25/04/2024
DidiMn Logo
Top

دروستبوونی زەوقی مۆسیقی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئەلئەوان
برونۆ دیشان
لە عەرەبییەوە: ئەکبەر حەسەن

ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بارودۆخی مۆسیقا لە خۆرئاوای سەدەی ڕابردوودا بکەین، دەبینین تەنیا سێ ستایل، بە مانای وشەی ستایل، بوونیان هەبووە: ئەوەی ئەمڕۆ ناوی دەنێین مۆسیقای کلاسیکی، مۆسیقای فۆلکلۆری و مۆسیقای میللی. ئەمەی دواییان مۆسیقای شتراوس و ئۆفنباخ و مۆسیقارە هاوشێوەکانیان بووە کە بە ئاوازدانەرانی مۆسیقای میللی دانراون تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش پۆلێنبەندی بکرێنەوە و لە ڕیزی مۆسیقارە کلاسیکییەکاندا دابنرێن. لەم ڕۆژگارەماندا بە سروشتی حاڵ بارودۆخەکە گۆڕاوە، دووبارە مۆسیقای کلاسیکی بە هەموو ستایلەکانیەوە، مۆسیقای فۆلکلۆری، بەتایبەتیش مۆسیقای میللی، جا ئیتر جاز بێت یان بلوز، ڕۆک یان کانتری وێسترن، پۆپ، تەکنۆ، دیسکۆ، ڕاپ و جۆرەکانی تر دەبینینەوە، لە هەمان کاتدا چەشنی دیکەی مۆسیقا دەبینینەوە کە ڕەگێکی ناخۆرئاواییانەیان هەیە، جا ئیتر میللی بێت وەک رایقی و ڕای، یاخود زۆر تەقلیدی بێت وەک مۆسیقای جاملۆنی بالینی و ڕاجای هیندی و جاکاگۆی ژاپۆنی و گۆرانیی سۆفییانە.

لە سەدەی ڕابردوودا زەوقی مۆسیقیی کەسێک لەسەر بنەمای چینە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو کەسە پێک دەهات؛ چینی ئەریستۆکراتی و بۆرژوازی لە بنەڕەتدا گوێیان لە مۆسیقای کلاسیکی و ئەو مۆسیقایە دەگرت، کە لەو سەردەمەدا پێی دەگوترا مۆسیقای میللی، بەڵام چینە هەژارەکان گوێیان لە مۆسیقایەک دەگرت، کە زیاتر تۆنێکی فۆلکلۆرییانەی هەبوو، لانیکەم گوێیان لە مۆسیقای ناکلاسیکی دەگرت. لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بە هۆی تەکنۆلۆجیا نوێیەکانی وەک ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و دیسک و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئینتەرنێتەوە، خۆمان لە بەردەم بارودۆخێکی تەواو جیاوازدا دەبینینەوە. بە بۆنەی ئەم تەکنۆلۆجیایەوە زۆربوونی ستایلەکانی مۆسیقا دەبینین، کە بەشێکی زۆریان لە میانەی داهێنانی کەم تا زۆر ڕێکوپێکیی ستایلە نوێیەکانی مۆسیقاوە سەر هەڵدەدەن، جا ئەگەر لە خۆرئاوا بێت یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، وەک چۆن بڵاوبوونەوەی ستایلی مۆسیقا دەبینین، کە لە بنەڕەتدا خۆرئاوایی نین. چیتر هەوادارانی مۆسیقا ناتوانن گوێ لە یەک ستایلی مۆسیقا بگرن و چێژی لێ وەربگرن، کە پەیوەستە بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوەوە. هەواداری مۆسیقا دەتوانێت گوێ لە چەندین ستایلی مۆسیقا بگرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی گروپە کۆمەڵایەتییەکەی.

لە بەرامبەر ئەم فەوزای مۆسیقایەدا لەسەر چ بنەمایەک زەوقی مۆسیقیمان پێک دێت؟ زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی بواری مۆسیقاناسی و جوانیناسی و فەلسەفەی مۆسیقا، بەو پێیەی کە بەرهەمی کەسانی ئەکادیمین، تەنیا مۆسیقای کلاسیکی لەبەرچاو دەگرن و بە شێوەیەکی گشتی دیاردەی مۆسیقای میللی فەرامۆش دەکەن، بەتایبەتی ئەو هەمەچەشنییە مۆسیقییەی کە بارودۆخی ئەم سەردەمە بوو بە هۆی سەرهەڵدانیان. لەبەر ئەم هۆیەش، نووسینێکی گرنگ لەسەر کاریگەریی تەکنۆلۆجیای نوێ و زۆربوونی ستایلەکانی مۆسیقا لەسەر زەوقی مۆسیقیمان لە سەدەی بیستەمدا بڵاو نەکراوەتەوە. تەنانەت لێکۆڵینەوەکانی دەروونناسی و دەرکی مۆسیقا هەتا ئەم ڕۆژگارەمان پارچەی مۆسیقای کلاسیکی بەکار دەهێنن. وا دەردەکەوێت گروپی زانستی پێی وا بێت دەشێت بنەماکانی گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیکی بگشتێنرێت بەسەر سەرجەم ئەو ستایلانەی تری مۆسیقادا، کە لە ئێستادا هەن. نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە بە لای ژمارەیەکی زۆری کەسانی ئەکادیمییەوە، مۆسیقای میللی مۆسیقا نییە. لە یەکێک لە نووسینەکانمدا پەندێک، بە مانایەکی تر، قسەیەکی خراپی ئاوازدانەری نەمسایی ئارنۆڵد شوێنبێرگم هێنایەوە کە دەڵێت: “ئەگەر مۆسیقا هونەر بێت، ئەوا بۆ هەموان نییە، ئەگەر بۆ هەموانیش بێت، ئەوا مۆسیقا نییە.” بەم مانایەش مۆسیقا لای کەسانی ئەکادیمی، واتا “مۆسیقای کلاسیکی”. بە مانایەکی دیکە، زانستی مۆسیقا بە گوێرەی ئەو پێشەکییە تیۆرییانە لە مۆسیقا دەکۆڵێتەوە، کە پەیوەستن بە مۆسیقای کلاسیکیی ئەوروپییەوە، بەشی زۆری ئەو تیۆرییانە لە سەدەی ڕابردوودا بەرهەم هاتوون و کاریگەریی مێژوویی تەکنۆلۆجیای مۆدێرن و زۆریی ستایلە مۆسیقییەکان لەبەرچاو ناگرن.

