەکانی بەسەر تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگەیەوە بە ڕوونی خۆی نماییش دەکات. جا ئەگەر بێت و ئەو گۆڕانکارییە لە ڕووی ئایینییەوە بێت، ئەوا بێگومان بێ بەرپەرچدانەوە نابێت و لە مێژووشدا ئەو ڕاستییە زۆر ڕوونە. بۆیە هەمیشە کە ئایینی تاکخودایی چووبێتە هەر کۆمەڵگەیەک، لە سەرەتادا کەم و زۆر بەرهەڵستی کراوە و زۆرێک لە نەریت و بیرە باوەکانی لێک ترازاندوو.

 لەم ڕۆمانەدا چینوا ئەچێبێ زۆر بە جوانی باس لە تێکشکان و لێکترازانی هەموو ئەو بیر و باوەڕە خێڵەکی و ئەو نەریتییانە دەکات، کە ڕۆژانێک بە پیرۆزیی باوانەوە سەیر کراون و پەیڕەوییان لێ کراوە، ئەو وێنەیەکی جوان (جوان لە ڕووی ئیستاتیکای نووسینەوە) لە سەرەتای گەیشتنی ئایینی تاکخودایی بە کۆمەڵگەی ئەفریقی دەکێشێت، باس لە لێکترازانی هەموو ئەو شتانە دەکات کە پەیوەندییان بە ژیانی ئەو کۆمەڵگە نەریتپارێز و فرەخوداوەندەوە هەیە. وێنەی پیاوێک پیشان دەدات کە چۆن بە هێزی بازووی هەوڵی مانەوەی خۆی و ئایینەکەشی دەدات، بەڵام دواجار بە لێکترازانی خێزان و کۆمەڵگدکەشی کۆتایی دێت.

ئۆکۆنکۆ کە پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، ئەگەرچی بە هۆی ڕووداوێکەوە بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە هۆزەکەی بەسەردا دەدرێت، بەڵام ئەو بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و هاوکات پارێزگاریکردنیش لە نەریتی هۆزەکەی، بڕیارەکە جێبەجێ دەکات. بۆیە ئەو پاش گەڕانەوەش بۆ ناو هۆزەکەی خۆی و هەتا کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی، بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو تەوژمە ئایینییە نوێیەی کە ڕووی کردووەتە هۆزەکەی. بەڵام دواجار گەلێک لە شتەکان لێک دەترازێن، وەک لێکترازانی دەنکی ملوانکەیەکی توحفەی لەمێژینە پارێزراو.

هاوبەشی بکە

Chinwa Achebe, Ravyar Abubakir,