25/04/2024
DidiMn Logo
Top

٢٠ مۆچیارییەکەی وڵیەم فۆکنەر لەمەڕ نووسین

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیار هۆمه‌ر

وڵیەم فۆکنەر یەکێکە لە هەرەباشترین نووسەرە ئەمریکییەکان لە مێژوودا. بە هۆی قەڵەمە بەبڕشت و شێوازە تایبەتەکەیەوە، توانیی لە تەمەنی پەنجاودووساڵیدا خەڵاتی نۆبێڵ بباتەوە، هەروەها براوەی دوو خەڵاتی پۆڵتیزەر و دوو خەڵاتی ناشناڵ‌بووکە، دڵی زۆرێک لە خوێنەرانیشی بەدەست هێناوە. میلیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەتاسەوە نووسینەکانی دەخوێننەوە. فۆکنەر جادوویەکی سەیری هەیە؛ یەکێکە لەو نووسەرانەی دەشێ بەردەوام نووسینەکانی بخوێندرێتەوە بێ ئەوەی بزاندرێ داخۆ چ ڕێچکەیەکی گرتووەتە بەر و چلۆن دەنووسێ.

فۆکنەر ساڵی ١٨٩٧ لە باشووری ئەمریکا، لە ویلایەتی میسیسیپی، چاوی بە دنیا پشکوتووە و ساڵی ١٩٦٢، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا، لە هەمان ویلایەت کۆچی دواییی کردووە. لێرەدا ئەو سەرنج و تێڕوانینە گرنگانەی فۆکنەر سەبارەت بە نووسین دەخەینە ڕوو کە لە بۆنە و دیمانە و گوتوبێژەکانی ساڵی ١٩٤٧ تا ١٩٥٨ هەڵهێنجنراون.

لەبارەی نووسەرییەوە:
مەبە بە نووسەر، ببە بە نووسین. نووسەری واتا مەنگی و چەقین. کرداری نووسین؛ جووڵە و چالاکی و زیندوویەتی دەنوێنێ. کاتێک لە جووڵە دەوەستی، مردووی. قەت بۆ نووسین زوو نییە، هەر کاتێک فێری خوێندنەوە بووی، دەیشتوانی بنووسی.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەیلی پرێنستۆنیان – ١٩٥٨)

لەبارەی نووسینەوە:
با هەر حەز و خولیا بێ. چونکە تۆ لەبەر پارە نانووسی، لەبەر چێژ دەنووسی. دەبێ بە لاتەوە خۆش و چێژبەخش بێ. ڕەنگە لە کاتی نووسیندا ئەو هەستەت نەبێ، بەڵام پاش تەواوبوونی دەبێ هەست بەو خۆشی و چێژە بکەی. تەواوبوون بەو واتایە نایەت ئیتر لە قوژبنێکدا دابنیشی و شانازی بەوەی نووسیووتە بکەی، بەڵکوو واتا هەموو هەوڵ و کۆششی خۆتت تێدا وەگەڕ خستووە و جارەکانی داهاتوو باشتر و باشتر دەبێ.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەیلی پرێنستۆنیان – ١٩٥٨)

تەکنیک:
گەر نووسەر حەزی لە تەکنیکە، با ببێتە پزیشک یان نژیار. هیچ ڕێکارێک بۆ باشنووسی نییە، تەنانەت قەدبڕێکیش نییە. نووسەرە لاوەکان گەر شوێن تیۆرێک بکەون، گەمژەن. لە هەڵەکانتانەوە فێر ببن، چونکە مرۆڤ تەنێ لە ڕێی هەڵەوە فێر دەبێ. نووسەری چاک پێی وایە کارەکەی هێندە باشە، کەس ناتوانێ مۆچیاریی بکا. سا خاوەنی فیزێکی تایبەتیشە. ئاساییە هەر چەندێکیش بە شانوباڵی نووسەری کۆندا هەڵبڵێ، چونکە ئێستاکە دەیهەوێ پشتی لە ئەرز بدا.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاریس ڕیڤیوو – ١٩٥٦)

