20/04/2024
DidiMn Logo
Top

جێگەیەک نییە بە ناوی ماڵەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕەها ئەبوبەکر

١

دەمی شێوانە و لە خەوێ ڕابووە؛ لەسەر نڤینۆکەکەی دانیشتووە و بە دەموچاوی مۆن و خەواڵووەوە، بەبێ ئەوەی هیچی وا ببینێ، لە ڕایەخی بەردەم خۆی دەڕوانێت.

٢

سەعات پێنجی سەرلەبەیانی بوو، لەتاو سەرئێشەیەکی بەرگەنەگیراو، خەبەری بووەوە. هەرچەندی لە جێوبانەکەیدا ئەولاولای دەکرد و خۆی دەهێنا و دەبرد، لێ نەیدەتوانی بنوێتەوە و وا دیار بوو بەتەواوەتی خەوی لێ زڕابێ. ویستی پەنا بباتە بەر حەبێکی ئازارشکێن، تا بەڵکوو بڕێک لەو ئێش و ئازارەی هەیەتی، کەم بکاتەوە؛ بەڵام، بەو پێیەی کە هێشتا بۆ بەرچایی زۆر زوو بوو، دەشیزانی خواردنی حەب لە خورێنی باش نییە، ناچار بوو چاوەڕێ بکات؛ چاوەڕوانییەک، نغرۆ لە شەکەتی، ئێش و ئازاردا. بە شێوەیەک، نە وەک خووی هەمیشەیی خۆی کە هەر کاتێک بچووکترین دەرفەتی بۆ ڕەخسابا، بێ یەک و دوو تەماشای فیلمێکی دەکرد، تاقەتی تەماشاکردنی فیلمی هەبوو؛ نە ئەوە بوو بتوانێ، تەنانەت لاپەڕەیەک لە کتێبەکەی بەردەستی کە ماوەیەک دەبوو دەستی بە خوێندنەوەی کردبوو و ئاوایش هێشتا لە لاپەڕەکانی سەرەتایدا بوو، بخوێنێتەوە.

لە دەوروبەری خۆی بۆ مۆبایلەکەی گەڕا: بن سەرین، ناو لێفەی گرمۆڵەبوو، تەنیشتەکانی نڤینۆک، بەڵام نەیدۆزییەوە. پاشان بیری بۆ خەوڕۆییەکەی چوو، زانی دوێشەو، هەبێ و نەبێ دیسان کەتنێکی ناوەتەوە. لەبەرئەوەی ئەوە یەکەم جاری نەبوو ئەوەی بەسەر بێت و پێشووتریش لە هەمان بارودۆخدا، مۆبایلەکەی لەنێو زبڵدانی بانیژەکە دۆزیبووەوە؛ هیچ نەشڵەژا و خەمی نەبوو، دەیزانی هەر لە شوێنێک لەو شوێنانەیە. بەڵام، حەوسەڵەی ئەوەیشی نەبوو، گورج بچێ کون بە کون و زبڵدان بە زبڵدان بە دووایدا بگەڕێ و بیدۆزێتەوە.

