24/03/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆكی ژاوه‌ژاو

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دلۆڤان فه‌ره‌یدوون

مانگ شەڕ لەگەڵ گەواڵە هەورەكاندا دەكات، بۆ ئەوەی تریفەى خۆی بگەیەنێتە سەر شەقامەكە. بە شەقامەكەدا ڕادەبوورم، ئەو پارچەكاغەزەی لەنێو دەستمدایە، ناونیشانی ئەو ئاپارتمانەی لەسەرە كە دایكم لێی دەژی. بەرەو ناونیشانەكە دەڕۆم، گیزەگیزێك لە سەرمدایە وەك بڵێیت مێشكم كورەی هەنگ بێت، چەند جارێك دەست دەكەم بەناو گوێی ڕاستمدا و بە خێرایی دەیخورێنم، خێراتر هەنگاو دەنێم. كوندەپەپوویەك سەرنجی ڕاكێشام، كە بە سەری پیاوێكەوە هەڵنیشتبوو. چاوی بڕیبووە چاوم وەك بڵێیت دەتوانێت مێشكم بخوێنێتەوە و هەست بەو گیزەگیزەی بكات. چووم بەرەو لای دەستەڕاستی شەقامەكە و لەوێشەوە خۆم بەنێو ئەو ئاپارتمانەدا كرد كە دایكمی تێدا دەژیا. ئاپارتمانێکى ئاسایی بوو. بە قادرمەكانی ئاپارتمانەكەدا سەردەكەوتم بۆ قاتی ٤. لە دەرگام دا و كەس نەیكردەوە. بە دەنگێكی كەمێك بەرز “سڵاو”م كرد و هیچ دەنگێك لەودیو دەرگاكەوە نەبوو. لەپشتمەوە دەرگایەك كرایەوە، ئاوڕم دایەوە و ژنیك گوتی:

–  سڵاو كوڕی گەنج. ئەم ژوورە هی پیاوێكە كە هەر كەمێك پێش ئێستا بەخۆی و كوندەپەپووكەیەوە چوونە دەر.

بەبێ ئەوەی هیچ بڵێم، بە خێرایی بەرەو خوارەوە داگەڕام. گەشتمەوە سەر شەقامەكە، چوومەوە سەر شەقامە گشتییە قەڵەباڵقەکە، کە لەو ساتەدا کەسی لێ نەبوو. چەند جارێك سەیری ناونیشانەكەم كرد و چاوەكانمم هەڵگلۆفین و كەسم نەدیت.

–   مێشكت لە كوێیە گیانەكەم؟
–  ئاهـــ ببوورە هۆشم لای خۆم نەبوو.
–   ئەوە چییە لەنێوان دەستەكانتدا.

بە سەرسووڕمانەوە سەیرێكى ناو دەستمم كرد؛ بینیم سەری كوندەپەپووەكە بوو لەنێو دەستەكانمدا، هاوارێكم لێ بەرز بووەوە و تەواوی شەقامەكە سەیریان دەكردم. جگەرەیەكم پێكرد، بە هێواشی هەنگاوم دەنا و لە دەوروپشتمم دەڕوانى. ژوورێك كە بە خوێن لەسەر دیوارەكەی نووسراوە «داچڵەكین». سەرم گێژى دەخوارد، چەند جارێك دەكەوتم و خۆم هەڵدەساندەوە. توند چاوەكانم دادەخەم.

–  بۆ خاتری خوا تۆ چیت كردووە؟! ئەوە چی ڕوو دەدا!
–  نازانم خۆشم نازانم!
–  دوێشەو لە كوێ بووی؟! بە درێژای دوێشەو تۆ دیار نەبووی! ئەم سەرەکوندەپەپووە چی دەكا لەنێو دەستەكانت؟! ها؟ جوابم بەرەوە!

