19/03/2024
DidiMn Logo
Top

دروستکردنەوەی پەیکەرە لەناوبراوەکانی دەستی دەوڵەتی ئیسلامی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لۆمۆند

لە فەڕەنسییەوە: فاتیح فروومەند

پەیکەرێکی کۆن لە گایەکی نێر بە سەری مرۆڤەوە، هێمای هێز لە شارستانێتیی ئاسوورییەکان، شوێنی مێژوویی نەمروود، ٢٠١٣.

نێنوس سەبیت، ١٧ ساڵان، خەڵکی شاری موسڵە و ئێستا لەگەڵ خانەوادەکەی ئاوارەی باشووری کوردستانن. ئەو گەنجە بۆ ڕاگرتنی  پەیوەندیی خۆی لەگەڵ شوێنی باوک و باپیرانی، هەستاوە بە درووستکردنەوەی  پەیکەرەکانی ناوچەی نەمروود، پایتەختی کۆنی ئاسوورییەکان لە ٣٤ کیلۆمەتری شاری موسڵەوە، کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە وێران کراوە. ئەو ئەم کارەی خۆی ناو ناوە خەبات لە رێگەی هونەرەوە.

ساڵی ٢٠١٥ دەوڵەتی ئیسلامی ڕووخاندنی پەیکەرە گرانبەهاکانی  شوێنەواری نەمروودی ڕاگایەند. یونێسکۆ ئەم بابەتەی وەک یەکێک لە تاوانکارییەکانی جەنگ هەژمار کرد. پاش ئەوەی ئەم ناوچەیە لە لایەن سوپای عێڕاقەوە وەرگیردرایەوە، دەرکەوت زیانێکی زۆر بەم شوێنە گرانبەهایە گەیشتووە.

بۆ نێنوس سەبیت، پارچەکانی شوێنەواری نەمروود میراتی ڕاستەوخۆی کلتووری ئەوە. ئەو کە پەیکەرتاشی لە باوکییەوە فێر بووە، هەستاوە بە زیندووکردنەوەی پەیکەرە لەناوچووەکان، بەتایبەتی پەیکەری گای نێر بە سەری مرۆڤ و باڵی هەڵۆ، کە هێمای یەکێکە لە خوداوەندەکانی بەناوبانگی ئاسووری. بە پێی ڕاپۆڕتی CNN، ئەم پەیکەرەیان بۆ ئەو سەرەنجڕاکێشترینە.

13432137_973911876055611_1778999845540281195_n

”لە عێڕاق خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن لەبەر ئەوەی خەریکی پەیکەرتاشی و کاری هونەرین، بەردەوامبوون لە پەیکەرتاشی پەیامێکە بۆ ئەوان تا بزانن ئێمە ناترسین.”

لە ماوەی یەک ساڵدا، ئەو ١٨ پەیکەری ئاسووریی درووست کردووە و بەرهەمێکی نیگارکێشیی ئاو و ڕەنگیشی خوڵقاندووە.  وەک کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی پێ کردووە، بۆ نموونە نیشانەی حامووڕابی کە دەقی یاسای سەردەمی مێزۆپۆتامیای کۆنە، دووبارە درووست کردووەتەوە.

سنووری عێراق و سووریا، مێزۆپۆتامیای کۆن، بێشکەی یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتییەکان و بە جۆرێک شوێنی سەرەتای مێژووە بەپێی نووسراوەکانی. دەوڵەتی ئیسلامی بە داگیڕکردنی ئەم ناوچەیە، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی شارستانییەتەکانی پێش ئیسلام وەڕێ خست. شوێنەواری نەمروود و هەروەها هەترا و مۆزەخانەی هونەرە جوانەکانی موسڵ، بە دەست دەوڵەتی ئیسلامی  ڕووخێندرا. لە ڤیدیۆیەک کە بڵاویان کردووەتەوە، پیشان دەدات جیهادییەکان بەرهەمە هونەرییە گرانبەهاکان تاڵان دەکەن، تاکو بتوانن بیانفرۆشن و  بازەرگانییەکی پڕ لە سوودیان پێ بکەن.

1044175_916271781819621_3043207038501698952_n

لە سووریا، شوێنەواری پالمیر، لە ئایاری ٢٠١٥ بۆ ئاداری ٢٠١٦ داگیر کرا. زۆرێک لە بیناکانی پالمیر کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، لە لایەن جیهادییەکانەوە، بە تەواوی یان بەشێکیان لە ناو بردران و خالید ئەلئەسەد، بەڕێوبەری پێشووی ئەم شوێنەوارەش، کوژرا. لەو کاتەوەی ئەم شوێنە لە لایەن سوپای بەشار ئەسەدەوە وەرگیراوەتەوە  و بەپێی قسەی  یونسکۆ، کە توانیویتی زیانەکان هەژمار بکا، هەموو شوێنەوارەکە پارێزراوە بۆ دەرخستنی ڕاستی و درووستییەکان.

پەیکەرتاشانی سووری هەمان بیرۆکەی نێنوس سەبیتیان هەبووە سەبارەت بە دروستکردنەوەی ٤٠ پەیکەر و بابەتی مێژوویی، کەم یان زۆر دەقاودەق وەک خۆیان.

 

هاوبەشی بکە

Assyrians, Fatih Frumand, Lumond, Ninos Sabit,