باشترین شێواز بۆ نووسینی ڕۆمان:
پێشنیار دەکەم سەرەتا کەسێتییەکان لە مێشکی خۆتاندا بئافرێنن. کاتێک کەسێتییەک بە چاکی لە خەیاڵداندا دەئافرێنن، کەسێتییەکە ڕاستەقینەیە و خۆی شتەکانی دی دەکا. ئیتر تاکە کاری ئێوەی نووسەر ئەوەیە دوای کەسێتییەکە بکەون، ئەو کارانەی دەیکا و ئەو قسانەی دەیڵێ، بنووسنەوە. سەرەتا حەپەلووشکردنە، پاشان دەرهاویشتنە. دەبێ بڕواتان بە کەسێتییەکە هەبێ، دەبێ وا بزانن زیندووە، هەڵبەتە دەبێ بارودۆخی ژیانی بە جۆرێک هەڵبژێرن و لەبەرچاو بگرن کە لەگەڵ بیروباوەڕیدا بگونجێ و شیاو بێ. دوای ئەم هەنگاوە، شتەکان لە خۆوە بەرەو پێش دەچن. بەر لەوەی پێنووس بنێیتە سەر تیانووس، دەبێ زۆربەی چیرۆکەکەت لە مێشکتدا نووسیبێ. دەبێ کەسێتییەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ئەزموونی ڕاستەقینەت بێ و وەک پێشتریش ئاماژەم پێ دا، ئەمە بریتییە لە هەموو ئەو شتانەی وا خوێندووتنەتەوە، بیستووتن، بیرت لێ کردوونەتەوە، هەموو ئەمانە پێوەرێکت دەدەنە دەست بۆ پێوانی کەسێتییە خەیاڵییەکە. کاتێک کەسێتییە ڕاستەقینەکە تەواو دەبێ و لە بەرامبەرتدایە، زیندووە و دەجووڵێتەوە و گرنگە، کەواتە نووسینەوەی سانایە و قورس نییە.

(لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤیرجینیا – ١٩٥٨)

بوون بە ڕۆماننووسێکی باش:
لە سەدا نەوەدونۆ بەهرە، لە سەدا نەوەدونۆ ڕێکخراویی، لە سەدا نەوەدونۆ کۆشش پێویستە. نووسەری باش نابێ قەت بە تەواویی لە کاری خۆی قایل بێ. دەبێ هەمیشە ئامانجی گەورەتر و زۆرتر لەوەی دەتوانن، دابنێن. هەوڵ مەدەن هەر تەنێ لە هاوچەرخەکانی خۆتان یان پێشینان باشتر بن، هەوڵ بدەن لە خۆتان باشتر بن. نووسەر بوونەوەرێکە لە لایەن ئەهریمەنەکانەوە بەڕێوە دەبرێ. خۆیشی نازانێ بۆچی ئەویان هەڵبژاردووە، زۆربەی کاتەکانیش هێندە سەرقاڵە کە نایپەرژێتە سەر ئەوەی بزانێ داخۆ بۆچی وایە! نووسەر کەسێکە بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی، لەبەر ڕاپەڕاندنی کارەکەی، هەرچییەکی پێویست بێ؛ تەنێ لەپێناو تەواوکردنی نووسینەکەی، قەرز یان دزی یان سواڵ لە هەموو کەس دەکات… تاکە بەرپرسیاریەتیی نووسەر، هونەرەکەیەتی. گەر نووسەر باش بێ، زۆردار و دڵڕەق دەبێ، چونکە خەونێکی لە مێشکدایە و هێندە ئازاری دەدا کە دەبێ لە دەستی قوتاری ببێ تا هەمدیسان هەست بە ئارامی بکاتەوە. هەرچییەکی لە هەگبەدا بێ: شەرەف، شکۆ، دڵنیایی، پێداویستی، دڵخۆشی، هەموو شتێک لەپێناو نووسینی پەڕتووکەکەیدا دادەنێ. گەر پێویست بکات لە دایکی بڕفێنێ، بێ ئەملاولا دەیکا؛ هۆنراوەی ”Ode on a Grecian Urn” لە زۆرینەی پیرەژنەکان‌‌ باشترە.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاریس ڕیڤیوو – ١٩٥٦)

دەستهەڵگرتن لە نووسین:
تاکە یاسای من ئەوەیە کاتێک نووسینەکە هاڵاوی گەرمیی لێ هەڵدەستێ، دەستی لێ هەڵبگری. هەموو ئەو شتانەی دەتەوێ بیاننووسی، قەت بە جارێک هەڵیانمەڕێژە. هەمیشە کاتێک چیرۆکەکە خەریکە باش دەڕوات دەستی لێ هەڵبگرە. دەستپێکردنەوە لێرەوە ئاسانترە. گەر بە جارێک خۆت بڕەتێنی، ساتی دەستپێکردنەوە تووشی گێچەڵ دەبی. هەمیشە کاتێک شتەکان باش دەڕۆن، دەست هەڵبگرە.

(لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤیرجینیا – ١٩٥٨)


زاراوە:
باشترین شت ئەوەیە بە ڕێژەیەکی کەم کەڵک لە زاراوە وەربگیردرێ، چونکە ئەوانەی شارەزای زاراوەکە نەبن، سەریان لێ دەشێوێ. نووسەر نابێ ڕێگە بەوە بدات کەسێتییەکان ڕێک بە زمان و زاراوەیەکی تایبەت بدوێن. وا باشترە بە درێژاییی چیرۆکەکە، بە چەند ئاماژەیەکی کورت و پوخت، زاراوەی کەسێتییەکان دەربخات.

(لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا – ١٩٥٨)

کەسێتی:
هەقیقەت لە ناواخنی دڵی مرۆڤەوە هەڵدەقووڵێ. هەوڵ مەدە بیر و ڕامانى خۆت دەرخواردی خوێنەر بدەی. لەبری ئەوە، هەوڵ بدە کەسێتییەکە چلۆن دەبینیت ئاوها پێناسەی بکە. شتێک لە یەکێک وەربگرە، شتێک لە یەکێکی تر، بەم شێوەیە کەسێتیی سێیەم چێ بکە، با بە شێوەیەک بێ کە خەڵکی تێی ڕامان و بینیان، لێی تێبگەن.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەیلی پرێنستۆنیان – ١٩٥٨)

باشترین تەمەن بۆ نووسین:
بۆ نووسینی چیرۆک، باشترین تەمەن سیوپێنج تا چلوپێنج ساڵییە. لەو تەمەنەدا، هێشتاکە کڵپەی دەروونتان دانەمرکاوەتەوە و لە هەمان کاتدا ئەزموونێکتان خڕ کردووەتەوە. هەڵبەت چیرۆک خاووخلیچکە. بە بڕوای من باشترین تەمەن بۆ نووسینی هۆنراوە، حەفدە تا بیستوشەش ساڵییە. هۆنراوەنووسین وەک هەڵدانی مووشەکە بەرەو بۆشایی، پێویستە هەرچی وزە و بارووتت پێیە تێی بترنجێنی.


(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ وێسترن ڕیڤیوو – ١٩٤٧)

شێوازی نووسین:
من شێوازی نووسینمم بۆ خۆم نەئافراندووە. پێم وایە شێواز یەکێکە لە کەرەستەکانی پیشەکار، نووسەرێکیش کە لەڕادەبەدەر خەیاڵی لای باشترکردنی شێوازە، یان دوای شێوازێکی تایبەت دەکەوێ، ڕەنگە قسەی زۆری بۆ گوتن پێ نەبێ و خۆیشی ئەمە چاک دەزانێ، سا  ئەمەیش دەیترسێنێ، بۆیە ئیدی دەچێ بە شێوازێک دەنووسێ، پاشان وەک ئەوەی خشڵ و گەنجینەیەکی دانسقەی دۆزیبێتەوە، داکۆکیی لێ دەکا. چەشنی ‘واڵتەر پیتەر’ دەردەچێ کە نووسینەکانی جوانن، بەڵام ناوبۆشن. پێم وایە شێواز تەنیا کەرەستەیەی پیشەکارە. چیرۆکەکە خۆی پێت دەڵێ بە چ شێوازێک بینووسی، لەوانەیە بەکارهێنانی شێوازێک بۆ چیرۆکێک لەبار بێ و شێوازێکی تر بۆ چیرۆکێکی تر. دەبێ نووسەری کارامە وەک دارتاشێکی لێزان بتوانێ پارچەیەک نووسین دابتاشێ… بەڵام بە بڕوای من شێواز شتێکە خۆی بەرهەم دێ.

(لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرجینیا – ١٩٥٨)

نووسینەوەی واقیع:
هەنووکە مەرگەساتەکەمان ترسێکی گشتیگیر و جیهانییە و ئەوەندە خۆی ڕاگرتووە کە تەنانەت ئێمەیش توانیوومانە بەرگەی بگرین. ئیدی کێشەی ڕۆح نەماوە، تاکە پرسیارێک لە ئارادایە: ”کەنگێ ژیانم کۆتایی دێ؟” لەبەر ئەمەیە نووسەرە لاوەکانی ئەم سەردەمە کێشمەکێشی ناخی مرۆڤیان پشتگوێ خستووە کە تاکە شتێکە بۆ نووسین بشێ، تاکە شتێکیشە کەڵکی کۆشش و چنگەکڕێی ‌‌هەبێ.