لە جێوبانەکەی هاتە دەرێ، لە بێهێزیان، لاقی عەردی نەدەگرت؛ ئارەقەی شین و مۆری کردبوو؛ بەرچاوی ڕەش بووبوو و بە ئەستەم دەیتوانی بەردەمی خۆی ببینێ. دروست ئیڕۆ بەیانی، مردنی بە چاوانی خۆی دی. بە هەزارحاڵ خۆی گەیاندە نزیک مێزی خوێندنەوەکەی لە کونجێکی ژوورەکە کە لەپاڵ چەندان کتێبی تۆزلێنیشتوو و پشتگوێخراودا، لاپتۆپەکەشی لەسەر بوو. دایگیرساند و خستییە سەر میوزیکێک. ڕەنگبێ، لەبەرئەوەی پێی وا بووبێت، بە گوێگرتن لە میوزیک، خۆ ئەگەر بە تەواویش لە سەرئێشەکە قوتاری نەبێ، هیچ نەبێ پشوویەک بە مێشکی دەدات و کەمێک دێتەوە هۆش خۆی. لەسەر کورسیی بەردەم مێزەکە دانیشت، بە شێوەیەک خۆی لێک بڵاو کرد و سەری بۆ پشتەوە داچەماند، هیچ پێ نەدەچوو دانیشتبێ و هەر دەتگوت پاڵی داوەتەوە. خەریک بوو خەوی لێ دەکەوتەوە، هێدی‌هێدی خەیاڵی دەڕۆی بەرەو جێگایەکی قەشەنگ، بەرەو کتێبخانەیەکی زەبەلاح، لێوانلێو لە کتێبی لاپەڕەزۆر و گرانبەها، بە نێویاندادا دەگەڕا و لە خۆشییان، لە شەققەی باڵی دەدا. لەپڕ، هاوارێک کە بە دەنگە پیر و نووساوییەکەیەوە پێ دەچوو دایکی بێ، وەک بڵێی لە سەربانێکەوە فڕێی بدەنە خوارێ، ڕای چڵەکاند: “نانی بەیانیی ئااماادەیە، وەرەە نانەکەت بخۆۆ.” هەرچەند بە ئاگا هاتبووەوە، بەڵام هێشتا سەری هەر قورس بوو و بە ئەستەم چاوانی بۆ دەکرانەوە، سەری خستە نێو لەپی دەستەکانی و لەبەرخۆیەوە دەیگوت: “خەریک بوو دەگەیشتم بە مەنزڵگەی خۆم. خۆزگە بانگیان نەدەکردم. هەستم دەکرد حاڵم باشتر دەبوو.” لێ هەرچۆنێکی بێت، تینی دایە بەر خۆی و کوێرانە بەدەم دەنگەکەوە چوو، تا ئەوەی لە چێشتخانە خۆی بینییەوە. سەیرێکی مێزی نانخواردنەکەی کرد، تەنیا دایبابی بینی. بابی، بە چەشنی ئاغایان کە چۆنایی بە نائارامی و پەلەپەلەوە، چاوەڕێی بەرچایی لە بەردەستان دەکەن، ئاوا لە تاکە کورسیی سەری سەرەوەی مێزەکە دانیشتبوو و چاوەڕێی دەکرد. برای لەخۆ گەورەتریشی کە لەبەر چاوان نەبوو، پێ دەچوو وەک هەردەم، مێشی میوان نەبێ و ئارخەیان و بێخەم، هێشتا لە شیرینیی خەودا بێت. لەسەر کورسییەکەی دانیشت، جێڕوهۆڕی لێوە هات، دایکی لەبەرخۆیەوە گوتی: “ساڵانێکە هاوار دەکەم ئەو کورسییەی چاک بکەنەوە، کوڕەی بەستەزمان، نانێکی پڕ بە دڵی خۆی لەسەر ئەو کورسییە شلوشۆقە نەخواردووە.” دایکی چای بۆ تێ کرد و لە پێشی داینا، بابی بە تیلەی چاو سەیرێکی چایەکەی کرد و هەر کە سپیاییی دامێنی پیاڵەکەی بینی، لەبەرخۆیەوە گوتی: “ئەو هەموو شەکرە چییە بۆی تێ کردووە، خۆ بە نیاز نییە بە کوشتی بدات، داخووا نەیبیستووە شەکر، ژەهری سپییە!” نانەکەی خوارد و چووە لای یەخچاڵەکە، تا حەبێکی ئازارشکێن بدۆزێتەوە. لەو دەمەیدا کە لەنێو یەخچاڵەکەدا دەگەڕا و یەک یەک حەبەکانی دەپشکنی، هەڵاوگێری دەکردنەوە و پشتەوەیانی دەخوێندنەوە، گوێی لێ بوو دایکی لەبەرخۆیەوە دەیگوت: “چەند جارم پێ گوتووە ئەوەندە مەخوێنەوە. هیچت لێ دەست ناکەوێ، ملئێشە و سەرئێشە نەبێ. بەس داخەکەم چ بکەم، خۆ هەر ئەو نا، کەسیان لە هیچ شتێک بە گوێم ناکەن. بێچارە خۆم، تاکەکەسێک چییە لەو ماڵەی حسابم بۆ ناکات.” پاش دۆزینەوە و خواردنی حەبەکە، دایکی هەر پرتوبۆڵەی بوو کاتێ بەرەو ژوورەکەی کەوتەوە ڕێ. هێشتا نەگەیشتبووەوە ژوورێ، لە داڵانەکەوە گوێی لە میوزیکەکە بوو هەر بەردەوام بوو، ئەویش بە ئومێدی ئەوەی لەگەڵ حەبەکە، خەوێکی قووڵ و ئارامی پێ بدەن، نەیکوژاندەوە. سەیرێکی کتێبخانەکەی کرد، چاوی دەگێڕا و دەیویست چیرۆکێک وەدۆزێ. چیرۆکێک کە نەوەک هەر نەیدەزانی لە کامە کۆمەڵەچیرۆک، لە کامە کتێب و تەنانەت لە کامە تاخچەدایە؛ بەڵکوو ئاستەنگی گەورە ئەوە بوو، ناوی نووسەرەکەیشی لە فکران نەمابوو. چیرۆکێک کە زیاتر هەر لە وەهم و خەیاڵاتێک دەچوو و هیچی تر نا. هەندێک گەڕا، بەڵام ئاشکرا بوو کە گەڕان لەناو سەتان کتێب و نووسەری جوداجودادا، هەوڵێکی تەواو بێ هوودەیە. لەگەڵ ئەوەی بۆی ڕوون نەبوو لەبەر چی، بەڵام مودەتێک بوو زیاتر لە هەر کاتێکی دی، عەوداڵی خوێندنەوە، یان درووستتر، دۆزینەوەی ئەم چیرۆکە بوو؛ بە شێوەیەک کە نەیدەتوانی بیر لە هیچ شتێکی دی بکاتەوە. لەوانەیە، لەبەر هەستکردن بە تەنیایی بووبێ و بیری ماشوقە کۆنەکەی کردبێ، ئەوە لە کاتێکدا چیرۆکەکە تاکە دیاری و تاکە یادگاریی ئەو بوو لەلای؛ یان لەبەر ئەوە بووبێ کە پێشتر لە سبەینەیەکی زووی سارد و بەفراوی و پشوودا، لەدەم ئاگردانەکەدا، چیرۆکەکەی خوێندووەتەوە و ڕۆژێکی لەبیرنەکراوی بۆ خۆی چێ کردووە؛ یاخود لەوانەیە، لەبەر ئەوە بووبێ کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، خۆی لە کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەدا دەبینییەوە؛ یان و یان و یان… بەڵام نا، هیچ یەکێک لەوانە نەبوو، شتێکی دیکە بوو، شتێک کە هەرگیز بۆی ڕوون نەبوو و نەیدەزانی بە تەواویی چییە. وردەوردە هەستی بە خاوبوونەوە و کەمبوونەوەی ئازارەکەی دەکرد. لەسەر نڤینۆکەکەی پاڵکەوت و بەدەم بیرکردنەوەوە، پەیتاپەیتا پێڵووی چاوانی وێک دەهاتنەوە.