بۆ ساتێك بیرم كردەوە: دوێشەو دەبێت من لە كوێ بووبم؟ هەستام و بێ گوێدانە قسەكانی، بە خێرایی ئەوێم جێ هێشت و بەرەو ماڵەوە ڕۆشتم، تا كەمێك پشوو بدەم. لەبەردەم دەرگای ئاپارتمانەكەدا پیاوێكم بینی كە دوو گەنجی تریش لەدواوەی وەستابوون و مۆڕەیان لێ دەكردم، بە جلەكانیاندا ئاشکرا دیار بوو كە پۆلیسن. جگەرەیەكی داگیرساندبوو و بە حەسرەتەوە دووكەڵە شینەكەیی بە با دەكرد، ویستم تێبپەڕم و پیاوەكە بانگی كردم.

–  ببوورن بەرێز شالیار.

ئاوڕم دایەوە و گوتم:

–  بەڵێ.
–  خۆم بە بەڕێزتان دەناسێنم: من لێكوڵەر مستەفا دەودەنم.
–  فەرموون گەورەم، چیتان دەوێ!
–  پێویستە لەگەڵمان بێن بۆ بنكە.

بە سەرسووڕمانەوە پرسیم:

–  بۆ بنكە؟
–  بەڵێ بۆ بنكە. جا باشترە ئێستا لەگەڵمان بێن، هەندێك پرسیارمان هەیە.
–   چ پرسیارێك!؟
–  ئێرە بنكە نییە، فەرموون پێشمان كەون.
–  تەنیا دەمەوێ بزانم چیم كردووە.
–  دوێشەو لە كوێ بوون؟!

دەستێكم بە نێوچاوانمدا هێنا و هەردوو دەستم خوێنیان لێ دەچۆڕا. چاوم بەنێو ژوورەكەدا دەگێڕا، مێشكم گیزەگیزێكی زۆری تێدا بوو، دەنگی توێکردنى گۆشت و قرچە و شكاندنی ئێسك لە مێشكمدا مابوەوە، چاوم چووە سەر پشتی دەرگاكە، جەستەیەكی ڕزیوی پێوە هەڵواسرابوو، كە دواهەمین دڵۆپەخوێنیم خواردبووەوە، تامێكی سەیری دەدا. هەستام و چوومە لای جەستەکەوە. دەمویست ئەندامەکانى ناوەوەی دەربێنم و بیانخۆم. ئاوڕێکم دایەوە بۆ پەنجەرەی ژوورەکەم کە بەسەر شەقامەکەدا دەیڕوانی؛ گەنجێکم بینی کە لە کافێکە هاتە دەر. چاوم لێ زیت کردەوە و قیڕاندم… گووی نێو ژوورەكەم پاك نەكردبووەوە، ڕاكشام و سەرم لەنێو گووەكەی خۆمدا بوو. چاوم بڕیبووە بنمیچى ژوورەكەم، چاوەكانمم هەڵگلۆفین؛ دەكزانەوە.

كێشای بە مێزەكەی بەردەممدا و نەڕاندی بە سەرمدا:

–  گوێ بگرن، دیارە نەرمونیانی لەگەڵ ئێوە كارێكی هەڵەیە! بۆ دواین جار دەپرسم کە دوێشەو لە كوێ بوون؟

بەبێ تروکاندن، چاوە بریقەدارەکانیی تێ بڕیبووم. خۆمم لە گلێنەی چاوە شینەكانیدا دەبینی. هەستم بە ترسێكی زۆر دەكرد، دەمویست هەموو كارێك بكەم تاكو یادەوەریم بۆ بگەڕێتەوە، چەند جارێك لە خۆمم پرسی دوێشەو من لە كوێ بووم!؟