بە سروشتی حاڵ، بەبێ ئەوەی باسی هەموو مەسەلەکە بکەم، ڕێگە بە خۆم دەدەم بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە: چۆن زەوقی مۆسیقیمان دروست دەکەین، بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستادا کە لە تەقینەوەدایە؟ ئاشکرایە کاتێک باسی مۆسیقا دەکەین، حەز دەکەین مەبەست و تێگەیشتنمان لە مۆسیقا بگشتێنین. بێگومان بە لای زانایەکەوە مۆسیقا ئاماژەیە بۆ مۆسیقای کلاسیکی، لە کاتێکدا بە لای هەرزەکارێکەوە مۆسیقا ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە ڕۆک، کەچی بە لای ڕەشپێستێکەوە لە گیتۆیەکی ئەمەریکیدا مۆسیقا واتا مۆسیقای ڕاپ. سەرەتا زەوقی مۆسیقیمان لە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەدا دروست دەبێت، کە تیایدا لەدایک دەبین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە پێی خۆتەحقیقکردن لە بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە کچە ڕەشپێستێک لە گیتۆیەکی ئەمەریکیدا ببێت بە ئەستێرەیەکی ئۆپێرا، لە کاتێکدا دەشێت کوڕی پیاوێکی دەوڵەمەندی ئەریستۆکراتی بە ئاسانی ببێت بە ئەستێرەیەکی ڕۆک یان پۆپ. ئێمە ستایلێکی مۆسیقیمان پێ باش نییە لەبەر ئەوەی کە ئەو ستایلە خۆی لە خۆیدا باشە، بەڵکو لەبەر ئەوە پێمان باشە، چونکە گوزارشت لە ئێمە دەکات. ئێمە بە تەماهیکردنمان لەگەڵ ئەو بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییانەی  کە ستایلێکی مۆسیقی دەیگوێزێتەوە و ئەو لایەنە سۆسیۆ-کلتوورییانەی کە بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکە دەینوێنن، زەوقی مۆسیقیمان دیاری دەکەین، نەک لەبەر هەندێک هۆکاری ئیستاتیکی و مۆسیقی و کۆمەڵایەتیی پەتی وەک ئەوەی هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم تەماهییە ئەوەیە کۆی ستایلە مۆسیقییەکانی تر لەسەر بنەمای ئەم تەماهییە بایەخیان پێ دەدەرێت و ڕەخنەیان لێ دەگیرێت. ئەستەمە ستایلێکی مۆسیقی بە باش بزانین، کە بەهایەکمان بۆ دەگوێزێتەوە کە ناتوانین لەسەر بنەمای ئەو بەهایە خۆمان تەحقیق بکەین. نموونەیەکی باش لەسەر ئەمە مۆسیقای ڕاپە؛ مۆسیقای ڕاپ لە سەرەتای مۆسیقای جاز  و ڕۆک دەچێت، مۆسیقایەک کە بە ئاشکرا دەیەوێت لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی نالەبار یاخی بێت، بگرە بوێری دەکەم و دەڵێم بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی تێکشکێنەر. ئەگەر لەگەڵ ئەو جۆرە یاخیبوونەدا تەماهی نەکەین، ئەگەر خۆمان لێ بوارد لەبەر ئەوەی کە دوورە لە بایەخپێدانە کۆمەڵایەتییەکانمانەوە، یاخود وامان دانا هیچ بەهایەکی نییە لەبەر ئەوەی ئەو بەهایەی کە هەڵگرێتی، تەواو پێچەوانەی بەهاکەی ئێمەیە، ئەو کاتە ئەستەمە ئەم مۆسیقایە بە باش بزانین. بە پێچەوانەوە، زۆر لە هەوادارانی مۆسیقای ڕاپ بە لایانەوە قورسە چێژ لە مۆسیقای کلاسیکی ببینن، چونکە ئەم ستایلە کلاسیکییە ئاماژەیە بۆ مۆسیقای سپی‌پێست، چەوسێنەر، دەوڵەمەند و بەهای دیکەی وەک ئەمانە.