نووسەر دەبێ دووبارە فێری هەموو ئەمانە ببێتەوە. دەبێ خۆی فێر بکا کە ترس پیسترینە. ئەم شتە فێری خۆی بکا و بۆ هەمیشە لە بیری بکا، بە هیچ کلۆجێک نەهێڵێ ترس لە نووسینەکانی بچۆڕێتەوە، بەڵکو دەبێ بیپەرژێتە سەر نووسینەوەی ڕاستییەکان، ئەو شتانەی هەڵقوڵاوی نێو ناخین و هەموو ئەو چیرۆکانەی پێملی نووسینەوەیانە؛ ئەڤین و شانازی، غەڕایی و بەزەیی، دلۆڤانی و قوربانی. نووسەر تا ئەمە نەکا، لە ژێر باری نەفرەتدا دەبێ. ناچێ لەبارەی ئەوینەوە بنووسێ، دەچێ لەبارەی ئاڵۆشەوە دەنووسێ. لەبارەی شکستێکەوە کە کەس شتی بەنرخی تێدا لە دەست نادا. لەبارەی سەرکەوتنێکەوە کە هیچ هیوایەکی تێدا نییە. لە هەموویشی خراپتر، نووسینەکانی سۆز و بەزەیییان لێ ناچۆڕێ. خەم و پەژارەکەی لەبەر زیندەبەڕۆح نییە، بۆیە تەنێ هەر خۆی دادەپڵۆسێنێ. جا لەبارەی دڵ و دەروونەوە نانووسێ، بەڵکو هەر باسی لوولەڕژێن دەکا.

(گوتاری فۆکنەر لە بانگهێشتنامەی خەڵاتی نۆبێڵ – ١٩٤٩)

ناو:
گومانم لەوە هەیە یاسا و ڕێسایەک بۆ ئەمە هەبێ، بەڵام پێم وایە تا ناوەکەی کورتتر بێ، باشترە. بە بڕوای من زۆربەی زۆری کاتەکان، چیرۆک خۆی ناوێک بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ… بەڵێ! سوورم لەسەر ئەوەی تا کورتتر بێ باشترە.

(لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا – ١٩٥٨)

شکست:
هەموومان لە بەدەستهێنانی خەون و ئاواتەکانمان شکستمان هێناوە. سا لەسەر بنچینەی شکستە ئاڵوواڵاکانمانەوە دەست دەدەینە کاری ئەستەم. بە بڕوای من، گەر بمتوانیبایە دیسان هەموو نووسراوەکانم بنووسمەوە، بێگومان لە جاران باشتر دەمنووسینەوە، هەڵبەت ئەمە لای نووسەر شتێکی ئاسایییە. بۆیە لە نووسین بەردەوامە، هەمدیسان هەوڵ دەداتەوە، ئەو کاتەی ئیدی کارێکی نەماوە بیکا، دەتوانێ شاخوێنبەری بقرتێنێ یان لە بەرزاییەکەوە خۆی هەڵدێرێ. من شاعیرێکی دۆڕاوم. ڕەنگە هەموو ڕۆماننووسەکان ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستبێتیان ببنە شاعیر، بەڵام بۆیان دەردەکەوێ کە پێیان ناکرێ، پاشان نووسینی کورتەچیرۆک تاقی دەکەنەوە -کە لە دوای شاعیری قورسترین کارە- جا دوای شکستهێنان لەمەیشدا، بەرەو ڕۆماننووسین پەل دەهاوێژن.