٣

بەرەبەری خۆرئاوابوون بوو، ژوور بەرەو تاریکیی تەواو دەچوو؛ میوزیکەکە هەر بەردەوام بوو و ئەویش، وەک بڵێی هەموو ئەو ماوەیە، بەئاگا بووبێ و بە ئانقەست چاوانی داخستبن، بە منگەمنگ، میوزیکەکەی لەبەرخۆیەوە دەگوتەوە.

٤

دەمی شێوانە و لە خەوێ ڕابووە؛ لەسەر نڤینۆکەکەی دانیشتووە و بە دەموچاوی مۆن و خەواڵووەوە، بەبێ ئەوەی هیچی وا ببینێ، لە ڕایەخی بەردەم خۆی دەڕوانێت. ژوور تەواو مات و تاریکە؛ لاپتۆپ، لە بێ بارگەییدا کوژاوەتەوە. بە ئومێدی بیستنی شتێک، تاوەکوونێ چاوی لەگەڵ تاریکییەکەدا ڕادێ، گوێی هەڵدەخات؛ دەنگی ماڵەوەیان بە ئەسپایی دێتە بەر گوێیانی، هەست دەکات خەریکی ئامادەکردنی نانی ئێوارەن. وێڕای ئەوەی کە زۆری برسییە و نانی نیوڕوانێشی لەکیس چووە، لێ هیچ حەز ناکات بچێتە کنیان. بە جۆرێک، تەنانەت لەناو ئەو تاریکاییەشدا کە چاو، چاوی نابینێ، بێزاری بەتەواوی سەروپۆتەڵاکییەوە ڕەنگ دەداتەوە. بێزاری لەوەی کە چۆنایی چوارییەکی تەمەنی لە نانخواردن و داڵانی نێوان ژوورەکەی و چێشتخانە، هەروا بەبا داوە. ئەوە لە کاتێکدا کە دەکرا ئەم کاتەی بۆ خوێندنەوەی کتێب بە نموونە، یان سەیرکردنی فیلم یان هەر هیچ نەبا بۆ نوستنێکی ئارام کە پێ نەدەچوو پێشتر لەبەر خەوڕۆیی و وڕێنە و خەونە سەیروسەمەرەکانی، قەتی بەخۆیەوە بینیبێ، تەرخان کردبا. لەناو ئەو بیرکردنەوانەدایە کە گوێی لە قۆڕەقۆڕی سکییەتی تەواوی ژووری تەنیوە. بۆیە ناتوانێ ددان بە خۆیدا بگرێ و بڕیار دەدات، دوای ئەوەی کە دوو تیکە نانی خوارد، بێتەوە بە وردی بیر لەو بابەتە بکاتەوە و شەنوکەوی بکات، دواتریش قەرارێکی لەبارەوە بدات. پاشان وەک بڵێی زۆر دڵی بە بڕیارەکەی خۆش بێ و لێی ڕازی بێ، هەر بە دەستوبرد لاپتۆپەکەی دەخاتە ژێر بارگاویکردنەوەوە و بە ڕاکەڕاک بەرەو چێشتخانە دەکەوێتە ڕێ.

باری دەروونی خۆی و بۆن و بەرامی چێشتخانە، کەشێك کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ منداڵی، دەیخاتە مەراقەوە کە بێ ئەوەی بپرسێ، هەر بە چاو بزانێ بۆ چێشتی ئێوارێ چییان هەیە. سەیری بابی دەکات کە لە کورسی سەری سەرەوە دانیشتووە و خەریکی زەڵاتە خواردنە، لەبەرخۆیەوە دەڵێ: “کەوایە زەڵاتەشمان هەیە.” چاو بە مێزەکەدا دەگێڕێ، ئەمبەر بۆ ئەوبەری سەیر دەکات: “چی دیش؟ چی دیش؟” لە برا گەورەکەی کە هێند بە گورجوگۆڵییەوە هاوکاریی دایکی دەکات، ورد دەبێتەوە و لەبەرخۆیەوە دەڵێ: “بەدڵنیایی دەبێ خواردنێکی بە دڵی لێنرابێ، ئەگینا ئەوە هەروا لەخۆوە نییە.” لەناکاو، دایکی سەری مەنجەڵێکی ڕەنگزیوی قەدیم بەڵام خاوێن، لا دەبات و ئەویش، وەک ئەوەی گەنجینەیەکی شاراوەی بەدوواگەڕاوی دیتبێتەوە، بە بزەیەکەوە: “ئاوەتا، شۆربای مریشکیش!” بە هەستێکی سەرکەوتووانەوە، لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێ و جێڕوهۆڕی لێوە دێ، برا گەورەکەی بە جۆرێک بڕوابەخۆبوونەوە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: “وا پێویست دەکات ئەو کورسیەش چاک بکەمەوە، دەنگەدەنگی زۆربووە و پێدەچێ هەندێک لە بورغووەکانی شل بووبێتنەوە.” هەموویان دادەنیشن و نان دەخۆن. چەند خولەکێک بێدەنگی باڵ بەسەر نانخواردنەکەدا دەکێشێ، هیچ کەسیان، لەبەرخۆیانەوە قسە ناکەن. لەوەوە هەست بە شادمانی دەکات، وەلێ هەر وەک چۆن دەترسێ دووبارە بکەونەوە قسە، ئاوایش لە قسەنەکردنیان دەترسێ. ئاخر گەر قسە نەکرێ، دەبێ هەم خۆی لەبەرخۆیەوە قسەیان بۆ هەڵبەستێ، هەم لە هەمان کاتیشدا ویستی وەرامدانەوەشی هەبێ. لەو بیرکردنەوانەدایە، سەری بڵند دەکات و دەبینێ هەمووان، جگە لە دایکی کە هەڵەشانە شۆرباکە هەڵدەقوڕێنێ، قەڵس دیارن و سەیری هەمووشوێنێک دەکەن جگە لە خواردنەکەی بەردەمیان؛ سەیری قاپەکانیان دەکەن و دەیانەوێ کەوچکێک شۆربا بخۆن، بەڵام وەک بڵێی شتێکی جوڵاوی بینراوی وەک دەعبای تێدا بێ و ئیشتیایان نەهێڵێ، دەمودەست سەر بڵند دەکەنەوە. بابی کە چی دی ناتوانێ ددان بە خۆیدا بگرێ، لەبەرخۆیەوە دەڵێت: “خواهاوار ئەوە کوا لە خواردنی بەنی ئادەم دەچێ! چ جانەوەرێک ئاوایی خواردن دەخوات! هاوار بە ماڵم لەگەڵ کێ تێکەوتووم! مەگەر خودا هەر بۆخۆی یارمەتیم بدات و لەم جەنگەڵستانە دەرم بێنێ.” کوڕە کە گوێبیستی هەمووشتێکە، دەیەوێ شتێک بڵێت؛ ڕاستییەکەی، دەیەوێ زۆر شت بڵێت، چەندان وشەی زلحۆرت، کە هەندێکیان تەمەنیان چەندان ساڵ دەبێ و شان لە شانیی دەدەن، لە ناخیدا پەنگیان خواردووەتەوە و وێنەی گردەڵەیەک، بەسەر یەکدیدا کەڵەکە بوون. بەڵام دواجار، دڕدۆنگ نییە لەوەی هەموو ئەوەی دەگوترێ، هەموو ئەوەی دەگوزەرێ، تەنێ ورتەورتێک و لەبەرخۆقسەکردنێکی لابەلان و هیچی دی! بۆیە وەک هەرگاڤ، هیچ ناڵێت و بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.

