19/03/2024
DidiMn Logo
Top

دیمانە لەگەڵ گولشیفتە فەراهانی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پاڵاس کۆستێس
لە فەڕەنسییەوە: فاتیح فروومەند

  ٢٠١٦  ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بووە بۆ گولشیفتە فەراهانی، پاش درەوشانەوەی لە ڕۆڵی ئاناکارنینا لەسەر تەختەی شانۆی تامپێت. ئەکتەری ناوداری ئێرانی توانیی رۆڵی سەرەکیی ژن لە فیلمی پاتێرسۆن لە دەرهێنانی جیم جارمووش بنوێنێت. ئەو لەم فیلمەدا لە ڕۆڵی هاوسەرێکی فرەچالاکی شۆفیرێکی  پاسە، بە نواندنی ئادام درایڤێر.

ئەمەی خوارەوە دیمانەیەکە لەگەڵ فەراهانی، کە تێری چێزە سازی داوە:

​ڕووپەڕی گفتوگۆی فەراهانی لە گۆڤاری پاڵاس کۆستسی فەڕەنسی

بەرلەوەی جارمووش ببینی چیت لە سینەمای ئەو دەزانی؟

کاتێک تەمەنم دوازدەساڵان بوو، فیلمی قاوە و جگەرەی جارمووشم لە پڕۆگرامێکی  تەلەڤیزیۆنیی ئێران لەگەڵ براکەم  بینی. ئێمە زۆر حەزمان بە سینەما نەدەکرد، بەڵام بە بینینی ئەم فیلمە، عاشقی جارمووش بووین. بە گوتنی ناوەکەی، هەستێکی پڕ هێز و ئاستبەرزمان بە خۆ دەگرت (پێدەکەنێ). پاشان هیچ فیلمێکی ئەوم لەکیسی خۆم نەدا، بەڵام قەت بیرم نەدەکردەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە فیلمی جارمووشدا نواندن بکەم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ڕیگەی سکایپەوە بوو، کاتێک لەمیانەی فیلمگرتنی دزەکانی کارائیبدا لە ئوستورالیا بووین. قسە و دەمەتەقەیەکی خۆشمان کرد و بە جۆرێک باسمان لە هەموو و هیچ شتێک کرد. ئەو داوای کرد کە ڕاستەوخۆ یەکتری ببینین. باسی لەوە کرد فیلمەکە چیرۆکی عەشقە. من سەرم سووڕ مابوو، چونکە ئەو منی بەبێ بینین هەڵبژاردبوو. پاشان سیناریۆکەی بۆ ناردم، بەڕاستی تیایدا وون دەبووی، سیناریۆیەک بەبێ شتی کۆنکرێتی و قەتعی، لەبەر ئەوەی کە جارمووش حەز بە شرۆڤە و شیکردنەوەی کارەکتەرەکان ناکات. ئەو بەر لە هەموو شتێک بۆمانی ڕوون کردوە کە سەبارەت بە ڕابردووی کەسایەتییەکان پرسیاری لێ نەکەین، چونکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم بابەتە نییە (پێدەکەنێ). بە هەرحاڵ، ئەم بابەتەی پێ هەزەلی بوو، چونکە هەموو شت بە کاستینگ دەست پێ دەکات و پاشان بە متمانە بە ئەکتەرەکانی دەست بە کار دەکات. جیم منداڵێکی بێگوناهە.