(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاریس ڕیڤیوو – ١٩٥٤)

ساتی سرووش:
ئێوە هەمیشە دەتوانن کات بۆ نووسین تەرخان بکەن. ئەوەی دەڵێت کاتی نووسینم نییە، بیانوویەکی قۆڕی لە پشت ئەم قسەیەوە مەڵاس داوە. نووسین و سرووش دووانەیەکی لێک دانەبڕاون. کاتێک سرووشتان بۆ دادەبەزێ چاوەڕوان مەبن، یەکسەر بینووسن. چاوەڕوانی ئەوە مەبن کاتێک بۆ نووسین دابنێن و دیسان ئەو دۆخی سرووشە دابڕێژنەوە، یەکسەر بینووسن و تەواوی بکەن. ئەوە بزانن کە قەت‌ قەت ئەو هەستەی سەرەتاتان چنگ ناکەوێتەوە.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ وێسترن ڕیڤیوو – ١٩٦٧)

پێداویستییەکانی نووسەر:
نووسەر ژینگەیەکی پێویستە کە پڕ بە دڵی خۆی ئارامی و تەنیایی و چێژی تێدا بێ، گەیشتنیش بەمانە زۆر لەسەری نەکەوێ. ژینگەی نەگونجاو تەنێ ئۆقرەبڕاو و شەکەت و قەڵسی دەکا. با لەبارەی ئەزموونی خۆمەوە بدوێم؛ پێویستم بە کاغەز و جگەرە و خواردن و چۆڕێک وێسکی هەیە… نووسەر پێویستی بە سەربەخۆییی ئابووری[1] نییە، تاکە شتێک بیهەوێ پێنووس و تیانووسە. من هەرگیز نووسینێکی باشم نەبینوه کە بە زەبری پارە و بەخشیش نووسرابێ. نووسەری باش هەرگیز چاوی لە دەستی ئەموئەو نییە. هەمیشە سەرقاڵی نووسینە، گەر وا نەبێ دیارە بە بیانووی نەبوونی کات و پشتگیریی ماددییەوە خۆی دەخڵافێنێ. هونەری باش دەکرێ لە دز و قاچاغچییەکانەوە یان لە مەیتەری ئەسپەوە وەربگیرێ. زۆربەی خەڵکی بە دیتنی ئەوەی ئەوان چۆن لە بەرامبەر هەژاری و تەنگوچەڵەمەکاندا بەرگەیان گرتووە، ترس دایاندەگرێ، تەنانەت بە دیتنی ئەوەی کە چەندێک پشوودرێژیشن. هەڵبەت هیچ شتێک ناتوانێ نووسەری باش بفەوتێنێ. تاکە شتیش بتوانێ نووسەری باش بگۆڕێ، مردنە.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاریس ڕیڤیوو – ١٩٥٤)

نووسین لە دەرەوەی بازنەی ئەزموونەوە:
بۆ ئەوەی نووسەر دەیهەوێ لەبارەیەوە بنووسێ، نابێ سنوورێک دابندرێ. دەبێ بەو شێوازە بنووسێ کە شارەزایە، دەشێ لە دەرەوەی بازنەی ئەزموونەکانیشیەوە بێ. سا وا باشترە ئەو شتەی دەینووسێ لە تێڕوانین و ئەزموونەکانییەوە سەرچاوە بگرێ، بەڵام هەر نابێ سنووربەندی بۆ هەوڵ و کۆششەکانی هەبێ. ئامانج تا بەرزتر و مەزنتر بێ، باشترە. گەر نووسەر دەیهەوێ شکست بهێنێ، وازی لێ بهێنن با شکستێکی مەزن و عەنابی بهێنێ؛ نەوەک دۆڕانێکی بچووک و بێنرخ.

(لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرجینیا – ١٩٥٨)

بیراز و پێداچوونەوە:
بەهۆی ئەو گوڕوتینەی لە کاتی نووسیندا هەتانە، ڕەنگە ڕستەی زۆر کەڵەکە بکەن. گەر دوای پێداچوونەوە ڕستەکانتان بە گونجاو و لەبار زانی، دەستکارییان مەکەن.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ وێسترن ڕیڤوو – ١٩٤٧)

هەر چیرۆکێک نەتواندرێ لە ڕستەیەکدا یان هیچ نەبێ لە پاڕاگرافێکدا کورت بکرێتەوە، کەڵکی نووسینی نییە. سەبارەت بە خۆم؛ لە پێداچوونەوەدا تەمەڵ‌ و تەوەزلم، سا بۆیە پێش ئەوەی نووسینە گران و تاقەتپڕووکێنەکە لەسەر کاغەز هەڵبڕێژم، هەموو هەوڵم وەگەڕ دەخەم تا زۆرینەی کرداری نووسینەکە لە مێشکمدا، لە هزر و خەیاڵمدا، ڕابپەڕێنم. هەڵبەت من پێم وایە پێداچوونەوە کاتێک باشە نووسینەکە چاک دەرچووبێ، بەڵام ئەوە نەبێ کە بەتەمای بووی، بۆیە گۆڕانکاری و جێگۆڕکێی تێدا دەکەی و هەوڵ دەدەی لە بیرۆکەکەتى نزیک بخەیتەوە، کەچی هەر وا دەرناچێ. ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە پێداچوونەوە زیاتر بۆ نووسەرەکانە نەوەک بیرازکەرەکان[2] کە لەبەر دڵی خوێنەر دەق دەشێوێنن.

(لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرجینیا – ١٩٥٨)

کەرەستەی سەرەکیی نووسەر:
نووسەر سێ شتی پێویستە؛ ئەزموون، تێڕوانین، خەیاڵکردن. گەر دووانیان یان بڕێک جار یەکێکیان لەوانی تر بەهێزتر و بەپێزتر بێ، دەکرێ قەرەبووی لاوازیی ئەوانی دی بکاتەوە. لە لایەنی خۆمەوە هەمیشە چیرۆک لە بیرۆکەیەکی ساکار، بیرەوەرییەک یان وێنایەکەوە سەر هەڵدەدا. نووسینی چیرۆک هەوڵدانە بۆ گەیشتن بەو ساتەی کە ڕوونی بکەیتەوە بۆچی ئەم شتە ڕووی داوە، یاخود دوای ئەمە چ شتێکی دیکە ڕووی داوە. هەمیشە نووسەر هەوڵ دەدات کەسێتییەکانی بە سەرنجڕاکێشترین و باشترین شێواز بنووسێ و دابڕێژێ، ئاشکرایە بۆ ئەمەیش یەکێک لە کەرەستەکانی ژینگەکەی بەکار دەهێنێ کە زۆر چاک تێیدا شارەزایە. بە بڕوای من؛ مۆسیقا ساناترین کەرەستەیە بۆ دەربڕینی شتێک، هەروەها مۆسیقا لە سەرەتاییترین ئەزموونی مرۆڤ و مێژووە. بەڵام چونکە کاری من لەگەڵ وشەکاندایە، دەبێ هەوڵ بدەم شتەکان بە وشە دەرببڕم، لە کاتێکدا مۆسیقا باشتر دەتوانێ دەریببڕێ.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاریس ڕیڤیوو – ١٩٥٤)

باشترین ڕاهێنان بۆ نووسین:
بخوێننەوە، بخوێننەوە، بخوێننەوە. هەموو شتێک بخوێننەوە؛ نووسینە بێسەروبەرەکان، کلاسیکەکان، باشەکان، خراپەکان… هەموویان بخوێننەوە تا بزانن ئەوان چلۆن نووسیوویانە، سەرنجی وردەکارییەکانیان بدەن. کاتێک کەسێک دەیهەوێ فێری دارتاشی ببێ، سەرەتا تەنێ سەرنج دەدا و ورد دەبێتەوە.

بخوێننەوە! خوێندنەوە سەرنجدان و وردبوونەوەی نووسەرە. بنووسن، گەر باش بێ خۆتان پێی دەزانن. گەر خراپیش بێ، شەقێکی تێ هەڵبدەن.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ وێسترن ڕیڤیوو – ١٩٤٧)

کار و پیشە:
نووسین مەکەنە کار و پیشەتان. با لە پاڵیدا کارێکی ترتان هەبێ کە دابینکەری ژیان و بژێوییتان بێ. گرنگ نییە چ کارێک دەکەن، تەنێ ڕێگر نەبێ لە نووسین و پارەی لێ دەست بکەوێ بەسە. گرنگ نییە ڕۆژانە چەند کاتژمێر کار دەکەی، دەتوانی کات بۆ نووسین گل بدەیتەوە. من تا ئێستاکە هیچ کەسێکم نەبینیوە شتێکی پێ خۆش بووبێ و نەیتوانیبێ کات بۆ نووسینەوەی دابنێ.

(لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەیلی پرێنستۆنیان – ١٩٥٨)

ژێدەر:

20 Pieces of Writing Advice from William Faulkner, lithub.com (Translated into Kurdish by Jiyar Homer)
تێبینی: ئەم وەرگێڕانە لە ژمارە ٧ـی گۆڤاری ئیلیان بڵاو بووەتەوە.


[1] Economic freedom

[2]  بیرازکەر: Editor، ویرایستار، محرر – وەرگێڕ.

هاوبەشی بکە

jiyar homer, Story,