شتێكم هاتەوە یاد؛ پیاوێكم دەهاتەوە یاد كە كوندەپەپوویەك لەسەر شانی هەڵنیشتبوو، دەموچاوی پیاوەكەم باش نەدەهاتەوە بەرچاو، لە شەقامێكی تەنگدام، دەستەكانم دەخشێنم لە دیواری كۆنی بانكێك، چەقۆكەی كە لە دەستی ڕاستمدایە، دەنگێكی زیكن دروست دەكات. ئەوە تاكە شتە بێتەوە یادم. بۆكسێكی کێشا بە دەموچاومدا، هەستم بە گێژبونێكی زۆر كرد، وێنەیەكی لە بەردەمم دانا: «جوان سەیری ئەم وێنەیە بكە. دواین جار كەی ئەم ژنەت بینیوە؟» وێنەكەم گرت بە دەستمەوە و جوان سەیری وێنەكەم كرد، چاویم دەناسییەوە. پوورم خەوتبوو، بە دزیەوە و بە ئەسپایی، هەستام و ورد و هێواش هەنگاوم دەنا، تا دەرگای ژوورەكەم کردەوە، چومە قاتی خوارەوە و لەوێشوە ڕاستەوخۆ بۆ دەر. بەرەو ماڵی خۆمان ڕام كرد، دەرگاكەم كردەوە، بینیم پیاوێك لەگەڵ دایكمدایە، كێری دەخستە نێو قوزی. هەڵدەلەرزیم و دەستم كردە گریان، گوێم لێ بوو دایكم گوتی: «مناڵە هیچ نازانێ، كاری خۆت بكە».

پیاوەكە ئاوڕێكی بۆ دامەوە، چاوە ڕەشەكانیم باش دێنەوە یاد، دوای چەند خولەكێك دایكم و پیاوەكە ڕۆشتنە دەر و پیكەوە ڕایان كرد. دایكم بەدەم ڕێگاوە خۆی دەگۆڕی، وەك بڵێیت لە خەوێكی قووڵ بەئاگا هاتبێت و بەپەلە بچێت بۆ دەرگاكردنەوە.

كێشای بەسەر مێزەكەدا: «جوان سەیركەن». وردتر بوومەوە لە وێنەكە، تفێكم قووت دا و دۆزیمەوە. ئەو چاوانەم دواین جار لەنێو دارستانێكدا بینین كە بەجێیان هێشتم. من ئەوم باش هاتەوە یاد، جەستە هەڵواسراوەكەشیم هاتەوە بیر. بۆ چركەیەك ویستم هەموو یادەوەریم كۆ بكەمەوە و وەڵامێکى دروست بدەم بەم لێكۆڵەڕە بۆ ئەوەی دەربازم بێت لێی. درۆم كرد.

–  باسی چی دەكەن هەرگیز ئەم كەسەم نەبینیوە.

چاوەكانی سوور هەڵگەڕان و توند یەخەی گرتم:

–  بە ڕاستتانە نەتانبینیوە!؟

بە دەنگێكی لەرزۆكەوە وەڵامم دایەوە.

–  بەڵێ.

–  بەڵام دراوسێكانی دەڵێن ئێوە دواین كەس بوون كە لە ژوورەكەیدا هاتونەتە دەر و كوندەپەپوویەكیش لەسەر شانتان بووە. دواین قسەشمان لە خۆشەویستەكەت وەرگرت و گوتی ئەم بەیانییە تۆی بینیوە، سەری بڕاوی كوندەپەپوویەك لەنێو دەستەكانتادا بووە. بۆ ساتێك چاوەكانم فرمێسكی لێ هاتە خوار و لێكۆڵەرەكە بەردەوام بوو: «ژوورەكەی بەڕێزتانم پشكنی، پڕ بوو لە سیمبولی پڕوپوچ و بێمانا، هانابردن بۆ لوسیفەر و چەند كوندەپەپوویەک و و قەلەڕەش و كەللەبزنێک. ئاهـــ هاتەوە یادم بەخوێنیش نووسیبوتان “ڕاچڵەكین” و خاچی هەڵگەڕاوەشتان كێشاوە، دەتوانن ئەمانە ڕوون بكەنەوە هەی شێتی گەمژە؟»

–  چاوم بڕییە بنمیچەكە، دەستم برد بۆ سنگم؛ هەمووی خوێنە. تەماشەیەكی دەستەچەپمم كرد؛ كوندەپەپووەكەمم بینی، لە خوێندا خۆى گەوزاندبوو. هەستامە سەرپێ و بە هێواشی جەستەكەم لەتوكوت كرد و خستمە نێو عەلاگەیەكی گەورە. دەستەكانم دەلەرزین و نەڕاندی:

–  دوێشەو لە كوێ بوون؟!

