18/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیوێکی دیکەی جەنگ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

فۆتۆ: شادی غەدیریان

دیدی من 
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فریق

شادی غەدیریان، فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. ساڵی ١٩٧٤ لە تاران لەدایکبووە. چەند ساڵێکی کەم دوای لەدایکبوونی، جەنگی خوێناویی نێوان ئێران و عێراق هەڵگیراسا، کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو. ئەمە وایکرد هەواڵی جەنگ و شەڕ و کوشتن و بۆمببارانکردن، دەست بەسەر تەواوی ژیانی منداڵیی شادیدا بگرێت. وەک خۆی دەڵێت “کاتێک بۆمبباران کراین، من پازدە ساڵان بووم، پازدە ساڵ، کە گرنگترین ساتەکانی ژیانی هەر کچێکە. بێ ئەوەی لە هیچ تێبگەم و بزانم دونیا چییە، بە جەنگ و شۆڕش و توندوتیژی ئاشنا بووم.”

“کاتێک چومە کۆلێژ و بڕیارمدا فۆتۆ بخوێنم، باوکم کە لە خەمی داهاتووی مندا بوو، پێشنیاری بۆ کردم کە ببم بە فۆتۆگرافەری پۆرترەیت و وێنەی هاوسەرگیریی خەڵکی بگرم، تا ژیانی مادییم دابین بکەم. وەلێ من زوو ڕێچکەی خۆمم دۆزییەوە.”

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێکدا کە لە شادی پرسیبوو “بۆچی بوویت بە فۆتۆگرافەر؟”  شادی بێ دوودڵی گوتبووی: “چونکە کارێکی خێرایە، هەر کە پەنجەت نا بە دوگمەیەکدا، ڕاستەوخۆ دەتوانیت ئەنجامی کارەکەت ببینی.” لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا شادی گوتی: “زۆربەی بینەری ئیشەکانی من، ئێرانییەکانن، چونکە ئەوان باش لەو چیرۆکە تێدەگەن کە من پێشانیان دەدەم. دواجار ئەو چیرۆکەی پێشانی دەدەم، چیرۆکی ئەوانیشە. من خۆم وەک چیرۆکخوێن دەبینم.”

 

سەبارەت بەم فۆتۆستۆرییە:
کەسانێکی زۆر لەسەر ئەو بۆچونەن کە پیاوان تەنها قوربانیی جەنگن، چونکە ئەوان جەنگ هەڵدەگیرسێنن و ئەوان لە یەکتری دەکوژن. کەسانێکی دیکە هەن، پێیان وایە بەقوربانی بوونی ژنانیش لە هی پیاوان کەمتر نییە، چونکە ئەوانیش مەحکومن بە بێوەژنکەوتن و بەخیوکردنی منداڵە بێ باوکەکانیان و ناشتنی باوک و براو و کوڕەکانیان. مەحکومن بە بەخێوکردن و خزمەتکردنی ئازیزێکیانەوە کە لە جەنگدا ئەندامێکی جەستەی لەدەستداوە.

بەڵام شادی لەم فۆتۆستۆرییەدا، هەوڵدەدات پێمان بڵێت: “ژنان تەنها بە چوون بۆ جەنگی مێرد و ئازیزەکانیان و تەنها بە مردن یاخود کەمئەندامبوونی ئازیزانیانەوە نەبونەتە قوربانی. بەڵکو جۆرێکی دیکەی بوون بە قوربانیش هەیە، وەلێ ئەمەیان تەنها کەسانی نزیکی ئەو سەربازە درکی پێ دەکەن کە پێکەوە لە ناو ماڵێکدا دەژین. خاتوونەکان کاتێک ئازیزانیان لە جەنگ دەگەڕێنەوە، لەگەڵ خۆیاندا ترس و ڕاڕایی و دودڵی دێننەوە. ئەوان بە تەنها دەچن بۆ جەنگ، بەڵام بە تەنها نایەنەوە. هاتنەوەکەیان پرە لە هەستی ناو سەنگەرەکان. ئەوان کە لە جەنگ دێنەوە، بێ ویستی خۆیان دوکەڵی جەنگ تێکەڵ بە ژیان و بیرکردنەوە و کوچە و قوژبنی ژور و ماڵەکە دەکەن. ئیدی ژن مەحکوم دەبێت بەوەی لەگەڵ ئەم سەربازەدا بژی، کە لە ناو ماڵەکەیدا دەژی. سەربازێک کە پێش جەنگەکە تەواو کەسێکی جیاواز بوو.

سەرچاوە: موسلیمە گلۆبال فاوندەیشن ومێن

هاوبەشی بکە

HaloFariq, Photography, ShadiGhadirian,