لە لایەکی دیکەوە زۆر جار بە گوێرەی ئەو ستایلە مۆسیقییەی کە گوێی لێ دەگیرێت، پەیوەندیی هاوڕێیەتی دەبەسترێت و هەڵدەوەشێتەوە (بەتایبەتی لە نێوان هەرزەکاراندا). ئاساییە ببینین گەنجەکانمان بە توندی ڕەخنە بگرن و هاوڕێیەتییان کۆتایی پێ بهێنن لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئەندامەکانی گروپە هاوڕێکە گوێ لە ستایلی مۆسیقیی جیاواز دەگرێت. بە هەمان شێوە لای پیرەکانیش هەمان حاڵەت بەدی دەکەین. ئاشکرایە پێمان خۆشە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بڕۆین بۆ کۆنسێرتێکی مۆسیقای کلاسیکی کە حەزیان لەم مۆسیقایەیە، نەک ئەو کەسانەی کە حەزی لێ ناکەن. لە سەروو ئەمەشەوە، هەندێک کەس گوێ لە یەک ستایلی مۆسیقی دەگرن، بەڵام هەندێکی تر گوێ لە چەند ستایلێک دەگرن. لەگەڵ زۆربوونی ستایلەکانی مۆسیقادا ئەستەمە گوێ لە یەک ستایل بگرین و چێژی لێ ببینین. لە کاتێکدا ئەو ستایلە مۆسیقییەی گوێی لێ دەگرین، بە وردی هەڵبژێردراوە، چونکە ئێمە گوێ لە ستایلێک دەگرین، کە لەگەڵ خۆیدا بەهایەکی سۆسیۆ-کلتووری دەگوێزێتەوە و دەتوانین تەماهیی لەگەڵدا بکەین و بەشێکی شوناسە کۆمەڵایەتییەکەمان پێک دەهێنێت. ئەو کەسانەی کە تەنیا چێژ لە یەک ستایلی مۆسیقی وەردەگرن، ئەوە ڕەت دەکەنەوە تەماهی لەگەڵ بەهای هەر ستایلێکی دیکەی جیاوازدا بکەن، هەروەها ئەم تەماهیکردنە لەگەڵ ستایلێکی مۆسیقیدا هونەرمەندێکی دیاریکراویش دەگرێتەوە. لەم ڕووەوە تێبینیکردنی زیادەڕەوی ئاسانە: هەموومان دەزانین ئێلڤیس پرێسلی جەماوەرێکی گەورەی هەبوو، جەماوەرێک کە تەنانەت لە جلوبەرگ و شێوازی پرچ و بگرە نەشتەرگەریی پلاستیکیدا لاساییان دەکردەوە بۆ ئەوەی تا دەکرێت، لە ئەو بچن. هەمان شت تێبینی دەکەین سەبارەت بە بۆی جۆرج و مادۆنا و مایکڵ جاکسن. ئەم هەوادارانە شوناسە تاکەکەسییەکەی خۆیان دەچەپێنن، بۆ ئەوەی شوناسی هونەرمەندە ئەستێرەکەیان وەربگرن. لەم هاوشێوەییەدا دیاردەیەکی تایبەت هەیە. وا دەردەکەوێت ئێمە ئەو مۆسیقایەمان بەدەست هێناوە، کە حەزمان لێیەتی. کاتێکیش باسی ئەم مۆسیقایە دەکەین، وا دادەنێین ئەم مۆسیقایەی کە حەزمان لێیەتی، بە ڕاستی هونەری مۆسیقایە. ستایلە مۆسیقییەکەی ئێمە ئەو شتە دیاری دەکات، کە مۆسیقا بۆ ئێمەی پێک دەهێنێت، لە هەمان کاتیشدا بەراورد بە سەرجەم ستایلە مۆسیقییەکانی تر بوونی خۆشمان دیاری دەکات. ئەگەر کەسێک ڕێگەی بە خۆی دا ڕەخنە لە ستایلە مۆسیقییەکەی ئێمە بگرێت، ئەوە وەک ئەوە وایە یاری بە شکۆمەندیمان بکات، دەشێت ئێمەش وا مامەڵە بکەین، کە ئەم ڕەخنەیە بە شێوەیەکی کەسی لە خۆمان گیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا شتێک کە ئێمە هەمانە، ئەم مۆسیقا یاخود هونەرمەندە نییە، بەڵکو تەماهیکردنمانە لەگەڵ ئەم دوانەدا. هەتا ئەم تەماهییە قووڵتر بێت و تۆکمەتر بێت، زیاتر ئەو مۆسیقایە دەکەین بەو مۆسیقایەی کە هەڵمان بژاردووە و لەسەر بنەماکەشی زەوقی مۆسیقیمان پێک دەهێنین (بە مانا گشتییەکەی وشەکە).

هاوبەشی بکە

Akbar Hasan, Music,