دوای نانخواردن و پێش ئەوەی بچێتەوە ژوورەکەی، کە دەبینێ تاقەت و وزەی چاکی پەیدا کردووە، یان هەر هیچ نەبێ لەوە چاکتر نابێ، دەچێ سۆراغێکی مۆبایلەکەی دەکات و هەر وەک چۆن پێشبینیی دەکرد، لەنێو زبڵدانی بانیژەکەدایە. دەچێتەوە ژوورەکەی، لاپتۆپەکە کە بڕێک بارگاوی بووەتەوە، دایدەگیرسێنێ و دەیخاتە سەر میوزیکێک. پاشان وەک ئەوەی خواردنێکی زۆری خواردبێ و بیەوێت یارمەتیی هەرسکردنی بدات، بە ژوورەکەدا هاموشۆیەکی ئەهوەن و ئێجگار عەجایب دەکات. ئاخر، جووڵەکانی بەدەم ڕۆیشتنەوە، پێچاوپێچ و دەستلێکبڵاو، هیچ لە جووڵەی ئادەمیزاد ناچێ و هەر دەڵێی مێلۆدیی میوزیکەکەیە و هاتووەتە سەما. لە میانەی سەماکەدا، چاوی دەکەوێتە سەر کتێبخانەکەی و وەها چاوی پێدا دەگێڕێ، دەڵێی بۆ شتێکی گومبوو، لێ ناسیار دەگەڕێ. پاشان بێ ئەوەی تۆزقاڵێک چاوی لەسەر لا بدات، هێواشهێواش لەسەر نڤینۆکەکەی دادەنیشێ و دەکەوێتە داڵغەلێدان. دوای ماوەیەک کە هەست بە شەکەتی دەکات و باوێشک لەسەر باوێشکان دەدات، ڕادەکشێ و بە کۆمەکی میوزیکەکە، وردەوردە چاوان لێک دەنێ.

٥

ئێستاکە، سەعات پێنجی سەرلەبەیانییەکە و سەرئێشە وەخەبەری هێناوە. بۆ مۆبایلەکەی دەگەڕێ، بەڵام دیار نییە. پێدەچێ شەوی ڕابرد لە وەختی خەوڕۆییەکەیدا، هەمیسان کەتنێکی نابێتەوە و مۆبایلەکەشی لەگەڵی ون کردبێت. بەڵام خەمی نییە، چون دەزانێ لەنێو زبڵدانی بانیژەکە یان هەر لە شوێنێک لەو شوێنانە، دەیدۆزێتەوە.

فەرهەنگۆک:
نڤینۆک: تەختەی نوستن
خەوڕۆیی:
noctambulism
بانیژ: باڵکۆنیەخچاڵ: سەلاجە
تاخچە: ڕەفە

هاوبەشی بکە

kurdish short story, Story,