​  جارمووش و گولشیفتە || فێستیڤاڵی كان، ٢٠١٦

بۆ تۆ نواندن بە ئینگلیزی ئاسانترە لە فەڕەنسی؟

من لە سەرەتای کارکردنمەوە بە حەوت زمان نواندنم کردووە، کە هەمیشە ئینگلیزی لە فەڕەنسی بۆ من ئاسانتر بوو، تا ئەوەی لە شانۆیی ئاناکارنینا لە پاریس بە فەڕەنسی نواندنم کرد. یەکەم جار کە دەقەکەی تۆڵستۆیم خوێندەوە، بۆم دەرکەوەت کە ئەم کارە لە دەست من نایەت. وام هەست دەکرد کە ناتوانم مۆنۆلۆگەکان بە فەڕەنسی بڵێم. کاتێک هەموو دەقەکەم لەگەڵ دەرهێنەر خوێندەوە، بڕیارم دا بە بەشداری لەم نماییشەدا. هەستم دەکرد زۆر خراپم، چونکە ئەوە خوێندنەوە نەبوو من دەمکرد، بەڵکو کۆدکردنەوە بوو (مەبەستە لە تەتەپەتەکردن). بەڵام گاتان زۆری پێ باش بوو (پێدەکەنێ). بە هەرحاڵ، وەک پێشوو خۆم سپارد بە ئێش بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەمەوە کە  لە ڕاستیدا بووە ئەزموونێکی نایاب بۆ من. لەسەر تەختەی شانۆ گەڕام بەدوای ڕەگوڕیشەی خۆم، ئەو ڕەگوڕیشانەی لە کاتی بەجێهێشتنی وڵاتەکەم، ئێران، لێم ون ببوون.

لە ماوە ئەم دە ساڵەدا، ئێمە تۆمان لە فیلەمەکانی عەدەن، چوونەدەرەوە و نەهامەتییەکانی سۆفی  بینیوە، ئێستاش چاوەڕێین فیلمەکانی بڕۆ ماڵەوە و ئالتامیرا  و هەروەها دووبارە  زەنجیرەی نوێی دزەکانی دەریایی کارائیب ببینین. ئێمە هەمیشە سەبارەت بە تۆ وا بیر دەکەینەوە کە شتێک بە ناوی ماندوویەتی لای تۆ بوونی نییە

من دەمەوێت ئەزموونەکانم زیاتر و زیاتر بێت، بۆ ئەوەی هەم حەز و خواستم لەدەست نەدەم و هەم ئیلهام و سرووش. بەڵام لە لایەکی ترەوە بەڕاستی ماندووم. بۆ یەکەم جارە لە ژیانمدا دەمەوێت نەکەومە مەترسییەوە؛ دەبێ پێبکەنی کاتێک ناتەوێت پێبکەنی،  دەبێ خەڵکانێک ببینی کاتێک حەز بە بینینیان ناکەیت. کات بەنرخترە لەوەی بەفیڕۆی بدەی.

گولشیفته‌ له‌ شانۆیی ئانا كارنینادا

ئایا تۆ تا ڕادەیەک وەک گوتەبێژێک بەکار هاتووی؟

من وەک ئێرانییەکی دوورخراوە، هەمیشە هەوڵم داوە ڕای خۆم سەبارەت بە دۆخی هەموو دونیا دەرببڕم. دەزانم لە بەرامبەر بە وەڵامەکانم هەڵوێستێ جیاواز لە ئێران وەک ڕۆژهەڵات دەردەکەوێت. بەلام ڕاهاتووم چیتر پێی بێتاقەت نەبم. من وانە ناڵێمەوەوە. لە ڕاستیدا من هیپییەکم، کە دەبوایە لە شەستەکان و حەفتاکاندا ژیابایە. بۆ من چەمکێک بە ناوی نەتەوایەتی و ناسنامە بوونی نییە. ئەمڕۆکە لە جیهانێکی پڕ لە کارەساتدا، من لە خولیای ماڵێکی بچکۆلانەم بە سندووقێک بۆ پڕکردنی پێداویستییەکانم و بۆ ئەوەی بتوانم ئەو شتانە بگەڕێنمەوە کە تامەزرۆیانم. ڕەنگە گاڵتەئامێز بێ، بەڵام بەڕاستی لەمڕۆدا، لەوە زیاتر هیچ خولیایەکی ترم نییە.

هاوبەشی بکە

Ana Karnina, Farahani, Fatih Frumand, Golshifteh Farahani, Jim Jarmush,