سەرم خستبووە نێوان ئەژنۆم و هەڵدەلەرزیم. لەبەرخۆمەوە وڕێنەم دەكرد، سەیرێكی بنمیچی ژوورەكە دەکەم و دەنگێکم دێتە گوێ: “هێورکەرەوەکە بێنە.”

چاوەكانم لێك دەنێم، شەمەندەفەرێك بە خێرایی دەڕوات، هەرگیز شەمەندەفەرم نەبینیوە بە هێواشی بڕوات. چاوەكانم توندتر لێک دەنێم، من هەست ناكەم شەمەندەفەرێك بڕوات، دەمەوێت بیر لە شەمەندەفەر نەكەمەوە. لە ڕیگادام بۆ سەر كارەكەم، چاو دەكەمەوە، ئافرەتێك دێتە بەردەمم، پەشیمانم کە چاوم كردەوە، دەڕۆمە دەرەوەی وێستگەی شەمەندەفەرەكە، شەمەندەفەر نابینم. هەموو بە خێرایی دەڕۆن و هیچ كەس هەست بە من ناكات. هەموو بێباكانە دەڕۆن، پیاویك كیسەیەك گەنمەشامیی پێیە و دەیەوێت لە شەقامەكە بپەڕێتەوە، تەكسییەك زۆر بە توندی خۆی پێدا دەكێشێت. كەس گرنگیی پێ نادات. بە خێرایی هەڵی دەگرمەوە.

لەسەر جێخەوەكەمم. دەیخەمە دەمم. تامێکى سەیرى هەبوو، لە بەینى دانەکانمدا جیڕەى دەهات؛ وەک ئەوەى لاستیک بێت. ڕاكشاوم، چاو دەبڕمە خاوەن كارەكەم:

–  بۆ دواكەوتی؟

تەنیا سەیری دەكەم. گەنمەشامییەك دەخەمە نیو دەمم، خوێنی پێوەیە، تفی دەكەمەوە سەر جێخەوەكەم. دەڕۆمە ژووری كارەكەم و خۆم دەخەمە سەر لا بۆ ئەوەی خەوم لی بكەوێت. دەرگاكە پێوە دەدەم. گوێم لێیە دەنگێك لە ژوورەكەی بەڕێوبەرەوە دێت.

–  سڵاو.

–  سڵاو خاتوون.

–  ببوورن، جەنابی بەڕێوبەر کە لە كاتتان دەگرم، بەڵام پێم وایە پێویستیتان بە كارمەندێكە بۆ هەڵەبڕیی دەزگاکەتان.

شتەكانى ناو ژوورەکەم کۆ دەکەمەوە. دواین جار گوێم لە هەناسەبڕكێ و ئاهێكی توندی بەڕێوبەرەكەیە. لەسەر پارچەكاغەزێك نووسیم: «ببوورن جەنابی بەڕێوبەر، من ناتوانم بۆ تۆ هەناسەبڕكێ بكەم». قۆڵم سڕ بوو، دووبارە لەسەر پشت ڕادەكشێم و بە گوێی چەپم، گوێم لە هاوارێكی توندە، لە ناوجەرگەى دارستانەكەدا، دەنگی هەورەگرمەكان، ڕووناكیی هەورەبرووسكەكان دارستانە چڕەكەی ڕووناك دەكردەوە. قریشكەی دایكێك، منداڵێك هاوار دەكات: «دایكە!» لەژێر پێی بەرازێكدا پووشەكان دەشكێن، كوندەپەپوویەك لەسەر قەدی دارێکەوە سەیری منداڵەكە دەكات؛ توند چاوی بڕیوەتە چاوی. گورگێك دەلوورێنێت و قەلەڕەشێك بەژوور سەرییەوە دەخوێنێت، بایەكی بەهێز دێت، بەنێو دارستانەكەدا دارەكان بە جاریك بەو بایە وەك ئۆكێسترایەك دەنگ دەردەكەن. ئەمشەو دارستان چەند ناشیرین بوو. منداڵێك لە دارستانەكەدا بە تەنیایە. من نازانم بۆ دەبێت ئەمە ببینم. بەیانی زوو منداڵەكە لەنێو دەستاودەستكردنی خزمە نزیكەكانی هاواری لێ دەكەن تا هۆشی بێتەوە، هەموو بۆی دەگرین، ژنان لە خۆیان دەدەن. یەكێك لە پیاوەكان هاواری كرد:

–  ئەم مناڵە بە تەنیا چیی دەكرد لە دارستان! كوا دایكە سەگەكەی ئەم مناڵە بەسەزمانە. وااای بمرم بۆت. بەسیكەن، بۆ خاتری خوا چۆڵی كەن و بهێڵن مناڵەكە هەناسەیەك بدا. كوڕی خۆم هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژە. دەییـــییی ئااااااااه…

خوێن لە گوێی چەپم دێت، بە سەرچەفەكە دەیسڕم. توند چاو دەبڕمە بنمیچەكە، خەتێکى باریکى ڕەش دەبینم، کە لەسەر كاغەزەكەی دەكێشێت، تاكە قوتابییەكی زانكۆیە، کە بە ویستی خۆم سەیری دەكەم، چونكە هەندێك جار هەندێك وێنە دەگوازرێتەوە بۆ مێشكمان کە هەرگیز نەمانویستوە شتی وا ببینین. سەیری دەستی دەكەم، ئەو خەریكی كێشانی شتیكە، وردتر دەبمەوە بە جوانی، دەبینم خەریكی كێشانی پڕۆفیسۆرەكەمانە، وردتر سەیری دەكەم، ئاوڕێكی لەسەرخۆی بۆ دامەوە، ئەو چاوانەم دێنەوە یاد. بە خێرایی ڕادەكەم، دەرگای ژوورەكەم دەكەمەوە، پڕۆفیسۆرەكەم دەبینم، لەگەڵ خۆشەویستەكەم لە جێخەوەكەمدا سێكس دەكەن، هەموو گیانم هەڵدەلەرزێ، كوندەپەپوویەك لە ژوورەكەمدایە، پڕۆفیسۆر بۆ ساتێك ترسا و ویستی خۆی هەڵبكێشێتەوە، خۆشەویستەكەم گوتی: «ئەو هیچ نازانێ». پڕۆفیسۆر ڕەحەت بوو. بە خێرایی خۆی هەڵكێشایەوە و ڕای كرد. بەدەم ڕێگاوە خۆشەویستەكەم دەیویست خۆی بگۆرێت، توند قۆڵیم گرت:

 – لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە، شالیار، ماوەی یەك مانگ كچەهاوڕێكەی خۆی بە ناوی س. م بەند كردووە، بە شێوەیەکى دڕندانە دەستدرێژیی کردووەتە سەرى، پاشانیش کوشتوویەتى و بە مردوویش هەمدیسان ئەتکى کردووە. و جەستەكەشی لەنێو كیسەیەكی خۆڵدا دۆزراوەتەوە. كاتێك پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە، تاوانبار هەردوو هێلكەگوونی خۆی لەنێو دەورییەكدا داناوە و لەنێو پیساییەكەی خۆیدا ڕاكشاوە و خوێنى لە بەر ڕۆشتووە.

هاوبەشی بکە

DLOVAN FARAIDON, Galawej, Story,